یا شێخ... ببورە كە دەستەكانت ماچ ناكەم

Wednesday, 11/08/2010, 12:00

2354 بینراوە













بۆ ئەوە درووست نەكراوم

شیرك بكەم
بۆ ئەوە لە دایك نەبووم
دەستى شێخەكان ماچ بكەم
یا شێخ.....
تۆ ئەمێستا
لەدیوەخانەكەى خۆتا
لە سەر دۆشەكێك دانیشتووى
پاڵت داوە بە پشتییەكى نەرمداو
دەسبێحێكى سەد و یەك قلیت پێ یە
كەمێك یادى خوا دەكەیت و
سەدان جاریش
بیر لە دەستكەوتەكانى
ئەمرۆت دەكەیتەوە
بیر لە هاتنى
دێهاتیەكان دەكەیتەوە
بیر لە سەرە مەڕو
بیر لە مەنجەڵە ماست و
دۆ و كەرە و فەردە برنج و
چەند جۆرە میوە دەكەیتەوە
یا شێخ....
پیرە مێردێكى ڕیش سپى و
پشت چەماوى گوندنشین
بەرەو باخەكەى مل دەنێ
جوانترین هێشوە ترێ
لە مێوەكەى دەكاتەوەو بۆت دادەنێ...
دەبێ دەستیشت ماچ بكا..!
گەورە كچێ شیرى مەڕەكان دەدۆشێ و....
بۆت دەنێرێ
دەبێ دەستیشت ماچ بكا..!
ژنێك مەشكە دەژەنێ و
دۆ و پەنیر و كەرەت
بە دیارى یەوە
لە گوندەوە بۆت دەهێنێ...
دەبێ دەستیشت ماچ بكا..!
كوڕە گەنجێ..
جوانترین تەمەنى خۆى
بە شوانى مەڕەكانى دەباتە سەر
تۆش لە نێو دیوەخانەكەت
بە ئارامى و بێ ماندوو بوون
لە بەر هەمى ڕەنجى
ئەو كوڕە گەنجە دەخۆى.
دەبێت دەستیشت ماچ بكا...!
یا شێخ....
ببورە كە دەستەكانت ماچ ناكەم
ئەمێستا تۆ چاوەڕوانى
ژن و پیاوو...
گەورە كچ و
كوڕە گەنجى دێهاتییەكان
بێنە دوەخانەكەت و
دەستى شێخانەت ماچ بكەن.
چاوەڕوانى..
كچانى نەخوێندەوار بێن
دەستى شێخانەت ماچ بكەن
چاوەڕوانى..
كوڕە عەشقەكانى شار و
كچە بى هیواكانى مالأ و
ژنە تۆراوەكان و
پیاوە كێشەدارەكان بێن
بێنە دیوەخانەكەت و
داواى نوشتە و
كوپێ قاوە و
مشتێ دوعاو
كۆڵێ پێشبینى درۆینەو
دنیایەك خەیاڵت لێ بكەن
تۆش یا شێخ
قۆڵى هەریەكەیان ببڕى و
گیرفانیان بۆ هەڵ تەكێنى و
چاوەرێشبیت
دەستى شێخانەت ماچ بكەن.
یا شێخ........
ببورە كە دەستەكانت ماچ ناكەم
دەستەكانت
بۆنى دیارى هەژارانى لێوە دێت
دەستەكانت
بۆنى لێوى دێهاتیەكانى لێوە دێت
ئەوان بە سیماى شێخانەت هەڵخەڵاتاون.
لەكاتێكدا
دەیان شێخ بوون.... پیاوى بەعس بوون
دەیان شێخ بوون...خۆفرۆش و چڵكاو خۆر بوون
دەیان شێخ بوون...دزو جەردەو تاڵانچى بوون
دەیان شێخ بوون...سەرۆك جاش بوون
دەیان شێخ بوون....بەكرێ گیراوو جاسوس بوون
گوندى كوردستانیان سوتاند
منارەى مزگەوتیان داروخاند
دەیان تاوانیان ئەنجام دا
ژن و مناڵ و
پیرو گەنج و
سەدان رۆڵەى كوردیان كوشت و
هەزارانیان لێ ئەنفال كرد
ببورە یا شێخ...
كە دەستەكانت ماچ ناكەم
شەوان خۆت و دەروێشەكان
ئارامى گەڕەك دەشێوێنن
تا نیوە شەو
بە تەپڵ و لێدان و زیكر
خەو لە چاوى دراوسێكانت دەزرێنى
بە زرگ و شمشێر و خەنجەر
دیمەنى خوێن و ئازاردان
ترس لە دڵى خەڵك دادەچێنن
لە كاتێكدا...
ئیسلام دینى ئارامى یە
ئیسلام دینى خۆشەویستى و
ئیسلام دینى رێزگرتنى دراوسێ یە
یا شیخ...
ببورە كە دەستەكانت ماچ ناكەم
خودایە...
من هەرگیز دەستى شێخ ماچ ناكەم
من یەكتاپەرستى دەكەم
هاوبەشیت بۆ پەدا ناكەم
خودایە..
من دەستى شێخ ماچ ناكەم و
تۆش پاداشتم بدەرەوە

[email protected]
سلێمانى _ 2000





نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە