سەڵاح مەزن (كاندیدى لیستى گۆڕان): دیار نییە كە پێگەى گۆڕان بەرەو لاوازى چوبێت, چونكە پێوانە كردنى بە جەماوەریبون

Sunday, 11/04/2010, 12:00

1631 بینراوە


سەڵاح مەزن (كاندیدى لیستى گۆڕان): دیار نییە كە پێگەى گۆڕان بەرەو لاوازى چوبێت, چونكە پێوانە كردنى بە جەماوەریبون , تەنها بە ئاكامەكانى هەلبژاردن پێوانە ناكرێت, لە كاتێكدا كە سەرجەم پڕۆسێسى هەلبژاردنو دەنگدان لە ژێر پرسیارو رەخنەدایە.

ئەگەر بەبەراوورد بەهەڵبژاردنی ساڵی رابردووی كوردستان، سەیری ئەم هەڵبژاردنەی رۆژی حەوتی ئازار بكەین، دەبینین لیستی گۆڕان لەرووی پێگەی جەماوەرییەوە بەرەو لاوازیی رۆیشتووە، تا ئەو ئەندازەیەی لەشارەكانی كەركووك، دیالە، موسڵ، دهۆك، نەیتوانی تەنیا یەك كورسیش بەدەستبهێنێت. بەبڕوای ئێوە هۆی ئەم پاشەكشەیەی لیستی گۆڕان بۆچی دەگەڕێتەوە؟.
دیار نییە كە پێگەى گۆڕان بەرەو لاوازى چوبێت, چونكە پێوانە كردنى بە جەماوەریبون , تەنها بە ئاكامەكانى هەلبژاردن پێوانە ناكرێت, لە كاتێكدا كە سەرجەم پڕۆسێسى هەلبژاردنو دەنگدان لە ژێر پرسیارو رەخنەدایە, چونكە هەڵبژاردن بە دور نەبو لە تەزویرو ساختەكارى, بۆیە ناتوانرێت بە وردى هێزو پێگەى جەماوەرى هیچ قەوارەیەكى سیاسى بزانرێت, تەنانەت بەوانەشەوە كە بە پەنابردن بۆ شێوازى جیاجیاى نادیموكراتىو ناشارستانى دەنگ بەدەستدێنن, گوایە سەركەوتنیان بە دەستهێناوە, با ئەو حیزبو قەوارانەى دەسەڵات, تەنها جارێك لە رێگاى دەنگى راستەقینەى خۆیانو بە شێوەیەكى شەفاف خۆیان تاقیبكەنەوە, ئەو دەمە دەزانن هێزو پێگەیان لە ناو خەڵكدا لە چ ئاستێكدایە, بۆ ئەوەى خۆیان باش بناسن , پێویستە ئەو تاقیكلردنەوەیە ئەنجام بدەن, ئەوە پێى ناڵێن پاشەكشە, بەڵكو بەهۆى نەبونى نەزاهەت لە هەلبژاردنو بەكارهێنانى تۆقاندنو توندوتیژى , بەكاربردنى پارەو پولى زۆر یان هۆكارو دامەزراوەكانى دەولەت بۆ ریكلامو هەڵمەتى هەلبژاردن , هەمو ئەوانە دەرفەتیان لەبەردەم لیستوقەوارەكانى دەرەوەى دەسەڵات بەرتەسك كردەوە, سەربارى رەوشى نائاسایى لە هەندێ شارو شارۆچكەى ناوچە دابڕاوەكان, هەروا بەشێكى دەگەڕێتەوە بۆ كەموكورىو تازە ئەزمونی لیستێكى وەك گۆڕان, لە نەبونى شارەزایى لە رێوشوێنە نوێیەكانى هەڵبژاردن, لاوازى ئاستى ئەنجامدانى هەڵمەتى هەلبژاردنو نەبونى میدیایەكى كاریگەر و هەمەڕەنگ, نەبونى دامەزراوەیەكى كارامەو شارەزاى هەڵبژاردن, كە بە پێى بەرنامەو داتاى ورد نەخشە بۆ ئامادەكارییە بەراییەكانو بەرپاكردنى هەڵمەتى هەلبژاردنو چاودێرى وردى قۆناغەكانى تۆماركردنى دەنگدەران , كاروبارى بنكەكانى دەنگدان, تا ژماردنو جیاكردنەوەى دەنگەكان بە وریاییو لە ئاستێكى بەرز جێبەجێ بكات و لەوردودرشتى كارەكانى كۆمسیۆنى وابەستە بەو هەلبژاردنە ئاگادارببێت, دواتر لە هەلبژاردنەدا, یەكیتى بە بەرنامەو گەرموگوڕییەكى پێشوەخت ئامادەكارى هەبوە, بەوەش ئەمجارەیان دۆستو لایەنگرە تەقلیدییەكانى یەكیتى دەنگیان بۆ كاندیدەكانى یەكیتى بوو بەڵام بەهۆى نەبونى بەرنامەى زیرەكانەى هونەرو تەكتیكى هەلبژاردنەوە بە قازانجى خۆیان نەبوو لە لیستى هاوپەیمانى كوردستاندا, دواتر لە هەر بازنەیەكى هەلبژاردنى عێرقو هەرێمى كوردستان بە كەركوكیشەوە , پارەو دەسەڵاتى جێبەجێكردن لە دەست كام لایەن بووە , ئەو لایەنە دەرفەتى زیاترى بۆ خۆى دروستكردوە, بەم پێیە چانسى دەنگ كۆكردنەوەى زیاترى هەبووە!! هەروا لیستى هاوپەیمانى هەندێ خاڵى هەڵقۆزتەوەو وەك دژە هەڵمەت لە بەرانبەر گۆڕان بەكاریهێنا , وەك ئەوەى كە لیستى گۆڕان دژ بە یەكدەنگىو یەك لیستى كورد بێ , یان كۆبونەوەو هەماهەنگى گۆڕان لەگەڵ جەبهەى توركمانىو حەدبا , ئەوانەو سەربارى خراپى رەوشى ئەمنى لە ناوچانەدا, جگە لە هۆكارى دیكەى پەیوەنددار بە شێوازى بەڕێوەچونى هەلبژاردن , ئەمجار كەموكورى خودى لە پشت كەمدەنگهێنانى لیستى گۆڕان بون, لە كەركوك, موسل, دیالەو ناوچە دابڕاوەكاندا, بۆ دهۆكیش , دیارە دهۆكو چەند جێگاى دیكەى كوردستان تا بە ئەمڕۆمان دەگات, تا رادەیەكى زۆر ناوچەى داخراون , بۆیە ناكرێ بڵێى بۆ ئەو لیستە كورسى نەهێناوە, راستە ئیسلامییەكان كورسیان هێناوە, بە بڕواى من بە هێزبونى لیستە ئیسلامییەكان زیاتر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە,كە لە بەرانبەر گوشارخستنە سەر گۆڕانەوە, دەرفەتیان وەرگرتوەو پێشوەچونیان وەدەستهێناوە.
هەندێك چاودێری سیاسیی لەو بڕوایەدان هۆكاری گەشەنەكردنی گۆڕان لەشارەكانی تری كوردستان و مانەوەی تەنیا لەسنووری ناوشاری سلێمانیدا، پابەندە بەوەی گۆڕان تەنیا وەك بەرهەڵستكارێكی یەكێتی مامەڵە دەكات. ئایا پێتوایە ئەم فاكتەرە كاریكردۆتە سەر گەشەنەكردنی گۆڕان بەتایبەت لەزۆنی پارتیدا؟.
ئەوەیان راستە, بە بڕواى من ململانێ لەگەڵ یەكێتى نابێ بكرێتە ئامانجى سەرەكى, ئەگەر چى جۆرێك لە كێشەى نێوان سەرانى گۆڕانو یەكێتى لە رابردوو ئێستا سەرچاوە دەگرێ, بە تایبەتیش لەو رەخنەو رەخنەكارییەى ئەو دواییەى نێوان هەردوو لا زیاتر ئاشكرا بوو, كە بووە هۆى رەخنەو ناڕەزایى بەشێكى زۆرى ئەندامو لایەنگرانى هەردوولا , تەنانەت راى گشتى بێلایەن, بەڵام بە گشتى بزوتنەوەى گۆڕان بە هەنگاوێكى ئازایانە خۆى لەوە رزگاركردوە, كە هاتوە بە ناو و فۆرمو بەرنامەیەكى نوێ خۆى دەناسێنێ, واتە سەرجەم ناوو دامەزراوەكانى دیكەى بۆ یەكێتى نیشتمانى جێهێشتوە, كەواتە گۆڕان شتێكى جیاوازە , ئەگەرچى لە مێژوى تێكۆشانو قوربانیدان شەریكە, بەڵام دروشمى رەشكردنەوەى یەكێتى بەرز نەكردۆتەوە, وێڕاى ئەوەى لە هەڵسوكەوتى رۆژانەو ركابەرى ئەو دواییەى هەڵبژاردن دەیەوێ بیسەلمێنێ كە لە سلێمانى ئەلتەرناتیفى یەكێتییە!! بەڵام لە هەولێر و دهۆك ئاراستەكە بە جۆرێكى دیكەیە , ئەوەش بۆتە جێى پرسیار,بە گشتى گۆڕان واى پیشاندەدا كە دەیەوێت بە شێوازی دیموكراسىو شارستانانە ململانێى سیاسى ئەنجام بدات, ئاخۆ چەند حزبە دەسەڵاتدارەكان ئەویان پێ قبول دەكرێت,دیارە گۆڕان لەسلێمانى پێگەى بە هێزترە, بۆیە دەتوانى زیاتر رووبەرووى گوشارەكان بێتەوە, دواتر كارى سیاسى بەرهەلستكارانە لە هەولێر و شكاندنى تەلیسمى ترس كارێكى ئاسان نەبوە, دیارە گۆڕان دەسپێشخەرى هەبوەو, دەسەڵاتیش رۆژ بە دوایى رۆژ ئەو راستییەى باشتر بۆ روون دەبێتەوە, كە بەكارهێنانى گوشارو توندو تیژى ئەنجامى باشى نابێت, ئەمجار گۆڕان ناتوانێ لە هەموو دوڤەرەكان بە یەك شێوازو نەبادا شێوازى روبەڕوبونەوە پێڕەو بكات, لەگەڵ ئەوەى پارتى دیموكراتى كوردستان دەرفەتى تەواو بە چالاكوانانى گۆڕان نادات, بەڵام گوشارو ئیجرائاتى توندیشى رەچاونەكردوە, وەك ئەوەى لە سایەى دەسەڵاتى یەكێتى یەكیتى نیشتمانى كوردستان رودەدات, دیارە بزوتنەوەى گۆڕان لەو بارودۆخە سود لەو رەوشە ئارامەى هەولێر وەردەگرێت, ئەگەر وانەبوایە نەیدەتوانى لە دوو پرۆسەى هەلبژاردن رۆڵى بەرچاو ببینێ, چونكە ململانێى دیموكراسىو ركابەرى سیاسى لەسەر دەسەڵات لە رێگاى سندوقەكانى دەنگدانەوە, پێویستى بە بارودۆخى ئاشتىو ئارامى سیاسى هەیە, بۆیە ئەگەر هەلبژاردنێكى پاكو شەفاف بەڕێوەچوبایەو نرخى راستەقینەى كورسى دیاربوایە, ئەوە زۆربەى لیستو قەوارەكان دەرفەتى بەشداربونیان لە پڕۆسەى سیاسى داهاتوى عێراق زیاتر بۆ دەرەخسا, بەڵام بە هۆى بەكارهێنانى دەنگى ساختەوە هەروەك (پارەى تەزویر) قیمەتى دەنگە راستەقینەكان بێبەها كەوت!! ئەوەش پێشێلكارییە لە بەرانبەر مافەكانى تاكو زیانەكانى كەمتر نییە لە گەندەلى سیاسى, دارایىو ئەخلاقییەوە.
بەبڕوای ئێوە بەملیشیا چوواندنی هێزی پێشمەرگە لەلایەن پەرلەمانتارێكی گۆڕان و دانیشتنی حەدبا و گۆڕان لەموسڵ، چەندە رۆڵی هەبووە لەكەمكردنەوەی رێژەی دەنگدەرانی لیستی گۆڕان؟.
ئەو بابەتانە وەك ریكلامى هەلبژاردن دژ بە لیستى گۆڕان بەكار هێنران, دەنا ئەوە یەكەمجار نییە , پێشمەرگە وەك میلیشیا یان پاسەوانى سنور بناسرێت , بەڵام بزوتنەوەى گۆڕان لەسەر زارى نەوشێروان مستەفا راشكاوانە لەو بارەیەوە هاتە وەڵامو هاوسەنگییەكەى راستكردەوەو دواتر بێدەنگیبون دروستبو, بۆ كۆبونەوەش لەگەڵ حەدبا , دیارە نوێنەرى گۆڕان یەكەم كەسو دوایین نابێ كە لەگەڵ حەدبا كۆبونەوەى كردبێ, مادام شێوازى تەوافوق لە شەراكەت لەگەڵ پێكهاتەكانى دیكەى عێراق بەشێوەیەكى گشتى پشتى پێدەبەسترێ, لە سیاسەتیش دۆستى تاسەرو دوژمنى تاسەر نییە, سەبارەت بە دانیشتنى نوێنەرى گۆڕان و حەدبا, لە وردەكارییەكانى ئاگادار نیمو نازانم روداوەكە چۆن بوە , هەر چۆنێ بێ تەوقیتەكەى خراب بوو, بۆیە هەلقۆزرایەوەو وەك ریكلامى هەلبژاردن دژ بە لیستى گۆران بەكار هێنرا, رەنگە لە جوگرافییەكى دیاریكراو و بە رێژەیەكى دیاریكراو هۆكار بێت بۆ نەهێنانى دەنگى پێویست, بەڵام هۆكارى دەنگ نەهێنانى وەك پێویستى لیستى گۆڕانو حزبو قەوارەكانى دیكە , سەربارى نائارامى رەوشى ئەمنىو مەترسى هێرشى عەرەبە شۆفینىو ئیسلامە توندڕەوەكان , هەروا لە سەرێكى دیكەوەش, زیاتر پەیوەندى بە كەمى ئەزمونو شارەزایى هەروا كەموكورى هونەرىو هەڵەى تاكتیكى ئەو حزبو قەوارانە هەبوە سەربارى ئەوەى كە تەزویرو ناشەفافیەتى هەلبژاردنەكە لە هەندێ شوێن هۆكاربووە, دیارە ژمارەیەك هۆكارى خودىو مەوزوعى كاریگەرییان هەبوە لەوەى گۆڕان وەك لێى چاوەڕوان دەكرا , كەچى دەنگى پێویستى نەهێنا.
دەوترێت گۆڕان بەهەمان شێوەی یەكێتی پێشوو، تووشی هەمان پەتای باڵباڵێن و كوتلەگەرایی بووە، ئەمەش رۆڵی هەبووە لە لاوازكردنی گۆڕان؟ بەبڕوای ئێوە ئایا كوتلەگەرایی و باڵباڵێن لەناو بزووتنەوەی گۆڕاندا هێندە كاریگەر و زەقە، گۆڕان لەسەرەتای رێگادا بەرەو كۆتاییەكی ترسناك ببات؟.
من لاى خۆمەوە , زۆر ئاگادارى بارودۆخى نێوخۆیىو وردەكارییەكانى نێو بزوتنەوەى گۆڕان نیمە, ئەوەنەبێ وەك كاندیدێك لە چوارچیوەى لیستى گۆڕان و لە ماوەیەكى كورتو لە ئاستێكى دیاریكراو هەڵسوكەوتم كردوە, هەستم بەو ململانێو باڵباڵێنە نەكردوە, هەبونى بیروبۆچونى جیاوازو جۆرێك لە رەخنە لەسەر شێوازى كاركردن ئەگەر هەشبوبێت , حالەتێكى تەندروستو ئاساییە , تەنانەت دەمبینى هێزى زیاترى بە دینامیكیەتى بزوتنەوەى گۆڕا, دەبەخشى, دوپاتیدەكەمەوە كە لە چوارچیوەى ركابەرى كارى سیاسى داهێنەرانەو خزمەت بە رەوتى گشتى گۆڕاندا ,جیاوازى بۆچونو بگرە ململانێى دیموكراسى و ركابەرى سیاسى وەك حالەتێكى پۆزەتیف هەشبێ ئاساییە.
یەكێتی نیشتمانی كوردستان رەخنەی ئەوە لەبزووتنەوەی گۆڕان دەگرێت، تەسفیە حیساب لەگەڵ حزبەكەی ئەوان دەكەن، ئەگەرنا گۆڕان بزووتنەوەیەكی گۆڕانخوازیی واقیعیی نییە. ئایا گۆڕان و سەركردەكانی، تەسفیە حسابی خۆیان لەگەڵ سەركردەكانی یەكێتی دەكەن، یاخۆ بەكردەوە گۆڕان بزووتنەوەیەكی ناڕەزایی و ئۆپۆزیسیۆنە بۆ وەرچەرخاندنی دۆخی كۆمەڵگە؟.
بە تێروانینى من گۆِران بۆ ئەمڕۆ دیارترین بزوتنەوەى ناڕەزایی سەر گۆڕەپانى كوردستانە , بەڵام هێشتا لە ژێر تاقیكردنەوەدایە, دواى هەلبژاردنى 7ى ئادار رەنگە هەندێ نیشانەو بەرەنجامى نوێ بە قازانج یان زیانى گۆڕان دەربكەون, پرسیار لەوەدایە ئاخۆ گۆڕان بۆى هەیە ببێتە ئەو بزوتنەوە خەڵكییە فراوانە كە دەربڕین لە خواستو ناڕەزایى گشت چینو توێژە كۆمەڵایەتىو پیشەییە جیاجیانا بە جیاوازى بیرو بۆچونى فیكرى, ئایینىو نەتەوەیى بكات, دیارە ئەوە ئەركێكى قورسە, ئەگەرچى زەمینە لەبارە بۆ دروستبونى ئەو بزوتنەوە ناڕەزاییەى خەڵك, چونكە بێزارى فراوانى خەڵك دەرهەق بە سیاسەتى نایەكسانى, ناعەدالەتى,گەندەلىو توندوتیژى دەسەڵات ئارادایە, كە لە بەرانبەر زۆربەى تاكەكانى كۆمەڵگە پێڕەوى دەكات , دیارە تا ئەو دەمەش گۆرَان توانیویتى خیتابى سیاسى سەرنجراكێش بۆ خۆى فۆرمۆلە بكات, هەروا تواناى ئەوەشى هەیە لە ئاییندەدا بەرنامەى سیاسى بۆ گۆڕنكارى لە بوارە جیاجیاكان دابڕێژێت, گەورەترین گرفتى گۆڕان لەو پێناوەدا, ئەوەیە ئاخۆ دەتوانێ دەسبەردارى میتۆدو شێوازى كاركردنى پێشوى ئەو سەركردەو كادریرانە بێت, كە لە ناو یەكیتى نیشتمانى كوردستان هاتونە , یان چۆن دەتوانێ جۆرێك لە هەماهەنگىو دەرفەتى یەكسان لە بەردەم گشت لایەك دروست بكات, ئایا گۆڕان دەتونێ سەرجەم رەنگە جیاوازەكانى نێو كۆمەڵگەى كوردستان بە جیاوازى بیرویۆچونى سیاسى , نەتەوەیى, ئایینىو..تاد.. لەخۆبگرێت, كە لە هەڵمەتى هەلبژاردن لە بەرانبەر كاندیدەكانى لیستەكەى خۆیداو بە بەراورد لەگەڵ لیستەكانى دیكە, نەیتوانى ستایلێكى نوێو داهێنەرانە بەرهەمبێنێ, بۆیە ئاساییە كە گومان لە عەقلیەتو میتۆدى كاركردنى گۆڕان هەبێت.
باس لەوە دەكرێت لەنێوان پارتی و گۆڕاندا رێككەوتن هەیە كە هیچ لایەكیان هێرش نەكەنە سەر یەكتر. با گریمانەی ئەوە دابنێین ئەو دەنگۆیە راستە، ئایا رێككەوتنی گۆڕان و پارتی سەرئەنجام بەبچووكبوونەوەی گۆڕان كۆتایی نایەت؟. ئایا ئەگەر رێككەوتنێكی وا هەبێت لەسەر حسابی تێكشكاندنی یەكێتی نییە؟.
ئەگەر رێككەوتنێكى لەو جۆرە هەبێت,نابێ نوێ بێت, بەلانى كەم لە سەروبەندى هەڵبژاردنى 25ى تەموز یان زوتر رویداوە, بادابنێین وایە, بەڵام پێچەوانەى پرسیارەكەتان گۆڕان لەو كاتەوە تا هەلبژاردنى 7ى ئادارى ئەو دواییە , لە جاران بە هێزترو فراوانتر بووە, هەروا لە هەڵمەتى هەلبژاردنى ئەو دواییەى لە چاو هی پێشو چالاكتر و هەمەڕەنگتر دەركەوت, رەنگە بۆ سەلماندنى پرسیارەكەتان ژمارەى ئەو دەنگانە بكرێتە پێوانە كە گوایە گۆڕان پاشەكشەى كردوە , بەڵام ئاكامى هەڵبژاردنى ئەو دواییە دەنگى راستەقینە نین بۆیە رەوا نییە كە هیچ لیستو قەوارەیەك بە رادەى ئەو دەنگانە پێوانە بكرێن, چونكە پرۆسەى هەلبژاردن دور بوە لە نەزاهەتو خاوێنى.
بەڵام گرەوەكە دوولایەنییە, ئەگەر رێككەوتن هەبێت, رەنگە گۆڕان سود لەو دەرفەتە وەربگرێتو خۆى كۆ بكاتەوەو دامەزراوەكانى خۆى پتەوتر بكات,كاتێ وەك هێزێكى كاریگەریش لە هەولێر دەردەكەوێت , پارتى ناچار دەبێ گۆڕان وەك هێزێكى سیاسى بناسێو پۆزەتیفانە هەلسوكەوتى لەگەڵ بكات.
لە لایەكى دیكەوە, لەوانەیە پارتى بە شێوازى خۆى لە هەولێر بەرنامەى ئەوەى هەبێ گۆڕان قوت بدات, بەڵام دەبێ ئەوە بزانین ئەمڕۆ دوێنێ نییە, قوتدانى هێزێكى وەك گۆڕان كارێكى ئاسان نییە , بۆیە بە تێڕوانینى من بۆ پارتى هەبونى گۆڕانێكى بە هێز لە سلێمانىودەركەوتنى وەك هێزێكى ئاسایىو تا ئەو رادەیەى خەتى سور نەبەزێنێ , لە هەولێر بە ئاسایی ببینێ, چونكە پارتى تەماشاى قورسایى سیاسى لە چەند ساڵى داهاتو لەو پەیوەندییەو لە چوارچیوەى ئەو هاوسەنگییەى سەرەوە تەماشا دەكات, بە تایبەتیش لە پەیوەندى بە دوارۆژى یەكێتىو سەركردایەتییەكەى, یان ئەو بۆشاییەى دواى نەوەى ئێستاى سەرانى یەكیتى سەرهەڵدەدات,دیارە پارتى كەسێكى لە نەوشێروان گونجاوتر بەدى ناكەن بۆشاییەكە پڕ بكاتەوە, ئەمجار بونى بزوتنەوەیەكى عیلمانى وەك گۆڕان چ لەلایەن ئەمەریكاو رۆژاوا یان لە لایەن پارتیشەوە, بە گونجاوى ببینرێ , هەرنەبێ بۆ لاوازكردنى گروپو بزوتنەوە ئیسلامیەكان, ئەگەرچى ئەو هاوكێشەیە لە هەلبژاردنى 7ى ئادار پێچەوانە دەركەوتبو, چونكە ئاكامە بەراییەكانى هەلبژاردن دەركەوتنى ئیسلامییەكان وەك هێزى سێیەمو بگرە دووەم لە هەندێ جێگا ئاشكرا دەكات, كە رەنگە لەبەر چەند هۆكارێك دەسەڵات چاوپۆشى لێكردبن.
هەلبەتە, ئەگەر بێتو رێككەوتنى لەو جۆرە هەبێت, كاریگەرى بۆ سەر یەكیتى دەبێت, بەڵام مەرج نییە ببێتە هۆى تێكشكانى یەكیتى , خۆ ئەگەر رێككەوتنى نهێنیش هەبێت , ئەوە درەنگ یان زوو كار لە پەیوەندى ستراتیژى نێوان پارتىو یەكێتى دەكاتو حەتمەن یەكیتى ناتوانێ لەبەر گوشارى ئەندامەكانى بێ هەڵویستى بنوێنێت.
پێشبینی ئەوە ناكەن دوای ئەوەی لەم هەڵبژاردنەدا یەكێتی تاراددەیەك هەستایەوە و سەركەوتنی مسۆگەر كرد، ژمارەیەكی دیكەی سەركردە و لایەنگرانی گۆڕان بۆ ناو یەكێتی بگەڕێنەوە؟. ئایا پێشبینی ئێوە بۆ داهاتووی گۆڕان چییە لەرووی گەشەكردن و پووكانەوەوە؟.
من ناتوانم پێشبینى لەو جۆرە بكەم, بەڵام یەكیتى لە هەندێ جێگا لە چاو هەلبژاردنى پێشو پێشكەوتنى بەدەستهێناوە , بەڵام چۆنو بە كام شێوازو ئامرازێكەوە, دیارە ئێرە بۆ ئەو باسە نییە,خۆ یەكێتى لە هەولێر گەر بە بەرنامەیەكى باشتر كاری بكردبایە, دەنگەكانى ئاوا بە فیرۆَ نەدەچون, بەدەر لەوە هەستدەكەم كە لە نێوان ئەندامو كایرانى مام ناوەندى یەكیتىو گۆڕان لێكنزیكبونەوەو لە یەكتر گەیشتن دروست بێت, هەمیشە لە دواى هەلبژاردنیش دەرهاویشتەى نوێ دروست دەبێت, ئەمجار بزوتنەوەى گۆڕان لە سلێمانىو دەرەوەى وڵات پوكانەوەى زەحمەتە, بەڵكو زیاتر گەشە دەكات, بۆ دەڤەرى دیكەى وەك هەولێرو دهۆكیش , دیارە پرۆسێسەكە بە شێنەیى دەڕواتو ئاسان نییە, ئەمجار گەر بێو بزوتنەوەى گۆڕان لە هەولێردا خۆى بە میكانیزمو ستایلێكى نوێو گونجاوى كاركردنئاشنا بكاتو خیتابى سیاسی خۆى بەردەوامو كاریگەرتر بكات , كە لە سەروبەندى هەلبژاردنیشدا زیاتر هەست بەو بۆشاییە دەكرا, دەنا لایەنگرى لە بزوتنەوەى گۆران لە لە نێو سەرجەم خەڵكى هەولێردا, نەباداش خەڵكى هەژارو فەرامۆشكراو هێزى هەیە,جگە لەوەى گۆڕان ژمارەیەك هەڵسوڕاوو كادیرى لێهاتوى تەقلیدى خۆى هەیە, سەربارى نوخبەیەكى ناڕەزا كە چ لە ناوەوە یان لە دەرەوەى بزوتنەوەكە بن, بونى بزوتنەوەیەكى وەك گۆڕان بۆ ئەمڕۆ بە پێویست دەبینن, دیارە ژمارەو قەبارەى ئەونوخبەیە , تەنانەت رادەى رەتكردنەوەو توڕەییان بە گوێرەى روداوەكان لەوانەش ئاكامى هەلبژاردنەكانەوە , هەلكشانو داكشان بە خۆیەوە ببینێت.
كێشەی سەرەكیی گۆڕان، كێشەی ناسنامەیە، چوونكە گۆڕان نە بزووتنەوەیەكی مەدەنی و نە حزبی سیاسییە و نە ئێستا كۆمپانیایەكیشە. ئایا ئەگەر گۆڕان هەروا بەبێ ناسنامەیەكی سیاسیی دیاریكراو بمێنێتەوە لەیەكێك لەكاركردەكانیدا نابێتە هۆی پووكانەوەو لەناوچوونی توانا و هێزی ئێستای ئەو جوڵانەوەیە؟.
بە بڕواى من گۆڕان بزوتنەویەكە خەریكە چواچیوەیەك بۆ خۆى پێكدێنێو ناسنامەیەك دیاریدەكات, پاشان ئەگەر بزوتنەوەیەكى سیاسیى نەبێ , ئەدى چۆن وەك دیارترین هێزى ئۆپۆزسیۆن لە دوو هەلبژاردنى چارەنوسسازدا, ئاوا بە دیمەن دەردەكەوێت, وەك دەردەكەوێ گۆڕان بزوتنەویەكى مەدەنى نارەزایى خەڵكەو نوێنەرایەتى بەشێكى هەستپێكراو لە چینو تویژە جیاجیاكان دەكات, كە بە بە شێوەیەكى گشتى بە خیتابێكى سیاسى ئاراستەكراو ,سیاسەتێكى میدیایى كاریگەر كاردەكات, هەروا خەباتى پەرلەمانى زیرەكانە تەوزیف دەكات بۆ هەماهەنگى لەگەڵ ناڕەزایىو داخوازییە رۆژانەییەكانى خەڵكو وادەكات ئەگەر بۆشایش لە خیتابى سیاسى هەبێت, پەرلەمانتارەكان پرى بكەنەوە,دیارە زانینى ئاستى پوكانەوە یان بە هێزبونى گۆڕان بەستراوەتەوە بە پێشوەچونەكانى سبەینێ , كە نەخشەى سیاسیی و میكانیزمى كاركردنى بزوتنەوەكە لە داهاتوى كوردستانو عێراق بڕیارى لەسەر دەدات, لەوانەیە بونى بە حیزب زیاتر لە چوارچیوەدانو بەرتەسككردنى بزوتنەوەكەى لێبكەوێتەوە, چونكە ئەو رەوشەى لە كوردستان لە ئارادایە , بە هەموو حساباتێك مەگەر تەنها بزوتنەوەیەكى سیاسى جەماوەرى دور لە چوارچیوەى تەسكى حزبایەتى دەروەستى بێت, ئەگەر راستت دەوێت , هەبونى هاوپەیمانێتى بە هێزى نێوان گشت هێزو گروپە سیاسییە بەرهەڵستكارە راستەقینەكان ل چوارچیوەى (بەرەى میللى بەرهەڵستكار) رەنگە كاریگەرى لە تاكە بزوتنەوەیەك زیاترى بەسەر روداوو بارودۆخەكە هەبێت .
--------------------------
سەڵاح مەزن
+ نوسەرو رۆژنامەوان
+ لە ساڵى 1961 لە شارى هەولێر لە دایكبوە.
+ پێشتر سەرپەرشتیارى ناوەندى چاك كوردستان بوە,
+ئێستا سەرۆكى سەنتەرى داهێنى كولتورییە.
+ كاندیدى لیستى گۆڕان بۆ هەلبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق.
گۆڤاری نێوەند ــ ژمارە 73

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە