ئاسایشى كەسنەزان بۆ ئاسایشه‌، یان بۆ تێکدانی ئاسایشه‌؟

Saturday, 16/05/2009, 12:00

1894 بینراوە


رۆژى یەكى ئایار لە سەیرانگاى دڵۆپەى نزیك كەسنەزان لە شارى هەولێر لاوانى زانكۆى سەلاحەدین بەهاوبەشى لە گەڵ پارتى چارەسەرى دیموكراتى كوردستان، بەئامادەبوونى میوانێكى زۆر لە هەموو شار و شارۆچكەكانى كوردستان لە گەنجان و ژنان و پیر و منداڵ ئامادەى ئاهەنگەكە بوون. قسەكەم زێدەڕۆى نی یە ئەگەر بڵێم ئامادە بووان بە گشتى لە چینى ناوین و ژێرەوە بوون كە دەتوانین بڵێین زەحمەتكێشان و ئازار چێشتوانى سیستەمى گەندەڵى بوون، هەر بۆ ئەمەش بوو زۆر بە جۆشەوە دەڕژانە مەیدانى كۆبوونەوەى ئاهەنگەكە و پۆل پۆل مەیدانەكەیان پڕ دەكردەوە. دەبێ ئەوە بڵێین رۆحى یەكى ئایار لەو مەیدانەدا بە زیندوویى دەبینرا و بە رۆحى خاوەن دەركەوتن لە كۆمەڵگاى زەحمەتكێشى كوردستانەوە چالاكى ئەنجام دەدرا.
كات نزیك دەبوەوە بۆ دەسپێكردنى ئاهەنگەكە و ئامادەكەرانى ئاهەنگیش سەكۆى ئاهەنگەكەیان بە وێنە و ئاڵاى لاوان و رەنگى سەوز و سوور و زەرد رازاندەبووەوە لەو لاشەوە تیپى مۆسیقا خەریكى سازدانى ئامێرەكانیان بوون، هەرچەندە تیشكى خۆر گەرمى كردبوو بەڵام هونەرمەندان بەرپرسیاریەتیان لە بەرامبەر ئەو رۆژە دەرى دەخست كە زۆر بە هەستیاریەوە خەریكى جێبەجێ كردنى كارەكانیانن. لاوانیش لە دەوروبەرى سەكۆكە دەهاتن و دەچوون، دەیانوویست ساتێك ئاهەنگەكە زووتر دەست پێ بكات.

هاتنى ئاسایش و شێواندنى دۆخەكە
سەرەتا دوو ئۆتۆمبێلى ئاسایش بە خێرایى گەیشتنە شوێنى ئاهەنگەكە بێ هیچ پرسیار و وڵامێك و نیشاندانى هەڵسوكەوتێكى مەدەنى، یەكسەر ووتیان دەبێ ئەمە خراپ كەن ئەگەر نا هەمووتان دەگرم.
بەرپرسیارەكەیان كە بە چاكەت و پانتۆڵێكى رەساسى خۆى جیا دەكردەوە لە گەڵ كارمەندەكان بە پۆزیكەوە هەڕەشەى ئەوەى دەكرد كە بۆچى وێنەى رێبەر ئاپۆ هەڵواسراوە، دەبێ دابگیرێت زۆر بە شێوەیەكى مەغرور و بێ حساب و كتاب دەیگووت دەبێ ئەمە خراپ كەن، هەرچەندە نوێنەرى لاوان و سەرۆكى لیستى هیوا بەڕێز(نەجیبە عومەر) ویستیان قەناعەتیان پێ بێنن كە ئەوان هەڵەن لەو هەڵسەكەوتەى دەیكەن و كەس قازانج لە كردەوەكەیان ناكات، چونكە ئەوان ئاسایشى كوردستانن نەك ئاسایشى حزب و لایەنێك بەڵام دیاربوو كاكى ئاسایش بە تفەنگەكەی دەستیان دەخوڕى و هەر تاو ناتاوێكیش پەلامارى گەنجێكیان دەدا و لولەى تفەنگەكانیان دەخستە سنگى گەنجان. خەڵك زۆرى گووت و ئەوان كەمیان بیست. بۆ دواجار لاوان چونكە لە سەر كارەكەیان سوور بوون بۆیە چوون تاكو مولیدەكەیان هەڵكەن و دەست بە ئاهەنگەكەیان بكەن بەڵام جەنابى ئاسایش پەلامارى مولیدەكەیان دا و بە پێلەقە و دەركە تفنگ مولیدەكەیان وەستاند. لەو كاتەدا ئۆتۆمبێلێكى تریش بەهانەى ئاسایشەكانەوە هات، ئەمجارە دڕتر هەڕەشەیان دەكرد و خۆیان ئامادەى هێرش كردن كرد، بۆ ئەمەش هەموویان پێكەوە دەستیان بە تەقە كردن كرد بەئاراستەى سەكۆى ئاهەنگەكە و بە تایبەتیش بە ئاراستەى وێنەى رێبەر ئاپۆوە، وایان دەزانى بە تەقەكردن بڵاوە بە خەڵكەكە دەكەن و دواتریش بە ئاسانى دەتوانن سەكۆیەكە خراپ بكەن. بەڵام كارەكە بە پێچەوانەوە دەرچوو و دەنگى لاوانى ئاپۆچى بە دروشمى بژى سەرۆك ئاپۆ ئەژنۆى كاكى ئاسایشى شكاند و ئیتر كەسیش دەنگى تەقەى ئاسایشى نەبیست و پێچەوانە هەركەسەو كەوتە هێرش بۆ گیانى ئاسایش، تفەنگى ئاسایش بەرگەى بەرد و دارى لاوانى نەدەگرت و لە ماوەى چەن دەقەێكدا براى ئاسایش بە زۆر رێگەى دەرچوونى دۆزیەوە ئیتر ئەو ئاسایشە مێر بوو كە بتوانێ لە دەست لاوانى ئاپۆچى رابكات و خۆى رزگار بكات.
ئەوەى تائێستا نوسیومە گێڕانەوەى رووداوەكەیە، هێشتا پرسیارەكەم بەباشى شینەكردۆتەوە، ئایا ئاسایشى كەسنەزان بە قسەى كێ وا دەكات ؟ ئەگەر دەڵێن ئاسایش ئاگادار نەكراوەتەوە بۆ سازدانی ئاهەنگەكە ئەوە دوورە لە راستى، ئەگەر دەڵێن شتێكى دەرەوەى ئاسایشى رویداوە و فشارێك بۆ سەر شار دروست كراوە، ئەوەشیان هیچ، چونكە لە سەیرانگایەكى دوورى خەڵك كە تەنها بەشداربووانى ئاهەنگەكە لەوێ بوون ئەوانیش لە سەر داخوازى خۆیان هاتبوون، ئەو كات هیچ پێویستیەك بە هەبوونى ئاسایش لەوێ نەبوو، خۆ دیمەنى ئاهەنگەكەش دەرى دەخست كە پێویستیەكى بە چەكدارى رووترشى وەك ئەوان نى یە، ئەوەش بڵێم باشە ئەبێ ئەگەر مرۆڤ لەو وڵاتەى ئێمەدا لە دەشت و دەریش ئازاد نەبێ لە گەڵ كامە فیكر و كامە ئایدیۆلۆژیا و كامە رێبەر بێ ، ئەى پێم ناڵێن لە كوێ ئازاد دەبێت؟
لەوانەیە ئێستا بەڕێزانى ئاسایش وا بزانن بەو تەقە كردنەیان كارێكى زۆر جوانیان كردووە و بەو كارەیان سەلماندویانە كە ئاسایش گەلى كورد دەپارێزن! یان لەوانەیە بڵێن نەمان هێشت لاینگرى رێبەر ئاپۆ بە ئازادى خۆیان ئاهەنگ بگێڕن و چەند خاڵێكى نوێیان بۆ خۆیان خستبێتە سەر خزمەتە حزبایەتیەكەیان و جارێكى تریش سەلماندبێتیان كە دڵسۆزى حزب و دەسەڵاتەكەیانن!
نازانم كاكى ئاسایش لە ئەنجامى ئەو كردەوە نانەتەوەیى و نادیموكراتى و نامەدەنى و نائەخلاقى و ناشعورى و نابەرپرسیاریتى و نا نا نا ........هتد، چ ئەنجامێكیان دەرخستبێت یان نا ؟ دەبێ ئەو بیست سى ئاسایشە هیچ روحێكی بەرپرسیاریان هەبێت یان نا؟ با ئەوەش زیاد بكەم ئەوانە تەنها جلەكانیان جلى ئاسایش بوون، ئەگەر نا كردەوەكانیان كردەوەى گروپێك رێگر یان تاقمێكى ژیتەم یان ئەرگەنەكۆنچیەكان بوون.
حەز ناكەم ئەو دەستەواژان بۆ لاوى كورد بە كاربێنم بەڵام ئەوە بۆ دوومین جارە ئاسایشەكانی ژێر دەسەڵاتى پارتى تەقە لە چالاكى دیموكراتیانەى لاوانى ئاپۆچى دەكات، ئەوەى 13 ی شوباتمان لە پێش نەخۆشخانەى رزگارى لە بیرنەچووە، ئەوا گریمان ئەوانەى یەكى ئایار لە سەیرانگەى دڵۆپە كۆمەڵە كەسێكى نا بەرپرسیار بوون بێ مۆڵەتى ئاسایشى گشتى ئەو هەڵسوكەوتە نامرۆڤانەیان ئەنجام دا، باشە ئەوانەى 13 ی شوبات كێ بوون؟ ئایا هیچ كەس لێپرسینەوەى لە بەرامبەر ئەو چەكدارانە كرد كە ئەو كات تەقەیان لە خۆپیشاندانێكى دیموكراتیانەى لاوان كرد؟ بۆیە ئێستاش گوومانمان هەیە؟

دەبێ ئاسایشە تەقەكەرەكان لێپرسینەوەیان لە گەل بكرێت؟
من وەكو هاوڵاتیەك ئەگەر ئاسایشى گشتى بە فەرمى لێپرسینەوە لە بەرامبەر ئاسایشى كەسنەزان نەكات، بەتایبەتیش ئەوانەى كاتژمێر 45/1 دەقەی نیوەڕۆ هێرشیان هێناوەتە سەر ئاهەنگى لاوان، ئەوا من متمانەى پاراستنى هاوڵاتى بوونیان لێ دەستێنمەوە، وەكو گروپێك چەتەو رێگر ناویان لێ دەكەم هەمانكات ئەگەر ئاسایشى گشتیش لەو كردەوەیە بێ دەنگ بێت ئەوا ئەوانیش بە هاوبەشى ئەو كردەوەیە دەزانم، بۆیە من پێم باشە ئەو دەزگایەى كە ئەركى پاراستنى ئاسایشى خەڵكە با چەند كەسی نابەرپرس ناشیرینى نەكەن و بە كردەوە جەندرمە ئاسایەكانیان خۆیان لە بەرچاومان رەزا قورس نەكەن، چونكە دەبێ ئەوە بزانن منداڵ و لاوانى كورد لە تفەنگى زۆردارى ناترسن و ئەگەر خوانەخواستە هەر رووداوێكى خوێناویش دروست ببوایە ئەوا خۆیان بەرپرسیار دەبوون. بۆیە دەكرێ ئاسایش دەست لەو كردەوە قیزەونانە بەربدات و وەكو ئاسایشى كورد هەڵسوكەوت بكات، نەك وەك ئاسایشى حزب، بۆیە دەبێ ئاشكرا بەبێت كا ئاسایشى كەسنەزان بە قسەى كێ وا دەكات؟.

سه‌رنج: ئه‌و وێنه‌یه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ناوه‌رۆکی بابه‌ته‌که‌وه‌ نییه‌، ته‌نها بۆ ڕازاندنه‌وه‌ی نووسینه‌که‌ دانراوه‌

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە