١٧ شوبات،ژیلەمۆی راپەرینی جەماوەرە،دژ بە گەندەڵی و ستەمکاری دەسەلات

Wednesday, 13/02/2013, 12:00

1320 بینراوە


١٧ی شوبات رۆژی گەشکردنەوەی بلێسەی ئاگری شۆرشە.
١٧ شوبات،ژیلەمۆی راپەرینی جەماوەرە،دژ بە گەندەڵی و ستەمکاری دەسەلات.

١٧شوبات یادەوەری نیە،بەڵکو رۆژی سەرهەلدانەوەی نارەزایەتیەکانی خەلکی کوردستانە دژ بە قۆرغ و ستەمکاری دەسەلاتی ٢٠ سالەی یەکێتی وپارتی. رۆژی گەشاندنەوەی ئاگری شۆرش و راپەرینێکە کە بەخوێن و گیانی سەدان گەنجی کوردستان دووسال لەمەوبەر دەستیپێکرد ، وە تائیستاش خواست ویستی خەلک بۆ ریشەکێشکردنی ئەودەسەلات وسیستەمە رۆژلەدوای رۆژ زیاتر ئەبێت، بەهۆی خراپی باری گوزەران و بۆگەنکردنی پایەکانی دەسەلات، هەر لەیاسادانان و جبێبەجێکردنەوە و بەرێوەبردنەوە تادەگاتە نزمترین پلەی بەرێوەبردن و تێوەگلانی بەرپرسان لە تاوان جەنگ وئابروبەرانە، تێرۆری بیرو سەرکوتی ئازادیەکان،گەندەلی لەگشت پایەکانی حکومرانی و برسیکردن و دەستەمۆکردنی خەلک لەهەرجێگایەک کە دەسەلات بۆی کرابێت.
ئیمەوەک تۆری بەرگری لە ماف وئازادیەکانی خەلکی کوردستان، داوادەکەین کە ئەمسال خەلکی کوردستان جیا لەبەرەی پارتەئۆپۆزیسیونەکان دەبێت خۆی رێکبخاتەوە، بەشێواز و تەکەنیکێکی تازەوە درێژە بەنارەزایەتیەکانمان بدەین، چونکە دووسالی رابوردوو ئۆپۆزیسون ئەوەی سەلماند کە خواست وداواکاریەکان وئامانجی ئەوان لەگەل خەلک بەتەواوی یەکناگرێتەوەو دورەلەیەکدی. وە ساتوسەودا وگفتوگۆ بێ ئەنجامەکانی ئۆپۆزیسون لەگەل دەسەلاتی سەرکوتگەر، ئەوراستیەکی سەلماند کە دەبێت بەتەواوەتی بەرەی خەلکی ئازادیخواز جیابێت لەبەرەی هەرپارتێکی سیاسی کە ئەیەوێت گەمە بەچارەنوس وژیانی خەلکی کوردستانەوەبکات. هەمووخەلکی کوردستانیش ئەوراستیە ئەزانن کە لە ساتەوەختی راپەریینی ١٧ شوبات یەکەم کەس ئۆپۆزیسیون بۆ بوبە فریادرەسی مەرگی دەسەلات. وە کۆبونەوە بەردەوامەکان لەگەل دەسەلات کە هەرجارەو پاساوێکی هەیە، ئەوراستیە ئەسەلمێنن کە ئەوانیش بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان، مەیلی مانەوەی دەسەلات دەکەن. بگرە خۆشیان بشکیان هەیە لەو بارودۆخە ناهەموارەی کە لەماوەی ٢٠ سالی رابوردودا بەسەر خەلکی کوردستاندا هاتوە.
ئاشکرایە کە بەکارهینانی ئاگروئاسن بۆ تۆقاندنی خەلک و چۆڵکردنی شەقامەکان جگە لە شکستی دەسەلات و رەشترکردنی میژوی سیاسیان ،هیچ لە ئیرادەو خواستی خەلک کەمناکاتەوە بۆ رامالینی دەسەلاتی یەکێتی و پارتی. دەسەلات رەنگە ئەمرۆ بتوانێت بەشێوەیەکی کاتی پایەکانی خۆی قایم بکات بەدالدەدان و خەلاتکردنی تاوانباران و بکوژانی ١٧ شوبات و رۆژانی دواتر و زیندانیکردن و چاوسورکردنەوە و نانبرین و هەرەشەی جۆراوجۆر لەچالاکوانان و رۆژنامەنوس و رەخنەگران و خەلکانی ئازادیخواز- زیندوترین نمونەش: زیندانی کردن و راپێچکردنی چالاکوانان ئبراهیمی کاکە حەمە و نزار ئەحمەد لە تۆری بەرگری و کارزان کەریم و سەید ئەکرەم ،بەپێچەوانەشەوە ئازادکردنی بکوژانی شەهیدانی ١٧ شوبات و رۆژانی دواتر و سانسۆری جۆراوجۆر بۆسەر مێدیاکاران و رۆژنامەنوسان. بەلام هەرگیزئیمەی خەلکی کوردستان لە قەسابخانەی ١٧ شوبات رۆژانی دواترو تەواوی تیرۆر و رەشەکوژیەکانی چەندین سالەی ئەوان خۆشنابین. لەبەری پەنابردنی بۆ بەدادگا کارتۆنیەکانی دەسەلات کە بوەتە سمبولی گالتەجاری و بەیاسای کردنی تاوان و کۆمەلکوژی لەپێناوی مانەوەی دەسەلاتی بنەمالە ومیلیشیاکانیان، کاربۆ پێکهێنانی دادگای خەلک بۆ بەسزاگەیاندنی بکوژان و دالدەدەران و ناساندنی تاوانەکانی دەسەلات لە ناوەندە نیوەدەولەتیەکاندا دەکەین.
بۆیە ئیمە لێرەوە بانگەوازی لە گشت خەلکی کوردستان ئەکەین کە ئەمساڵ هەرکەس لەماڵ و گەرەک و شارو گوندەکان و شوێنی کارەکانیانەوە برژێنە سەرشەقام و شوێنە گشتیەکان و لەهەرجێگایەک کە بۆیان گونجاوبەبایەخە ، هاوشیوەی ئاگری نەورۆز، ئاگری رابەرین بکەنەوەو بلێسەی شۆرشی ١٧ شوبات گەش و زیندووراگرن. وە داواکارین کە هەموولایەک بەشداری ئەم دەستپێکەبێت ، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەندامێتی ولایەندارێتی بۆهیچ پارت و رێکخراوێک کە بەهەر هۆکارێک گیرۆدە یان ناچار بەپشتویانی ئەوپارتانەکراون، نەچنە ژێر رکێفی فەرمان و ئامۆژگاریەکانی پارتەکانیانەوە. وە بێنەوە بەرەی جەماوەرو بەشداری شۆرشی گەل بکەن و هاوشێوەی بەهاری عەرەبی، دەست لەناودەستی یەکتربکەین بۆ رامالینی دەسەلات و بەدیهێنانی ژیانیکی باشترو شایستە بۆ گشت لایەک، بەبێجیاوازی خێل و بنەمالە و ناوچەگەرایەتی، ژیانیکی شەرەفمەندانە و ئازادانە بۆگشت چین وتوێژێک دەستەبەربکرێت و کۆتای بە حوکمی قەرەقوش و کۆنەبەرستی ستەمکاری دەسەلات بهێنرێت.
پەیامی ئیمە جگە لە داواکاری بۆهاتنەوە سەرشەقامەکان، مژدە بەخەلکی کوردستان ئەدەین بەتایبەتی گەنجانی ئازادیخواز کە ژیلەمۆی راپەرینی ١٧ شوبات بوون، کە هەرگیز ئاگری ئەو شۆرشە خامۆش نابێت و بەردەوام زەمینە لەبارە بۆ شۆرش و رامالینی دەسەلات. بۆیە داواکارین کە ئەمسال هاوشێوەی گیانبەختکردوو محمد بوعەزیزی کە بویە دەستپێک و سیمبولی شۆرشی گەلانی چەوساوە لە رۆژهەلاتی ناوەراستدا، ئیمەش پشتیوانی لە دەستپێشخەری گەنجە دەستگێرەکانی شاری رانیە - دەربەندی راپەرین دژ بە دەسەلاتی رژێمی بەعس - بکەین، کە بەخاتری ستەم و چەوسانەوە، عارەبانەکانی خۆیان کرد بە سیمبولی نارەزایەتی دژ بە دەسەلات. ،بەلام با هاتنە سەرشەقام و راپەرینی ئەمجارە لە رانیەی دەربەندی راپەرینەوە جیا لەبەهاری 1991 راپەرین دژ بە رژێمەکەی بارزانی و تالەبانی بکەین دەستتپێ ئەکەینەوە.
تۆری بەرگری لەماف و ئازادیەکانی خەلک
13/02/2013
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە