هەڵبژاردن و ئەگەرەكانى ساختەكردن

Sunday, 21/06/2009, 12:00

2161 بینراوە


پاش ئەوەى لە خولى دەیەمى هەڵبژاردنەكانى كۆمارى ئیسلامى ئێران بۆ دووەمین جار مەحمودى نەژاد هەڵبژێردرایەوەو ریفۆرمخوازەكان دەرەنجامێكى چاوەڕواننەكراو توشی شۆكی كردن وجگە لەوەى كە موسەوى وكەروبی و رەزائى و هەوادارانى بەگومانێكى زۆرەوە لەم دەرەنجامەیان روانى بەتایبەت موسەوى بەهەموو شێوازێك ئەو دەرەنجامەى بە فێڵ و ناراست لەقەڵمدا چ جاى ئەوەى زۆرێك لە شارەزایان و كەسانى دەرەوەى ریفۆرم خوازەكان ئەم هەڵبژاردنەیان بە جۆرێك لە ساختە دانا كە تەنیا مەبەست بۆ خۆنیشاندانى ئێران بووە لەبەرابەر دەوڵەتانى رۆژئاوا بۆ خۆناساندنى بە ئەوەى كە دیموكراسیخوازە جگە لەوەى ئەم هەڵبژاردنەوەیە ئێرانى گەڕانەوە بۆ هەمان سیستمى ئەم چوار ساڵەى كە تێیدا گوزەرى كردووە و بەهەمان میكانیزم دەسەڵات بەرێوە دەبەن,
ئەوەى گرینگە خۆمانى لێبەدەنگ نەكەین دووبارە بوونەوەى هەمان سیناریۆیە كە ئەگەرى هەیە لە هەرێمى كوردستانیشدا روو بدا ,ئایا چ گەرەنتییەك هەیە كە دەسەڵاتى كوردیى كە خاوەنى سەرجەم داهاتى كوردستانەو بریاردەرى لیستى كوردستانییە كار بۆ ساختە كردنى دەنگەكان ناكات ؟ ئەوەى لە ئێران بینیمان لە نێوان ركابەرەكان بە تایبەت موسەوى و نەژادى لە رووبەرووبوونەوە تەلەفزیۆنییەكان ئەگەرى هەیە ئەمە نەك نەكرێت لە هەرێمى كوردستاندا لە نێوان كاندیدەكانى سەرۆكایەتى هەرێم بەڵكو باسیشى لێوە نەكرێت ,ئەگەر چى كاركردنى ریفۆرمخوازەكانى ئێران بە ئاشكرا تۆمەتى گەندەڵى و شكستى سیستمى دەسەڵاتى نەژادییان بە ئاشكرا باس لێوە دەكرد و بەڵام پاش هەڵبژاردنەكان وێنەیەكى نائاساییمان بینى بەئاشكرا هەست بەو دەكرا هێندە ساختە كراوە لەو هەڵبژاردنەدا بێ وێنە بووە.
چ گەرەنتییەك هەیە لەوەى زۆرێك لەكارمەندانى كۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەكان لە لایەن مەڵبەند و لقەكانەوە دانەنراوە؟ هەروەك لە هەڵبژاردنى پێشووتردا بینیمان ,دەستێوەردانى حیزب بووە هۆى ئەوەى كەسانى بەرپرس و باڵادەست لە كۆمسیۆن دابنرێت و ئیش بۆ هەوادارانیان بكەن ,ئەشێ ئەمە ئاسایی بێت لاى دەسەڵاتى كوردى بەڵام ئەوەى جێگاى نیگەرانى و نەنگییە تا هەنووكە گومانى ئەوە دەكرێت كە ئەگەرى توندوتیژى هەبێت ,هەرگیز لەتەك توندوتیژى وزەبرو زەنگ نیم بەڵام ئایا ئەگەر توندوتیژى بكرێت و رەوتى هەڵبژاردن بگۆرێت لە قازانجى كام لیستە؟ لە كاتێكدا خاوەن ئاسایش ودادگا لەناو خودى حیزبدایە و حیزب پێش یاسا هەڵوێستى خۆى دەبێت .
گومان هیچ لەوەدا نییە كە هەڵبژاردن خۆى لە خۆیدا هێمایە بۆ بوونى دیموكراسی و رێزگرتن لە بیروراى جیاواز و دەنگ و رەنگى و لیستى جیاواز بەڵام تەنیا گرینگ هەر ئەوە نییە هەڵبژاردن بكرێت هەروەك بینیمان كۆمارى ئیسلامى ئێران هەڵبژاردن دەكات و بەئاشكرا ساختەكارییەكانى لەپشت هەڵبژاردنەوە دەشارێتەوە ئەوەى گرینگە سەرجەم پرەنسیپەكانى دیموكراسی لە هەڵبژاردندا پراكتیزە بكرێت و چاوەڕوانى ئەو دەنگ ورەنگە جوداخوازانەبین كە بە پرۆژەگەلێكەوە ریكلامى خۆنوێكردنەوەیان دەكەن و بە ئومێدێكى زۆرەوە باس لە باشتركردنى دۆخى هەرێمى كوردستان و كار بۆ نەمانى گەندەڵى و گەڕانەوەى بەها بۆ تاكى كوردیى دەكەن.
ئەوەى ئەم هەڵبژاردنەى 25/7/2009 جودا دەكاتەوە لە هەڵبژاردنەكان دى لە هەرێمى كوردستاندا بوونى لیست و قەوارە گەلێكى جودایە چ جاى ئەوەى ركابەریى سەرۆكایەتى هەرێمیش هەڵبژاردنەكە جوانتر دەكات و ئەگەرى ئەوەیش هەیە پرۆسەى هەڵبژاردن بە ئاكارێكى جودادا گوزەر بكات كەدوور بێت لە ئەو پێشبینییانەى بە گومانەوە لێى دەڕوانین.
[email protected]


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە