ئۆپەراسێۆنی دیجلە چی پێمان ووت

Sunday, 09/12/2012, 12:00

1316 بینراوە






خوێندنەوەیەك بۆ هەرێمی کوردستان لە دووتوێی هێرشێکی وەهمی یەوە

کایەی ترس لە سیاسەتدا لە دیدێکیدا ، دۆزینەوەی رێگاچارەیە بۆ خاڵە لاوازەکانی سیاسەتێك کە دە سەبەردەکرێ . ئەوکاتەی لەهاوكێشەیەكدا ترس درووست دەبێ لەسەر ئەو خاڵانەی کە رەنگە پاشەکشەت پێبکات لەو هەنگاوانەی کە بەرەو پێش ناوتە ، ئەوە ناچارت دەکات پێداچونەوە بەو خاڵانە بکەیت ،کە بونەتە مایەی ترس .
ئۆپەراسێۆنی دیجلە وەك رووباری دیجلە چۆن خاشاك وقورولیتە لە گەڵ خۆی رادەماڵێ ،هەر بەو چەشنەش چەنین ئومێدی درۆزنی لە هەرێمی کوردستان راماڵی و پەردەی لەسەر چەندین راستی جەرگبر واڵاکرد کە خەڵکی کوردستان وەك خەون و خەیاڵ هۆنیبویانەوە .
یەکێ لە سەرەکیترین راستی کە لە میانەی ئەو ئاڵۆزیی یە پەردەی لەسەر راماڵدرا ئەوە بوو کە ئەو هەرێمەی لەساڵەکانی دوای راپەرینەوە شێوە سەربەخۆییەكی بە خۆوە دیبوو ، کەوتبووە بەر هەرەشەی لەناوچوون ، ئەم هەرەشەیە تا چەند جدی بووە یان نا من باسی ئەوە ناکەم ، بەڵام قسەم لەسەر هەرەشەیەکە کە ووجودی هەیە و هەردەم لەبەردەماندایە .هێزێکی شیعەی بەهێز وهێزێکی سونەی بەهێز ، کە پاڵبشتن بە هێزی ئیقلیمی بە هێزتر و بڵاوترو هێزێکی دارایی وئابوریەکی زەبەلاحتر ،کە لەبێبەختی کورد هیچیان ئەوەندە دیموکراتخواز و ماف خواز نین کە بە مافە رەواکانی کورد وەك نەتەوەیەك بناسن
ئەم هەرەشەیە ،ئەوەی پیشانداین کە ئەو هێزە فووتێکراوەی کە لە میدیا زەبەلاحەکانی دەسەڵاتدا باس دەکرێ تەنها بۆ پرکردنەوەی راگەیاندنەکانەو ، بۆ چەواشەکردنی خەڵكی کورستانەو ختوکە دانی بەردەوامی هەستی کوردە . چونکە نە هێزێکی رێکخراوو بوو نە خەڵکیش ئومێدێکیان پێی بوو کە بتوانێ گیان وماڵیان بپارێزێ . ترسێکی کوشندە سەرتاسەری هەرێمی کوردستانی گرتببوەو تەمێکی خنکێنەر بوو بەسەر ئاسمانی ئارامی هەرێمەکەدا ، ئەو هەرێمەی پتر لە ملێونێ فەرمانبەری هەیەو ملیۆنێ بێکاری هەیە و دانیشتوانەکەشی نزیکەی چوار ملیۆنێك دەبێ ، ئەو هەرێمەی کە ئەو بەشە بودجەیەی لە بەغدادەوە بۆی دێ گەر برا ئەبێتە خاوەنی پتر لە دوو ملیۆن بێکار ،یان دەبێ وەك ساڵانی دوای راپەرینی نەوەت ویەك بەخۆبەخش یان سێ مانگ جارێ پارەکانیان وەربگرن .
لەوانەیە لە هەموو کات زیاتر ئەو دابران و قڵیشە ترسناکە زەقبوبێتەوە کە لەنێوان دەسەڵات وخەڵکدا هەیە ،دەسەڵاتێك کە تائێستا گۆیەکی نەبووە بۆ گۆگرتن و ئامرازێکیشی نەبووە بۆ خۆشەویست کردنی نیشتمان و سیاسەتی تۆران و رقی لە توێکانی زهنی مرۆڤی کوردی زەقتر کردۆتەوە ،ئەو مرۆڤانەی لە سیاسەتی بە بنەماڵەکردنی دەسەڵات وئابوری کوردستان و قۆرغکردنی پارەو پولی لەلایەن کەمینەیەکەوە ،رقیان زیاتر دەبێ ولە نیشتمان زیاتر دوور ئەکەونەوە لە زیاد بوندان و لە هەرایەکی وەك ئۆپەراسێۆنی دیجلەش کەنار دەگرن ، ئەم کەنار گیری یە دوروست کەری ئەو راستییەیە کە هیوایەك نەماوە بۆ هەستکردن بە ئازادی و وەك یەك ژیان و دادپەروەری . بەدوورکەوتنەوەی توێژێکی زیندووی گەل لە هاوکێشە نەتەوەیی و هانوکەییەکاندا ئەوەی ئەمێنێتەوە چەكدارێکە کە پارەت نەدایە ناتپارێزێ وبەئاسانی جێگۆرکێ دەکات .کورد لە هەرێمی کوردستان بەرامبەر هەر هێرشێکی دەرەکی و ئیقلیمی بێتوانایەو هێزی بەرپەرچدانەوەی نی یە ، ئەمە راستی یەکە ئەگەر تاڵێش بێت دەبێت دانی پێدابنێین .بەڵام لە گەڵ ئەم راستی یانەشدا ،دەبێ ئەوەمان لەیاد نەچێ کورد خاوەنی چی یە ؟. کورد خاوەنی کۆمەڵێ مانای قوربانی یە کە گەر وەبەر بهێندرێ دەکرێ ببێتە هێز ،کورد خاوەن هێزێکی ئەخلاقی گەورەیە کە لە نێوانی نەتەوەیەکی گەورەو بێقەوارەییدا خەتەگشتی یەکانی ئەنوسرێتەوە. کورد هێزێکی گەورەی هەیە کە هەڵقوڵاوە لە راستی بوونی نەتەوەیەکی چەند ملیۆنی خوازیار بە دەسەبەرکردنی مافی چارەی خۆنوسین و خۆبەرێوەبەر و قەوارەیەکی دیاریکراوو سنورێ،بەڵام لەوە گرنگ تر بە بروای من ئەوەیە ،ئەو هێزەی ئێستا لەهەرێمی کوردستاندا ئامادەیە تاچەند ئەتوانێ بروای بە دیموکراسییەت و مافی مرۆڤ و ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری وهێزی یاسا بێ و تا چەند دەستێوەرنادات لە دەسەڵاتی پەرلەمان و دەسەڵاتی یاسا ، گەر نا کورد دۆستێکی دورو نزیكی نی یە تا بیپارێزێ . ترسیش لە جیاتی ئەوەی پاڵنەرێکی پۆزەتیف بێ بۆ گۆرانکاری و بەدیموکراتیکردن و هەنگاو نان بۆ دۆزینەوەی پاڵپشتی بەهێز و پارێزەر ، دەبێتە نائارامی و بنچینەی کاولکردن .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە