بەقاچاخبردنى نەوت بەردەوامەو ئێمەش وەكو سواڵکه‌ر لەسەرەداین بۆ بەرمیلى بایعى..

Friday, 06/08/2010, 12:00

1609 بینراوە


ئەوەى لەو هەفتەیەى رابردوودا روویدا جێى سەرنجى هەموو كەسێكە، چونكە هەم كۆمیدیایەو هەم تراژیدیایە.. داواكەى سكرتێرى مەكتەبى سیاسى پارتى دیموكراتى كوردستان، لەسەر رۆژنامەى رۆژنامە و سەرنووسەرو بەڕێوەبەرى نووسینەكەى و غەرامە كردنى بە یەك ملیار دۆلار یان بڕیارى سەفەر نەكردنیان بۆ دەرەوە یان داخستنى ئەو رۆژنامەیە، لەسەر ئەوەى راپۆرتێك لەسەر بردنە دەرەوەى بە قاچاخى نەوت و ئاودیو كردنى بۆ ئێران و دەرەوەى وڵات، بە بەڵگەو دۆكومێنتەوە، دووچارى شۆكمان دەكات. چونكە هیچ تەسریح و روونكردنەوەیەك نەبووەو چەند تەسریحێكى جیاواز لە ئارادان، حكومەتى بەغداش جەخت لەوە دەكات كە ئەوە ناردە دەرەوەى بە فەرمى نەوت نییە بەڵكە بەقاچاخبردنى نەوتەو تاڵانفرۆشى نەوتەو داهاتەكەشى دەچێتە گیرفانى بەرپرسە گەرەكانى هەردوو حزبى دەسەڵاتدارەوە، میللەتیش بۆ تۆزێك نەوت زەقەى چاوییەتى، وەكو قەرەج سەرەى بەرمیلى بایعییەكەى گرتووەو دیمەنى ئەو دابەشكردنى نەوتە لە سۆماڵ و ئەفریقاش بەدینەكراوە.
بەڵام پێویستە ئەم دەسەڵاتە خۆ دەوڵەمەندكەرو خۆپەرستەى كوردستان، باش ئەوە بزانێت كە ئێمەى خەڵكى كوردستان نە نابیاین و نە كەڕین و نە لاڵین، چاومان لەو هەموو تەنكەرانەن كە شەوو رۆژ، بەرەو باشماخ و سنوور دەچن، شۆفێرى ئەو تانكەرانە خەڵكانێكن و یان سۆرانى یان بادینانى یان عەرەبن و دانیشتووى ئەم عێراقەن، خزمو كەسوكارى ئێمەن، ئەوان ئەزانن ئەم تەنكەرە نەوتانە لە كوێوە بەرەو كوێ دەچن، مانگى چەند مووچەیانە، ئایا بە رەسمى و فەرمى یان بە قاچاخ دەچن بۆ دەرەوەى وڵات و داهاتەكەى بەرەو گیرفانى كێ دەچێت.. لەنێوان تەسریحاتى وەزیرى سامانە سروشتى و دارایى و سەرۆكى حكومەتدا سێ جۆر لێدوان بەدیدەكرێت و هاوسانگ و هاوڕا نین.. كاتێك وەفدێكى ئەمەریكى دەچێتە پێنجوێن و باشماخ، بە فەرمانى بەڕێوەبەرانى باشماخ ئاراستەى ئەم تانكەرانە دەگۆردرێت و دوور لە چاوى ئەمەریكییەكانەوە رایاندەگرن.
ئەم دیاردەى بە قاچاخ فرۆشتنى نەوتى كوردستانە تازەو نوێ نییەو چەند ساڵێكە بەو رێگایەدا سەفەر دەكەین و دەیانبینین و رێگاى هاتووچۆى ئەو باشماخە (كە خۆى یەك سایتە) تەواو وێرانەو تەنانەت لە داهاتى ئەو نەوتەش رێگاو بانەكە چاك ناكرێت و رۆژانە رووداوى دڵتەزێن روو دەدەن و هێندەى ئەنفالێك خەڵكى ئەم نیشتمانەى بە مەرگ سپاردووە.
ئەم دوو حزبە بەرپرسیارێتییان هەیە بەرامبەر بە مێژوو كە ئیدارەیەكى ناشەفاف و نادیموكراسى و تاكڕەوییان هێنایە گۆڕێ و مۆنۆپۆڵكردنى سامانى هەرێمیان ئەفراندو شێوەى دیكتاتۆرەكان لەسەر وشەو وتارێك گەنج و جوانیان تیرۆر كرد، لەسەر خۆپیشاندان و مانگرتنى ئاشتییانە فیشەكى گەرمیان لە جەستەى ساردى لاواندا رێژنەباران كرد.. توێژو چینەكانى ئەم كۆمەڵگایە ماندوون و دەناڵێنن، مامۆستاو كارمەندو خوێندكارو كرێكارو جوتیارو شوان و گاوان و باخەوان و تەنانەت پۆلیس و پێشمەرگەو پاسەوانەكانیش ئاسوودە نین.. ئەوان لەبەردەم خواى مەزنیشدا، روویان زۆر سوور نییە، چونكە نە منداڵان و نە پیران و نە ژنان و نە لاوان و نە قەیرەو نە كەمئەندام و نە نابیناكانى ئەم كوردستانە هەتیوە ئاسوودە نین و بە هەزاران هەزار دەردەدڵ و خەم و پەژارەیان لە ناخدایە.. نەك هەر ئەوەندە بەڵكو هەموومان (زۆرینەى دانیشتوانى كوردستان) دووچارى خەمۆكى و بێئومێدى و رەشبینى و هیستیریاو تووڕەیى و تەنیایى بووینەتەوە.
بەرپرسانى ئەم كوردستانە بێكەسە، دەبێًت ئەوە باش بزانن، كە هەموومان ئێستاكە واتە ئەو زۆرینەیەى كە بێ پشتوپەناو بێكەس و هەژارین بووینەتە چاوو كامێراو ئاشكراكەرانى گەندەڵى و دزى و گزى و ناهەقى ئێوە دەرهەق بە میللەت و گەلى سەربەرزى بەشمەینەت و هەتیوى كوردستان. هەرچەندە هەوڵبدەن دەنگ و رۆژنامەو گۆڤارو میدیاى ئۆپۆزسیۆن كپ و بێدەنگ بكەن بەڵام چاكبزانن كە لەم سەردەمى عەولەمەیەدا، دەیان و سەدان پەنجەرەى ئازادو سەربەستمان هەیە كە لەوێوە دەردەدڵى خۆمان لەدەست رەفتارو كردەوە ناجۆرو ناهەقییەكانتان دەرببڕین و ئێمەى كورد هەرگیز، ملكەچى و بێدەنگى و تاریكیمان قبوڵ نییە، ئێمە وێڵین بە دواى رووناكیداو لە رووناكیشدا حاكمى رووناكمان دەوێت.
* كۆمەڵناس.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە