بڵاوكردنەوەی چەند بەڵگەیەكی گەندەڵیەكانی یەكێتی و پارتی

Sunday, 24/04/2011, 12:00

1803 بینراوە


بەشی دووەم
بەڕێزان ئەگەر باسی مەلەفەكانی گەندەڵیەكانی حزب و حكومەت و تاك تاكی بەرپرسان بكەین ئەوە پێویستمان بە دامەزراوەیەكی گەورەی نێودەوڵەتی وەك ڕێكخراوی PWC ئەمریكی هەیە كە ڕێكخراوێكی جیهانی تایبەت بە توێژینەوەو بنبڕكردنی گەندەڵییە، ئەو ڕێكخراوە لە 150 دەوڵەتدا ئۆفیس و كاری هەیەو 150 هەزار كارمەند ئیشی بۆ دەكەن، هەرچەندە ئەم ڕێكخراوە ساڵی 2008 لەلایەن نێچیرەڤان بارزانییەوە هێنرایە كوردستان و لیژنەی لەئەنجومەنی وەزیران بۆ پێكهێنا تاكو گەندەڵی لەكوردستان بنبڕ بكات بەڵام نەلیژنە دەنگی ما، نەزانیمان چارەنوسی توێژینەوەو ڕێگەچارەكانی ڕێكخراوەكە بەكوێ گەیشت!
ئەمڕۆ لە زانكۆی سەلاحەدینەوە دەست پێدەكەین، ئەمە بەڵگەنامەی برایەكی سەرۆكی پێشووی زانكۆی سەلاحەدینە، كە بەبڕوانامەی ماستەرەوە خانەشین كراوە، لەكاتێكدا یەك كاتژمێر وانەی وتۆتەوە، ئەم مامۆستایە ئێستە لەبەریتانیا خەریكی كاری حەواڵەیە، بەڵام لەزانكۆی سەلاحەدین مۆڵەتی خوێندنی دكتۆرایەو موچەكەی بەردەوامە بەبێ ئەوەی دكتۆراش بخوێنێ، لەساڵی 1979 ەوە بۆ خوێندن حكومەتی عێراق ناردویەتی بۆ لەندەن بەڵام كە هاتۆتەوە بۆ كوردستان لەكۆلیجی ئەندازیاری بەشی پرۆگرامسازی كردویانە بە مامۆستاو لەماوەی 4 ساڵدا كەدامەزراوە یەك جار كۆلیجی بینیووە ئەویش سەتەلایتێكی ئینتەرنێتیی بۆ بەشەكەی بردووە، پاش ئەوەی شوكرو تەقدیری لەسەر وەرگرتووە سەتەیلاتەكە ئیشی نەكردووەو بردویەتییەوە!! ئێستە موچەی لەمامۆستایانی 25 ساڵ خزمەت زۆرترە چونكە ئەو خزمەتی 30 ساڵ پێشمەرگایەتی لەلەندەنەوە هێناوەتەوە!
با بێینە سەر كۆمەڵەی خوێندكاران، لەڕاپۆرتێكی دیوانی چاودێریدا كەلەسەر سەرفیات و دارایی ئەو ڕێكخراوە ئامادە كراوە تێیدا نوسراوە : بۆ كڕینی فیكەیەك كە بە 6 هەزار دینارە، لەوەسڵدا 68 هەزار دیناریان نوسیوە، 16 شیش كەبابیان خواردووە شیشی بە 1500 دینار كە دەكاتە 24 هەزار دینار، 90 هەزار دیناریان نوسیوە، وەسڵیان هەیە نوسراوە 15 ملیۆن سەرفكرا، بەبێ ئەوەی نوسرابێت بۆچی!!!
وەك ئەو ڕاپۆرتەی دیوانی چاودێری كەلە 2009 دا كەشفی كردووە ساڵی 2007 لە ئیدارەی گەرمیان 55 ملیار دینار بێ سەروشێنەو هیچ ئاسەوارێكی نییە!! جگە لەوە تەنها لەبەڕێوەبەرێتی خانەنشینی گەرمیان، جگە لەوە لە ڕاپۆرتی ژمارە 284ی 9/7/2009ی دیوانی چاودێریدا هاتووە كە 306 ملیۆن دینار دراوە بەموچەی خانەنشینان بەبێ ئەوەی لیستێك بۆ ناوەكان و ئیمزای وەرگرەكان بونی هەبێت!!
كوردسات و كەناڵی الحریە ساڵانە 10 ملیارو 800 ملیۆن دیناریان لەحكومەت وەرگرتووە لەڕێگەی یەكێتییەوە، ڕێكخراوی مناڵپارێز ساڵانە 2 ملیارو 856 ملیۆنی وەرگرتووە، حكومەتی هەرێم مانگانە 205 ملیۆن دینار دەدات بەتەلەفزیۆنی كەركوك، 110 هەزار دۆلار دەدات بە تەلەفزیۆنی وەزرش و پەروەردە هەر لەكەركوك.
لە راپۆرتێكی دەزگای چاودێری دارایی یەكێتی لەسەر دەزگای تەندروستی هێزی پێشمەرگە بڵاوكراوەتەوە ئەم دەزگایە لەماوەی ساڵێكدا بڕی (9,065,661,750) نۆ ملیارو دیناری خەرجكردووە، یەكێك لەشوێنە دیارەكانی دەزگاكە، نەخۆشخانەی شۆڕشە كە دونیایەك گەندەڵی لەسەر تۆماركراوە، لەو ڕاپۆرتەی دەزگای چاودێری یەكێتیدا، یەك نمونە لەوانە:
ئامێری جۆری قەستەرەی دڵ كەلەنەخۆشخانەی حكومیشدا بەچەند سەد دۆلارێك پشكنینت بۆ دەكەن، ئەم ئامێرە بە بڕى (1,650,000) ملیۆنێك و شەسەدو پەنجا هەزار دۆلاری پێدراوە بۆ نەخۆشخانەی قەڵاچوالان، بەڵام نەخۆشخانەكە نەكرایەوە، ئەم ئامێرە بۆ ماوەیەكی زۆر لەبەر باراندا بووە بەهۆی نەبوونی شوێنی گونجاو، پاشان بەبڕیاری (دلێری سەید مەجید) لەئیدارەی گشتی یەكێتی نشتمانی ئەم ئامێرە بەخشراوە بەڕێكخراوی منداڵپارێزی كوردستان!!
لەگەڵ جیهازی قەستەرەكەدا ماوەی زیاتر لەساڵێك ئامێرێكی جۆری (ئیكۆ) كڕدراوە بۆ نەخۆشخانەكەی قەڵاچوالان، بەڵام لەبەرنەبوونی شوێنی بەكارهێنان، تاكو ئێستا ئامێرەكە لەگەنجینە دانراوە.
پێداویستییەكانی بەشی بووژانەوەی دڵ هەمووی كڕدراوەو لەگەنجینە دانراون، زەمانەتی ئامێرەكان تەواو بوون ئامێرەكان نەبەسراون و تێست نەكرابوون، وەك خانووی مامۆستاكانی زانكۆ، لە 2004 دەست پێكرا لە 2006 كەدەكاتە 2 ساڵ تەواو بوو، تاكو 2009 كە دەكاتە 3 ساڵ كەس نەبوو ئەو خانووانە لەكۆمپانیاكە وەربگرێت!!
بەپێی نوسراوی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە 152 كەلە 1/5/2010 دا ئاراستەی 7 وەزارەت كراوە ئاماژە بەوە دەكات ئەم وەزارەتانە "پلاندانان، ئەوقاف، شارەوانی، ڕۆشنبیری، پەروەردە، كارەبا، كاروباری شەهیدان ساختەكارییان كردووە لەناوی لەوەرگرتنی دەرماڵە بەناوی جۆراوجۆرەوە بۆ كاركردنی ئیزافە بەبێ ئەوەی هیچ فەرمانبەرێكیان كاری زیادەی كردبێت! واتە فیڵ و گەندەڵی ئەم 7 وەزارەتە لە وەزارەتی دارایی بووە، پاش ئاشكرا بوونی هیچ ئیجرائاتێك نەكراوە!!
جگە لەمانە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی 131 مۆلیدەی حكومی هەیە كە بەشی زۆرینەی كارەبای گەڕەكەكانی شاری سلێمانی دەكات، هەمووی براوە، وەك لەنوسراوی ژمارە 1003 ی بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانیدا هاتووە ئاماژە بەدیار نەمانی 131 مۆلیدەی بەڕێوەبەرێتییەكەیان دەكات كە 31 مۆلیدەیان بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندنی یەكێتی و پارتی تەرخان كراوە، 20 مۆلیدەیان لەماڵی بەرپرسە حزبی و حكومییەكانا كاری پێدەكرێ، ئەوانەیتریشی كە 80 مۆلیدەیە لەمەڵبەندو ڕێكخراوو كۆمیتەو لقەكانا كاری پێدەكەن!! 360 كارمەندی كارەبای كەركوك لەهەولێر دانیشتوون بەبێ ئەوەی دەوام بكەن، لەوەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم موچە وەردەگرن!
هەر ئەم حكومەتی هەرێمە 134 ملیار دیناری زینداییە سیاسیەكانی خواردبوو كەلەبەغداوە لەسەر بودجە وەریانگرتبوو!
بەڵام بۆ خۆیان پێیان ڕەوایە 45 هەزار پاسەوانیان هەبێت و موچەیان لەداهاتی ئەم میلەتە بدەن.
وەزیری پەروەردەی پێشوو لەكابینەی پێنجەم تەنها بۆ تەعمیركردنەوەی ژورەكەی لە وەزارەت بڕی 46 ملیۆن و 895 هەزار دیناری سەرفكردووە بەپێی نوسراوی ژمارە 9449 لە 14/7/2007. لەو مەێرەفە 4 ملیۆن و 00 هەزاری بۆ پەردەی قوماشی ژورەكەی بووە!! قوتابیشمان هەیە لەساڵی خوێندنەكەیدا یەك دەست جلی پێناكڕرێ!
لەیەكێكی تر لەڕاپۆرتەكانی دیوانی چاودێری داراییدا كە ئاراستەی وەزارەتی هەرێمی كوردووە بۆ كاروباری دارایی ناوی ئەو كارگەو فەرمانگانەی هێناوە بە بڕی ئەو پارەی كە بۆ ساڵی 2004-2005 لایانەو بەشێكە لەقازانج و داهاتی كارگەو فەرمانگەكانیان و نەیانداوە بەدارایی، ئەونەش :
كارگەی چیمەنتۆی سەرچنار 23 ملیارو 611 ملیۆن دیناری ساڵی 2004ی لاماوە، بەڕێوەبەرێتی گشتی بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا 5 ملیارو 245 ملیۆن دیناری لایە بۆ هەمان ساڵ، بەڕێوەبەرایەتی دابەشكردنی كارەبای گەرمیان 237 ملیۆن دیناری ساڵی 2004ی لایە، كۆی ئەم پارانە كردییە 29 ملیار و 93 ملیۆن دینار كە نازانین چییان لێكراوە!!
تەنها لەكارگەی چیمەنتۆی تاسڵوجەو سەرچناردا، بۆ ساڵی 2004 بەشە قازانجی حكومەت لەو دوو كارگەیە بە دۆلار لەو نوسراوەی چاودێری داراییدا بە 532 ملیۆن و 856 هەزار دۆلار.
بەپێی هەمان بەڵگەنامە، تەنها لە دەزگای گشتی پرۆژە تایبەتەكان بۆ ساڵی 2004 -2005 بڕی 17 ملیارو 868 ملیۆن دینار بووە.
حكومەت بە 19 وەزارەت 200 ڕأوێژكاری هەیە كە هەركەیان 3 ملیۆن موچەكەیەتی بەبێ پێدانی دەرماڵەو پاسەوان و زەوی، مانگانە نزیكەی 7002 ملیۆن دینار لە موچەی دەوڵەت دەبەن، كە ساڵانە دەكاتە نزیكەی 7 ملیار دینار.
عەدالەتی دەستەی وەبەرهێنان بەم جۆرەیە بۆ دوو نەخۆشخانە یەكێكیان 1300 مەترو ئەویتریان 1700 مەتر زەوی دابین كردووە، كە بەهەردوكیان دەكاتە 3000 مەتر زەوی، بەڵام بۆ ئارایشتگای سایە 5000 مەتر زەوی دابین كردووە!!
با ئەوەش بزانن بەپێی ئامارێك كە وەزیر لە 9/6/2009 بڵاویكردەوە لەوەزارەتی شەهیدان 54720 كەس وەك شەهید ناوی تۆمارەو موچەی هەیە، تێور ئەكەن گەندەڵی ئەم حكومەت و دوو حزبە گەیشتووە بەموچەی شەهیدانیش؟ دەركەوت 4 هەزار كەس بەساختە موچەی شەهیدانیان وەرگرتووە!! واتە كەیەكێتی و پارتی 4 هەزار ناوی ساختەیان داخڵی لیستی موچەی شەهیدان كردووە بەبێ ئەوەی شەهید بن یان بونیان هەبوبێت!
ئەمە عەدالەتی كوێیە پەرلەمانتارێك بە 4 ساڵ پەرلەمانتاری خانەنشین بكرێ بەموچەیەكی خەیاڵی جگە لەوەش وەك پاداشتی خزمەت لەكۆتایی ئەو 4 ساڵەدا بڕی 52 ملیۆن دینار وەرگرێ، بەڵام فەرمانبەرێك بە 30 تا 40 ساڵ خزمەت لەتەمەنی 63 ساڵیدا ئەوكات بەموچەیەكی زۆر كەم خانەنشین بكرێ! هەموو گۆی زەوی بگەڕێ كەسێك نییە لەتەمەنی 30 بۆ 33 ساڵی خانەنشین بكرێ، جگە لەكوردستان كە سەدان كەس بەپلەی باڵاو وەزیر لەو تەمەنەدا خانەنشینە!!
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=a3d1fd12

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە