ئەتواندرێ توندوتیژى كەم بكرێتەوە!

Sunday, 22/01/2012, 12:00

1536 بینراوە


توندوتیژى بە درێژایى مێژووى مرۆڤایەتى هەر كاتێك لە بەرامبەر ئینسانەكان كرابێت نەك تەنها ئەو ئینسانانەى كە توندوتیژێكەیان لەبەرامبەردا بەكارهاتووە ناڕازیبوون لە دڵەوە ڕەتیان كردۆتەوە توندوتیژێكە بەڵكوو لە ناو مرۆڤەكانى كۆمەڵگەشدا بەپێى ئاستى گەشەى هۆشیارى ئینسانییان ئەم توندوتیژەیان ڕەتكردۆتەوە,ئەمەش بەهۆى بوونى هەستى ئینسانى لەلاى مرۆڤەكان.ئەگەرچى دەسەڵاتیشیان نەبووبێت بەڵام لە دڵەوە ڕەتیان كردۆتەوە.خودى ئەوانەى پەرچەكردارى توندوتیژ ئاراستەى مرۆڤەكانى بەرامبەر دەكەن ئەو مرۆڤانە سەر بە هەر بیروباوەڕێك و نەتەوە و ئایین و ڕەگەزو فەرهەنگ و كەلتورێك بن بە ئاشكرا بڕوابوون بە یاساكانى دیموكراسى و ئازادى و دادپەروەرى كۆمەڵایەتى ڕەتدەكەنەوە ئەگەرچى لەشكڵ و شێوازیشدا بانگەشەشى بۆ بكەن,چ لە ڕووى بانگەشە بۆ بنەماى هەر جۆرە ئاینێكەوەبێ یاخود بانگەشە بۆ هەر فكر و ئایدۆلۆجیایەكەوە بێت بەڵام لە ناوەڕۆكى سروشتى ئاكار و كرداریاندا پێچەوانەكەى بەرجەستە دەكەن لەگەڵ بەركەوتنى هەر جیاوازێكدا.لەبەرئەوەى ئەو مرۆڤانە بەرگەى كەمترین هەناسەى ئازادى ناگرن لە پۆست و قۆناغێكى دەسەڵاتى حكومى و جەماوەرى دابن خۆیان بەتێكشكاو دەبینن,هەتا بەرخود لەگەڵ ئەندامانى ناو خێزانەكەشى هەڵسوكەوتى غەیرى نۆرماڵ و ئاراستە بە سروشتى ئاكارى توندوتیژ پیادە دەكەن.هەر لەبەر ئەمەش زۆر لە ڕەخنەو گفتوگۆى كراوە دەترسن هەمیشە لەلایان لە هەر قۆناغێكى تەمەنى ڕێكخراوەیى یاخود كەسى دابیت پێیان وایە ڕەخنە گرتن لە هەر شتێك كە خۆیان بازنە و هێلى سوورى بۆ دەكێشن بە پێى تێڕوانینى سیاسییان و بۆچونەكانیان ,هەر ڕەخنە گرتنێك دەبێتە دەرچوون لەو بازنەیە كە خۆیان بەمەقەدەس و پیرۆزى فكرى و ئایینى و تێڕوانینەكانیان دەزانن,پێیان وایە دەبێتە هەنگاوێك بۆ ڕوخان و تێكشانى فكرى و سییاسییان هەر لەبەر ئەمەشە هەموو كات هەوڵدەدەن زۆرترین بەرنامەى كارى پلانى داهاتویان نهێنى بێت و مرۆڤەكانى كۆمەڵگا ئاشنا نەبن پێیان هەتا ئەو كاتەى خۆیان دەیانەوێت ئەمەش بۆ ئەوەى كەمترین قسەى لەسەر نەكرێت لەلایەن مرۆڤەكانى جیاواز بەخۆیان یاخود مرۆڤەكانى لە ئاستى خوارخۆیان لە ناو هەمان فكر و میتۆتدا .بەڵام خۆشبەختانەى شەپۆلەكانى جیهانى تازەگەرى و گەشەى ئازادى و دیموكراسى و چەسپاندنى زیاترى جۆرى چۆنایەتى مافەكانى مرۆڤ ئەم قۆناغ و ڕەوەندە داخراوەى تێپەراندووە لە زۆربەى وڵاتان و لە ووڵاتەكەى خۆشمان ئەستوورى دیوارەكەى باریك و تەنك كردووە لە هەندێ شوێنى بە ئاشكرا درزو كونى تێكەوتووە.بۆیە ئەوانەى لە چەسپاندنى ئازادى و مافەكانى مرۆڤ دەترسن جار بە جارێك لە هەوڵى بەڕێكخستنى شەپۆلى توندوتیژیدان بۆ ئەوەى لەمپەر لەبەردەم گەشەى ئازادى و چەسپاندنى مافە مەدەنییەكان دروست بكەن.ئەگەرچى جوڵانەوەى فەرهەنگ و كەلتورى توندوتیژى بەسەر تەنها یەك هێز و لایەن دابەش نابێت بەڵكو سەرجەم هێزو لایەنەكان بە حیزبە ئایینى و حیزبە ناسیۆنالیستەكان و حیزبەكان و خاوەن ئایین و فكرە جیاوازەكان و تاكى هاوڵاتیش بە پێى ڕێژەى بەرزى و نزمى نزیك بوونیان لە فكر و ئایدیاو میتۆد و ئەقڵى بەرنامەى كردارى داخراوییان لە ناو هەواداران و لایەنگرانیان ئەرزشى هەیە.بەڕێ كردنى ئەم هەلسوكەوتە توندوتیژێیە ئەوەندە ئاسان نییە كە تەنها بەنووسین یان بە قسە كۆتایى پێبێت بەڵكو تێ كۆشانێكى زۆر باشى دەوێت كەلە هەناویدا پشت بە فەلسەفەى مرۆڤ پەروەرى و ئازادیخوازى و یەكسانیخوازى ببەستێت ,بە قۆناغ بەندى هەنگاو بە پەخشكردنى بندرێت لە كۆمەڵگاى كوردستاندا.بەكارهێنانى لۆژیك و میتۆدى بەرخوردە ئینسانییەكان كە تێكەڵكێشبێت لە گەڵ ئاشتى و هاریكارى بۆ چارەسەرى كێشەكان هەنگاو بەهەنگاو داماڵێندرێ لەلایەن فەرهەنگ و مەعریفەى ووشكى كلاسیكى حیزبەكانەوە كە هەر یەكەیان بەجیا كار دەكەن بۆ داپۆشین و كۆنترۆڵكردنى سەرجەم تاكەكانى كۆمەڵگاى كوردستان. كە هەریەكە لە حیزبەكان ساڵانى ڕابردوو و ئێستاش لە سەر هەمان ستائیل هەڵسوڕانى سیاسى و حیزبییان دەكەن و دەیانە وێت هەریەكەیان هەر ئینسانێك بۆ خۆى تاپۆبكات و هەتا سەرجەم مرۆڤەكانى كۆمەڵگا و بیركردنەوەى هەموو ئینسانەكان بۆ خۆى كۆنترۆڵ بكات لە جیاتى ئەوان بیر بكاتەوە و ئەقڵیان كۆنترۆڵ بكات ئەمە لە سەر دەمى بەعسى فاشى هەبوو لەلایەن حیزبە كوردى یەكانیش هەبوو لە شێوازدا جیاواز بەڵام لە ئەفكارى ڕەوشتیاندا یەك ناوەرۆك بوو هەر بۆیە لە نێوان حیزبەكانى ئەوسا زۆرترین شەرى نێوانیان ڕوویدا كە بەشەڕى براكوژى ناولێندرا بۆ مێژووى كورد ,لە جیاتى بەهێزكردنى یەكێتى شۆڕگێڕى و ئۆپۆزیسیۆنى ئەوسا كەوتبوونە گیانى هێزى یەكتر ,بەگوللەكانیان وورگى یەكتریان هەڵدەدڕى .هەر بۆیە لە دواى ڕاپەڕینى 5-3-1991 كە حیزبە كوردى یەكان هاتنە شارەكان لە جیاتى بەشینەوەى نێرگز و گوڵى چیاكان و دەشتەكانى شوێنى تێكۆشانیان بەسەر خەڵكدا دابەش بكەن,بەڵام لە ژێر هەیمەنە و دەسەڵاتى ئەم حیزبە كوردییانە هەر چى دامودەزگاى حكومى و مەدەنى هەبوو تاڵانكرا و سووتا كە پێشتر هیچ بەرنامە و پلانێكى سەركەوتویان نەبوو بۆ دامەزراندن و توندوتۆڵكردنى بنەما و ئەركە كارگێڕێیەكانى دامەزراوەكانى حكومەت,بۆیە ئەم نەریتە نەخواستراوە كە دژى بەها جوانەكانى كوردبوو دەستى پێكرد, هەرچى خوێندنگە و نەخۆشخانەو دامودەگاكانى ترى مەدەنى تاڵانكرا و سووتان ڕێگاى پێدرا .بە ئاسانى و بوون بە خاوەن دەسەڵات و حكومەت بەڵام بەشێكى زۆر لە جۆرى ئەقڵێتى داخراو و شمولى كلاسیكى لەگەڵ خۆیاندا لە ناو بەرنامەى كردارى دەسەڵاتدارێتیاندا جێگیر كرد لە سەردەمى بەرەى كوردستانى دا ,گەشەى پێدرا , ووڵاتێك تازە گۆرانكارى بەسەردابیت و ڕاپەرَینى جەماوەرى ڕووبدات لە پاشان لە كوێى دونیادا هەبووە هێزە سیاسییە شۆڕشگێڕەكان خۆیان كەلوپەلى دامەزراوەى كارگێڕى كە دەستى كەوتووە كە مڵكى تەواوى خەڵكە بە ئاسانى كار بۆ چوونە دەرەوەى بكات بۆ ووڵاتانى تر ؟؟!! حیزبە كوردییەكان خۆیان دەستیان هەبوو و هاوكاربوون بۆ ئاودیوكردنى هەرچى كەلوپەلى گران باهاى بەنرخ وەكو شۆفڵ و ئۆتۆمبیلى بار هەڵگر و ئامێر و كەلوپەلو جهیازى زانستى و .........كە لە بوارەكانى كارگێرى ئیدارى و زانستى و ........هیتد سوودى لێوەردەگیرا بەڵام بە پارە فرۆشراو ئاودیوكرا بۆدەستى هەر دوو دەوڵەتى ئێران و توركیا.لێرەوە ژێر پێخستنى بەرژەوەندى گشتى و گەشەدان بە ڕەوتى تاڵان و دزى ڕێگەى پێدرا بە بیانوى جۆراوجۆرى ناتەندروست و نایاسایى.بە ئاسانى دەرگاكانى گەندەڵى و فەسادى كرانەوە بۆ ئەو مرۆڤانەى كە لە هەلێك دەگەڕان بە نایاسایى و ناشەرعى و نائینسانى سەرمایەى میللى بۆ خۆیان هەڵووشن لە ژێر ڕەشماڵى دەسەڵات وحكومەتى تازەدا.



پاش هەڵبژاردنى 1992 و لە دوایى سەرجەم هەڵبژاردنەكانیش لە ناو پێگەى دەسەڵاتدارێتى و بوارى كارگێرى ئیدارى ئەم فەرهەنگ و ئەقڵێتە داخراوە نشونما دەكرا بە ئاشكرا دەمە زەند دەكرایەوە لەلایەن هەندێ حزب و هێزە,زۆر محافیزكارانە باوەشێندەكرا لە بەرژەوەندى پاراستنى هەیمەنەى حیزبایەتى.لە ئەنجامى قبوڵونەكردنى جیاوازییەكان كە چەندین ساڵ پێشتر بە هەزارەها مرۆڤى شۆڕگێر خۆى بۆ كردۆتە قوربانى بۆ ئەوەى خەڵكى كوردستان بە ئازادى و ئاشتى پێكەوە ژیان بگوزەرێنێت بە شێوەیەكى دادپەروەرانە سوود لە سامانى ماددى و مەعنەوى ئەم كوردستانە بەبێ جیاوازى ئایینى و حیزبى و فكرى و ئایدۆلۆژى وەربگرێ بەڵام ئەم بیرۆكانە و فەلسەفە ئینسانییە تڕۆكران لەلایەن حیزبەكانەوە بەتایبەت ئەوانەى هێزیان زیاتربوو قبوڵى خوار خۆیان نە دەكرد كە جیاواز بەرخود و هەڵسوكەوت بكات.هەربۆیە لە كوردستاندا چەندین شەرى ناوخۆ هاتە كایەوە.هەر لایەك لە شەرەكە دەشكا بەرامبەرى هێزێكى هەبوو دەستى بەتاڵان و كارى توندوتیژى دەكرد بەڕاست و چەپى دا .ئەگەر كەمێك بیر بكەنەوە هەر یەكێك لە ئێوەى خوێنەر بە چەندین چیرۆكتان لایە كە هەموو چیرۆك و ڕوو داوەكان كۆبكەینەوە چەندین كتێب هەڵدەگرێت,كە زۆر ڕووداوو چیرۆكى دڵتەزێن بە واقیعى هاتۆتەكایە كە توندترین توندوتیژى و پێشێل كردنى مافەكانى مرۆف لە خۆ دەگرێت كە بەتایبەت لەلایەن (ى.ن.ك) و(پ.د.ك) و (حیزبە ئیسلامییەكان) هەڵسوڕێنەرى بوون .ئەو قۆناغەش چەندین ساڵى خەیاند كە بەسەردەمى شەڕى ناوخۆ و شەرى براكوژى ناولێندرا بۆ مێژوو.لەو سەردەمەدا ئەوەى بیرى لێنەدەكرایەوە چەسپاندنى یاساكانى مەدەنى و پاراستنى نرخ و بەهاى مرۆڤەكان بوو و پاراستنى ئازادییەكان بوو.خۆش بەختانە شەڕى ناوخۆ بە هەر شێوازێك بێت كۆتاپێهات.چەندین جار هەڵبژاردن كرا ,لە هەموو هەڵبژاردنەكاندا بەڵێنى زۆرى جۆراوجۆر بەخەڵك درا بەڵام كەم ترینیان لەو بەڵێنانە جێبەجێ نەدەكرا.تەدەخولى حیزبایەتى هەروەك مۆرانە كەوتە جەستەى كاروبارەكانى تایبەتمەند بە بوارى كارگێڕى و بەبوارى حكومەتدارى ,ڕۆژ دواى ڕۆژ و ساڵ دواى ساڵ خەڵك لە حكومەتى حیزبى بێزار و ناڕەزابوو.هەموو هەڵبژاردنێكیش بەڵێن بەخەڵك دەدرا حیزب لە حكومەت جیابكەنەوە و یاساكان مەدەنى بن بۆ هەمووان وەك یەك بن لە چەسپاندندا.حكومەتێكى یەكگرتوو دادەزرێت ,بەڵام چەندین هەڵبژاردن كرا زۆرترین لە بەڵێنەكان بوونە خەیاڵ و ئەفسانە بۆ چەسپاندنى یاساكان لە كوردستاندا.ئەم دروشمانە وەكو بڵقى سەرئاویان لێدەهات .خەڵك ڕۆژ بە ڕۆژ بێ ئومێدبوو لە حكومەتى كوردى .بۆیە لەناغى بەشێك لە مرۆڤەكانى دا ڕەشبینى پەرەى ستاند مەجال بەگەشەى بیرۆكەى توندڕەوانە زیاتردرا ,كاتێك نارەزایەتى لە بەشێك لە شارەكان سەرى هەڵدا كاتێك بەڵێنیان پێدەدرا و ئیهمال دەكرا لەلایەن هەیئەتى كارگێرى ناوچەكە یاخود دەسەڵاتى باڵاوە بۆ جارى تر ڕێپێوان و ناڕەزایەتییەكان ئەفكارى توندوتێژى تێدەكەوت نموونەش سووتانى مینۆمێنتى هەڵبجە و چوونە سەر معەتەى كارەباى چوارقورنە و سووتانى بەنزینخانەى ئاكرێ لەلایەن خەڵكەوە و چونە سەر پەروەردەى رانیە و .......و.......هیتد ئەمە لەساڵانى ڕابردوو بوو.هەر لە ساڵانى ڕابردووبوو كە لەلایەن بەشێك لەمەلاى مزگەوتەكانەوە كە بە ئاراستەى حیزبى و توندڕەوانە ووتارى ئایینیان دەدا تەنانەت زۆر ڕاشكاوانە فتواى كوشتن و خستنە دواى ناوناتۆرەى ناشیرن و نائینسانى لە دژى بیروباوەڕ و تیۆرەكانى ماركسیزم و لینیزم و كۆمۆنیزم و ئازادیخوازى و یەكسانیخوازى و مرۆڤ دۆستى و سیكۆلارستى لە منبەرەكانەوە بڵاودەكردەوە یاخود لە هەر شوێنێك بۆ یان كراباو گونجابا كاریان بۆ بڵاوكردنەوەى بیروباوەڕى توندڕەوەى دەدا تەنانەت زۆرێك لە مزگەوت و خوێندنگاكانى كوردستان ببوە هێلانەى دروستكردنى ئەم مرۆڤە خاوەن بۆچون و فكرە ئاینییە توندڕەوانە,لەلایەن حكومەت و یەكێتى نیشتمانى كوردستان و پارتى دیموكراتى كوردستانەوە پشتیوانیشان لێدەكرا و بەڵكو هەر سەركردەى ئەم كەسە توندڕەوانە لەلایەن سەرۆك و بەرپرسانى حكومى و حیزبى وەك یەكێتى و پارتى بە گەرمى پێشوازى لێدەكرا و بودجە و پارەیەكى زۆریشیان بۆ تەرخان دەكرا بەڵام هەموو هەوڵەكانى یەكێتى و پارتى دژایەتى هەر رەوتێكى مەدەنى و دیموكراتى و ئازادیخوازى و یەكسانیخوازى بوو بۆیە بە فرامۆش كردنى هەر جوڵەیەكى توندوتیژ و هەر ووتارێكى ئاراستە بوو بە توندوتیژ لەگەڵ نە چەسپاندنى یاساكان كە داكۆكى لە ئازادى و دیموكراسى و مافەكانى مرۆڤ دەكەن كەلەلایەن ئەو دەسەڵات و حكومەتەى كە خۆیان فرمانڕەوایەتى (یەكێتى و پارتى) دەكەن دانراوە و بانگەشەى بۆ دەكات بەڵام بەپێى بەرژەوەندى حیزبى لە كاركرن بۆ چەسپاندنى یاساكانى حكومەت چاوپۆشى دەكرێت.بە درێژایى چەندین ساڵ بە هەر فرامۆشكردنێك و كەمتەرخەمێك و گەندەڵێك كەلەلایەن بەرپرسە حكومى و حیزبییەكانەوە خوڵقاوە لەگەڵ ئەوەى چاوپۆشى لە خواردنى مافى كەسانى ترى ئەم كوردستانە كراوە لەهەمانكاتدا بۆتە هۆى كەڵەكەبون و زیادبوونى خەرمانەى بیروباوەڕى توندڕەوى و شۆڕبونەوەى بۆ ئاكارى جوڵەى كردارى زۆرێك لە ئینسانە سادەو سیڤیلەكان و هاوڵاتیان.لە قۆناغى ئێستادا كار گەیشتۆتە ئەوەى كە بە ووتارى یەك مەلا و چەند كەسێك ئەو ڕووداوەى سەرەتایى كانوونى یەكەمى2011 لە زاخۆ و دهۆك و .....هیتد چەندین شوێنى گەشتوگوزار و مەیخان و مەساج بسووتێن , لەگەڵ هەمان ڕووداو بارەگاكانى یەكگرتوویى ئیسلامى كوردستان بسووتێن.هەر دوو سوتانەكەش بە كۆمەڵ ئەنجامدراوە ,پاش چەند ڕۆژێك خوێندنگەیەكى ئایینى كە سەر بە وەزارەتى ئەوقافى حكومەتى هەرێمى كوردستانە بە شەو دەسوتێندرێت.لە ڕوو داوەكانى ڕابووردووش بارەگاكانى بزووتنەوەى گۆڕان سوتان و كەناڵى تەلەفیزیۆنى نالیا (NRT) سوتا كە هەتا ئێستا بكەرەكانى سەرجەم خوڵوقاندنى توندوتیژێیەكان و سووتانەكان بۆ خەڵكى كوردستان ئاشكرا نەبووە بە پێى یاسا بە ئاشكرا كەس سزا نەدراوە بۆ ڕاى گشتى ڕوونەكراوەتەوە.خودى ئیهمال كردن و چاوپۆشى كردن دەبێتە خوڵقاندنى توندوتیژى پڕكاریگەرتر و ماڵ وێرانتر بۆ خەڵكى كوردستان .بە شێوەیەكى گشتى دوو جۆر توندوتیژى هەیە هەر دوو جۆرەكەش لە كوردستاندا بە ڕێژەیەكى بەرچاو دەردەكەوێت, ئەوانیش توندوتیژى جەستەیى و توندوتیژى دەروونى....لە ناو ئەو توندوتیژیانەش توندوتیژى ئابوورى و توندوتیژى پەروەردەیى و تودنوتیژى خێزانى و توندوتیژى دژ بە ژنان و پیاوان و مناڵان و توندوتیژى سیاسى و ........هیتد ئەرزشى هەیە لە كوردستاندا .توندوتیژى كارو كردەوەیەكە بۆ كۆنترۆڵكردن و سەپاندنى دەسەڵات و بیروباوەڕى دەستەیەكە یاخود حیزبێكە یا كەسێك كە هەڵگرى جۆرێك لە تێڕوانینى توندوتیژن و ڕاوبۆچونە جیاوازەكان بەتەواوى دەسڕنەوە و قبوڵى ناكەن.لەبەرئەوەى پێشكەوتنى كۆمەڵایەتى و كرانەوەى كۆمەڵگا بەرەو دیموكراسى و شارەستانیبوون لە كوردستان بەرەو بەرجەستە بوون دەچێت لەلایەن ئاكار و سروشتى كردارى زۆرێك لە مرۆڤەكان هەربۆیەشە ئارامى و پێكەوەژیان بۆتە سەرەتاى بەرهەمەكەى بەڵام ئەم پێكەوەژیانە بە سەرجەم بوونى جیاوازییەكانەوە بەكەسانێكى گرێدراو بە فكر و ئایدیایەكى توندڕەوانە قبوڵناكرێت بە خوڵقاندن و دروستكردنى بەرچەكردارى توندڕەوانە نمایشى خۆى دەكات.خوڵقاندنى سەرجەم سووتانەكان هەوڵێكە بە ئاراستەى پەشێوى و نائارامى و خوڵقاندنى ترس و دڵەڕەوكێى كۆمەڵایەتى,نابووتكردنى كۆى كایەى پێكەوە ژیانە لە كوردستاندا.پێویستە حكومەت یاساییانە ڕێگرى بكات لە دروستبوون و هاتنەكایەوەى فاكتەرەكانى بەرهەمهێنانى ئایدیاى توندوتیژى ,روحى موتڵەقگەرایى و شمولییەت لە كوردستاندا نەهێڵێت و كارى لەسەربكات,ئەمەش بە گۆڕان لە سیستەمى حكومڕانى حیزبى بۆ گۆڕان بە سیستەمى حوكمدارى دامەزراوەیى موئەسەساتى بە چەسپاندنى یاساكان و بڵاوكردنەوەى هۆشیارى یاسایى و جۆرى مافەكانى مرۆڤ .كرانەوە بە ڕووى ئازادى و خۆشگوزەرانى ڕەخساندنى بەبێ جیاوازى بۆ سەرجەم تاكەكانى كۆمەڵگا و بە هێز كردنى بنەماكانى دادپەروەرى لە كوردستاندا.هەوڵدان بۆ زیاتر گرنگى دان بە خوێندن و پەروەردە لە ڕووى چۆنێتێ وە و گرنگى دان بە بنكەكانى نەهێشتنى نەخوێندەوارى بە بەرنامەى مەدەنى و زانستى سەردەمى بەتایبەت بۆ گوند و شوێنە دوورەكان لە شارەكان ,تا هەر تاكێكى كۆمەڵگا بتوانێت تێكەڵ بە ژیانى خەڵكانى تربن و لەداب و نەریتى یەكترى ئاشنابن.كردنەوەى كە ناڵێكى تەلەفیزیۆنى پەروەردەیى و دروستكردنى بەرنامەى تایبەت بەكاردانەوەى توندوتیژى وەرگرتنى سەرنجى پسپۆران و شارەزایان بۆ كەم كردنەوە و بنەبڕكردنى توندوتیژى لە كوردستانداچونكە مانەوە و نەشونما كردنى بیروباوەر و ئایدیاى توندڕەوانە نەك تەنها مەترسییە بۆ سەر بەشێك لە دامەزراوەكان كە ئاراستەى جیاوازییان هەیە لە ئاراشتو هەڵسورانى خۆیان بەڵكو لە هەمانكاتدا مانەوەى ئەم هێز و جوڵە تەوندڕەوانەیە دەبێتە هۆى مەترسى بۆ سەر سەرجەم جومگەكانى ئازادى و سیكۆلاریزم و سەرجەم كایە شارەستانییەكان و سەردەمییەكان و مافە جەوهەرییەكانى ئینسانەكان كە شایەستەیە پێیان لەم قۆناغەى گەشەى زانست و بەرجەستەكردنى دیموكراسى و مافەكانى مرۆڤدا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە