ئەو ساتانەی مێژوو شایەتێکی بە ویژدانە بۆ سلێمانی زۆر گیان و ڕۆحی دەرچوو نەمر ئەبن.....

Wednesday, 23/02/2011, 12:00

1239 بینراوە




سلێمانی سروشت وپێکهاتەی بە جۆرێکە لەگەڵ ئاوارەیی و دەربەدەریی و بەش مەینەتی خەڵکەکەی و تێ ڕژانی زۆری ئەملا‌‌ و لا ولەدەرچوونی هەندێ لە ئەساڵەتەکەی ئەو توانایەی لەدەست نەداوە کە هەمیشە خەڵکی لە خۆیدا تواندۆتەوە یان وەک خۆی لێکردوون.... لەگەڵ ئەوەی هەندێ جار وا هەست ئەکەیت ئەو لەوانی تردا ئاوێتە بووبێت.. سەرباری ئەوەش هەر شارێکە هەمیشە دەنگی ناڕەزایی تیایدا بڵندەو کولتوری دلێری و جوامێری و ‌وشیاری خۆی هەر ماوە و هێڵە بنەڕەتیەکانی زیندووێتی و شار بوونی خۆی لەدەست نەداوە و تاهەنووکە بەرگری جددی وجوانی یەکانیان ئەکەن تاڕادەی ماڵ لەدەست دان و خۆبەکوشت دان...
وەک دکتۆر شێرکۆ ئەڵێ:(سلێمانی داغستانی حەمزەتۆڤە.. ساڵ دوانزەی مانگ دەست لەملانی ئاخ وئۆفە)..
سەرباری شپرزەبوونی تەشکیلەی شار لە ئاسمانەوە هەست ئەکەیت ئەستێرەیەکی پێنج گۆشەی نووک تیژەو گۆشەکانی وەک دڕکی گوڵەباخ بۆ پاراستنی حازرن.. ئەم شارە زۆر دەمێکە تاوی داوەتە خۆی هەنگاو بنێتە ناو مێژوووە و خۆی بناسێنێت وەک شار، ئەو تەنیا پێنج گەڕەکی کۆڵان باریکی تێک چڕژاو و چوار شەقامی قیرتاوو چەند مزگەوت و حوجرەو یەک بازاڕی هەبوو.. هێشتا ژمارەی قوتابخانەکانی نەگەشتبوونە(10) کەچی خەڵکی ئەگایەندە ئەستەمبووڵ و ئەزهەری قاهیرە و مۆسکۆ و پاریس ولەندەن.. هەر زۆر زوو کچان تیایدا چوونە قوتابخانە.. جگەر گۆشەکانی خۆی وا گەورە ئەکرد بۆ هەر کوێ بچوونایە دڵیان هەر لای بوو بۆیە لەگەڕانەوەدا کۆمەڵێ مەعریفە یان لەگەڵ خۆ هێنایەوە..
سلێمانی پڕ پڕ بوو لە خۆشەویستی.. ڕق هەر نەبوو باش بیرمە باپیرم کەساڵی 1888 لە کانێسکان لەدایک بووە ئەیووت:ڕۆڵەکانم کاک ئەحمەدی شێخ فەرموویەتی:(خۆشەویستی بەدڵ ئەکرێت.. عەقڵی زۆر ناوێ.. دڵی مرۆڤیش زۆر بچووکە وا بکەن پڕپڕی بکەن لەخۆشەویستی تا جێ ی ڕقی تیا نەبێتەوە.. بەمەش ڕەنگ و ڕووتان گەش وجوان ئەبێت و باش ئەخۆن و ئەخەون و زیرەک و زیت ئەبن.. خەڵکیش ئێوەی خۆش ئەوێت)..
هەر ئێمە وا نەبووین زۆربەی زۆری خەڵکی ئەم شارە وابوون.نامەوێ زۆر بچمە خوارتر وئەوەش ئەڵێم کەوەسف و سەناکردنی سلێمانی مانای بەکەم سەیرکردنی شار و جێگاکانی تری کوردستان نی یە.. کەمێک دیققەت یەکەم قوتابخانەی کچان.. یەکەم تیپی موزیکی کوردی و شانۆیی و مۆزیکی کچان و مناڵان .. یەکەم پەیمانگای هونەری.. یەکەم زانکۆی کوردستان.. یەکەم تەلەفیزۆنی کوردی.. یەکەمین حکومەتی کوردستان لەسەر دەستی شێخی نەمر.. زۆرترین شەهید وگیان فیداکاری وتێکۆشانی بەردەوام.. خاوێنترین شاری عێراق وبەش مەینەت ترین جێگای کوردستان کە زۆرترین وێرانکاری بەرکەوتووە، شارێکی ئاسان نی‌یە لای دۆست و دوشمنانیش...
یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەرچاوەی هێزو ووزەی شۆڕش و بەرخۆدانی لەوێوە سەرچاوەی گرتووە هەروا کارێکی سادە و سەرپێ یی نەبووە ونی یە بە جۆرێک یەکێتی لە سلێمانی دا ئاوێتە بووە کە لێک جیاکردنەوەیان ئاسان نی یە و ئێستاش زۆر کەس لە سلێمانی بە بزووتنەوەی گۆڕان ئەڵێن یەکێتی یە ناڕازیی یەکان..
بۆیە لەجێ ی ناشرین کردن وووێران کردن وسەرباز وپۆلیس تێ بەردان پێویستی بە چاوی گەش ودڵی بەسۆز و گیانی لەخۆبردوو.. سنگی فراوان و پلانی گونجاو ئەوپەڕی خۆشەویستی ودڵسۆزی هەیە تاوانە گەر فیشەکێک بنرێت بە زەویەکەشیەوە نەک خەڵکەکەی!!یەک ڕۆژ گفت و گۆی ڕەخنەی ڕاست و ناڕاست.. ‌ووتەی شیاو ونەشیاو..بەرد و دار هاویشتن،، بەگژ یەکدا چوون باشترەلە 1 دەقیقە شەڕ وتەقە..
لای خەڵکی سلێمانی کەسانێک قسەی خۆیان ووتووە و کرداریشیان کۆن ونامۆیە وبە ئەسپێکی لاواز ئەناسرێن و چەند سەرکەشی بکەن ناتوانن گالیسکەی مێژوو بە ئاڕاستەی گەنجاو بەرن.. وە ئەڵێن سنووری نێوان نیشتمان پەروەری وخیانەتیان ئەوەندە کاڵ و باریک کردۆتەوە کە زۆر بە ئاستەم ئەبینرێت و پێشیان وایە کارێکی زۆر باش وداهێنانێکی گرنگیان ئەنجامداوە..
بەحەق وناحەق کاردانەوەشی هەبێت بۆیان ئەڵێ ی گورگن و بێچوویان خوراوە...
حەق وایە پارتی بیرێک لەوە حاڵەتە بکاتەوە کاتێک هۆکانی هەڵنەکردنی زیاتر بێت لەهەڵ کردن و تیا ژیان ولەگەڵ ژیان لەکاتێکا وەک لەسەرەتا ووتم خەسڵەتی ئەم شارە بچووکە زۆر گەورەیە تایبەتە..هەر کات وویستت لەگەڵی هەڵ بکەیت وئاوێتە بیت ئەبێت تۆ ببیتە ئەو!!
بۆیە ئەبێت گوێ ی لێ بگرێت وباش تێ ی بگات..بە سلوکی سیاسی سەردەم هەڵس وکەوت بکات..
ئەڵێن هەولێر شێرێکی تێری نووستوە هەر کات هەڵسێ ڕام کردنی ئاسان نی یە.. لەبەر تەمەنە زۆرەکەی هەندێ دواتر دێتە گٶ وزۆریش بەتەمای خودان.. هەرچەند بۆ خۆیان ئەزانن خوا نانی هەموو باڵدارێک ئەدات بەڵام بۆی ناخاتە هێلانەکەیەوە...

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە