بۆ رای گشتی و ماڵپەری كوردستان پۆست

Monday, 18/05/2009, 12:00

1201 بینراوە


ئێمە وەكو راگەیاندنی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان هەمیشە هەوڵمانداوە راستی رابگەیەنینە رای گشتی و بەئەمانەتەوە مامەڵە لەگەڵ هەواڵ و زانیاریدا بكەین و ئەم راستییەش لەئێوەی بەڕێز و رای گشتی شاراوە نییە. لێرەشدا دەمانەوێت روونكردنەوەیەك لەسەر ئەو بەدواچوونەی ماڵپەڕی كوردستان پۆست بكەین كە بۆ هەواڵێكی (رۆژی وڵات)ی كردە.
یەكەم: ئەو هەواڵەی كە لە "رۆژی وڵات"دا بڵاوكراوەتەوە بابەتێكی گفتوگۆی ناوجەماوەرە و لە زۆر جێگای ئێمە رووبەڕووی بووینەتەوە و پرسیارمان لێ كراوە كە ئایا ئەمە راستە یاخود نا و هەڵوێستی ئێمە چییە سەبارەت بەو هەوڵە. واتە هەواڵەكە كێ درووستی كردووە و بۆچی مەبەستێك دروستكراوە ئەوە ئێمە پەیوەندیدار ناكات. ئەوەی ئێمە پەیوەندیدار دەكات هەڵوێستی ئێمە خۆمانە. لەبەرئەوە شیاو نییە، كوردستان پۆست بەو زمانە راگەیاندنی ئێمە دەخاتە ژێر گومانەوە لە كاتێكدا خۆشیان ئاماژە بەوە دەكەن كە ئەم هەواڵە پێشتر گەیشتۆتە دەست ئەوان.
دووەم: لەو هەواڵەدا ئەوە دەردەكەێت كە دەسەڵات بەهەموو شێوەیەك حساب بۆ پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان دەكات و لە رابردووشدا ئەم راستییە هەركەس گەواهی بۆ دەدات و هەتا ئێستاش رای گشتی و كوردستان پۆستیش باش دەزانن ئەوە تەنیا ئێمەین كە بنكە و بارگاكانمان داخراوە و زۆربەی كادیر و ئەندامانمان رووبەڕووی فشاری دەسەڵات بوونەتەوە و دەبنەوە. هەتا گەشە نەكەین و جەماوەر وشیار نەكەینەوە. ئیتر دەبێت بەرژەوەندی هاوبەشی راگەیاندنی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان چی بێت؟ وەڵامی ئەم پرسەی كوردستان پۆست بۆ ویژدانی بەڕێزانی كوردستان پۆست خۆیان دەهێڵینەوە.
سێیەم: لەپەراوێزی هەوڵەكەدا هەڵوێستی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان سەبارەت بەم بابەتە وەرگیراوە و راگەیەنراوە، ئەمەش وەكو پێوستییەك بۆ رای گشتی و رێكخستنەكانی خۆمان و ئەو ناوەندانەش كە هەواڵی وەها بڵاودەكەنەوە هەتا هەڵوێستی ئێمە بزانن. ئێمە جارێكی تریش دووپاتی دەكەینەوە كە ئێمە پرۆسەی هەڵبژاردن بە كایەیەكی دیموكراتی دەبینین و بەشداری زیاتری لیستەكان بە دەوڵەمەندی دەبینین و ئەمەش بە قازانجی پرۆسەكە دەبینین. ئێمە لە رابردوودا و لە ئێستاشدا رەخنەی زۆرمان لە سیستەمی بەڕێوەبەرایەتی هەرێمی كوردستان و شێوازی پارتیبوونی یەكێتی و پارتی هەبووە و هەیە، بەڵام ئەمە بەو واتایە نایەت كە ئێمە ئەوان بە دوژمنی خۆمان بزانین یاخود خۆمان بە دوژمنی ئەوان بزانین. لەهەمانكاتدا دەبێت جیاوازی بیروڕامان لەگەڵ لیستەكەی تردا هەبێت، بەڵام جارێكی تر ئێمە پێمان وایە بەیەكەوە دەتوانین هیوا لای گەل دروست بكەین و گۆڕان ئەنجام بدەین.
 
*پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان
18/5/2008

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە