لە وەڵامی کاک بەختیار شارەزووری و کاک هۆشمەند کەلاریدا

Saturday, 28/09/2013, 12:00

1884 بینراوە









لە بیرم دێت، لە شەستەکاندا، شێرکۆ بێکەس هاواری دەکردو دەیگووت:



لە کوردستان تۆمان هەبی بەسمانی

بۆ پێشەوە پێشمانکەوە بارزانی



ئێستا کاک هۆشمەند کەلاری، لە ووتارەکەیدا لە کوردستانپۆست، هەمان سروود بۆ نەوشیروان مستەفا دووبارە دەکاتەوەو هەروەک شێرکۆ بێکەس، هیوای ئەوە بە خەڵکی دەبەخشێت، نەوشیروان لە توانیدایە، بە ڕاویۆیەک و رۆژنامەیەک و تەلەفزیۆنێکەوە، جیهان بگۆڕێت. کاک بەختیار شارەزوورییش لە لای خۆیەوە، لە ووتارەکەیدا لە کوردستانپۆست، هیوای ئەوە دەبەخشێت بە خەڵکی کە گوایە گۆڕان، بە بەشداری کردن لە حکومەتی بنکە فراواندا، سەراپای جومگەکانی ئەم حکومەتە تووشی ئیفلیجیەکی گەورە دەکات.



با لە چاوەڕوانیدا بژین! بەپێی ئاگاداری ئێمەو تاقیکردنەوەکانی ژیانی ئەم پەنجا ساڵەی ڕابووردوو بە گشتی و ئەم دەیەیەی دوایی بەتایبەتی، هیچ لە داهاتوو ناگۆڕدرێت. تەنها گۆڕانێک کە ڕوویدا ئەوە بوو کە گۆڕان پارتی و یەکێتی لە مەترسی رزگار کرد، وە بە گەمەی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکان، گیانی کردەوە بەبەری ئەو دوو حیزبەدا کە دەستیان بەخوێنی هەزارەها سوورە، وە هەموو ئەو موڵک و سامانە دزراوەیشی بۆ حەڵال کردن کە خەڵکی بەردەوام لە تێکۆشاندا بوو بۆ سەندنەوەیان. یەکێتی و پارتی لە لێواری مردن نزیک دەبوونەوە. رۆژ بەڕۆژ جەماوەر، بە ڕێکخستنی بزووتنەوەکەی، هێرشێکی بەرفراوانتری بۆ سەر دامودەزگاکانی ئەو حیزبانە ئامادە دەکرد، تا لە دواییدا، پەلاماری بنکەو بارەگای پارتیانداو بە خوێن ڕشتنێکی زۆریش، کۆتایی هات. لە کەلارەوە تا دەربەندیخان و سەیدسادق و هەڵەبجە، لە سلێمانیەوە تا ڕانیە، خۆپیشاندانەکان، چڕتر دەبوونەوە، هێرشەکان توندتر دەبوون. وە لە کاتێکا کە تاکتیکی خەباتی شۆڕشگێری، خۆپیشاندان و شڵەقاندنی شەقامەکان بوو، ئا لەو کاتەدا، نەوشیروان مستەفا، بە گردێک و ١٠ ملیۆن دۆلاری یەکێتی و ٣٠ ملیۆن دۆلاری نەوتەوە، ڕادیۆیەک و رۆژنامەیەک و تەلەفزیۆنێکی دامەزراندو کەوتە پرۆپاگەندە بۆ بەهێزکردنەوەی تێکۆشانی پەرلەمانی و پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی لەگەڵ ئەوانەدا کە زمانیان زمانی گوولە بوو. ئەمە وەک ئەوەی گوایە پەرلەمان ئەوانی کەم بێت بۆیە وا ئیفلیجە. وە لە ڕاستیدا، بەر لەوەی نەوشیروان ڕێ لە گەشەی ئەو بزووتنەوەیە بگرێت، پارتی و یەکێتی ئیفلیج بووبوون. بۆیە ژیاندنەوەی پەرلەمان، ژیاندنەوەی ئەو دوو حیزبەبوو. وە لە کاتێکا کە نەوشیروان مستەفا، تەنها ئامانجی لەم هەرایە، دابەشکردنی سەرمایەو دەسەڵاتە لەگەڵ ئەو حیزبانەدا، ئەوا بۆ ئەو هیچ گرنگ نیە، خوێنی سەدانی تریش بچێتە سەر لافاوێک لە خوێنی خەڵکی کوردستان. نەوشیروان مستەفا، بە بزووتنەوەی گۆڕان، خەڵکی ئیفلیج کردو پەرلەمان و حیزبەکانی ژیاندەوە. بەشداری کردنی ئەو لە پەرلەماندا، تۆمارکردنی تێشکانێکی تری خەڵکی و سەرکەوتنێکی تری دەسەڵاتە. ئەمەیش تا ئەوکاتە دەخایەنێت کە بەزوویی، لە خەڵکی کوردستان ئاشکرا دەبێت، پەرلەمانچیەکان و دەسەڵاتخوازەکان، هیچ ناکۆکیەکیان نیە ناکۆکی ڕێژەی سامان و کورسیەکانی پەرلەمان و حکومەت نەبێت. هەرکات توانیان، وەک پارتی و یەکێتی، ئەو ڕێژەیە، برایانە دابەشبکەن، ئەوجا هیچ شتێک لە نێوانیاندا نامێنێت. ئیتر با ڕۆشنبیران، لەبری پێداویستیەکانی ڕۆژانەی ژیان، سروودی پیاوە خەیاڵیە کاریزمییەکان، دەرخواردی هەژارانی ئەم کۆمەڵگایە بدەن، ئەو هەژارانەی لە کەنارە دوورەکانی شارەکاندا بیر چوونەتەوەو ڕۆشنبیران، لە بری چارەسەری دەردە کۆمەڵایەتیەکانیان، گۆرانی و سروودیان بۆ دەڕازێننەوە، ئەو هەژارانەی کە هەمیشە هەروا بووە، لە ناکاوێکدا ئاسمان دادەگرنە سەر زەوی و بەو ڕۆشنبیرانە دەڵێن: چارەسەر بەشداری کردن نیە لە پەرلەمان و حکومەتدا، بەڵکو گۆڕینی سیستمی ئابووریە، ئەوەیش بە پیاوە کاریزمیەکان ناکرێت، بەڵکو بە شۆڕش دەکردێت. شۆڕش نەک بەشداری کردن لە حکومەتی بنکە تەسک و بنکە فراواندا، کۆمەڵگا دەگۆڕێت. تەلەفزیۆنەکەی گۆڕان، بۆ ڕێگرتن لەو شۆڕشە، دامەزراوە. بۆیە زۆر بەڵنیاییەوە، خەڵکی، لە ڕاپەڕینی داهاتوویدا، گردەکەی نەوشیروانیش، وەک گردەکەی دەباشان و سەری ڕەش، لە داگیرکاران دەسێنێتەوە.





نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە