ئه‌و پیاوه‌ ئازایانه‌ی که‌ مردن راوده‌نێن!

Tuesday, 29/01/2013, 12:00

1653 بینراوە


هەموو دەزانین که‌ " کەرکوک" ئەو شارەیە منداڵەکان گەمە بەنارنجۆک و قەوانی گوللەتەقێنراوەکان دەکەن، هەموو دەزانین خوێنی ڕژاوی سەر ڕێگاکان بە نەعلە شڕەکانیانەوە پێی لێ دەنرێت. هەموو ڕۆژێک لە هەواڵەکاندا گوێبیستی ئەوە دەبین کە تیرۆریستێک لە یەکێک لەشەقامەکاندا چەند مرۆڤێکی کردوە بەقیمە و بەئاسماندا هەڵێ داوە. دارمەیتەکان کە لەخوێن هەڵکێشراون هەموو ڕۆژێک ڕوو لە گۆڕستانە ڕوتاوەکان دەکەن و بەپشتی پیکابێکی بۆزەوە دەگەڕێنەوە سەر ئاودەستی مزگەوتەکان. هەموومان چیرۆکە زۆر و زەوەندەکەی ئەو شارە بەجێما و داگیرکراوەمان بیستووە، کە هەر یەکە و ناوێکی لێناوە
وەک دڵ و قودس، کەچی ئامادەنین لە پرسەیەکدا لەگەڵ لاشه‌کانیاندا ڕێبکەن بۆ گۆڕستانەکان. ئەو شارە هەموو ڕۆژێک لە گەڕەکێکدا دەبێت بەژێر فرمێسکەوە. ئەم وێنەیە لەو چرکەساتەدا مردنی ڕاگرت، فرمێسکی نەهێشت بڕێژرێت
وێنەیەکە پڕێتی لە ئازایەتیی و لەخۆ بوردەیی، وێنەیەکە پێمان دەڵێ مرۆڤایەتی هێشتا لە گرێژنە نەچووە، کەسانێک هەن بۆ ژیانی خەڵکی تر گیانیان دەخەنە مەترسییه‌وە، وێنەیەکە دەبوو بە وێنەی ساڵ سەیربکرایە، دەکرێ ئەم مرۆڤە گەورەیە بە چاوی ڕێزەوە لێی بڕوانرایە، ئەم وێنەیە دەبێت خوێندنەوی بۆ بکرێت. چونکە کەرکوک چەند نەتەوەی تێدا دەژی، کەسمان تا ئەم چرکە ساتە نازانین ئەم کەسە کێیە، ژیانی لە پێناوی خەڵکدا خستۆتە بەر لێواری مەرگ! مەرگ لەم کاکەیه‌ هێندە نزیکە هەموو جوڵەیەک کارەساتێکی جەرگ بڕی بەدواوەیە. ئێمە دەزانین زۆرترین تەقینەوەکان لەکەرکوکدا لەناوچە کورد نشینەکاندایە، روو ده‌ده‌ن، ژیانی مرۆڤی کورد له‌ هه‌ر شوێنێک بێت بێنرخ سه‌یر ده‌کرێت! بۆیه‌ بۆ تاقیکردنه‌وه‌ و فشاری سیاسیی کورد ده‌کرێت به‌ قوربانیی، پارتی و بنه‌ماڵه‌ی بارزانی پشکی شێریان به‌رده‌که‌وێت، کاتێک ده‌که‌ونه‌ گه‌مه‌ی سیاسییه‌وه‌، کاتێک له‌گه‌ڵ برا سونییه‌کان و تورکمانه‌کاندا ئه‌و ناوچه‌ کوردیانه‌ هه‌ڵده‌بژێرن که‌ گه‌مه‌ی ته‌قینه‌وه‌ی تێدا بکه‌ن، بۆیە ڕەنگە ئەم مرۆڤە مەزنەش کوردبێت.
خۆ ئەگەر کوردیش نەبێت، ئەوە هیچ لەو بەها گەورەیە کەم ناکاتەوە، کە ژیانی خۆی خستۆتە مەترسییەکی زۆرەوە.

من لەسەیرکردنی ئەم وێنەیەدا، کوڕەکەی مەسعود بارزانیم بیرکەوتەوە بەدڵ حەزم دەکرد قاقالێدەم و بەو بەڕێزە بڵێم کاک مەنسور گەر بکەویتە حاڵێکی ئاواوە بەچەند کامێرا وێنە ت دەگیرێت؟ ئەی چڵکاو خۆرەکانت چۆنت باس دەکەن؟ ئەی چیرۆکی درۆزنانەت چۆن بۆ دەهۆنەوە؟
کێ دەڵێ ئەم مرۆڤە مەزنە، ڕۆحی مامه‌ ڕیشە و شەهیدەکانی ٢١کەرکوک لەگیانیدا نییە ؟ کاتێک ئەم وێنەیەم لەڕێگەی هاوڕێیەکی ئازیزەوە گەیشتە دەست، ووتم دەبێ بەزووترین کات قسەیەک لەسەر ئەم پیاوە ئازا و جوامێرە بکەم، کە ڕه‌نگە ڕێگری لەوە کردبێت کە دەیان باوک یان دایکی منداڵە چاوگەشەکانی ڕەحیمئاوای ڕزگار کردبێت و نەیهێشتبێت هەتیوو بکەون. ئەگەر ئەم ئازایەتییە خوانەخواستە لەدەست بەرپرسێک یان حیمایەی بەرپرسێک بقەومایە، ئەوا مێشکیان دەبردین هێندەیان پێدەفرۆشتینەوە، بەڵام کوا ئەوانە کاری واجوامێریان لێ دەوەشێتەوە. کاتێک لە دوای ڕۆژەکانی ١٧ی شوباتەوە بەردەرکی سەرا داگیرکرا هێرۆ ی برایم ئەحمەد بەدەستە پیرۆزەکانی پاقلاوەی نەهێشت لە سلێمانیدا هەمووی بەسەر ئەو هێزە فشەڵەدا بەخشێوە، چه‌په‌کانیش هه‌رچی گوڵی جوان بوو له‌ باخچه‌کاندا رنیان بۆ لقی چواریان برد، کە هیچیان نەکرد تەنها خەڵکی سفیل و بێ چەکیان سەرکوت و بێده‌نگ کرد. کەچێ مێدیایەک نییە باس لە کارێکی وابکات.
ئەم مرۆڤە پێویستی نییە پرسیار لەناسنامەکەی بکەین ؟ لە ژیانی هەندێک مرۆڤدا ئه‌و کاته‌ی لەدایک دەبێت، کاری جوان و مه‌ردانه‌ ده‌کات، بە نەمری دەیهێڵێتەوە. ئەم کاکەیە هێمن و لێبوردە، دەروێش ئاسایە، تەنانەت شەرم دەکات ڕوو لە کامێراکە بکات.
سڵاو لەو دایکانه‌ی ڕۆڵەی وایان دەبێت کە گیانی خۆیان دەخەنە مەترسییه‌وە بۆ خۆشگوزەرانی خەڵک و سەلامەتیان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە