نامەیەکی کراوە لەلایەن ژمارەیەک له‌ پارت و ڕێکخراوى کوردى

Wednesday, 19/01/2011, 12:00

1148 بینراوە



نامەیەکی کراوە لەلایەن ژمارەیەک له‌ پارت و ڕێکخراوى کوردى، کە بەشێکی گرنگ لەکۆمەڵگای کوردى لە وڵاتى سوید پێکدەهێنن، بۆ:

سەرۆک وەزیرانى سوید؛
پەرلەمانى سوید؛
ئەمنێستى ئینتەرناسیۆناڵ؛
سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان؛
سەرۆکى هەرێمى کوردستان؛
کەسایەتیە رووناکبیر و مرۆڤدۆست و ئازادیخوازەکان؛
رێکخراوەکانى کۆمەڵگاى مەدەنى لە سوید؛

بابەت: یاداشتنامە و داواکارى

یاساى خۆپیشاندان لە هەرێمى کوردستانى عیراق بە دەنگى زۆرینە لە پەرلەمانى کوردستان تێپەڕێنرا وە لە بەروارى 12/12/2010 لە لایەن سەرۆکى هەرێمەوە، بەبێ گوێگرتن لە هەرسێ فراکسیۆنى ئۆپۆزیسیۆن و رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى و روشنبیران و رۆژنامەنووسانى کوردستان و چین و توێژى تر. جگە لەوەش، لەگەڵ ئەوەشى کە تێپەڕاندنى ئەم یاسایە ناڕەزاییەکى زۆرى لێکەوتەوە لە شار و شارۆچکەکانى کوردستان وە لە لایەن رەوەندى کوردى لە دەرەوەى وڵات، بەڵام یاساکە هەر کەوتە کەوتە بوارى جێبەجێکردنەوە. ئەم یاسایە سنوردارکردن و کۆتوبەند کردنێکى ترسناکى ئازادیەکانە، بە تایبەتى ئازادى خۆپیشاندان، لەو بەشەى کوردستان.
بەڕێزان،
ئێمە کە بەشێکى بەرچاوى رەوەندى کوردستانى لە وڵاتى سوید پێکدەهێنین دەنگى خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگى نا بۆ تێپەڕاندنى ئەم یاسایە و جێبەجێکرنى. بە بڕواى ئێمە ئەم یاسایە بەشێکە لە هەوڵەکانى دەسەڵات لەو بەشەى کوردستان بۆ بەرتەسککردنەوەى ئازادى رادەربڕین و پێشێلکردنى سەرەتاییترین مافەکانى خەڵک.
ئێمە لە کاتێکدا ئەو یاسایە و جێبەجێکردنى بە تەواوەتى رەددەکەینەوە وە لەو باوەڕەشى کە مەبەستى سەرەکى یاساکە هەر بە ناوى یاساوە کۆنتڕۆڵکردن و سانسۆرکردنى چاڵاکیە مەدەنى و سیاسیەکاتى خەڵکە، دەنگ و هەوڵەکانى خومان دەخەینە پاڵ هەموو دەنگ و چاڵاکیە جەماوەریەکانى خەڵکى کوردستان دژ بەو یاسایە وە داواکارین کە:
1) لایەن و کەسایەتیە پەیوەندیدارەکانى سوید (رەسمى و ناڕەسمى)، بە هەر شێوەیەک کە دەکرێ و دەگونجێ، پشتیوانى لە مافە سەرەتاییەکانى خەڵکى کوردستان بکەن و گوشار بخەنە سەر دەسەڵاتداران لە هەرێمى کوردستان (پارتى دیمۆکراتى کوردستان وە یەکێتى نیشتمانى کوردستان) بۆ هەڵوەشاندنەوەى ئەم یاسایە و زامنکردنى تەواوى ئازادیەکانى ئەو خەڵکە؛
2) پێویستە دەسەڵاتدارانى کوردستان رێز بۆ ناڕەزاییەتى و ئیرادەى خەڵکى کوردستان دابنێن و هەرچى زووە ئەو یاسایە هەڵوەشێننەوە و لە بڕى ئەو یاسایەکى دارێژراو لەسەر بنەما دیموکراسیەکان، بە مەبەستى زامنکدرنى ئازادى رادەربڕین و خۆپیشاندان بێ کەموکوڕى، دابنرێَ.
ناوى ئەو پارت و کۆمه‌ڵه‌ و رێکخراوانەى کە واژووى ئەم داواکاریەیان کردوە:

1- بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ وڵاتی سوید،
2- پارتی چاره‌سه‌ری دیموکراتی کوردستان،
3- حیزبی کۆمه‌نیستی کریکاری کوردستان،
4.پارتی چەپی کوردستان
5- چاودێری کوردۆ ساید/چاک،
6- کۆمه‌ڵه‌ی مه‌تین له‌ یۆتۆبۆری،
7- کۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ره‌جوانه‌کان له‌ یۆتۆبۆری،
8- کۆمه‌ڵه‌ی لاوان له‌ یۆتۆبۆری،
9- کۆمه‌ڵه‌ی کوردی له‌ کومال
10- کۆمه‌ڵه‌ی گۆڕان له‌ ئۆره‌برو،
11- ڕادوێی هاوپشتی له‌ یۆتۆبۆری،
12- ڕادوێی دیالۆگ له‌ یۆتۆبۆری،
13-کۆمه‌ڵه‌ی ژنان بۆ تێکه‌ڵبون،
14- کۆمه‌ڵه‌ی کلتوری کوردستان له‌ یۆتۆبۆری،
15-فیدراسیۆنی گه‌نجانی کوردی سوید،
16-کۆمیته‌ی سه‌رده‌شت عوسمان بۆ داکۆکی له‌ ئازادی،
17-فیدراسیۆنی په‌نابه‌رانی سه‌رتاسه‌ری عێراقی،




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە