هۆكارەكانى نادادى و ناتەبایى و بێمتمانەیى

Saturday, 02/11/2013, 12:00

1609 بینراوە












((ئەو دەمەى پارە لە مرۆڤ بەنرختربوو ژیان بێتامترە....ئۆشۆ))

هەموو كەسێك ئەو راستییە ئەزانێت كە چۆن ئەوە بۆ بیست و سێ ساڵ دەچێت حوكمڕانیكردنى ئەم هەرێمەى لە باشوورى كوردستاندا ئازادبووە بە ئیدارەو بەڕێوەبردنێكى كوردى و خۆماڵییانە بەڕێوە دەچێت.! بەڵام ئەم ئیدارەدانە بێبەرى نییە لە كەموكوڕى چونكە ئەوەندەى ساڵەكانى تەمەنى خۆى ئەزموونى هەیەو پێدەچێت ئەوە یەكێك بێت لەو هۆكارانەى كە لایەن و كەسایەتى زۆر هەن رەخنەى لێدەگرن و لێرەو لەوێش بەتوندى هێرشى دەكەنە سەر، كار گەیشتۆتە ئەوەى چەند ساڵێكە بەرەیەكى بەرهەڵستكارى دژو دژوار لە هەمبەر ئەم حومكڕانییەتە بخەمڵێت و دواجار داواى گۆڕانكارى قورس و نائاسان لە شێوازو سیاسەت و ستراتیژى ئەم حوكمڕانییە دەكات كە پێكهاتووە لە دوو حزبى گەورەو بوونەتە بەرەى دەسەڵات و ئەوانن زۆرینەى جومگەكانى ئیدارەیان لەم حوكمڕانییەتە گرتۆتە دەست و سیستمى دەسەڵاتیان رەخساندووە. هەر ئەم دوو حزبەشن دەستى زۆرێك لە هۆكارە گرنگەكانى چۆنیەتى ژیانى هاوڵاتیان و خزمەتگوزاریە سەرەتایى و بەراییەكانى ئەم هەرێمەیان بۆ رابكێشرێت و تۆمەتى هەموو كەموكوڕیەكانیان بدرێنە پاڵ.

ئەوەى پێویستە لەمبوارەدا زۆر بە راشكاوانە باس بكرێت ئەوەیە كە داخیگرانم ئەم سیستمە زەمینەى بۆ زۆر دۆخ و دیاردە خۆشكردووە كە دڵتەزێنن و پێویستە بەزووترین كات گۆڕانكارى بەسەر شێوازو راهاتن بەو جۆرە ئیدارەدانەدا ساز بكرێن و گرژى نەهێنێتە ئاراوەو ئەو كەسانەش بە دوژمن و نەیارو سیخوڕ ناوزەد نەكرێن كە هەڵگرى ئەو بیروبۆچوونە رەخنە ئامێزانەن هەن دەڵێن پێویستە گوێیەكى شلكراویان بدەنێ چونكە لەكاتى خەمساردیدا بەرامبەر بە رەخنەو رێنماییەكان خەڵك و لایەنە بەرهەڵستكارو جیاوازەكانیش رقئەستوورتر دەبن و لە نەیارى پۆزەتیڤەوە دەبن بە نەیارو دوژمنى نێگەتیڤ .. لە مرۆڤى هۆشیارو ژیرو چاودێرى دڵسۆزەوە دەبنە دەبە وەشێن و بەرد وەشێن و مانگر و خۆپیشاندەرانێك كە 17ى شوباتیان هێنایە ئاراوەو كوشتنى تاكى كوردى لێكەوتەوە.

بەڵام ئایا ئەوەى شایانى رەخنەیە ئەوە دێنێت كە بۆى بچینە سەنگەرەوەو لەجیاتى بنیاتنەر ببینە رووخێنەر.. لەبرى ئەوەى ببینە تاكێكى گەشبین وەكو رەشبینێكى لە ژیان بێزراو رەفتار بكەین.. تا واى لێبێت زمانى گفتوگۆ و دیالۆگ پاشەكشە بكات و بایكۆتكردن و یەكتر بوغزاندن و بەشدارینەكردن لەم حوكمڕانیەدا جێى بگرێتەوە كە سەدان و بگرە هەزاران رۆڵەى پارەمان و جوانى ئەم پارچەیە بۆى دووچارى شەهیدى و بریندارى و كەمئەندامى و ئەنفالكردن و زیندانیكردن و لەسێدارەدان بوونەوەو ، ئێستاش ئەوەتا لەجیاتى ئەوەى بۆ بوون بە دەوڵەتى كوردى تێبكۆشین بەربووینەتە یەكتر ناشرینكردن و تانەو تەشەر لەیەكدان و لێكترازاندنى ماڵى بچووك و هەناسەساردى كوردى.. ئەوەتا لەجیاتى ئەوەى رۆژ دواى رۆژ ببینە تاكێكى مەدەنیتر و هاونیشتمانییەكى شارستانیتر و ئینجا بە زمانێكى مەدەنیانەو هاوشارییانە قسەكردن و ئاخاوتنى شارستانیانە بەرپا بكەین.. لەبرى ئەوەى پەرلەمانى كوردى دواى ئەو هەموو كوشتوبڕە سامناكانە ببێتە نموونەى پایەى پتەوى دیمۆكراسى ئەم دەڤەرە رەش و سیاچارەیە، بەتایبەتى سیستمى حوكمڕانیى مەركەزى لە بەغدا، كەچى موخابن نموونەى دەستگایەكى حزبیئاساى ئەوتۆیە كە بڕیارەكانى لە خزمەت كەمینەیەكى زۆر كەمى خەڵكى ئەم هەرێمەدایە بۆیە زۆرینە بێبەشەكەش خەڵكى هەژارو بێچارەن و بێئومێدى باڵى زبرو دڕكاوى بەسەردا كێشاون.. ئەمەش بەڕاى زۆرینەى رووناكبیران و رۆشنفیكرو چاودێرانى سیاسییەوە هۆكارى یەكەمینى هەبوون و لەدایكبوونى نادادى و ناتەبایى و بێمتمانەیى زۆرینەى خەڵكانن.

راستە پێشتر و لەدواى راپەرینە مەزنەكەى خەڵكەوە لەمڕووەوە یەكەمین و كاریگەرترین هۆكار بریتیبوو لە براكوژى و شەڕى ناوخۆ كە هاتنەئاراوەى دیاردەى كەرتبوون و لێكترازانى كۆمەڵگاى كوردی بەدواى خۆیدا فەراهەمكرد..بووە هۆكارى دیاردەى نەمانى متمانەو تەبایى و برایەتییەكى راستەقینە لەنێوان تاكەكانى كوردا..نەمانى خۆشى و بەختەوەرى و ئاسوودەیى رۆحى كە تەنانەت لەدەموەختى پێش راپەڕینیشدا زۆرترو فراوانترو ئاشكراتربوو لەم چركەساتە لەكاتێكدا دیكتاتۆرێكى دڕندە حاكم و جەللادى وڵاتەكەمانبوو!!

كەواتە كەرتبوون و پەرتەوازەبوون و لێكترازانى خێزانەكان و بنەماڵەكان تاكەكان لەیەكتر یەكێكە لە دەرهاوێشتە ترسناكەكانى دواى راپەڕین .. نەمانى متمانەو تەبایى لەڕووى كۆمەڵایەتى و سایكۆلۆژییەوە تاكى كوردى هەپروون بە هەپروون كردووە، ئەم رەوشە چۆن ئاوەها خەمڵیوە؟ ئەمە پرسیارە گەورەكەیەو گەنج و پیرى ئەم هەرێمە، یاخود ژن و پیاوى كوردستان بە ئاسانى هەستى پێدەكەن و رۆژانە ئەو وێردەى سەر زمانیان دەڵێنەوە كە ((ئاخ ئەمە چ ژیانێكى بێتامە.. رەحم و بەزەیى نەماوە.. ئاخ بۆ ژیانى جاران.. برایەتى و خۆشەویستى و خزمایەتى نەماوە)) .. ئەمانەو چەندین رستەى ساناو سادەى دیكە هەن كە لەنێو خەڵكیدا باون و بوونەتە قسەو باسى رۆژانە.

بەڵام دەبێت ئەوەش بڵێن كە دواى شەڕى ناوخۆ هۆكارێكى هاودەمى دەرەكى هاتە ریزەوەو هاوكار لەگەڵ ئەم گۆڕانكاریە بەپەلەو ناهەموارانەى لە شێواز و ستایلى ژیانماندا بەرەو ناخۆشتربوونى گوزەران كە بریتییە لە هۆكارى : جیهانگیرى و باهۆزەكەى ئەو گۆڕانكارییەى لەگەڵ خۆیدا هێناوەتە ئەم رووبەرەوە لە جیهان كە ئێمەى تیادا دەژین، واتە هێنانى كەرەستەكانى تەكنۆلۆژیاو هەڵپەكردن بۆ موڵكدارێتى ئەو ئامێرانە واى لە تاكى كوردى هاوچەرخ كردووە كە راكەڕاكى زۆرتر بێت، هەڵپەى پارەپەیداكردنى ببێتە دە هێندەى جاران، تێرنەبوونى غەریزەكانى وەكو (پۆشاك و خۆراك و سێكس) ى ئەم مرۆڤەو زیادبوونى پێداویستى و حەزو ئارەزووەكانى رۆژ دواى رۆژ وایلێكردووە ببێتە برغوویەكى ناو مەكینەیەك كە هەدادانیەتى و هێۆر نابێتەوە.. ئیدى ئەم گوزەرانە خێزان و خزمى خۆى بیردەباتەوە..

تاكى كوردى ئەمڕۆ تاكڕەوانە دەژى و بۆ خودى خۆى دەژى، پەیوەندیە كۆمەڵایەتیەكان بەرەو كاڵبوونەوەو نەمان چووە، مرۆڤى تاق و تەنیاش متمانەى بە دەوروبەرەكەى خۆى كەمترە لە بونەوەرە كۆمەڵایەتیەكە، ئەم تاكە بۆ مەیسەركردنى پێداویستیە زۆرەكانى پێویستى بە سامانى تایبەتى خۆیەتى، بۆ پەیداكردنى ئەو سامانەش پێویستى بە هەڵپەو بگرە بە لادان و لاڕێیش هەیەو بەوەش گەندەڵی دەبێتە پیشەى.

لەم دۆخەشدا ئەوەى لە تاكتیك و ستراتیژى ئەم حزبە ساماندارانەدا رەنگى بۆ رێژراوە بریتیە لە هەڵڕژاندنى پارەو سامان بەسەر ئەو تاكانەدا كە مەیلیان بۆ كۆكردنەوەى سامان و خۆ تێركردن زۆرترە لەوانیتر. ئەمەش لەپێناوى مانەوەدا بەكاردێت و دۆخێكى دروستكردوە كە پارەو سامان لە مرۆڤ بەنرختر بێت چونكە گرەو و زەمانەتى مانەوەى تێدایە. رەوشەكە وەها رسكاوە كە هەموو شتێك بە پارە دەڕوات بەڕێوە تەنیا بەختەوەرى و تەبایى و متمانە بەخشین نەبێت. لەوەشدا یاساو رێساكە بەرپرسیارە كە بووەتە كۆى سیستمەكە.

كۆمەڵناس: حەمەى ئەحمەد رەسوڵ


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە