پرسیارێك بۆ (بارزانى و تاڵەبانى ونەوشیروان نێچیرڤان و بەرهەم و كمال كەركوكى وفازڵ میرانى و كۆسرەت ڕسوڵ)

Saturday, 13/11/2010, 12:00

1819 بینراوە


پێش ئەوەى پرسیارەكە بكەم ،تكایە بۆلەحزەیەك (واى دابنێن) خۆتان داشۆریووە لە هەموو بەرپرسیارێتییەك و بوونەتەوە بە هاووڵاتییەكى ئاسایى و خۆتان بشوبهێنن بە باوكێك یان دایكێك كە خێزان و كوڕەكانتان و كچە عازەبەكانتان و مناڵە كۆرپەكانتان ، لەلایەن مستەشارێكەوە لەسەر كوردبوون ڕەوانەى دەشتە لماوییەكانى عەرعەرو سەماوە كراوە ،یان سەگ ڕووفاتى پیرۆزیانى خواردووە یان فرۆشراون بە دەوڵەتانى عەرەبى ،ئێستا ئەم مستەشارە كەواى كردووە لە خانەوادەكەتان جیرانتانەو یان لە گەڕەكەكەتان یان شارەكەتاندایە و هەموو ڕۆژێك بەبەر چاوتانەوە بسوڕێتەوەو پێتان بڵێ ژن و كوڕو كچەكانتان بێ عەقڵ بوون بۆیە ئەنفالكران و ڕۆژانە بە ئۆتۆمبیلى ئاخر مۆدێلەوە استیفزازتان بكەن ، لەولایشەوە ئەم مستەشارانە كەكەس وكارەكانى ئێوەى ئەنفال كردووە تا2003 و ڕووخانى سەدام لە باوەشى سەدامدا بووبێت و ئێستاش بڕیارى دەست گیركردنى هەیەو حكومەت و پۆلیس نایان گرێت، پرسیارەكەئەمەیە /ئایا هەست ناكەن دەسەڵات بێ حورمەتى دەنوێنێت بەرامبەر خوێنى شەهیدەكانتان ؟؟.ئێستا تەمەنام دەكرد بمزانیبایە وەڵامتان چییە؟ دڵیام هیچ وەلائێكتان بۆ دەسەڵات نەدەماوەستان دەكرد بەهاوارو خۆپیشان دان و بەرد باران كردنى دام و دەزگاكانى دەسەڵات كە بەخوێنى ڕۆڵكانى خۆتان هاتووەتە بەرهەم.

من پێم وایە بەدرێژایى مێژووى گەلەكەمان ،ئەوانەى دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست و بوونەتە فەرمان ڕەوا لە كوردستاندا هەرخۆیان هۆكارێك بوون بۆ لەناوچونى خۆیان و دەسەڵاتەكانیان و لە ئەنجامدا گەورەترین بەڵایان بەسەر گەلەكەماندا هێناوە،من تەواو پێچەوانەى ئەوڕایەم كەهەندێك پێیان وایە گەلى كورد خۆى هۆكاربووە بۆ سەرنەكەوتنى هیچ كام لە بزووتنەوەو شۆرش و جوڵانەوەكانى و هەرزوو ئەو دەسەڵاتە خۆماڵییە كوردییانەى كە دروست بوون تووشى لە ناوچوون بوون ،بەڵكو بە پێچەوانەوە پێم وایە سەركردایەتى و بڕیاربەدەستانى دەسەڵاتى كوردى لە هەموو قۆناغەكانى مێژوودا هەرخۆیان بەرپرسیارو هۆكارى سەرەكى لەناوچونى كورد بوون...ئەوەتا جارێكى تر مێژوو خەریكە خۆى دووبارە دەكاتەوە،من دڵنیام و زۆریش دڵنیام ئەگەر دەسەڵات لە باشورى كوردستان بەم شێوەیە بێ حورمەتى بنوێنێ بەرامبەر بە خوێنى ئەو شەهیدانەى كە ئەمڕۆ دەسڵات داران بەرهەمەكەى دەخۆن و كەس وكارى ئەنفالكراوەكانیش غەم و پەژارەكەى دەخۆن ئەوا سەرەتاى ڕوخاندى ئەم دەسەڵاتە دەستى پێ كردووە ،.هەمیشە بیر لەوەدەكەمەوە و لەخۆم دەپرسم !((گوایە سەركردەكان ئەمڕۆ هەست بەم بێ حورمەتى نواندنە ناكەن ؟بڵێ ى سەروەتى زۆرو خانوو ڤیەلاو ئۆتۆمبیل و حیمایەى زۆر سەركردەكانى تووشى حاڵەتى لەبیر چوونەوەو بێ ئینسافى و بێ شەرمى و نانیشتمان پەروەرى نەكردبێت ؟ یان تۆبڵێ ى دەسەڵات وابیر بكاتەوە ئەگەر ئەنفال چییەكان دەست گیربكات ئەوا دەڕوخێن و لەناو دەچن؟؟نانا پێم وانییە بترسن چونكە ئەوەتا ئێوە واتان لێهاتووە بە ئەمریكا دەڵێن نەخێر ،ململانێتانە لەگەڵ ئێران و توركیا،لەگەڵ ئیسرائیل قسە لەسەر هاوكێشە سیاسیەكانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەكەن ،ئیتر قابیلە لە (قاسم ئاغاو فتاح بەگ) بترسن؟)).
داواتان لێ دەكەم وەك و كوڕێكى گەرمیانى كە(36)كەس لەخانەوادەكەى خۆم ئەنفالكراوە چیتر بابێ حورمەتى بە خوێنى شەهیدان و ئەنفالكراوەكانەوە نەكرێت و چیتر ئازارى كەس وكارى شەهیدان و ئەنفالكراوەكان مەدەن و چیتر یاسا پێ شێل مەكەن و ووڵات تووشى نەهامەتى و قەیران مەكەن، هەرچى زووە بڕیارەكانى دادگاى باڵاى تاوانەكانى حكومەتى عێراقى فیدراڵ جێ بەجێ بكەن .دووایى مێژوو ڕەحمتان پێ ناكات..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە