من هەڵە بووم ...

Thursday, 15/10/2009, 12:00

1649 بینراوە


كەلتورى داننان بە هەڵە و گەرانەوە لێى و هەڵگرتنى بەرپرسیارێتى هەڵەكان لەلایەن كەسێكەوە یان چەند كەسانێكەوە لە بنەرەتدا لە ئیسلامەوە سەرچاوەى گرتووە , هەروەكو لە قورئانى پیرۆزدا هاتووە , هەڵە كردنیش كارێكى سرووشتى مرۆڤە و لەوبارەیەوە پێغەمبەرمان درودى خواى لەسەر بێت دەفەرموێت (كل بنی ێدم خگاو وخیر الخگائین التوابون) واتە هەموو نەوەكانى ئادەم قابیلى هەڵە كردنن بەڵام باشترینیان ئەوانەن كەوا تەوبە دەكەن لەسەر هەڵەكانیان و دەگەرێنەوە , جا ئەم هەڵەكردنە لە ژیانى تاكى یا خێزانى یا كۆمەڵایەتى یا سیاسى یا ئابوورى یا هەر بوارێكى تر روو بدات , بۆیە پێویستە مسوڵمان ئەگەر هەڵەیەكى كرد یان بوە هۆى هەڵەیەك دان بەو هەڵەیە دابنێت و داواى لێبوردن بكات و ئامادەبێت بەرپرسیارێتیەكە بگرێتە ئەستۆو بارودۆخەكە چاكبكاتەوە ئەگەر كرا , هەندێك لە ئێمە تەوبەكردن تەنها بۆ ئەو تاوانانە دەگێرنەوە كە بە دەستەواژەى شەریعەت پێیان دەگوترێت گوناه وەكو درۆ و غەیبەت و نەزەر و شتى لەو جۆرە , كە زۆربەیان پەیوەندیان بە نێوان بەندەو پەروەردگارەوەیە , بەڵام هەندێ هەڵەو تاوانى تر كە پەیوەندیان بە مافەكانى خەڵكەوەیە یان بە ئیسلامەوەیە وەكو بەرنامە یان بە كارى ئیسلامیەوەیە لەوانەیە بە گەورەى نەزانن و تەوبەى لەسەر نەكەن , كە لەراستیدا ئەوە تێگەیشتنێكى ناتەواوە بۆ دین و بۆ بابەتى تەوبە .
ئەم مەسەلەیە لە بوارى سیاسیدا كەمتر رەنگى داوەتەوە هەڵە سیاسیەكان زۆرجار باجەكەى زۆر گەورەترە لە هەڵەیەكى بوارى كۆمەڵایەتى یان دیندارى تاكەكەسى , ئەگەر زەرەر مەندى هەڵەیەكى كۆمەڵایەتى وەكو غەیبەت و درۆ و جوێندان زیان بە چەند كەسانێكى كەم بگەیەنێت ئەوا هەڵەى سیاسى زیان بە پرۆژەیەك دەگەیەنێت یان بەرنامەیەك یان میللەتێك یان حزبێك .
بۆیە ئەگەر تەوبەكردن و دان نان بەهەڵەو هەڵگرتنى بەرپرسیارێتى لە مەسەلە كۆمەڵایەتیەكاندا پێویست بێت ئەوا سەدجار لە مەسەلە سیاسیەكاندا پێویستترە , زۆر جار لە رۆژئاوا هەندێ شتى جوان دەبینرێ كەئەوە شایستەى مسوڵمانانە بیكەن كەچى لەناو مسوڵمانان دەگمەنە , بۆ وێنە كاتى حزبێك لە هەڵبژاردن شكست دێنێت دەبینین سەرۆكى ئەو حزبە یان سەركردایەتیەكە یان سەرۆكى وەزیران كەلەو حزبە بووە بەرپرسیارێتیەكە هەڵدەگرێ و دەست لەكار دەكێشێتەوە یان كەموكوریەك لە حكومەت روودەدات وەزیرى پەیوەندى دار یان سەرۆكى وەزیران بەرپرسیارێتیەكە هەڵدەگرێت و دان بە كەم و كورى دادەنێت بەراستى ئەمانە شتى جوانن .
بەڵام لەلاى كوردان بە گشتى و لە رۆژهەڵاتى ناوەراست ئەو كەلتوورە نیە ئەگەر هەڵەیەكیش رووبدات یان نوشوستیەكى سیاسیش روومان تێبكات ئەوا دوژمنێكى دەرەكى بۆ دادەتاشین و بیر لەوە ناكرێتەوە كە لەوانەیە هەڵەكە لاى خۆمان بێت . تائێستا چەندین نوشوستى رووى لە سیاسەتى كوردستانى كردوە كە هەردوو حزب زیاتر لێى بەرپرسیارن وەكو دۆسێكانى كەركوك و موسڵ و نەوت كەچى هەموو بەرپرسەكان وەكو بەرزەكى بانان لێى دەردەچن بە سەلامەتى و كەس خۆى لێ ناكاتە خاوەن و بەرپرسیارێتیەكەى هەڵناگرێت .
لاى خۆشمان وەكو ئیسلامیەكان چەندین جار بەهۆى بریارى سیاسى ناتەواوو هەڵە , حاڵەتى ئیسلامى كوردستان خراوەتە ژێر پرسیارەوەو جەماوەرەكەى نا ئومێد كردوە بەڵام بە بیانوى ئەوەى كەوا مەسەلەكان ئیجتیهادین و ئەگەر راستمان كرد دوو پاداشتمان دەبێت و ئەگەر هەڵە بوو یەك پاداشت (ان اێاب فله اجران وان اخگأ فله اجر) دیسان هەڵەو ناتەواویەكان پەردە پۆش دەكرێن و دەرس و عیبرەتى لێ وەرناگیرێت و كەس باجى ئەو هەڵەیە نادات لە بریاردەران بەڵام هەموو حاڵەتە ئیسلامیەكە یان حزبەكە باج بدات ئاساییە ؟! من ئەوە بە مەسەلەیەكى ئاسایى نابینم وە پێموانیە بریارى هەڵە بەو ئاسانیە تێپەرێت و بریاردەران كەس پێیان نەڵێت سەرى چاوتان ئەبرۆیە !
بەڵكو پێویستە ئێمەى سیاسى ئازایانە دان بە هەڵە سیاسیەكانمان دابنێین و داواى لێبوردن لە جەماوەرەكەمان بكەین و بەرپرسیارێتیەكەشى بگرینە ئەستۆ و هەڵوێستى شایستە لەسەرى وەربگرین كە زەمانەت بێت بۆ دووبارە نەبوونەوەى ئەم جۆرە هەڵە سیاسیانە ئەگەر بە دەستلەكار كێشانەوەش بێت لە پۆستەكان . من ئەو مەسەلەیەم لە گفتوگۆكانى سەركردایەتى كۆمەڵى ئیسلامى بۆ چوونە ناو حكومەت خستە روو پاش ئەوەى كە مشت و مرێكى زۆرى لەسەر دروست بوو پێشنیارم كرد ئەو بەرێزانەى كە زۆرینە پێكدەهێنن لە دەركردنى ئەو بریارە چارەنوسسازە بە هەر بارێكدا بێت بەشدارى كردنە یان نەكردن پێشوەخت بەڵێن بدەن كە ئەگەر ئەم بریارە دەركەوت هەلەیەكى سیاسى گەورە بوو وەزیانى لە پێگەى كۆمەڵى ئیسلامییدا ئەوا بەرپرسیارێتیەكەى بگرنە ئەستۆ و ئازایانە دان بەوە دابنێن كە لێیان نەزانى و پۆستەكانیان چۆل بكەن بۆ كەسانى لێهاتووتر بە تایبەتیش كە ئێمە بەرەو كۆنگرە دەچین , بەمشێوەیەش كەلتورێكى جوان و شایستە بە ئیلسلامیەكان پەرەپێدەدەین و دڵى جەماوەرەكەش خۆش دەكەین و متمانەش بۆ كۆمەڵى ئیسلامى دەگێرینەوە كە دەتوانن دان بە هەڵەكانیان دابنێن و خۆشیان دەگۆرن و دەشتوانن گۆرانكارى بكەن .



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە