ئەبێ وەک شۆڕشگێرانی سوریا بکەین نەک گۆڕانخوازان

Sunday, 22/07/2012, 12:00

1387 بینراوە






نە سوپاو نە تانک و نە فڕۆکە، ڕێیان لە شۆڕشگێرانی سوریا نەگرت، وە هەتا ئێستایش بە تەنها خۆیان، چەندانجار لە تێکڕای هەموو ووڵاتانی تر زیاتر قوربانیان داوە. هەتا ئەمڕۆ ٢٢ / ٧ / ٢٠١٢، هەر لە منداڵ ١٥٣٩ قوربانییان هەیە. خەباتگێرانی سوریا هەر لە سەرەتاوە، پەنایان بۆ هێزو توانای جەماوەری خۆیان بردووە، حکومەتی سوریایش، بەبێ هێزە عەسکەریە پڕ چەکەکەی خۆی، بەردەوام لە ڕوسیاو ئێرانیشەوە، پاڵپشتی دەکرێت، بەڵام هیچ هێزێک زەفەری بە جەماوەر نەبرد. لە درێژەکێشانی خەباتی بەردەوامی سوریەکاندا، هێزی نەپساوی خەباتگێڕان بەدی دەکرێت.

بەردەوامبوونی سوریەکان لە خەباتی سەختیاندا، کە بەردەوام لە مەعنەویەتی شۆڕشگێرانی ناوچەی خۆرهەڵات بەرزدەکەنەوەو گوڕوتینێکی نوێ دەدەنە بزووتنەوە جەماوەریەکان، دەگەڕێتەوە بۆ:

یەکەم: پارچە نەبوونی بزووتنەوەکە لەناوخۆیدا.
دووەم: نەبوونی هیچ حیزبێک لە سەروویەوە کە بە پێی بەرژەوەندیەکانی خۆی بیجووڵێنێت.
سێیەم: نەبوونی گۆڕانخوازانی وەک کوردستان لە ناویانا کە دانووستانێکی سەرکەوتوو لە بەرژەوەندی خۆیان دوا ئامانجیانەو پشت و پەناشیان ڕێکەوتننامەی ژێربەژێرە لەگەڵ حکومەتێکی وەک ئێراندا کە جەستەی مرۆڤ لە سێدارەکانیان نابێتەوەو بەردەوامیش یارمەتی حکومەتی سوریا دەدەن دژی خەڵکی سوریا. (KNN) یش کە شتە بچووکەکانمان لێ دەکاتە کێوێک، بۆ تەنها جارێکیش سەفەرە پیرۆزەکەی نەوشیروانی بە خەڵکی ڕانەگەیاند.

ئەمانە هۆکارە هەرە سەرەکیەکانی بەردەوامبوونی ئەو بزووتنەوەیەن کە بەبێ شک، لە کاتی خۆیدا سەرکەوتن ڕادەگەیەنێت. وە هەتا ئەو کاتەیش هێزو گوڕی تێدایە، کە یەکێتی ڕیزەکانی خۆی دەپارێزێت، هەرکات ئەو ڕیزبەنیە تێکشکا، ئەوجا چارەنووسی تێشکانە.

لە کوردستانیش ئەوەی پێویستە، خەباتێکە لە چەشنی سوریا: یەکڕیزی، بەردەوامبوون. هێزە عەسکەریەکانی حکومەتیش، تەنانەت بە یارمەتی هێزە عەسکەریەکانی بەغدایش، هەرگیز توانای شەڕکردنی هێزە عەسکەریەکانی سوریایان نیە. جگە لەوەیش سوپای عێراق، لە جەنگەکانی ڕابووردووەوە فێربووە کە دژی جەماوەر نەوەستێتەوە وەک ئەوەی لە سوریادا دەبینرێت، وە زۆر بەزوویی، دەچنە ڕیزی شۆڕشگێرانەوە، هەروەک چۆن لە سوریاش و لیبیایشدا، ژمارەیەک لە سەربازەکان، بە خۆیان و چەکەکانیانەوە، پەیوەندیان بە شۆڕشگێرانەوە کرد. سەربازیش لە دواینجاردا، بەشێکە لە خەڵک، بەشێکی چەکدارو مەشق پێکراو.

هەر بەم جۆرە، هەرگیز سەرکەوتن لە کوردستاندا ڕاناگەیەنرێت، بەبێ خەباتێکی جەماوەری نا حیزبی. وە هەرگیز سەرکەوتنی (گۆڕان) لە سەرکەوتنی ئیسلامیەکانی میسر باشتر نابێت، (گۆڕان) هەر لە سەرەتاوە، پێگەی بزووتنەوەی ئیسلامی و حکومەتی ئێران لە کوردستاندا بەهێز دەکات. کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانیش هەرگیز چاوەڕیێ ئیسلامیەت وعەلمانیەتەکەی (گۆڕان) ناکەن. دواجاریش چارەنووسی ئەم خەڵکە بەدەست پارتی و یەکێتی و ئۆپۆزیسیۆنێکی هەلپەرستی سەر بە ئێرانەوە، خەڵکی هاندەدات، چاو لە سوریەکان بکەن نەک گۆڕانخوازان.




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە