لەبارەی گەندەڵیەکانی کایەی ڕۆژنامەگەریی کوردییەوە

Thursday, 16/05/2013, 12:00

4992 بینراوە





دوای ئەوەی خەڵک لەباشووری کوردستان بە گشتی لە سیاسی و ڕۆژنامەنووسانەوە فێری قسەکردن و باسکردنی گەندەڵی بوون، ئێستاشی لەگەڵدا بێت هەر لە چوارچێوەی قسەکردن مەترێک تێنەپەڕیوین. ئێستاش نەمان بینی دوو مەسئولی حکومی یان حزبی لەسەر گەندەڵی سزای شایستە بدرێن! ئەوانەی سەرەتا یارییەکەیان دامەزراند مەبەستیان مەرامی سیاسی و شۆردنەوەی عەقڵی جەماوەربوو. با جارێ واز لەو مەسەلەیە بهێنین و تیشک بخەینە سەر گەندەڵیەکانی بواری ڕۆژنامەنووسی و ڕۆژنامەوانی کوردی، کە ئەم بوارەش جیاوازتر نیە لە بوارەکانی تر و دەیان کەسی نەزان و فاشیل و گەندەڵ و ماستاوچی وئینشانووس خۆیان خزاندۆتە ئەم بوارەوە و بەناو و بەرگی ڕۆژنامەنووسەوە پۆست و مووچەی چەور دەگلێنن و ڕۆژێک خەمی خەڵک و کورد و کوردستانیان نەخواردووە بێجگە لەمووچەی بەرز!!
وای لێهاتووە رۆژنامەنووسە چالاک و بوێر و سەرکەوتووەکانیش زۆرجار پێمان عەیبە لە هەندیک شوێن بڵێین ڕۆژنامەنووسین چونکە هەندێک خەریکە پیشەکە وا ناشرین دەکەن پیاو لەڕووی نەیە بڵێ ڕۆژنامەنووسم چونکە یەکسەر لیستێک لە تۆمەت و گەندەڵیت دەدەنەپاڵ. جا لەهەمووی سەیرتر ئەوەیە مافیاو دەستەکانی ناو ئەم کایەیە زۆرجار بە پلان و بەرنامە و بە ئەجندای ئەم حزب و ئەو حزب و فڵانە مەسئول دابەش دەبن بەناو کەناڵ و دەزگا ڕاگەیاندنە زۆرەکانی ئەم وڵاتەدا و هەر لەوێوە دژایەتی ڕۆژنامەنووسی دڵسۆز و بوێر و چالاک و خاوەن ئەزموونەکاندەکەن و سیخوڕی بەسەریانەوە دەکەن و کە دەبینن خەریکە ئەستێرەی ناوت دەدرەوشێتەوە و خەریکە کاکی سەرنوسەر یان جێگر یان مەسئولی ژوری هەواڵ لەئاستدا شاگردیش نیە.... یەکەمجار قووتی ماڵ و منداڵت دەکەنە ئامانج و هەڕەشەی دەرکردن لەکارت لێدەکەن ئەگەر بێدەنگ نەبێت و جارێکی تر هەڕەشەت لێدەکەن نابێت لە فەیسبووک و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوەبە قسەی خۆیان هێڵی سوور ببەزێنیت و دواجار خەریکت دەکەن بە شەڕی لابەلاوە وەکو ئەوەی کەسێکی نەزان و ناشایستە و بێ ئەزموون دەکەن بە مەسئولت. ئیتر کاکی مەسئول خراپتر لەکایەی سەربازی سەردەمی بەعس بە هەوەس و میزاجی خۆی بێزارت دەکات بۆئەوەی کەناڵ یان سایت یان ڕادیۆ یان ڕۆژنامەکەی بۆ چۆڵ بکەیت و دوای ئەوەش کە ئیستیقالە دەکەیت هەزارو یەک تۆمەتت بۆ هەڵدەبەستن و بەخراپە لای ئەم ڕۆزنامەنووس و ئەو نووسەر ناوت دەزڕێنن و پەیوەندی دەکەن دەکەن بە لێپرسراوی کەناڵەکانی ترەوە کە فڵانە ڕۆژنامەنووس وەرنەرگریت یان پێرفۆرمانست بە لاواز وەسف دەکەن و لەلای ئێچ ئاڕی هیچ کۆمپانیا و دەزگایەکی دی ئیعتراف بە ڕاستی توانا و ئەزموونی کاری ڕۆژنامەوانیت ناکەن. دواجار ئەگەر هەر خۆڕاگربوویت و ئەوا هەلەکان دەقۆزنەوە و دەستدەدەنە یەخەت و دواتریش بە هێرشبەر و کەسێکی ناشارستانی ناوەزەدت دەکەن و کەسێکی گەندەڵی یەدەگی پێڕ و مافیاکەی خۆیان دەخەنە شوێنەکەت! لە ساڵی 2006 ەوە کە هاتوومەتە ناو کایەی ڕۆژنامەگەری کوردییەوە و وەکو وەرگێڕێکی ڕۆژنامەوانی زمانی ئینگلیزی-کوردی و هەواڵساز و ڕۆژنامەنووسێکی بوێر و دڵسۆز و چالاک و مەیدانی لە چەندین سایت و دەزگای ناوداری باشووری کوردستان و شاری سلێمانی و هەولێر کارمکردووە و هەموو ئەو شتانەی لەم وتارەدا باسی دەکەم بە چاوی خۆم بینیوومن یان لەبەرامبەر خۆمد ابەوشێوەیە پیلانیان لەدژم جێبەجێ کردووە، بەڵام خەیاڵیان خاوە و پیلان و گەندەڵیەکانی ئەو جۆرە کەسانە یەک گەرد پەشیمانم ناکاتەوە لە بیروباوەڕ و مەبدەئی خۆم و دڵسۆزیم بۆ خزمەتکردنی گەلەکەم و ڕاماڵینی گەندەڵکاران و دامەزراندنی دەوڵەتی گەورەی کوردستان کە ئاڵای کوردستان لەسەر خاکی هەر چوارپارچەکەی لەسایەی دەسەڵاتێکی دادپەروەر و دیمۆکرات و مرۆڤ دۆستدا بشەکێتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە