ئەم جارەیان لە قەزای ماوەت . . .

Saturday, 17/10/2009, 12:00

2254 بینراوە


باس لە هەموو شارو شارۆچكەكانی كوردستان كراوە بەڵام هەموو جارێك شانەكە لە سەری سلێمانیدا دەشكێت ، وەلێ من وەك خەمخۆرێكی شارباژێر پێم خۆشە تیشكێك بخەمە سەر شێوازی ئیش و كارەكان لە قەزایەكی تازە لەدایكبوی ناوچەی شارباژێڕی سەربەرز ، ماوەی ساڵ زیاترە ناحیەی ماوەت گۆڕاوە بۆ (قەزا) تا ئێرە زۆر شتێكی باشە و دیارە حكومەتی هەرێم پەرۆشی ئەوەیە كە سنوری كوردستان فراوان بێت و هەرچی باشە بۆ شاروشارۆچكەكان بكرێت ، بەڵام ئەوەی نەشیاوە (قائیمقام) كە بە هەموو حەق و حسابێك سەرۆكی یەكەی كارگێڕیە لە قەزاكە كەسێكی مردووە نەك بە جەستە بەڵكو بە كار و ئەركەكانی ، ئێمەی دانیشتوانی قەزای ماوەت نازانین پەنا بۆكوێ بەرین و بەكێ بڵێین ئەرێ فریامان كەون ئەم كابرایە سست و لاوازە ! هەوڵمان زۆرداوە لە رێگەی ئەوەوە كارەكانمان بڕوات بەڕێوە بەڵام بەداخەوە ئەو بەڕێزە تەنها كات بەسەر دەبات و مووچە دەخوات !! بە بڕوای من وەك ماوەتیەك یان وەك مرۆڤێك پێم وایە هەركەسێك لە شوێنێكدا لەم رۆژگارە سەختەدا گەر مووچەیەكی بۆ بڕایەوە شایستەی ئەو مووچەیە بێت و حەڵاڵی بكات نەك هەر دەست بە كڵاوەكەیەوە بگرێت تا با نەیبات !! باشە ئەو بەڕێزە بۆ لەوێ دانراوە بۆ یەكەمین بەڕێوەبەری ناحیە بووە و تا ئێستا هەر ماوەتەوە ؟ ئایا كەس ناتوانێت ببێت بە قایمقام یان ئەو پۆستە نوێ دەكرێتەوە و تا ئەو كەسە بێزار نەبێت یان بەهۆی دزیەوە نەتەقێت لانادرێت ، كە مەحاڵە پارێزگار و قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە نیە بە تۆمەتی دزیكردن ئەمڕۆ لەلایەن یاساوە داوانەكرابێت ؟! ئەم دزیە بووە بەخوی ئەو كەسانە و هەركەس دژایەتیان بكات لەژێرەوە هەوڵ دەدەن ملی بشكێنن و چاڵی بۆ هەڵكەنن !! كەسێك ناوێرێت پێیان بڵێت سەروی چاوتان برۆیە ! تا بڵێی قایمقامی قەزای ماوەت كەسێكی سست و لاوازە و ئێستا كە زانیویەتی هیچی پێ ناكرَت لەلایەن خودی خۆیەوە دەنگۆی ئەوەی بڵاوكردۆتەوە كە گوایە داوای ئەوەی كردووە بگوازرێتەوە و ناڵێت ئیدی ناتوانم سابوون لەبنە پێی ماوەتیان بدەم و بڕیاری لادانم دراوە !! من حەز دەكەم بزانم كێ لە هەوڵی لادانیەتی (10) دۆنم زەوی لەناو ماوەتدا دەدەمێ بە دیاری كە لە دەست ئەو كەسە ناشایستەیە رزگارمان بكات ! قایمقام تەنها وشەی (بەسەرچاو) ئامێر و پشتگیری و دەسەڵات و توانایەتی خۆزیا بەسەرچاوەكەشی بیخواردایە ئەوەشی هەر درۆیە !! لەماوەی ڕابردوودا كاك (عیماد ئەحمەد) هاتە چوارتا و لەوێ قەزای ماوەتیش لەگەڵ ئەم قایمقامە ئامادەبوون كە من خۆم لەو كۆبونەوەیەدا بووم لە كتێبخانەی چوارتا ئەم كابرایە نەیتوانی دەمی بكاتەوە بۆ تەنها داواكاریەك ، نەیهێشت تەنها یەك بەڕێوەبەری بەرێوەبەرایەتیەكان قسە بكات بەو پێیەی كە ئەم دەبێتە ریش سپیان و داواكاریەكانی ئەوانیش دەخاتە پێش چاوی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران !! بەڵام نەك هەر نەیتوانی داوای ئەو بەڕێز و بەڕێوەبەرایەتیانە پیشكەش بكات بەڵكو خۆشی وەك هێستری خەساو هەر چاوە زەقەی بوو تا (سید ئەحمەد) قایمقامی لەمێژینە و دێرینی چوارتا كە ئەویش لەم باشتر نیەوە و هەردوو جاشی ماكەرێكن هەلەكەی قۆستەوە و هەرچی كرا بە كاك عیماد ئەحمەدی كردوو (قایمقام) ی ماوەتیش خۆیی و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیەكانی تری قەزای ماوەتیشی دەسخەڕۆ كردوو نەیتوانی هیچمان بۆ بكات !! ئەوەش بە هەرحاڵ كاك عیماد ئەحمەد بڕیاری ئەوەیدا لە هەمان كۆبونەوەدا لە هەردوو قەزای چوارتا و ماوەت (60) شەست فەرمانبەری چالاك خەڵات بكرێن واتە قەزای (30) فەرمانبەر سەرتان نەیەشێنم قایمقامەكەی ماوەت نەیتوانی ئەو بڕە پارەیەش وەرگرێت و تەنها (30) سی فەرمانبەرەكەی چوارتا وەریانگرت !!؟؟ ئەمە جگە لەوەی لەخۆیەوە كۆمەڵێك خەڵكی نوسیبوو هەندێكیان بە جاسوس دەزانێت لێیان ترساوە !! هەندێكی تریان بۆی باش بوون و سستی و لاوازیەكانی دادەپۆشن و لەكاتی پێویستدا (ئەشمابیلای) بۆ ئەكەن چونكە وەك من ئاگاداربم تەنانەت ڕای زۆرێك لە بەرپرسی فەرمانگەكانی وەرنەگرتووە لەوانە بەڕێوەبەری پۆلیس كە هیچ پرسێكی پێ نەكردووە و بە برادەرایەتی و كۆنی دوو مفەوەزی بۆ نوسیبوون !! بەڕێوەبەری ئاسایشیشی نوسیبوو ؟؟! ئەم كابرایە هەر لەخۆیەوە رۆژای (سێ شەممە) ی كردۆتە پشووی خۆی گوایە كۆبونەوەی هەیە لە پارێزگا كە كەس بڕوا ناكات هەموو هەفتەیەك لە پاریزگای سلێمانی (سێ شەممە) كۆبونەوە بكرێت !! گەر وایە كوا چی كراوە ؟ باسی چی دەكرێت ؟ بۆ چەمی ماشان هەر چارەسەر نەكراوە و گازاو گەیشتۆتەوە دوكان ! گۆمە قازان بڕیاربوو پڕبكرێتەوە لەبەرئەوەی هەموو ساڵێك كەسێكی تیادا دەخنكێت بەم گوێی بردی و بەو گوێی هێنای !! بۆ تا ئێستا بنكەی ئاگركوژێنەوەی بۆ نەكراوەتەوە ئەو قەزایە ؟ بۆ شاری یاری تیادا نیە ؟ بۆ ئەم قایمقامە كەسێك لە بازاڕی ماوەتدا نایبینێت ؟ بۆ تائێستا نەیتوانیوە (بنكەی پۆلیس) بكاتە بەڕێوەبەرێتی ؟ بۆ .. بۆ .. بۆ ئەمانە مشتێكن لە خەروارێك و داوا لە دەستەی نەزاهە ، لیژنەی بەدواداچوونی گەندەڵی ، سەرۆكی حكومەتی كابینەی كۆن و نوێ ، پارێزگار هەموو ئەوانە دەكەین كە خاوەن ویژدان و شەرەفن ئاوڕێك بدەنەوە لە قەزای ماوەت و ئەو مردووە لەگۆڕ نێن و گەنجێكی بە توانا و لێهاتوو چالاك بخەنە شوێنی هەموو ئەو كەسە گەندەڵ و مل هوڕانەی بونەتە ناشرینكردنی حكومەت و میللەت و كەسایەتی و ئیشوكاری ئیداری و یاسا و ویژدان تا ئێرەو ئەمە بوو باسی تەنها دڵۆپێكی نەهامەتی ئەو قەزا مەنكوبە كە لە سەرەتای لەدایكبونیدایە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە