ئیستراتیجیەتی بەرەنگاربوونەوە یان مانیڤێستی کارکردنی نوێ

Wednesday, 08/02/2012, 12:00

1329 بینراوە








لە سایەی دەسەڵاتی بنەماڵەو وپارتی بەرژەوەندی تایبەتی وهەڵەی مێژووی سیاسەت مەدارانی کورد ،دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان بەرەو قەیران و بنبەست چووە .ئەم دۆخەی ئێستا نەك تەنها قەیرانی سیاسی یە ،بەڵكو قەیرانی کۆمەڵایەتی و ئابوری وئەخلاقی شە.تەواوی گەندەڵی وکەمو کوری وبەکارهێنانی پلەوپایەو ناعەدالەتی کۆمەڵایەتی وتێکەڵ کردنی دەسەڵاتی حزبایەتی ودەوڵەت و .....هتد ئامژەی ئەوەن ئەم بارودۆخەی باشوری کوردستان لە قەیرانێکی بنبەستدایە و بە پارتی دەسەڵات و بە پارتی خاوەن بنەماڵە ،نە دۆخی نا هەمواری کوردستان چارەسەر دەکرێ ونە ئەتوانن رێگا چارەش بدۆزنەوە،چونکە بچوکترین چارەسەر بۆ دۆخی ئێستا بەرامبەر بە بەرژەوەندی ئەوپارتانە دەبێتەوە و دەبێتە هۆی نەمانیان.هەموومان ئۆپۆزیسێۆنیشمان بینی سەرکەوتوو نەبوو لە بەرنگار بوونەوەی گەندەڵی وخراپ بەکارهێنانی دەسەڵات، نەتوانی جولەودەنگی گرگرتووی شەقام رێکبخات وشەری شەقام لە گەڵ پارتی دەسەڵات وبنەماڵە بکات ونە توانی وەك پێویست شەری ناو پەرلەمان بکات .ئەوەی جێی شەرمەزاری یە ئەم پارتی بنەماڵەو بەرژەوەندی تایبەتیانە زۆربەی دەزگا مەدەنیەکانی کۆمەڵگایان قۆرخ کردووە و بواری هەناسە هەڵمژینێکشیان بۆخەڵکی بێلایەن نەهێشتۆتەوە .هەرلە کۆمەڵەکانی خۆێندکاران و مامۆستایان و پزیشكان و ئەندازیاران و ژنان ونوسەران و ....هتد ئەوەی زیاتر جێی شەرمەزاری یە دابەشكردنی کۆمەڵگایە بە پێی زەوق و حەزو ئارەزوی ئەم پارتانە .تا وای لێهاتبوو بە ئێستاشەوە ،کۆمەڵگا سەری لێشێوابوو بە کام ناو شایەتمان بهێنێ ، خوێندکاران یان قوتابیان ،ژنان یان ئافرەتان ....هتد . ئەمە رەنگدانەوەی ئەو تێروانینە سەقەتە ،کلاسیکی یە بوو کە زۆربەی بەناو رۆشنفکرانی کورد لەسەدەی رابوردوودا لە ژێر کاریگەری پارتی شیوعی وستالینی وهەندێكیشیان لەژێر کاریگەری حیزبی بەعسدا. پۆلێنکاریەیان لە کۆمەڵگای ئێمەدا کردبوو. کاتێك لە کۆمەڵگادا پارتەکان دەست بخەنە بیناقاقای دەوڵەت وبواری چاك سازی نەدرێ وئۆپۆسیزێۆن بواری نەدرێ وەك پێویست کاری خۆی بکات وچاودێری دەوڵەت بکات ودەزگاکانی کۆمەڵگای مەدەنی زۆربەی زۆری لە ژێر ركێفی پارتەکاندا بێت ورۆژنامە نوسان تیرۆر بکرێن ورای جیاواز کپ بکرێت و نەهێڵدرێت گەل بۆ داواکاری یەکانی خۆی بێتە سەرشەقام وشاعیران ونوسەران دەم بەست بکرێن دەموچاوەکانی دوێنێمان بۆ سبەی کاندیدبکەنەوەو هیچ گۆرانکاری یەك روونەدا .ئەمە وەستانی ژیانی پێدەڵێن ، بۆ ئەوەی ژیانمان نەوەستێ ناچار ئیسترتیجی یەتێكی نوێ و رێگاچارەی نوێ بدۆزینەوە .لەوانەیە زۆرێك لە ئێمە گەیشتبێتە ئەو بروایەی کە پێكهێنانی پارتی نوێ و حزبی پاکێت کراوو هیچ لە مەسەلەکانمان ناگۆرێ ،بێجگە لە زیادترکرنێكی گیرفانێکی قول بۆ سەدان گیرفانی بێبن .ئەوەی فریادرەسی دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستانە پێش هەڵبژاردن .دورست کردنی کۆمەڵەیەکی سەربەخۆی رۆشنفکرانە ، کۆمەڵەیەکی خاوەن تواناو شارەزا لە سەرجەم بوارەکانی رێبەرایەتی و ئەکادیمی . بێ پەیوەست بوون بە حیزبایەتی و پیلانی جەهەنەمی .لەوانەیە جێی خۆیبێت چی تر کات لەدەست نەدەین وهەنگاوی یەکەمی جدیمان بنێین و خاڵ بۆ پیتەکان دانێین و بەرەو دیسان پۆلێنکردن و سەروەری گەل و عەدالەتی کۆمەڵایەتی مانیڤێستی کارکردنی نوێمان بخەینەکار .جێی شانازی یە ئاماژە بە کوردستان پۆست بکەم وەك چەتری کۆکەرەوەی دەنگەکان و قەڵەمەکان و تواناکان ودورترین رێگاش بەهەنگاوێك دەست پێدەکات .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە