زانكۆكانمان ماڵى ئاسودەیى ئێمەنین

Wednesday, 08/12/2010, 12:00

1444 بینراوە


(سەردەشت عوسمانى) قوتابى و رۆژنامەنووسى جوانەمەرگ راستى ووت ((زانكۆى ئەم ووڵاتە ماڵى ئاسودەیى ئێمە نین)).بێگومان لەوانەیە ئەو پێشبینى مەرگى خۆى كردبێت كە لە بەردەم كۆلێژ دەیڕفێنن و پاشان مەرگێكى تراژیدیاى پێدەبەخشن ،هەربۆیە نایەوێت بڵێت (كۆلێژ) ماڵى ئاسودەیى قوتابیانە ،چونكە دواتر خۆى شەرمەزار دەبوو دەشوترا كوا ئێرە ماڵى ئاسودەییە كە تۆى لەبەردەم رفێندرا ؟!!
ئەگەر لە لاى (سەردەشت)ى قوتابى و رۆژنامەنووس كۆلێژ ماڵى ئاسودەیى نەبووبێت لەبەر بەدەنگەوە نەهاتنى راگرى كۆلێژەكەى و پاشان جاسوسى كردن و فێل لێكردنى چەند هاوكۆلیژێكى ، ئەوا سەبارەت بە نووسەرى ئەم بابەتە (زانكۆ) ماڵى ئاسودەیى قوتابیان نیە لەلایەكەوە ، هاوڕایە لەگەڵ (سەردەشت)ى جوانەمەرگ و لە لایەكى دیكەش هۆكارى دیكە هەن كە والێدەكات ئەم ماڵە بە نائاسودە ببینێت .
من (كۆلێژ) بە ماڵى ئاسودەیى نازانم هەر لەبەر ئەوە نیە كە ئاستى هەندێك لە مامۆستایانى و دكتۆرەكانى زانكۆ لەئاستى ئەو ناوەندە مەعریفیە نیە ، یاخود هەندێكیان وەك نێچیر سەیرى كچە شۆخەكانى دەكەن ، یانیش لەبەر ئەوەبێت كەكچان نمرەى زیادیان پێدەدرێت لەلایەن هەندێكیانەوە ، نا.. بەڵكو نا ئاسودەیی من لەبەر ئەوەیە هێندەى تر كەسانى دیكەى نا شایستە دەهێندرێنە پێشەوە و نمرەیان پێ دەدرێت ئەویش لەسەر حیسابی خوێندكارانى دیكەوە لەریزبەندى (دە) یەكەمەكان دادەنرێت تاكو بۆ چەند ساڵى داهاتوو وەكو (بەبەغایەك) بوونى خۆیان وەك دكتۆر لە زانكۆ بسەلمێنن یاخود هەلى چونە دەرەوەى ووڵاتیان بۆ بڕەخسێندریت لەسەر حیسابى قوتابیانى دیكەو ،لەسەر حیسابى گیرفانى حكومەت و كەسانى زیرەكى هاورێیان.
نائاسودەیى ئێمەى قوتابى لەو مامۆستایانەى ئیستایە كە لەسەر (10) نمرە(13) نمرە بە قوتابیان دەدەن تاكو بگەنە ململانێیەكە !!! نائاسودەیى ئێمە لە زانكۆ لەبەر ئەوەیە كە بەر لە تاقیكردنەوەى وانەكانى سەرى ساڵ پرسیارەكان لە لایەن نوێنەرى قوتابیانەوە دەبیندرێت و لە دواى وەرگرتنەوەى نمرەكانیش بە نمرەیەكى بەرز دەردەچێت كە جێگاى سەرسوڕمانى خۆشیەتى نەك تەنها هاورێیانى .
كارەسات لێرەدایە بۆ دوو ساڵ و چوار ساڵى دیكە ئەوانە دەبنەوە مامۆستا !!!! ئەوانە دەبنە وانەبێژى برا بچوكەكانمان !! هەر ئەوانەش دەبن بە پاسەوانى درێژەدان بە جەهل و نەزانى لە زانكۆ و دەبنە هەڵگرى مەشخەڵى دواكەوتنى كۆمەلگا و ووڵات .
ئەم كلتورەش هەر بەردەوام دەبێت تاكو حزب دەست بەسەر زانكۆ بگرێت ،تاكو ئەوكاتەى نوێنەرى پۆل راپۆرت لە سەر نەك تەنها قوتابیە هاورێكانى بەڵكو لە سەر مامۆستایانى بنوسێت و بەرزى بكاتەوە ،تاكو چاودێرى ژیان و هەڵسوكەوتیان بكرێت بۆ جاسوسى و ئاگادرابوونیان چونكە ئەو مامۆستایانەى ئەم راپۆرتانەیان لەسەر دەنوسرێت وەك هەندێكیان خۆفرۆش نەبوونە یاخود لەوانەیە زانكۆیى موسل و بەغدایان لە ساڵى هەشتاكان جێهێشتبێت یان دەركراون هەر لە بەر ئەوەى بعسى نەبووبوون!!!
چەند نەفس نزمیە جاسوسى كردن لە ناوەندێكى مەعریفى وەكو زانكۆ !!چەند خۆكەمكردنەوەیە چاودێرى كردنى هاوڕێ و مامۆستایان و جاسوسى كردن لەسەر خۆیان و خودى خێزانەكانیان .ئەرێ ئێمە لە زانكۆین یاخود لە ململانێى جاسوسى و راپۆرت لەسەر یەكتر نووسینین .ئەرێ بەراست ئەوانەى بەرپرسى یەكەمى خوێندنى باڵان دەبێت ئاگادارى ئەوە نەبن لە گۆرەپان چى روودەدات ؟!!
ئەو بەرپرس(راهێنەرانەى)لە مۆندیالى(2010) ئەم هاوینەى باشورى ئەفریقیا تیپەكانیان ئاستێكى نزمیان پێشكەش كرد و بەدەست بەتاڵى گەڕانەوە ،راهێنەرەكانیان دەستیان لە پۆستەكانیان كێشایەوە ...خۆزگە ئەوانەى ناتوانن لە گۆرەپانى خزمەت كردن ئەسپى خۆیان تاوبدەن ، سەیرى مۆندیالى باشورى ئەفریقییان دەكرد .



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە