خەڵکی باڵەکایەتی عەشائیرن یان حکومەتی هەرێم بێ یاسایە؟

Thursday, 02/02/2012, 12:00

1574 بینراوە






خەڵکی باڵەکایەتی عەشائیرن یان حکومەتی هەرێم بێ یاسایە؟
پەیامێکی کورت لەبارەی خۆپیشاندانەکەی چۆمان

دو رۆژە خەڵکی قەزای چۆمان و تەواوی دەڤەری باڵەکایەتی، بە رۆحییەت و حەماسەتێکی شۆڕشگێڕانە، لەبەر بەفر و باران و سەرماوسۆڵە رێکارێکی مەدەنییان گرتۆتە بەر بۆ جێبەجێکردنی یاسا بەسەر بکوژێکی رۆڵەیەکیان.
رێباز رەحیم، کوڕێکی تەمەن ٢٧ ساڵانە. لە نەوەدەکان بەیەکەوە خوێندکاری سەرەتایی بوین و دواتر ئەو وازی لە خوێندن هێنا و دەستیکرد بە کاری بازرگانی. دو رۆژ لەمەوبەر لەلایەن کەسێکی دانیشتوی قەزای سۆران بە شێوازێکی دڕندانە شەهیدکرا و تەرمەکەی فڕێدرایە ناو روباری گەلی عەلی بەگ. هەرزو دوای ئەوە، باوکی رێباز ئۆتۆمبێلی کوڕەکەی ئەناسێتەوە و بەدوای بکوژەکە ئەکەوێ. دواتر پۆلیس ئاگادار ئەکاتەوە و پۆلیسی سۆران دەستبەجێ بکوژەکە ئەدۆزنەوە و دەستگیری ئەکەن. لە وتەکانیدا، بکوژەکە دانی بەوە داناوە کە بۆ ئۆتۆمبێلەکەی کوشتویەتی و فڕێداوەتە ناو ئاوی گەڵی عەلی بەگەوە.
دو رۆژە خەڵکی باڵەکایەتی هاوارئەکات بۆ رادەستکردنی ئەو بکوژە و کوشتنەوەی لە هەمان شوێن. ژن و پیر و منداڵ و خوێندکار و مامۆستای ئاینی و هەمو چین و توێژە جیاجیاکان لەسەر شەقامن. شەو بەو زستانە سەختە لەوێ ئەمێننەوە. دو رۆژە رێی سەرەکیی نێوان چۆمان و حاجیئۆمەرانیان داخستووە و جموجۆڵی بازرگانی و هاتوچۆی هاووڵاتییان لەنێوان کوردستان و ئێراندا داخراوە.
ئایا خەڵکی باڵەکایەتی دابڕاون لە دونیای مۆدێرن و بەئاگا نین لە حوکمی یاسا یان تەجروبەی خراپیان لەگەڵ دادگاکانی هەرێم هەیە؟ بۆچی ئەو خەڵکە داوای رادەستکردنەوەی بکوژەکە ئەکەن و داوای جێبەجێکردنی یاسا ئەکەن بەسەریدا بەشێوەیەکی زۆر راستەوخۆیی دەمودەست؟ ئایا خەڵکەکەی عەشائیرە یاخود خەڵکانێکن ئەیانەوێ یاسا سەروەر بکەن؟
لە ماوەی چەند ساڵی رابردودا، دو کەسی دیکەی خەڵکی باڵەکایەتی بەو جۆرە کوژراون. خەڵکەکە ویستویانە هەڵوێست بنوێنن بەڵام دوای گفتوگۆی نێوان خۆیان، لێیانگەڕاوە تا یاسا کاری خۆی بکا. بەڵام تا ئێستا هەردو کەیسەکە لە دادگادا ماون و وەکخۆیان هیچ بەرەوپێشچونێکیان بە خۆیانەوە نەبینیووە. تا رادەی بێهیوابون لە جێبەجێکردنی یاسا بەسەریاندا، خەڵکەکە رەشبین بووە.
لەم جارەیاندا، دیارە خەڵکەکە دەڵێن ''عەقڵمان لە رابردو وەرگرتووە و عاقڵ ئەو کەسەیە دوجار لە یەک کونەوە پێیوەنەدرێ". بە رێکارێکی مەدەنییانە داوائەکەن یاسا سەروەربێت و بکوژەکە لە شوێنی خۆی و بەزوترین کات بکوژرێتەوە.
حکومەت و بەرپرسانی حکومەت، لەبری گلەییکردن و هەوڵدان بۆ رازیکردنی خەڵکەکە بۆئەوەی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکەیان کۆتاییپێبێنن، پێویستە بیرێک لەوە بکەنەوە بۆچی هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە باوەڕیان بە یاساکانی نەماوە؟ بۆچی خەڵک ئەبێ خۆپیشاندان بکا تا حکومەت یاسا سەروەر و جێبەجێبکا؟
ئەوەی ئێستا لە چۆمان ئەگوزەرێ و خەڵک ناڕەزایەتیی دەرئەبڕێ، پێویستە ببێتە خاڵی وەرچەرخان بۆ حکومەت و دادگاکان. پێویستە هەردو پارتیی حوکمڕان لێگەڕێن دادگاکان سەربەخۆ بن تا متمانەی خەڵک بۆ دادگاکان بگەڕێتەوە. تا لە رودانی هەر کارەساتێکی لەو جۆرە خەڵک ناچار نەبن بە هاتنیان بۆ سەر شەقامەکان. چەندە خۆش ئەبێ خەڵک لەکاتی لێقەومانی وادا حکومەتێکی هەبێ کە بێگومان بێ حەقەکەی بۆ ئەستێنێت!
گارەنتی چییە ئەگەر ئەو بکوژە نەکوژرێتەوە دادگاییەکی عادیلانەی ئەکرێ؟ مەگەر ئێمە رۆژانە بە چاوی خۆمان بکوژانی خۆپیشاندانەکان لە تەلەفزیۆنەکان نابینین!
ئەو روداوەی چۆمان پێمان ئەڵێ دادگاکانی کوردستان سەربەخۆ نین و خەڵکی ئەو وڵاتە هیچ باوەڕییەکی بە دادگا و یاساکانی ئەو وڵاتە نەماوە. بناغەی دەوڵەتێکی موئەسەسی، جێبەجێکردنی یاسایە. هەمو ئەو کێشە کەڵەکەبووانەی هەرێم، هۆکارێکی هەرە سەرەکییان یاسا و لێنەپێچینەوەیە. مرۆڤ بۆ خۆی کائینێکە ئەگەر یاسا سنوری بۆ دانەنێ زەحمەتە بۆ خۆی سنور بۆ خۆی دابنێ. یاساکان بۆ رێکخستنی کۆمەڵگان، هەر کۆمەڵگایەکیش یاساکانی تێدا سەروەر نەبون، بەرەوپێشچون سست ئەبێ یان هەر نابێ، یان بەرەو بەربەری و دڵڕەقییەکی بێوێنە ئەچی.
ئەگەر یاسا سەروەر بێ، کەس ناوێرێ کەس بکوژێ وەک چەندان روداو هەن لە کوردستان بکوژەکان وەک بەرزەکی بانان بۆ دەرچونە. یاسا سەروەر نییە بۆیە رۆژانە هەواڵی کوشتن و بڕینمان گوێ لەئەبێ. یاسا سەروەر نییە بۆیە ئەوانەی خۆپیشاندانیان کرد لە زیندانن و بکوژەکانیش وا لە گەشتی وڵاتانن و پلەکانیان بەرزتر ئەکرێتەوە. یاسا سەروەر نییە بۆیە کوردستان نوقمی گەندەڵی بووە. یاسا سەروەر نییە بۆیە خەریکە قەیرانە سیاسییەکانی هەرێم سەری حیزبە حوکمڕانەکان ئەخۆن!
ئێستا حەقی خۆمانە بپرسین، خەڵکی باڵەکایەتی عەشائیرن یان حکومەتی هەرێم بێ یاسایە!
کەمال چۆمانی، هیندستان
[email protected]



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە