تۆ شەهیدەکەت کۆن بووە

Saturday, 04/10/2014, 12:00

3253 بینراوە


(پێشمەرگە وەک نینۆک وایە هەتا بیکەیت دێتەوە)، ئەمە ووتەی دلێری سەید مەجیدی کۆنە پێشمەرگە و کۆنە کۆمەڵە بوو، کە کاتی خۆی چونکە خاوەنی بیروباوەڕ بوو، دۆلار و دەسەڵات گێژی نەکردبوو، وەک ورەبەرزیی و کۆڵنەدان، تەسلیمبوونەوەی هەندێک یان شەهیدکردن وای وێنا دەکرد. بەکارهێنانی نینۆک، ئەگەر نەزانی لە کوێدا بەکاری دەهێنیت، بە وشەیەکی جوان ناشکێتەوە. وەک بەکارهێنانی سەر و قاچ، دەست و دەم، هەر یەکەیان لە کاتی بەکارهێناندا دەبێت وریا بین، دەنا ئەگەر لە قسەکردندا یان لە رستەیەکدا بەکار هێنران مانای سووکیی و نزمی دەگەیەنێت، بۆ نمونە کاتێک دەڵێیت لەسەر سەرم، ئەوە بەرزیی و بڵندی دەگەیەنێت، کە دەڵێیت لەژێر و لەسەر قاچم مانای سووکایەتی دەدات، نرخی کڵاو و گۆرەوی، هەر لە بەرزی ونزمی سەر و قاچەوە هاتووە. نینۆک  پیس و ناشرینە کە درێژ دەبێت، کاتێک لە پێویستی دەست و قاچی مرۆڤ دەچێتە دەرێ، بەشە زیادەکەی دەقرتێنرێت، دلێری سەید مەجید ئەمەی کە کاتی خۆی بەکار هێنابوو، ئێمە زۆر بە قسەیەکی جوان و ماقوڵمان لێکدەدایەوە، دەستخۆشیمان لێکدەکرد، بەڵام ئەمڕۆ بە پراکتیک ماناکەی دەرکەوت، کە دلێری سەید مەجید مەبەستی لەسەر هەڵدانەوە و دروستبوونەوە نەبووە، هێندەی مەبەستی لە ناشرینکردنی پێشمەرگە بووە، ئەگەر ئەو رۆژە ئەو مەبەستەشی نەبووبێت، ئەمڕۆ کردارەکانی ئەو مانایەی دروست کردووە، کە پێشمەرگە بێنرخ و بێبایەخە. ئەمڕۆ ئەم دلێری سەید مەجیدە لەبەرامبەر داواکاری ئەو کۆنە پێشمەرگانەی کە وەک نینۆک وابوون، زیاتر لە یەک هەفتە نۆرە دەگرن تا پێی بگەن. ئەمڕۆ ئەم کۆنە پێشمەرگەیە کۆدی قاسەی ماڵی تاڵەبانی پێیە و بە سووکایەتیی پێشمەرگەی دێرین وەک نینۆک سەیر دەکات.
پارێزگاری لە شەرەف و کەرامەتی خاک و نەتەوە حەزێکی ئایگۆیستی نییە، بەڵکو ویست و ئەرک و فەرمانە، ئەوانەی ویستیان نەبێت لەم فەرمانە تێناگەن، باکیان بە بەخشینی ڕۆح نییە. ئەو بەخشینەش هەندێ جار لە سەر هێڵی خۆی لادەچێت و بە قازانجی دەستەیەک دەگەڕێتەوە، دواتریش پێان دەڵێن: (پێشمەرگە وەک نینۆک وایە هەتا بیکەیت دێتەوە). لای دلێری سەید مەجید و هاوەڵەکانی رەنگە ئەو مانایەش بدات، تا سووکایەتییان پێ بکەیت، تا فەرامۆشیان بکەیت، مووچە و پارەی بژێوی ژیانیان نەدەیتێ، بەڵام کە پێویستمان پێیان بوو، لێیان مەترسە هەر دێنەوە لامان و بەکاریان دەهێنینەوە. سەرکەوتن و دەسەڵات و پارە بۆ ئێمە، مردن و قوربانی بۆ پێشمەرگە نینۆکەکان و سەرگەردانیش بۆ ماڵ و منداڵەکانیان.

ساڵی ١٩٨٦ پێشمەرگەیەکی هاوڕێم کە پورزاشم بوو لەشەڕگەی قەیوان _ ماوەت بریندار بوو، من گەیاندمە نەخۆشخانەی شۆڕش لە بەرگەڵوو پاش تیمارکردنێکی خێرا دەبوو لە نەخۆشخانەکە دەربازی بکەین و لەیەکێک لە بارەگاکاندا جێگەی بۆ دابین بکەین، ڕێکەوت وابوو لە بەردەم بارەگای ناوەندی یەکێتی شۆڕشگێرانی کوردستان کەوتین لەبەرگەڵوو، گەرچی ئێمە پێشمەرگەی کۆمەڵە بووین، بەڵام (ژیانی ئەوان، خواردنی ئەوان، پێخەفی ئەوان) لەو شۆڕشە نەدەچوو کە ئێمە لە تیپەکانی خوارەوەی هێزی پێشمەرگە نەمانبوو.
چێشتەنگاوێکی درەنگ بوو، ژنێکی عەبا بەسەر خۆی کرد بەمقەڕەکەدا ژنێک تاڵە سپیەکانی پرچی لە عەباڕەشەکەی سەریەوە هاتبووە دەر، ژنێک گەر لە ووڵاتی ئێمەی سەردەمی بەعسدا نەبوایە بە بیست ساڵی تریش چرچوولۆچت لە ڕووخساریدا نەدەبینی، پاش پشوویەکی کورت، داوای کرد چاوی بە فوئاد مەعسوم بکەوێت، ئەو دەمە ناوەندی شۆڕشگێڕان فوئاد مەعسومی ئێستای سەرەک کۆمار و مامۆستا عەبدوڵا بەرپرسی ناوەندی یەکێتی شۆڕشگێران بوون. ژنە عەباڕەشپۆشەکە لە ماوەیەکی کورتخایەنی چوونە ژورەوەو و هاتنە دەرەوەیدا، بە گریانەوە هاتە دەرێ، گریانێک مەگەر تەنها خۆی و خوێن ماناکەی بزانن من بێ ئاگا بووم لەوەی ئەو بۆچی چووە و چی دەوێت؟ چوومە بەردەمی و لێم پرسی دایە گیان بۆ دەگری؟ ووتی کوڕەکەم لە کارەساتی هەکاری ساڵی ١٩٧٨ شەهیدبووە وەک دایکی شەهید بۆ ئەوەی پەنا بۆ کاری ناپەسەند نەبەم، داوای یارمەتیم لە دکتۆر فوئاد مەعسوم کرد، کەچی وەڵامی دامەوە و وتی: (تۆ شەهیدەکەت کۆن بووە).
ئێستا هەزاران گەنجی ئەم ووڵاتە وەک پێشمەرگە بەرەی شەڕ راپێچکراون، شەڕێک سەرانی حیزب و بنەماڵە و نەوەکانیان بە هەزاران کیلۆمەتر دوورن لە بەرەکانی شەڕەوە ڕۆژانە لەبری ئەوان، لاف و گەزاف لێدەدەن، شەڕێک لەسەرکەوتندا ئەمان دەبنە خاوەنی و لە گلانیشدا پێشمەرگە قوڕی بۆ دەگیرێتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە