قەرەیلان: دەعوەتەکەی تورکیا بۆ بارزانی تەنها تاکتیک بوو .

Wednesday, 14/07/2010, 12:00

1690 بینراوە


موراد قەرەیلان، سەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان، لەچاوپێکەوتنێکی تایبەتی رۆژنامەی ئاوێنەدا رایگەیاند، هەر هێزێکی هەرێمی بەشداریی سیاسەتەکانی تورکیا بکات بۆ لەناوبردنی PKK ،PKKش دەتوانێ لەبەرژەوەندییە ئابورییەکانیان بدات. قەرەیلان ئەوەشی راگەیاند کە دەعوەتەکەی تورکیا بۆ مەسعود بارزانی، تەنها تاکتیک بووە.

سەردانەکەی مەسعود بارزانیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هاوکات بوو لەگەڵ کۆتاییپێهێنانی ئاگربەستی تاکلایەنەی‌ PKKە. مەسعود بارزانی لەکاتی گەڕانەوەی بۆ هەرێمی کوردستان ئەوەی نەشاردەوە کە نیگەران بووە لەو هەڵوێستەی‌ پارتی‌ كرێكاران.

موراد قەرەیلان رونیکردەوە "دەستپێکردنەوەی شەڕ هیچ پەیوەندیی بە سەردانەکەی مەسعود بارزانییەوە نەبووە. لەمانگی نیسان‌و مانگی گوڵانیشدا ئۆپەراسیۆن‌و پێکداهەڵپژان هەبووە. سەرۆک ئاپۆش لە٣١ی گوڵان ئەوەی راگەیاندبوو ئەگەر تورکیا ئۆپەراسیۆنەکانی نەوەستێنێت ئەوا دەستپێشخەرییەکەی خۆی بۆ راگرتنی شەڕ دەکێشێتەوە. بەڵام تەکتیکەكه‌ لەلایەن تورکیاوە بوو. تورکیا مەسعود بارزانی لەکاتێکدا بانگهێشتکرد کە گەرمەی شەڕ بوو. چالاکییەکەی ئەسکەندەرونەش، نە پەیوەندیی بە ئیسرائیل وەک تورکیا‌و هەندێکی دیکە باسیدەکەن، نە پەیوەندییشی بە سەردانەکەی مەسعود بارزانیی هەبووە. چالاکییەکەش مەرکەزیی نەبووە، بەڵکو بەرپرسی سەربازیی PKKی ئەو ناوچەیە، بڕیاریداوە‌و ئەو چالاکییەی ئەنجامداوە."

قەرەیلان گوتیشی "ئێمە پێشتریش رامانگەیاندبوو، هیواخوازین کە سەردانەکەی مەسعود بارزانی بۆ ئاشتیی بێت. رامانگەیاندبوو پشتیوانیی مەسعود بارزانیی دەکەین کە بۆ چارەسەرییەکی دیموکراتییانەو ئاشتییانە هەوڵبدات، ئەمەش تەنها بۆئەوەی مەسعود بارزانی لەو پەیامەی ئێمە زیاتر دڵنیابێ، بتوانێ قسەی جدیتر بکات لەگەل تورکەکاندا. سەرۆک عەبدوڵا ئۆجەلانیش نامەی بۆ مەسعود بارزانیی ناردبو‌و نامەکەشی گەییشتبووە دەست. ئەمەش دیسان پشتیوانی بو بۆ سەردانەکەی مەسعود بارزانی نەک وەک هەندێک دەڵێن ئێمە دژایەتیمان کردبێت".

دەربارەی ئەوەی ئەگەر مەسعود بارزانی بەر لەسەردانەکەی بۆ تورکیا داوای لە PKK بکردبووایە بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەسەتەکە، قەرەیلان گوتی "لەکاتێکدا کە تورکیا دڵڕەقیی خۆی رۆژ بە رۆژ دژی کوردان زیادبکات‌و ژن بگرێت‌و هەزاران منداڵ دەستگیربکات‌و سەدان سیاسەتووانی کورد کە بە هەڵبژاردن بونەتە شارەداری‌و بەرپرسی خەڵک راپێچی زیندان بکات، باوەڕناکەم مەسعود بارزانییش داوایەکی وا لە PKK بکات. بەڵام ئێمە هیوادەخوازین مەسعود بارزانی زیاتر هەوڵبدات‌و یەکێتیی نەتەوەیی بەهێزبکرێت".

تورکیا بە هاوکاری ئەمریکا‌و هێزی نێودەوڵەتی دیکە‌و فشارخستنە سەر عێراق‌و هەرێمی کوردستان، پیلانێکی سەربازیی ترسناکی داڕشتووە بۆ ئۆپەراسیۆنێکی گەورە‌و هەوڵدان بۆ کۆتاییهێنان بە PKK. قەرەیلان ئەو پیلانانە بە پیلانی شکستخوواردو دەزانێ‌و پێیوایە "PKK لەوە بەهێزترە کە بەو جۆرە پیلانانە کۆتایی پێبێت. تورکیا تا PKK بە موخاتب نەگرێ‌و چارەسەریی ئاشتییانە‌و دیموکراتییانە قبوڵنەکات، ناتوانێ هیچ بکات. کە باسی چارەسەرییش دەکات، دەیەوێ لەڕێی هەندێک کوردی جاشەوە ئەو چارەسەرییە پێشبخات. رژێمی سەدام حوسێنێش زۆر لەو هەوڵانەی دا، بەڵام هیچیان سەریان نەگرت. ئەو پیلانەی تورکیا، لاساییکردنەوەی ئەو پیلانەیە کە دژی (پڵنگەکانی تامیل) لەسریلانکا کرا، بەڵام ئێمە زوو لەو پیلانەی ئەوان تێگەییشتین‌و پێشی ئەوان گورزمان لێبووەشێنن، ئێمە گورزی خۆمان وەشاند".

زۆرجار گلەیی ئەوە لە PKK دەکرێت کە هاوکاریی حکومەتی تورکیا ناکات بۆ پڕۆژەی "کرانەوەی تورکیا". قەرەیلان گلەیی لەهەندێک سیاسەتمەداری باشوری‌و کوردستان‌و دەزگای راگەیاندن کرد کە بێئاگایانە‌و بێشڕۆڤەی سیاسیی لەمەسەلەکان دەڕوانن "تورکیا خەریکی گۆڕینی چەند بەندێک بۆ دەستور بوو، ٣٦ خاڵ پێشنیازکرابوو، بەڵام ئەو ٣٦ خاڵە هیچی ناوی کوردی تێدا نەبوو. ئەوە تەنها هەندێک دۆخی AKP‌و تورکیای پێشدەخست نەک دۆخی کورد‌و چارەسەریی کێشەی کورد. ئەوەی AKP دەیکات هەموی تاکتیکە. هەم کرانەوەی دیموکراتیکی تاکتیکە، هەمیش نزیکبونەوە لەباشوری کوردستان‌و دەعوەتەکەی مەسعود بارزانییش هەر تاکتیکە".

تەقینەوەی چەند بۆرییە نەوتێکی نێوان عێراق‌و تورکیا لەشاری مێردینی باکوری کوردستان، خرایە ئەستۆی PKK .PKK ویستی ئەو پەیامە بداتە هەر هێزێکی نێودەوڵەتی‌و هەرێمی، ئەگەر ئەوان دژی PKK بەشداریی هەوڵەکانی حکومەتی تورکیا بکەن، ئەوا ئەوانیش دەتووانن لەبەرژەوەندییە ئابورییەکانیان بدەن. قەرەیلان رونیکردەوە "منیش ئەو چالاکییەم بیست. هێزەکانی ئێمە لەمێردین کردویانە، ئەوە وەکو پەیامێکە. مەرج نییە هەرکات شتی وا بکەین، بەڵام ئەو هێزانەی دەیانەوێ بەشداریی لەناوبردنمان بکەن، ئێمەش دەتووانین لەبەرژەوەندیی ئابوریی ئەوان بدەین. بەڵام ئەوە زیاتر بۆ لەبەرژەوەندیدانی حکومەتی تورکیا بووە. ئەو لێدانە تایبەت نەبووە بۆ بۆرییەکان، بەڵام دیارە هێزەکانمان لەوێ کردویانە".

PKK دووای راگرتنی شەڕ بە شێوازێکی تاکلایەنە بۆ زیاتر لەساڵێك، لەمانگی رابردوو ئاگربەستەکەی کۆتایی پێهێنا. موراد قەرەیلان رایگەیاند "ئێمە وەک کۆنسەی سەرۆکایەتیی کۆما جڤاکێن کوردستان، بڕیارمان داوە شەڕ دەستپێبکرێتەوە. ئێمە نزیکەی ١٨ ساڵە تاکلایەنە شەڕ رادەگرین‌و کەڵکی نەبووە. لە ١٣ی نیسانی ساڵی رابردوو شەڕمان راگرت، بەڵام دەوڵەتی تورکیا هیچ نزیکبونەوەیەکی لەو دەستپێشخەرییەی ئێمە نەکرد".

ئەو هۆکاری سەرەکیی کۆتاییهێنان بەو ئاگربەستەی بەستەوە بەو پلانەی تورکیا لەئارادایە بۆ لەناوبردنی PKK "تورکیا لەهەوڵدایە بۆ بێئیرادەکردنی کورد. AKP ویستی ئەو ئاگربەستەی ئێمە بقۆزێتەوە بۆ خۆڕێکخستنەوەیەکی زۆر گەورە. لەناوخۆدا، چەندان زارۆکی کوردیان گرتن‌و زۆربەی سیاسەتمەدارانی کوردیان گرت‌و پارتێکی سیاسییان کۆتاییپێهێنا. بۆ رۆژێکیش ئەوان ئۆپەراسیۆنیان نەوەستاند. لەکوێ بۆیان لووابێ، هەووڵیان داوە گورز لەPKK بدەن. لەدەرەوەش خەریکی دروستکردنی پشتیوانی بون بۆ شەڕی PKK. ئێمەش پێشگیریمان لەو هەوڵانە کرد‌و تووانیمان بە دەستپێکردنەوەی شەڕ‌و گورزدان لەسوپای تورکیا، هەوڵەکانی تورکیا‌و AKP بۆ لەناوبردنی PKK فەشەل پێبێنین".

موراد قەرەیلان تیشکی خستە سەر ئەو تۆپباران‌و شەڕەی کە لەنێوان هێزەکانی PJAK‌و ئێران دروستبووە. ئەو رەتیکردەوە هیچ رێککەوتنێکیان لەگەڵ ئێران کردبێ بۆ وەستاندنی شەڕی نێوان PJAK‌و ئێران "ئێمە هیچ دانیشتنێکمان لەگەڵ ئێران نەکردووە‌و هیچ رێککەوتنێکمان لەگەڵیان نییە بۆ وەستاندنی شەڕ، بەڵام دوای ئەوەی من داوام لەهەردو لایەن کرد کۆتایی بە شەڕ بێنن، بەخۆشییەوە ئێستا شەڕ وەستاوە. دیارە ئەو قسەیەی من بۆتە هۆکارێک‌و ئێمەش ئەوەمان پێخۆشە. لەئێستاشدا، PJAK بەسیاسییانە خەبات بکات چاکترە."

قەرەیلان هۆکاری ئەو بانگەوازییەشی بۆ ئەوە گێڕایەوە "نامانەوێ ئەو فشارە نێودەوڵەتییەی لەسەر ئێران هەیە، PJAKی پێبقۆزرێتەوە. دۆخی ئێران شلۆقە‌و با PJAK نەبێتە تەڕەفێک لەو فشارانە. نامانەوێ ببینە تەڕەفی ناکۆکییەکانی نێوان ئێران‌و ئەمریکا."

موراد قەرەیلان، بۆ راگەیاندنی ئاگربەستێکی دیکە، ئاماژەی بەو سێ خاڵە کرد کە ئۆجەلان رایگەیاندون. ئەو ئاشکرایکرد "ئێمە لەگەڵ بۆچونەکەی سەرۆک ئاپۆ داین‌و پێشنیازەکانی ئەومان قبوڵه‌. دەوەستێتە سەر تورکیا ئاخۆ تا چەند قبوڵیەتی."

عەبدوڵا ئۆجەلان، رابەری PKK، لەزیندانی ئیمرالییەوە لەڕێی پارێزەرەکانی ٣ خاڵی بۆ ئاگربەست راگەیاندون "یەکەم: ئاگربەست دەبێت دولایەنە بێت. دووەم: وەک زەمەنی چارەسەرکردنی کێشەی ئافریکای باشور، دەبێت کۆمیتەیەکی عادل پێکبێت. سێیەم: نەتەوە یەکگرتووەکان بەشدار بێت‌و پەیمانی چارەسەرییەکی دیموکراتییانە بدرێت. لەوکاتدا، PKK ئامادەی چەکدانان‌و راگرتنی یەکجارەکیی شەڕ دەبێت."
قەرەیلان ئەوەی رونکردەوە کە دانانی چەک لەلایەن PKKوە بەندە بە چارەسەریی یەکجارەکیی دۆزی کورد لەتورکیا لەچوارچێوەی "خۆرێڤەبەریی دیموکراتیی". ئەوەشی گوت "PKK دژی تیۆرەی (دەوڵەت-نەتەوە)یە پێمان وایە سیستەمی دەوڵەت-نەتەوە، چاکەی بۆ گەلان نەهێناوە، بەڵکو (کۆنفیدڕالیزمی دیمکوراتیک)مان لا پەسەندە".
سایتی ئاوێنه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە