دەزگا ئەمنیەکانی یەکێتی نیشتیمانی بەرپرسن لە بەرانبەر پەلامار بۆ سەر ئاسۆس هەردی

Wednesday, 31/08/2011, 12:00

1303 بینراوە


ئێوارەی ٢٩-٨ لە شاری سلێمانی ڕۆژنامەنوس و بەڕێوبەری کۆمپانیای ئاوێنە بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، لە لایەن کەسێکی نەناسراوەوە کە چەکداریش بووە، هێرشی کراوەتە سەر و بریندار کراوە. ئەم ڕوداوە لە یەکێک لە قەرەباڵغترین شەقامەکانی شاردا ڕووی داوە. بە پێی زانیاریە سەرەتاییەکان کەسی هێرش بەر سەیارەیەکی بێ ژمارەی بۆ هەڵاتن بەکارهێناوە.
دەستدرێژی بۆ سەر ئاسۆس هەردی لە درێژەی ئەو زنجیرە دەستدرێژیانەدا دێت، کە ماوەی چەندین ساڵە لە کوردستان دەکرێتە سەر ڕۆژنامەنووس و نووسەر و کەسانی نەیار و ڕەخنەگری دەسەڵات. ئەم کردەوە ترسنۆکانەیە کردەی لایەنێکە کەدەیەوێت لە ڕیگای زەبروزەنگ و سەرکوتەوە، نەیارانی خۆی بێ دەنگ بکات. چەند بارە بوونەوەی پەلاماری لەم چەشنە بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان هیچ بایەخێک بۆ ئەو پەراوێزە لە ئازادی ڕۆژنامەنوسی ناهێڵێتەوە کە بە خەبات و قوربانی دانی چەندین ساڵە لەکوردستان بەدەست هاتووە.
پەلامار بۆ سەر ئاسۆس هەردی لەگەلێک لایەنەوە ئەو گومانە لای هەمووان دەوروژێنیت کە دەزگا ئەمنیەکانی سەر بە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە پێی پێویست ئەرکی خۆیان لە پاراستنی گیان و ئەمنیەتی خەڵک و بە تایبەت ئەوانەی ڕەخنەیان لێ دەگرن و نەیاری دەسەڵاتیانن، جێبەجێ ناکەن. دەستدرێژی بۆ سەر ئاسۆس هەردی کارێکی ڕاگوزەر و لاوەکی نییە، بەڵکو هەر ئێستا بۆتە کێشەیەکی ڕای گشتی و دەزگای ئاسایش و پۆلیسی شاری سلێمانی لەسەریانە کە ڕوونکردنەوەی تەواو سەبارەت بەم ڕووداوە بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن و خەڵکی کوردستان بدەن.
ئێمە لە گروپی ١٧ی شوبات لە ستۆکهۆڵم وێڕای ئیدانەکردنی توندی ئەم کردەوە مافیاییە، بەرپرسیارێتی ئاشکرا کردن و ناساندنی تاوانکاران دەخەینە ئەستۆی دەزگا ئەمنیەکانی سەر بە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە شاری سلێمانی، هەروەها سەبارەت بەم ڕوداوەو بێ دەربەستی دەزگاکانی ئاسایشی یەکێتی نیشتیمانی ڕێکخراوەکان و ناوەندەکانی داکۆکی لە مافی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین لە سوید ئاگادار دەکەینەوە.

گروپی ١٧ی شوبات/ ستۆکهۆلم
‏31‏.08‏.2011
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە