نامەیەكى زۆر بەپەلە بۆ كاك نەوشیروان ....!

Friday, 02/04/2010, 12:00

1042 بینراوە


دواى ئەوەى لە سایتى (پی یو كەى میدیا) ماڵیان ئاوا بێت ناوى 65 شەست و پێنج كەسمان بینى كە بەناوى بەرێزتان دەست پێ ئەكات وبەناوى محمد احمد عزیز كۆتایی پێ دێت گوایە وەك دامەزرێنەرانى بزووتنەوەى گۆڕان داواى مۆڵەتى یاساییان پێشكەش بە وەزارەتى ناوخۆ كردوە بەمەبەستى پێدانى مۆڵەتى فەرمى كە بزووتنەوەى گۆڕان وەك رێكخراوێكى سیاسی كاربكات . تائێرە جێگەى دڵخۆشى هەموو لایەكەمانە و بەتاسەوە چاوەڕێی رۆژێكى ئاوامان ئەكرد كە خۆرى بزووتنەوەى گۆڕان لە ژێر تەمى رەشى گومان و دوودڵى لە ئاسۆى ئومێد ى خەون و خولیاى لەمێژینەى ئێمەوە و هەزارانى وەكو ئێمەوە هەڵبێ و تیشك و ئاوێزە رەنگاورەنگەكانى شەوەزەنگى تاریكى و تاكڕەوى ڕابماڵێت و دەروازەیەك بێ بۆ دەربڕینى ڕاو بۆچوون و بیروراكانمان و تێڕوانینمان بۆ ئێستاو ئایندەى ئەم سیستەم و دەسەڵاتە و هێنانە ئاراى بارودۆخێكى وا كە تەواوى خەڵكى كوردستان ئاسودەو دڵنیاو بەختەوەربكات .
بەڵام ، گەرچى هەر لەسەرەتاوە ئێمە هەستمان بە بێ سەرو بەرى و رەئى تاك و خۆسەپێنى لە كارو كاردەوەكانى گۆڕاندا ئەبینى و بەلامانەوە بۆ بزووتنەوەیەكى ساوا ئاسایی و سروشتى بوو ، ئێستاش كەوا نزیكەى ساڵێك بەسەر ئەم بزووتنەوەیەدا تێپەڕ ئەبێ و هێشتا هەمان كرم وهەمان درمى ناو یەكێتیی نیشتمانى كوردستان بەتووندى خۆى لە جەستەى بزووتنەوەى گۆڕان ئاڵاندوە و لە دەیان لاوە كون و كەلەبەرى بەرەژوەندى تەسكى كەسى و تەكەتوول تێكەوتوە ،
ئەم قسانەمان لەشێوە و رێگەى جۆراوجۆرەوە چ راستەوخۆ و چ ناڕاستەوخۆ كەم تا زۆر بەجەنابت گەیاندوە ، بەڵام بەداخەوە تادێت كەسانێك لە ژێر باڵى ئێوە و لە نزیك ئێوە و بە پشتى ئێوە بەلە سە ئەبن و بەهەمان خەونى ناو یەكێتییان ئەیانەوێت لە ناوگۆڕانیشدا هەمان سیاسەت و بۆچوونى چەوتى تەسكى خۆیان بۆ مەرامەتایبەتیەكانى خۆیان بەكاربهێنن و شەڕە تەواو نەكراوەكانیان لەناو گۆڕندا تەواو بكەن ! (بێگومان ئەم قسەیە هەموو كادر و كەسایەتیە دیارەكانى ناویەكێتیی و ئێستاى گۆڕان ناگرێتەوە كە پیاوى تێكۆشەر و دڵسۆز و بەئەمەك بوون بۆ گەلەكەیان) ،ئەگەر سەرنجێك لەهەندێ ناوى بەناو لیستى دامەزرێنەرەوە كە ئاراستەى وەزارەتى ناوخۆ كراوە بۆ مۆڵەتپێدانى یاسایی بزووتنەوەى گۆڕان بكەین جگە لەوەى پەلە پروزێى زۆرى پێوە دیارە ، هەندێ ناوى تیایە كە بەڕاستى جێگەى هەڵوەستە لەسەر كردن و تێڕامانە وەك ئەوەى بڵێی بزووتنەوەى گۆڕان بێ كەسی بێت و لەتاو نەبوونیا وا بەسەر دەست و پێی خەڵكا كەوتوون و پەنا بۆ خزم و كەسە نزیكەكانى وەك هاوسەرى فڵانە كەس و ژنى فڵانى تر برابێ تاهیچ نەبێ لیستەكە پڕ بكرێتەوە لە كاتێكا سەدان كادرى هەڵسوڕاو و خۆنەویست لە مەیدانى كار و خەباتدان و شەو و رۆژ خەرمانەى بزووتنەوەى گۆڕان بەبەرەكەت تر و گەورەتر ئەكەن كەچى شەڕەفى لالێكردنەوەیەكى واو ئیمزایەكى ئەو داواكاریەیان پێ رەِوا نەبینرا ! ، ئێمە لەگەڵ ئەوەین كە ناكرێ ناوى سەدان كادرى هەڵسوڕاوى گۆڕان بخزێنرێتە ناو داواكاریەكى ئاوا دیاریكراوەوە ، بەڵام هەندێ ناوى تیایە كە ئێستاشى لەگەڵا بێ 3 سێ جار نەهاتوونەتە گردەكەى كۆمپانیاى وشە و گەر هاتبیشن نەكادر و نە هەڵسورٍاو و نە كەسایەتیەكى وادیارو گرنگ بوون وەك ناوى (بكر سعید) : كە هاوسەرى كوێستانى ئەندام پەرلەمانى كوردستانەو فەرمانبەرى حكومەتەو لەسەر گۆڕان تائێستا لەگوڵ كاڵترى پێ نەوتراوە ......باشە بۆ بۆ كاتى ئیش و كار و پێویست لەبنى بیرا بن ئێمەتان بیر ئەكەوێتەوە و بەتەلەفۆنێك ئەگەینە لاتان خێر بوو ئەمێستاكە لە بیر چووینەتەوە
(دیمەن عبدالرحمن):، تو ویژدانت دەزانى ئەم دیمەنە كێیە؟ ئەمە ژنى ئاسۆ رەحیمە كە هاو شان و هاو تەكتولى كوێستان خانە , ئەو كوێسنتان خانەى كە لەگەڵ شەماڵ عبدالوفاو ئاسۆ رەحیم و گێلاس و نەسرین ، مەڵبەندى 1 یەكى سلێمانیان تەسلیم بە پیاوەكانى جەلال كردەوە و پشتى كاك ئاسۆ عەلیان شكاند ، ئاخر ئەم دیمەن خانە كە جارێك یادوو جار هێنراوەتە گردەكە بۆ كۆبوونەوە خێرە بوو بە هەڵسوڕاو ؟ (نیاز عمر و گوڵستان سعید) ئەمانە كێن و چ كارەن ؟ ئەمانەش هەڵسوڕاو و كادر و پێشەنگى بزووتنەوەكەن یاخود بە قودرەتى قادرى وەكو (كوێستان و ئاسۆ رەحیم و نەسرین و هاوشێوەكانیان) تێقرێنجێنراونە ناو لیستەكە !
ئێمە بە بێ مووچە و لەگەڵ تەحەمول كردنى هەموو نەبوونى و بێ ناز كردنى ماڵومناڵمان و وە لەهەر دوو بانگەشەى هەڵبژاردنەكانیشا بەشەو ورۆژ لە كۆمپانیاى وشە و بنكەكانى هەڵبژاردنەكان بووین ، هەموومان خۆ بەهەڵسوڕاو و كادرى بەرچاوى ئەو بزووتنەوەیە ئەزانین ، بەڕاى ئێوە بەغەدر و كەموكورتى نازانى كەسانى هاوشێوەى ئاسۆ رەحیم و كوێستان و نەسرین و گێلاس و هاوشێوەكانیان شوناس و پلەى هەڵسوڕاوى و كادرانى بزووتنەوەى گۆڕان ببەخشن و دیارى بكەن و چارەنووسی بزووتنەوەى گۆڕان كە بە خۆڕاگرى و مەردى و پێ داگرى و خۆڕاگرى ئێمە كەوتۆتە سەر پێ بكەوێتە دەست كۆمەڵێ كەسی نامەسئولى خۆپەرستەوە كە جگە لە یاریە تەقلیدى و نائەخلاقیەكانى سیاسەت نەبێ هیچى تر نازانن !
هیوادارین بەرێزتان چۆن پشتان كردە بەرژەوەندیە تایبەتیەكانى خۆتان و پلە و پایەى ناو دەسەڵاتتان رەتكردەوە و ڕووەو خەڵكى رەشوڕوتى گەلەكەتان ملى رێگەى خەبات و ئەمەك و دڵسۆزیتان هەڵبژارد ، ئاواش ئاوڕێك لە موعاناتى ئێمە و دەیانى ترى وەكو ئێمەمانان بدەنەوە و رێگەمەدەن كارى تاكڕەوانە و تاك لایەنە رووبدات و ئەم كۆمەڵە بەسروشت تەكەتول چیە لەو بزوتنەوەیە دوور بخەنەوە باچیتر هەل و بوارى خۆ بردنە پێشەوە بۆ ئەم جۆرە كەسانە نەرەخسێ و بزووتنەوەى گۆڕانیش لە سەر دەستى ئەم كەسانە نە گەشە ئەكات و نە پێش ئەكەوێ .
هەر سەركەوتووبن ،بژى بزووتنەوەى گۆڕان
كۆمەڵێ كادر هەڵسوڕاوى بزووتنەوەى گۆڕان

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە