رەفعەت هەڵەبجەیی

ئەندامی پێشووی ستافی کوردستانپۆست، رەفعەت هەڵەبجەیی سەر لە بەیانی رۆژی یەكشەممە، 07 / 06 /2020 بە نەخۆشی كۆرۆنا گیانی لەدەستدا.


ئایا کۆنگرەی چوارەم یەکێتی لەشکست ڕزگار دەکات؟

Monday, 14/10/2013, 12:00

1742 بینراوە










بۆ قەیرانی سیاسی وشکستی هەر حیزبێك کۆمەڵێك هۆکاری جیاجیا هەن تا ئەو هۆکارانە نەدۆزرێنەوەو چارەسەری بنەڕەتی بۆ نەکرێت مەحاڵە باس لە هەڵسانەوەوبوژانەوەی ئەو حیزبە بکرێت. یەکێتی نیشتمانی کوردسستان ئەو حیزبەیە کە لەدایک بووی ڕۆژی شکستە واتە یەکێتی نیشتمانی لە دوای ئاشبەتاڵی ١٩٧٥لەدایك بوو کە گەورەترین شکستی مێژوویی بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی گەلەکەمان بوو.
یەکێتی بەهۆی ئەو جەماوەرە شۆڕشگێرەو ئامانجە پیرۆزەی کە لەسەرەتای دروست بوونیەوە هەیبووە بەرگەی هەموو قیرانە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیانەی گرتووە کە لەڕابووردوودا بەسەریدا هاتوون و هەرکاتێك تووشی شکست هاتبێت بەزوترین کات لەماوەیەکی کورتدا لەجاران بەهێزتر هاتۆتەوە مەیدانی خەبات زیندووترین نمونەش کارەساتی هەکاری و گەلەکۆمەی ئێران و قیادە موقەتەی ساڵانی ١٩٧٩تا تا ساڵی ١٩٨٦. دواتر گەلە کۆمەی تورکیای فاشی و بنەماڵەی بارزانی بۆ سەر یەکێتی و پەکەکەو شەڕی سەپێنراوی ناوخۆی بنەماڵە بەسەر ئەو حیزبەدا،کەچی یەکێتی هەر ڕوولە هەڵکشان و بەهێزبوندا بوو. ئەی کەواتە بۆچی یەکێتی ئەم جارە شکستی خواردوو بۆچی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەرەو پوکانەوەو بێ هێز بوون دەچێت بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە وا بە درێژی هۆکارەکەی شی دەکەمەوە.
جارێ ئەگەر هەر سیاسیەك یان هەر ڕۆشنبیرێك پێ ی وابێت شکستەکانی یەکێتی نیشتمانی لەم هەڵبژاردنەی ئەمساڵدا دەستی پێکردووە ئەوا هەڵەیەکی گەورە دەکات. ئەگەر ڕاستگۆبین لەگەڵ جەماوەری کوردستان بە تایبەتی هی یەکێتی دەبێت ئەو ڕاستیە بزانین کەوا شکستەکانی یەکێتی لەدایک بووی پەیماننامەی ستراتیژین لەگەڵ دوژمنە سەر سەختە مێژوویی یەکەی کە بنەماڵەی بارزانیە
پێش هەموو شتێك دەبێت ئەو ڕاستیە بزانین کەوا گەورەترین کارەکتەری شکستی یەکێتی خودی تاڵەبانی بووە
تاڵەبانی لەدوای ڕوخانی ڕژێمی سەدامەوە وازی لەخەبات بۆ حیزبەکەی هێناوەو خەباتی بۆ مێژووی خۆی کردووە ئەویش بوون بەسەرۆك کۆماری عێراق ئەوە ڕاستیەکەو هیچ کەس ناتوانێت نکوڵی لێ بکات بەڵگەی زیندووشم لەبەر دەستدایە. تاڵەبانی لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ وە چووەتە بەغداو ئەوەندە بە تەنگ ڕێكخستنەوەو دروستکردنەوەی عێراقی نوێ وناوبژیوانی سەرانی سوننەو شیعەوە بووە ئەوندە بەتەنگ قەیرانی حیزبەکەی خۆیەوە نەبووە. چەندین جار ئەندامانی مەکتەبی سیاسی وسەرکردایەتی و کادیرە پێشکەتووە کانی یەکێتی ناڕەزایی خۆیان دەردەبڕی و گلەیی و گازندەکانی خۆیان دەگەیاندە تاڵەبانی دەربارەی قەیرانی ناو یەکێتی ئەمە جگە لەڕۆیشتنی گروپی جیاجیای ناو مەکتەبی سیاسی بۆ بەغداو ئاگادار کردنەوەی تاڵەبانی لە قەیران و گەندەڵی ناو ڕیزەکانی یەکێتی و بەشە حکومەتەکەیان لەگەڵ پارتیدا کەچی ئەو گوێ ی خۆی لێ دەخەواندو یان هەندێك جار بە گەڕانەوەی بۆ کوردستان و بە گرێدانی کۆبوونەوەو کۆنفرانس بە چەپڵە ڕێزان هەموو سەرکردایەتی و جەماوەری یەکێتی چەواشە دەکردوو بەڵێنی ساختەی چاکسازی بە کادیران و جەماوەری یەکێتی دەدا دوای چەند ڕۆژێك وەزعی یەکێتی لەجاران خراپتر دەبوو.
تاڵەبانی کە بووە سەرۆک کۆماری عێراق دەستی لە پۆستی سکرتێری یەکێتی هەڵنەگرت و دواتر جڵەوی حیزبەکەی لەناوخۆدا تەسلیم بە هەردوو جێگرەکەی کۆسرەت ڕەسوڵ و بەرهەم ساڵح کرد لە سەر ئاسستی حکومەتی هەرێمیش مەسعود بارزانی وەکو براگەورەی خۆی و بۆ دەسەڵاتی یەکەمی هەرێمی کوردستان قبوڵ کرد. بەداخەوە جێگرەکانی تاڵەبانی هەر زۆر زوو دەستیان دایە بازرگانی وپۆست وەرگرتن بۆ کەسە نزیکەکانی خۆیان و دەوروبەریان و بەم هۆیەشەوە کەوتنە ژێر کاریگەری سێکۆچکەی دەسەڵاتی بنەماڵەوە.
مەسعود بارزانی هەلی زێڕینی لەمە چاکتری بۆ نەدەڕەخسا کە تۆڵە لە دوژمنە دێرینەکەی بکاتەوە کەبووبووە هۆی چەندین شکستی یەك لەدوای یەکی شەڕی ناوخۆو بۆ پارتەکەی دواتر شەرمەزاکردنی پارتی لە ٣١ی ئابدا کە پەڵەیەکی ڕەشە بۆ مێژووی بنەماڵەی بارزانی.
سێکوچکەی دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی زۆر بە پەلە کاریان لەسەر لاواز بوونی یەکێتی کرد لە ئاست دابەش کردنی دەسەڵاتی هاوبەش یەکێتیان لە حیزبێکی شەریکەوە کردە حیزبێکی پاشکۆ بە جۆرێك تەنانەت لەکاتی دەسەڵاتی دکتۆر بەرهەم وەکو سەرۆکی وەزیران بە قەدەر کوڕەی بارزانی دەسەڵاتی نەبوو . پارتی لەماوەی ئەو چەند ساڵەی حکوم ڕانی بەناو هاوبەشەوە توانی سەرانی یەکێتی بە پارەو پشکی نەوت و کۆمپانیاوە سەرقاڵ بکات و خۆیشیان لەم لاوە کەوتنە هەڵکۆڵینی خاكی کوردستان و بەدەیان کۆمپانیای بینایان هێناوبوونە خاوەنی پرۆژەی نەوت و بەو پارەدزراوانەی کۆمپانیا نەوتیەکانی کەتەنها شیرینیەکانی ملیارەها دۆلارە کەوتنە خزمەت کردن و ئاوەدان کردنەوەی زۆنی زەردو واتە هەولێرو دهۆک و بەدەیان باڵەخانەی بەرزو گوندی مۆدێرن و جادەو ڕێگاو بانیان دروست کرد کە ئەمەش هەمووی بوو بە سەروەری بۆ پارتی بنەماڵە کە لەم هەڵبژاردنەی ٢١ی ئەیلول ڕەنگدانەوەی ئیجابی هەموو بۆ پارتی بنەماڵە.
یەکێتی نیشتمانی ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو لاوز بوون و کەناری مەرگ دەچووکەچی سەرکردەکانی خەریکی بازرگانی کردن و خۆ دەوڵەماندە کردن و مەجامەلەکردنی سەرانی بنەماڵەی بارزانی بوون بەجۆرێك لەکاتی تەواو بوونی ماوەی سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی ئەوەندە ئەندامانی مەکتەب سیاسی یەکێتی و ئەندام پەرلەمانەکانی بەجۆش و خرۆشەوە بوون بۆ درێژ کردنەوەی ماوەی سەرۆکایەوتیەکەی ئەوەندە خودی پارتی بە تەنگەوە نەبوون . کەچی لەم لاشەوە ئەندام کادیران و جەماوەری یەکێتی تەنها ڕ قو توڕەی خۆیان دەخواردەوەو هیچ دەسەڵاتێکیان بەرامبەر بە مەکتەب سیاسسی حیزبەکەیان نەبووبەڵام هەموو جەماوەرو دۆست و لایەنگرانی یەکێتی بۆ دەرفەتێك دەگەڕان کەوا تۆڵە لە سەرانی حیزبەکەیان بکەنەوە. هەڵبژاردن نزیك بوەوەو بانگەشە دەستی پێکرد کاك مەلا بەختیار لەهەموو بانگەشەکانداو بەتایبەت لەکۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکانیدا هەمیشە ئەو ووتەیەی دوبارە دەکردەوە ئێمە ڕاستە بەلیستی جیا دەچینە هەڵبژاردنەوە بەڵام دوای هەڵبژاردن لەگەڵ پارتی هاوپەیمانمان حکومەتی نوێ پێك دەهێنین یاخود لە کۆنگرەیەکەی تری ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ ووتەبێژەکەی پارتیدا دەڵێت با ئیتر هیچ تەم و مژێك لە ووتەکانماندا نەمێنن نە ئێمە بدیلی سەرۆك بارزانیمان هەیە بۆ سەرۆکایەتی هەرێم نە پارتیش بەدیلی سەرۆک مام جەلالیان هەیە بۆ سەرۆك کۆماری عێراق ئەمەش هێندەی تر جەماوەری یەکێتی توورەو ڕق ئەستور کرد بەرامبەر بە یەکێتی.
سەرانی یەکێتی لەکاتی هەڵبژاردندا لەجیاتی ئەوەی هەست و سۆزی ئەندامان و لایەنگرانی خۆیان ڕابگرن و بەو هەڵانەدا بچنەوە کە لە ٣٠ حوزەیراندا ئەنجامیان دا بۆ درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی هەموو ڕاگەیاندنەکانی خۆیان خستە گەڕ بۆ دژایەتی کردنی بزوتنەوەی گۆڕان و ئۆپۆزیسیۆن کەوتنە دروست کردنی شەڕی دەرونی لەگەڵ گۆڕاندا بەجۆرێك کەوا ڕۆژ نەبوو دەیان ئەندام و لایەنگری تۆراوی خۆیان نەهێننە سەر کەناڵەکانی تەلەفزیۆنەکانی خۆیان گوایا ئەمانە گۆڕانن و گەڕاونەتەوە ماڵە گەورەکەی یەکێتی.
کەچی هاوکێشەکە لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا پێچەوانە دەرچوو نەوەك هەر یەک ئەندامیش لەناو گۆڕاندا نەگەڕاوەتەوە ناو یەکێتی بگرە بەهەزاران ئەندام و لایەنگری حیزبەکەی خۆیشیان دەنگی بە بزوتنەوەی گۆڕان دابوو ئەمە جگە لەهەزاران پێشمەرگەو پۆلیسی یەکێتی و پارتی دەنگیان بە گۆڕان داوە.
سەرانی یەکێتی لە مامی گەورەیانەوە تەنها فێری تەکەتول و گۆچان وەشاندن و پینەو پەڕۆی کێشەکانی ناو حیزبەکەیان بوون تاڵەبانی نزیکەی ٣٨ ساڵە سکرتێری حیزبەکەیەتی نەیتوانیوەو نەیویستووە لەناو یەکێتیدا کەسێك بتوانێت جێگەی بگرێتەوە بەڵکو دەیەوێت بە مردوویش هەر سکرتێری یەکێتی بێت. ئەوەتا سەرانی یەکێتی نایشارنەوە کەوا ئەو شکستە هەمووی لەغیابی تاڵەبانیدا بووەو خەتای نەخۆش کەوتنی ئەوبوو یەکێتی کورسی کەمی هێنا ئیتر تۆزیك لۆژیکیانە بیر ناکەنەوە بڵێن باشە خۆ تاڵەبانی ئەگەر نەیشمردبێت هەر دەمرێت بەڵام خۆ نابێت دوای ئەو یەکێتی ئاشبەتاڵ بکات بەڵام ئەوان ڕاستیەکەی دەڵێن یەکێتی موڵکی تەنها تاڵەبانی و بنەماڵەکەیەتی بە نەمانی ئەو ئاشبەتاڵی لێ دەکەن و هەر گروپەو بەرەولایەك دەکشێت کۆنگرەی چوارەمی داهاتودا ئەو ڕاستیە بەدووچاوی خۆمان دەبینین .
سەرانی یەکێتی بە تایبەتی مەکتەبی سیاسی ئێستاشی لەگەڵدا بێت نایانەوێت بەرپرسیارێتی شکستی حیزبەکەیان لە ئەستۆ بگرن و هێشتا هەر باس لەسەر هاوپەیمانێتی دوژمنەکەیان دەکەن کە بەو چارەنوسە دژوارەی گەیاندوون دواتر ئەوان هەر باس لەڕۆڵ و کاریگەری سکرتێرەکەیان دەکەن کە دڵنیام لەم نزیکانەدا دەبێت چارەنووسی دیاری بکرێت ئەوەش ئەوەندەی تر یەکێتی بەرەو نوشوست و چۆکدادان دەبات. بۆیە بە بۆچونی من ئەوەی یەکێتی هەڵدەسێنێتەوە کۆنگرە نیە بەڵکو گوێ گرتنە لەجەماوەری یەکێتی کادیرە دڵسۆزەکانی نەوەکو موجامەلە کردنی پارتی هاوپەیمانیان.
بۆیە بە بەڕای من کۆنگرەی داهاتوو نەك هەر ناتوانێت ڕیفۆرم و چاکسازی بکات یەکێتی هەڵسێنێتەوەتەوەبەڵکو دەبێتە مێژووی کۆتایی یەکجارەکی یەکێتی چونکە سەرانی دەست ڕۆیشتووی ناو یەکێتی ناتوانن دەست لە بازرگانی کردن وپاشکۆیەتی کردنی بنەماڵەی بارزانی هەڵبگرن کە تەنها ڕێگاچارەیەکە بۆ زیندووکردنەوە بوژاندنەوەی یەکێتی نیشتمانی .


.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە