وەزارەتى ڕۆشنبیریى هەرێم پاشماوەى پەرێزێكى پر لەدزى و ساختەكارى و گەندەڵى ، بۆ وەزیرێكى نەرمكارو دەسەڵات پێنەدراو پاككردنەوەى كارێكى هاسا

Sunday, 11/04/2010, 12:00

1693 بینراوە


سەردەمى (سامى سەورە) ى گەندەڵكارى ئەوكاتى وەزارەت و ، پەرلەمانتێرى ئەمرۆ :-
هەر لەو ڕۆژەى كە جەنابى (سامى سەورە) ى ناسراو بە (سامى شۆڕش) پۆستى وەزارەتى ڕۆشنبیریى كوردستانى گرتە دەست ، ئەو زاتە موبارەكە ڕاست و چەپ كارى دزى و گەندەڵكارى لەو وەزارەتەدا دەست پێكرد ، وەنەبێ لەسەردەمى یەكەم پۆستى جەنابى فەلەكەدینى كاكەییشدا گەندەڵى نەبووبێت ، بەس خوا دەست بەباڵى جەنابى مەحمودە سوورەوە بگرێت ، كە هەر لەگەڵ دەست بەكاربوونیدا شتێكى لەبارەى دزو گەندەڵەكانى ئەو وەزارەتەوە ئەزانى بۆیە هەندێك دەستوەردانى لەپۆستى ژمارەیەك لەو دزانە كرد كە شاكرى رۆژبەیانى و محمد كاكەیش لەناو لەوان بوون ، ئەگەرچى پێشتریش كەسێك بەناوى محمد وەلى كاكەیى بەڕێوەبەرى راگەیاندن و ئافرەتێكى بەڕێوەبەرى حیسابەتەكەى ئەو ، هەر لەسەروەختى فەلەكەدین كاكەیی لەسەر دزى و خواردنى پارەى فەرمانگەكەیان دەستگیركران و پاشانیش بەهەزار ئەملاو ئەولا بەفەسڵ كردنیان لەوەزیفەكانیان لەو وەزارەتە نەمان ، لەو رۆژەشەوە كە جەنابى سوورە دەست بەكاربوو هەر دیسان لەسەر دزى و خواردنى پارەى مودیریە عامەى چاپخانەى رۆشنبیرى حاكم شاكر رۆژبەیانى لەپۆستەكەى لادراو كرا بەمودیر عامێكى موعەوەم لەئەنجومەنى وەزیران ، موعەوەمیەكەى ئەو زاتە درێژەى كێشا تا ئەو رۆژەى جەنابى سامى سەورەو دزە هاوكارەكەى سەلیم قادر قاێە ناوێك دەست بەكاربوون ، لەوێوە ئەو دوو دزو زاتە پاك و موبارەكە كاریان بۆ گەراندنەوەى شاكر رۆژبەیانى دەستپێكردو دواى ماوەیەك ئەویش گەیشتە كاروانى هاورێ و رەفیقە گەندەلەكانى خۆیان .
جەنابى سامى سەورە كە پۆستى وەزارەتى رۆشنبیرى وەرگرت ئەوەى لەلا مەعلوم بوو كە رۆژێك دێت لەو پۆستە دەرئەكرێت ، بۆیە تا پێیكرا لەپەناى قسە زلەكانى كە كردبوونى بەجەوازى مرورو سەرى زمان و بنى زمانى ناوهێنانى (برا گەورە بوو) لام وایە قەسدى لەجەنابى نێچیرەوان بارزانى بوو ، ئەو بەرێزەش هەرچى دەسەڵاتى پارە بەخشینەوە بوو پێیدابو ، بۆ نموونە : بەگوێرەى قسەوباسى هەندێك دۆست و برادەرى بەناو دڵسۆزى بەڕێزیان و فەرمانبەرو كەسانى ئەوكاتى ناو وەزارەتەكە ، كەباسیان لێى ئەركرد سامى سەورە هەموو دەمێ جانتاكەى پربووە لەو دۆلارانەى جەنابى وەك خۆى وتەنى (نێچرەوان) پێی ئەدا بۆ ئەوەى دەستى خەڵكى پێبگرێت ، بەلام ئەو زاتە پاكە ئەگەر هەمووشى نەبێت ئەوە لەنیوە زیاترى پارەكەى بۆ خۆى ئەدزى ، هەردیسان ئەو برادەرانەى خۆى ئەوانەى زووتر واسیتەیان بۆى كردبوو تا ببێت بەوەزیر، باسیان لەوە ئەكرد جەنابى سامى سەورە لەگەرەكى دۆلاراوە خەریكى خانوو كرین و دروستكردنە ، ئۆباڵ بەئەستۆى ئەوان چەند جار گوتویانە سامى لەو گەرەكەدا دوو خانووى هەیەو ، لەیەكێكَ لەگوندە ئەورپایەكانى هەولێریش خانووى تایبەتى و مودیل تازەى وەرگرتووە ، ئەیان وت لەیەك دوو گەڕەكى ترى هەولێریش چەند خانوویەكى كڕیوە بەو دزیەى لەوەزارت كردیەتى .
لەهەمووى غەریبترو عەنتیكەتر ئەوەیە بەم دوایانە پارتى دیموكراتى كوردستان لەبەر بێ كەسى خۆى ئەو زاتەى كردە سەرۆكى لیستى هاوپەیمانى كوردستان لەهەولێر ، كەچى هەر ئەو حزبە دیموكراتخوازەش بوو كاتى خۆى (سامى سەورە) ى لەسەر دزی و كارە گەندەڵییەكانى لەوەزارەتى رۆشنبیرى پاڵى پێوەناو تڕۆى كرد ، خۆشە ئەم ئەندام پەرلەمانەى تازەبابەتە بەنیازە لەمەودوا لەبەغدا دیفاع لەخەڵكى كوردستان بكات و داواى هەق و مافە خوراوەكانیان و مادەى 140 یان بۆ بكات ، دیارە پارتى ئەوەى لەبیرچووە كە سامى شۆرش لەبینا تازەكەى وەزارەتى ڕۆشنبیرى شەریكە دزبووەو پارەیەكى باشى لەبەڵێندەرەكەى ئەو بینایەتە دەستكەوتوە ، هەروەها هەمو حوكمەتى هەرێم ئەوە ئەزانێت كە جەنابى سەورە كە وەزیر بووە لەگەڵ كەسێكى كوردى عیراقى كە دەڵێن لەوڵاتى ئەڵمان دائەنیشێت ، رێكەوتووە بۆ ئەوەى مەكینەیەكی چاپ بۆ چاپخانەى وەزارەتى رۆشنبیرى بكڕێت و بێنێت ، ئەو كەسە بەڕێزەش دەستى خۆش بیت ناكاتە نامەردى ئامێرێكى پەك كەوتوى نیوداشى بۆ دەكڕێت و دێنێت ، وەك هەندێ لەكارمەندانى چاپخانە كە لەزۆر جێگە باسیان كردووە ، گوایە بەقەدەر پارەى كرینى ئامێرەكە پارە لەچاككردنەوەو رێكخستنەوەى خەرجكراوە تا بەئیش كەوتووە ، لەوەش غەریبترى ئەو زاتە دەڵێن لەوڵاتى ئەڵمانى ئەو دەزگایەى ئامێرەى چاپخانەیان لێى كڕیوە ، ویستویانە پارچەیەكى مەكینەكە فرێ بدەن ، دیارە لەو وڵاتەش ئەگەر بیانەوێ شتێك فرێ بدەن ئەبێ پارە بۆ ئەو كەسە خەرج بكەن كە كارى فرێدانەكەى پێدەسپێردرێت ، ئیتر كابراى كریار پیاوانە ئەو ئامێرە فرێدراوەش بۆ وەزارەت دینى و بەپارە لەسەر وەزارەتى رۆشنبیرى حیسابى ئەكات ، ئینجا ئەو كاك سامى سەوەرەیە زۆر تشتى لەوە زیاتریشى كردووە ، ئەگەر خوا تەمەنم بدات ئەوانیشتان بۆ دەگێرمەوە ، بۆ ئەوەى ئێوەو خەڵك و جەماوەرى كوردستان باشتر ئەو سامى شۆرشەى ئەندامى لەمەودواى پەرلەمانى عیراق بناسن ، چونكە ئەڵێن گوایە ئەو پیاوە باش و پاكە ئەبیتە نوێنەرى خەڵكى كوردستان و ، پاش ئەوەى لەرێگەى دزى و گەندەڵیەوە بەو پلەو پایەو پۆستانە گەیشتووە ، خوا بەخیرى بگێڕى بۆ خەڵكى كوردستان كە دزێكى وەك ئەم زاتە پیرۆزە نوێنەریان بێت ؟؟
سەردەمى فەلەكەدین كاكەیى و ، دزو گەندەڵەكانى وەزارەت :-
دواى یەكگرتنەوەى وەزارەت بۆ جارى دووەم جەنابى فەلەكەدین كاكەیى دەستى بەكاربوەوە ، حكومەت هەر زوو لەستافى ئیدارەى پێشوى سولەیمانى بریكارێك و چوار مودیر عام و ڕاوێژكارێكى بەرێزى ئیدارەى ئەولاى لابرد ، دوویان لەو مودیرعامانەى ئیدارەى هەولێریش كە وەك دابەستى تا ئەمرۆش لەپۆستە بێ دایەرەكانیان ماون ، پێموابى فەلەكەدین بۆ بێكارى ئەوانى هێشتەوەو وا بۆ زیاتر لەچوار ساڵیش ئەچێت ئەو دوو مودیر عامە بێ ئیشوكارە لەپۆستەكەیاندا بەردەوامن و هەموو شتیشیان لەجاران زیار بۆ كراوە ، كە ئەبوا ئەوانەش لەگەڵ برادرەكانى سولەیمانى لابردرابان ، ئینجا هەر زوو سەرنووسەرى گۆڤارى گوڵان فوئاد سدیق ناوێك بوو بەچەند بڕوبیانوویەك لابردراو ، لەجێگەى ئەویش مرۆڤە دڵســۆزەكەى پارتى و بارزانى و كوردو كوردستان زاتێكى دامێن پاك و دەنگ خۆش و موبارەكى وەك (شێرزاد عبدالرحمن) ى كوڕە بەوەفاو خۆشەویستەكەى (بابە ێدام و قادسیە بەدناوەكە) ى جاران لەجێى ئەو داندرا ، لەو كارەش ناقۆڵاتر زۆر باس لەوە ئەكرا كە جەنابى وەزیر كاروبارى راگەیاندنى نووسینگەى خۆیو وەزارەتى رۆشنبیرى بەئافرەتێكى ناودار ئەسپارد ، كە ئەڵێن ئێستاش لەو كارەیدا بەردەوامە ، ئەو زاتە بەڕێزە چەند ساڵان لەئەوروپا بووەو رەنگە ئیستاش مووچەى خێرات لەوێ وەربگرى و خوا نەیبڕى لەكوردستانیش فەرمانبەرە ، دواى ماوەیەكیش كاك سەلیمى پیاوە ماقولەكەى سامى سەورەى وەزیرى پێشان لەنووسینگەكەى وەزیر لابردراو ، فەرهاد كەكەیى كە خزمێكى جەنابى فەلەكەدین كاكەیى بوو هاتە جێى ئەو ، ئەو زاتە موبارەكەش وەك لەهەموو جێیەك باسى ئەكەن لەدوادوایى رۆژانى كۆتایى هاتنى پۆستەكەى فەلەكەدین كاكەیى لەئەنجامى سەفەرێكى چەند ڕۆژە بۆ دەرەوەى هەرێم لەگەڵ وەفدێكى وەزارەت كە ژنێكى سكرتێرەى لەگەڵ بووە ، فەزیحەیەكى ئابرو چوانەى لەگەڵ سكرتێرەكەى وەزیرەكەى خۆى لەوەزارەت خولقاندووەو، كە پاشان بۆتە مایەى ئەوەى میردى ئافرەتەكە لەژنەكەى خۆى جودا بیتەوەو ، كاك فەرهادیش بەناچارى مارەى بكاتەوەو ، دەست بەردارى هاوسەرەكەى پێشووى خۆشى ببێت 0
لەو ماوەى جەنابى فەلەكەدین كاكەیى لەپۆستەكەیدابوو ، چەند فەرمانبەرێكى وەك (محمدى سید قادرو ، بەهێز رواندزى و چەند راوێژكارەكى بێ ئیش و بێ تواناو بێ دەستەڵات و ، مودیر عامێكى دزو گەندەڵى وەك شاكر رۆژبەیانى كە پێشتریش دەركرابوو لەگەڵ مسعودى بەڕێوەبەرى یاساى ناو وەزارەت و كەسانى وەك بەكر مەعروفى شانۆكارو ، فایزەى هەردوو توركمانەكە (فایزەى مودیرى حیساباتى وەزارەت و ، ادیبەى مودیرى خۆیەتى) و چەند موهەندیسێكى نەزان و گەندەڵ ، لەگەڵ ژمارەیەك مودیر عامى گەندەڵ و نەزانى) لەدەورى خۆى كۆكردبوونەوە ، لەگەڵ ئەمانیشدا چەند فەرمانبەرێكى بۆ كارى رۆژنامەگەرى حزبەكەى تەفەروغ پێكردبوو ، وەك سەرنووسەرى ڕامان و ژمارەیەك لەوانەى هەر بەناو لەگۆڤارەكانى كاروان و هەنگ فۆلكۆر كاریان ئەكرد لەوانە هەندێكیان لەلقەكانى پارتیدا كاریان ئەكردو مانگانەش مووچەكانیان پێدەدرا .
ئینجا ئەو وەزیرە بەڕێزە پێش ئەوەى لەوەزیرى نەمێنێت ، بۆ ئەوەى لەدوا ڕۆژدا بەپیاوى باشناوى بینن ، ناونیشانى ژمارەیەك فەرمانبەرى گۆڕى بۆ وەزیفەى شارەزاو مودیرى تەفیزى و بەرێوەبەرى ئەقدەم ، وەك بەڕێوەبەرى حیساباتەكەى ناو وەزارەت و ، بەكر مەعروفى گەندەل و ، چەند خانمێكى سكرتێرى مودیر عامى وەزارەت و ، سكرتێرەكەى ئەوكاتى جەنابى وەزیریش ، بەچەند حەفتەیەكیش پێش دەست لەكار بەردانى كاكەیى لەزۆر جێ لە شارى هەولێر باس ئەوە ئەكرا كە دوو شارەزاى وەزارەت بەناوى (ئازاد عبدالواحد و شێرزاد عبدالرحمن) بەواستەى فەلەكەدین و بەداواى ئەو هەردوكیان بەپلەو مووچەى (ڕاوێژكار) خانەنشین كراون ، خۆ خانەنشینیەكە گرفتێك نیە بەلام غەڵەت و نادروستى كارەكە لەوەدایە بەگوێرەى یاسا نابێت ئەو دوو زاتە بەو پلەو پۆستە خانەنشین بكرێن ، شتى لەوە غەریب تریش ئەوەیە كە (شێرزادى بابە ێدام) ى جاران هەر لەجێى خۆى لەگۆڤارى هەرێم بەعقدو بەپارەیەكى باش دامەزراوەتەوە ، وەك ئەوەى ئەو زاتە بەڕێزە تامردن ئەم سەرنووسەریەى بۆ خۆى و بنەماڵەكەى تاپۆ كردبێت و دەستى لێبەرنەبێت ، بەگوێرەى یاساى وەزارەتیش كە لەلایەن سەرۆكى هەرێمەوە پەسندكراوە ، خانەنشـینكردنى ئەو دوو زاتە بەو پلەو مووچەی ڕاوێژكار غەڵەتێكى قانونى گەورەیە كە بەسەر ئەنجومەنى وەزیران و وەزراەت تێپەربوە ، لەبەر ئەوەى ئەو دوو زاتە ئەو بڕوانەمەى خوێندنیان نیە و موسەتەحەقى ئەو پلەو پایە نین و بەموخالەفە خانەنشین كراون ، خۆ ئەگەر كەسەكى زاناو شارەزا لەناو وەزارەت و ئەنجومەنى وەزیراندا هەبیت و بەو فەرمانە غەلەتەدا بچیتەوە ، ئەبێ موعامەلەى خانەنشینەكەیان هەڵوەشێننەوە هەموو مووچەو پاداشتى تەقاعودیش كە وەریان گرتووە لێیان وەربگیردرێتەوەو ، ئەو كەسانەش كە كارە غەڵەتەكەى كردووە ئەبێ سزا بدرێن .
زۆر بەداخەوە لەكوردستاندا ئەمە حاڵى وەزارەتێكە بەناوى وەزارەتى رۆشنبیرى كە لەتۆقى سەریەوە تا پەنجەكانى پێى و هەموو گیانى بویتە هەڵەو گەندەڵى و ساختەكاری ، ئیتر ئەبێ وەزیرێكى نەرمكارى وەك جەنابى كاوە محمود چ سیحرێكى ئیلاهى هەبێت و چۆن بتوانێت چارەسەرى پاشماوەى پەڕێزێكى پڕ لەدزى و ساختەكارى و گەندەڵى بكات ... مەگەر خواو ئەو فەلسەفەیەى پێى گۆشكراوە هاوكارى بن ، ئەگینا ئەبێ هەر زوو تەسلیم بەئەمرى واقیع بێت و ، وەك كابراى مومەسیلى عەرەب بۆ پاساو هێنانەوە ئەبێ هەر بڵێ (شاهید ماشاف شی حاگە) .... تا بەیەك گەیشتنەوەیەكى تر بەخواتان ئەسپێرم و خواى گەورە لەكارى دزى گەندەڵى بەدوورتان بگریت ..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە