(ئۆباما)ش قەبوڵى نیە پێی بڵێیت (نا)

Sunday, 05/12/2010, 12:00

1605 بینراوە


وولایەتە یەكگرتوەكانى ئەمریكا ئیمپراتۆرێكە لە رووى سەربازیەوە و دەستى بەسەر زۆرشتدا گرتووە ،بەڵام نەیتوانیوە دەست بەسەر هەموو شتێك بگرێت ،لەوانەش تۆپى پێیە .
سەركەوتنى مەلەفى وڵاتى قەتەر بۆ میواندارى كردنى جامى جیهانى ساڵى 2022بەسەر مەلەفى ئەمریكا بە (14)دەنگ بەرامبەر بە(8)دەنگ وادیارە تامى تاڵى دۆڕانەكەى گەیشتوە بە ئۆباماى سەرۆكى ئەمریكا و لە دڵێكى بریندارەوە رەخنە لە بڕیارى یەكێتى تۆپى پێى جیهانى (فیفا)گرتووە و بە هەڵە وەسفى دەكات كە شەرەفى میواندارى كردنەكەى بە وڵاتى قەتەر بەخشیوە.
بێگومان رەخنەگرتنەكەى ئۆباما لە جێگاى خۆى نیە ،بەڵاًم ئەو مەبەستێكى دیكەى هەیە لەم رەخنەیە و بە شێوەیەكى دیكە بیردەكاتەوە و سەیرى هەموو دونیاش دەكات وەك ئەوەى هەموو شتێك لە ژێر دەستى ئەودابێت ،ئەى چۆن (فیفا)توانى ئەو جورئەتە بكات و شەرەفى میواندارى كردنەكە بە وڵاتى قەتەر ببەخشێت ؟!!
ئەم رەخنەیە لە دیوێكى دیكە و خوێندنەوەیەكى دیكەدا لە بەر ئەوەیە كە ووڵاتى رووسیاى ركابەرە سەرسەختەكەى ئەمریكا توانى شەرەفى میواندارى كردنى جامى جیهانى (2018) بباتەوە و لە پێش زلهێزەكەى جیهان بكەوێت كە ئەمریكایە .
بەلاى دەستەڵاتدارانى ئەمریكا سەیرە كە لێژنەیەكى جێبەجێكارى سەر بە فیفا بلێت (نا)بۆ مەلەفى ئەمریكا بۆ میوامدارى كردنى جامى جیهانى .ئەم (نا)یە زۆر بە دەگمەن ئەمریكا لە بەرامبەرەكانى دەیبیستێت .من هەر لەو رەخنەیەى (ئۆباما) ناترسێم ،بەڵكو ئەوەى من دەترسێنێت ئەوەیە كە ئەندامانى لێژنەى جێبەجێكارى (فیفا) بە تیرۆرست دەربهێندرین لە لایەن ئەمریكا ، وەك چۆن دۆستە بچوكەكانى ئەمریكا لەسەرتاسەرى جیهان ئەم كارە بەرامبەر نەیارەكانیان بەكاردەهێنن .
كاتێك (ئۆباما) بڕواى وایە ووڵاتى قەتەر شایەنى میواندارى كردنى جامى جیهانى نیە ، دەیەوێت لە هەمان كاتیشدا رەخنە لە مەلە فى وڵاتى (روسیا)ش بگرێت كە ئەویش شایەنى ئەو میوانداریكردنە نیە ،بەڵام چونكە مەلەفەكەى لەگەڵ رووسیا لە ململانێ نەبوو بۆیە نەیتوانیوە بەشێوەیەكى راستەوخۆ لە بەهاى روسیا كەم بكاتەوە .
ئەوە ماوەى 10ساڵە ئەمریكا بەشێوەیەكى زۆر زەق و لە بەرچاوى هەموو جیهان بە ئارەزوى خۆى خاڵ لەسەر پیتەكان دادەنێت و ناوى كەسایەتى و ووڵاتان و سیفەتەكانیان بە ویستى خۆى دەكۆرێت و بە بیانووى جیاواز دەستكارى سنورەكانیان دەكات .كاتێك مەلەفەكەى بە (نا) وەڵام دەدرێتەوە ترسەكەى ئەمریكا سەرهەڵدەدات و لە سەر شێوەى رەخەیەك دەریدەبرێت ،لەوەش دەترسێت ئەم (نا)یەى لە تۆپى پێ بەروویدا بەرزكرایەوە بۆ نێو دونیاى سیاسەت و سەربازی و ئابوریش بەروویدا بەرزبكرێتەوە ،هەر ئەمەشە رەخنەى ئۆباما لە دەستنیشانكردنى وڵاتى قەتەر بۆ میواندارى كردنى ئەم پاڵەوەانیەتیە جیهانیە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە