"کاتێک ناعەدالەتی ئەبێتە قانون، یاخیبون ئەبێتە ئەرک"

Wednesday, 08/02/2012, 12:00

1910 بینراوە






بۆ ئەوانەی دژی خۆپیشاندانەکەی باڵەکایەتی ئەنوسن

تۆماس جێفەرسۆن یەکێکە لە باوکانی دامەزرێنەری سیستەمی دیموکراسیی ئەمەریکا. ئەو ئەڵێ "When Injustice Becomes Law, Rebellion Becomes Duty" واتا؛ "کاتێک ناعەدالەتی ئەبێتە قانون، یاخیبون ئەبێتە ئەرک."
خەڵکی باڵەکایەتی لەبەر یەک هۆکاری سادە رژانە سەر شەقام؛ چونکە ناعەدالەتی بۆتە قانون لە کوردستان. دادگاکان سەربەخۆ نین. بکوژ ئەپارێزرێ و قوربانی ئەچەوسێنرێتەوە.
هەندێک بەناو رۆژنامەنوسی میدیای سێبەر (من بۆیە زۆر دژی میدیای سێبەرم چونکە ئەوەی حیزب ناوێرێ بەهۆی لەدەستدانی جەماوەر یان تێكچونی رێککەوتنە سیاسییەکان بیڵێ، میدیای سێبەر ئەیڵێ. بۆیە من زۆرجار ئەڵێم میدیای حیزبی باشترە لە میدیای سێبەر چونکە ئامانجیان دیارە و هەزاران ماسکی درۆییەنەیان نییە)، چەند قسەیەکی بێسەروبەریان دژی خۆپیشاندانەکەی باڵەکایەتی نوسیووە. ئامانج لە نوسینەکەیان هیچ نییە جگە لە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی لە سەروی خۆیان بۆیان دێت و پێیان ئەگوترێ چی بنوسن و چۆن بنوسن.
ئێوە جورئەت بکەن رەخنەیەک لە دادوەریی هەرێمی کوردستان بگرن، ئینجا قسە لەسەر خۆپیشاندانە مەدەنییەکەی باڵەکایەتی بگرن. ئێوە تەنها جورئەتی رەخنەیەکی سادە لە سەرۆکەکەتان بکەن، ئینجا وەرن بڕشێنەوە بە خەڵکی ئازادیخوازیی باڵەکایەتی. ئیوە جورئەت بکەن پەنجە بخەنە ناو چاوی بەرپرسەکانتانەوە کە بۆچی دو کەیسی تری لەو جۆرە لە بەرژەوەندیی بکوژەکان تەواوبونە، ئینجا رەخنە لە باڵەکایەتی بگرن. ئێوە جورئەت بکەن بە سەرۆکەکەتان بڵێن کەیسی کوشتن نابێ بە عەشائیری بکرێ، ئینجا باس لە عەشیرەتگەرایی باڵەکایەتیی بکەن. ئێوە جورئەت بکەن رەخنەیەکی سادە لە حیزبەکەتان بگرن کە بۆچی بکوژانی ١٧ی شوبات ئێستاش ئازادانە تێدەسوڕێنەوە، ئینجا بانگەشەی خەمخۆریی خۆتان بکەن بۆ یاساسەروەریی لە کوردستان. ئێوە ئازا بن ئەگەر بۆ خۆشیش بێ کورتە هەواڵێک لەبەرژەوەندیی خەڵکانی ئازادیخواز و چالاکوانی مەدەنیی دابڕێژن، ئینجا خۆپیشاندانەکەی باڵەکایەتی بە ئاژاوەگێڕی وەسفبکەن.
پێویستە خەڵکی کوردستان ئەوە بزانێ کە ئەوانەی خۆپیشاندانیان کرد، سەرۆک عەشیرەت و موختاری گوندەکان نەبون، بەڵکو تێکەڵەیەک بون لە هەمو چین و توێژەکان. هەمووان بون بە کۆی رەنگ و دەنگ و تەمەنەوە. گەنجان بون کە توانیان بە دەستەڵات بڵێن 'ئیدی بەسە ناعەدالەتی و هەنگاونان بەرەو تاغوتیەت'.
هۆکاری ئەوەی ئەو خۆپیشاندانە بە ناوی خەڵکی باڵەکایەتی بو ئەوەیە کە باڵەکایەتی دەڤەرێکی فراوانترە لە قەزای چۆمان. بۆ نمونە، خەڵکی دۆڵی وەرتێ و خانەقا بەشداربون لەو خۆپیشاندانە، بەڵام ئەو دو ناوچەیە سەر بە سنوری قەزای رواندزن نەک چۆمان. هیچ جێگەی شەرمیش نییە کە بە ناوی باڵەکایەتی خۆپیشاندانەکە ناسێنرا. خۆ ئەگەر بە ناوی چۆمانیش بووایە ئەوانەی ئێستا کەوتونەتە هۆنینەوەی قسەی پوچ هەر وایان ئەگوت.
تۆماس جێفەرسۆن نزیکەی دوسەد ساڵ لەمەوبەر وایگوت، ئەو ئەیزانی ناعەدالەتی لە هەر کوێیەک بو بە قانون، تەنها یاخیبون و خۆپیشاندانی ناڕەزایەتیی لەو جۆرەی باڵەکایەتی، سەر بە دەستەڵاتداران شۆڕئەکا.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە