ئەنفال بەرهەمی بێ ویژدانی سەدەی بیستەم بوو

Tuesday, 14/04/2009, 12:00

1658 بینراوە


رۆژی 14-4-1988 ئۆپەراسیۆنی سەربازی حكومەتی ئێراقی، دیكتاتۆری، بەعسی، سەددامی، بەهاوكاری كوردە جاشە خۆفرۆشەكان بۆ سەرخەڵكی سڤیلی بێ دیفاعی دەڤەری گەرمیان دەستی پێكرد. لەماوەیەكی كورتدا زیاترینیان ژن ومنداڵ و پیر؛ سەدو هەشتا و دوو هەزار كەس زیندەبەچاڵ كران وهەزاران گوندیش روخێنران.
بەو بۆنەیەوە سەری رێزو نەوازش بۆ شەهیدانی ئەنفال و هەموو شەهیدانی كورد وكوردستان دادەنەوێنین. لەكۆتاییەكانی سەدەی بیستەم دا گەلی كورد بوو بەقوربانی بێ ویژدانی مرۆڤایەتی و بەبەرچاوی هەموو جیهانەوە رووبەڕووی كۆمەڵكوژییە كی هۆڤانە بووەوە. رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و مرۆڤ دۆستە هەرێمی وناو نەتەوەییە كانیش لەبەرامبەریدا بێ دەنگ بوون و تا ئەمڕۆش ئەو بێ دەنگییە بەردەوام دەكەن و لەئاست ئەو تاوانەدا خاوەن هیچ هەڵوێستێكی بەرچاو نین.
زیاتر لەبیست ساڵ بەسەر ئەو تاوانەدا تێپەڕ دەبێت وهێشتا كاریگەری ئەو بارە دەروونییەی كەلەئەنجامی ئەو كارەساتەوە هاتۆتە ئاراوە نەڕویوەتەوەو ئاسەوارەكانی بەردەوام دەكات. هەرچی حكومەتی هەرێمیشە لەئەنجامی پەیڕەو كردنی سیاسەتی رۆژانەدا دۆسیەی ئەنفالی بۆ خۆی نەكردووە بەستراتیژ و لەچوارچێوەیەكی بەرنامە بۆ داڕێژارودا كاری بۆ ناكات و خاوەن لەكەسوكارەكانیان دەرناكەوێت.
جەماوەری بەشەرەفی دەڤەری گەرمیان
كەسوكاری شەهیدان...
حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرهەمی خوێنی شەهیدان، تێكۆشەر و ماندوونەناسانەی ئەم گەلەیە. موڵكی هیچ كەس و لایەنێك نییە. نەبوونی بەرنامەیەكی ستراتیژی بەرفراوان بۆ باشكردنی ژیانی كەسوكاری ئەنفال و بەدوادا چوونی كەیسەكەی لەئێراق و ناونەتەوەییدا و ناساندنی وەكو جینۆساید ئەركی حكومەتی هەرێمە و پێویستە كاری جددی بۆ بكات ومافی خۆمانە كە لەم بارەیەوە رەخنە و بەدوا داچوون بكەین. ئەمەش بۆ ئێمە وەكو ئەركێكە.
ئێمە وەكو پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان وەكو پارتێكی ئۆپۆزیسیۆن بەئەركی خۆمانی دەزانین كە داكۆكی لەمافی رەوای گەلەكەمان بكەین و هەل ودەرفەت بڕەخسێنین و سوود لە هەل دەرفەتەكان وەربگرین ، بۆ بەدواداچوونی ئەو كەیسە بەردەوام لەرۆژەڤدا بێت و تەنها بەرۆژی ئەنفال یادكردنەوەیەك كۆتایی نەیەت و بەرەو ستراتیژی كردنی و بەرنامەكردنی بكەینە ئامانج.
لەو باوەڕە داین ئەو سەدەیە دەبێتە سەدەی تۆمار كردنی سەركەوتنی گەورە و ئەو سەركەوتنانەش خەمگینی ئەنفال و ئێشەكەی دەڕەوێنێتەوە. ئەمڕۆ لەباكووری كوردستان، ئەو سەركەوتنە گەورەیەی كە گەلەكەمان تۆماری كرد، جێگەی دڵخۆش هەموو مرۆڤێكی بەشەرەف و نیشتمان پەروەر بوو. هەمانكات پێویستە لەهەڵبژاردنی هەرێمی كوردستانیش دەرسێكی باش بدەینە ئەو دەسەڵاتەی كە هەژدە ساڵە خۆی لەسەر قوربانیەكانی ئەنفال دەژێنێت و سیاسەتی پێوەدەكات بەڵام ئامادە نی یە خزمەتێكی شایستە بەپاشماوەی ئەنفالەكان بكات.
وەفاداریش بۆ خوێنی شەهیدان و رەنجی گەلەكەمان ئەوەیە كە بەئەركی خۆمان رابین و بەرپرسیاریەتییمان بەویژدانەوە جێبەجێكەین و سەركەوتن بۆ گەلەكەمان تۆمار بكەین.
دووبارە سەری رێز بۆ شەهیدان دادەنەوێنین.
نەمری و سەرفرازی بۆ شەهیدان
سەرشۆڕی بۆ ئەنفاڵ چیان

دەستەی كارگێڕی
پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان
14-4-2009

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە