کاک نەوشیروان مستەفا چۆن لە فەسادیی و پیسخۆری گەیشتووە؟!

Wednesday, 05/03/2014, 12:00

2206 بینراوە


کارگه‌ی چیمه‌نتۆ قازانجێکی زۆر و مسۆگه‌ری هه‌یه‌، به‌ڵام ده‌بێت ده‌سه‌ڵات مۆڵه‌ت بدات به‌و که‌سه‌ی، که‌ کارگه‌که‌ ده‌کاته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌وانه‌ی دۆستایەتیی و نزیکایەتییان هەیە لە دەسەڵاتەوە، به‌بێ ئه‌وه‌ی پاره‌ بده‌ن، یان به‌ بێ ئه‌وه‌ی خۆیان ماندو بکه‌ن، ده‌توانن موڵه‌ته‌که‌ وه‌ربگرن و ئه‌وانه‌ی پاره‌داریشن مۆڵەتەکە دەکڕنەوە و پشکێک لە موڵکی ئەو کارگەیە دەدەن به‌و کەسه‌ی مۆڵه‌ته‌که‌ی وەرگرتووە.
فاروقی مه‌لا مسته‌فا له‌ چاوپێکه‌وتنه‌که‌یدا باس له‌وه‌ ده‌کات، که‌ کارگه‌یه‌ک بۆ مۆڵه‌تێکی نه‌وشیروان مسته‌فا دروست ده‌کات به‌ رێژه‌ی 16% بۆ نەوشیروان دەبێت، لایه‌نی که‌م ئەو پشکەی نەوشیروان مستەفا‌ بایی 50 ملیۆن دۆلاره‌. دیاره‌ ئه‌م مۆڵه‌ته‌ش له‌ جه‌لال تاڵه‌بانی وه‌رگیراوه، چونکە تەنها جەلال تالەبانی دەسەڵاتی پێدانی ئەو مۆڵەتەی هەبووە.
بزووتنەوەی گۆڕان و سەرکردەکەی کاتێک بانگەشەی بزووتنەوەکەیان کرد، وتیان:
*  ئێمە بۆ ئەوە هاتووین کە گەندەڵیی و بەرەڵایی ئیداریی و داگیرکردنی موڵکی هاوڵاتیان و گشتی نەهێڵین.
* بۆ ئەوە هاتووین و ئەم بزووتنەوەیەمان دروست کردووە، کە سامانی وڵات بە فیڕۆ نەدرێت و بودجە ئاشکرا بێت و هەموو هاوڵاتییەک بەشی خۆی لەو بودجەیەدا هەبێت.
* بزووتنەوەی گۆڕان و نەوشیروان مستەفا زۆر رقیان لە ژوورە تاریکەکان بوو، کە کۆبوونەوە و دانوساندنی تێدا دەکرا، بەردەوام باسی ئەو مێزانەیان دەکرد، کە بەرپرسەکان لە ژێرەوە دەست بۆ یەکتر درێژ دەکەن، تەوقە و مامەڵەی سیاسیی دەکەن، بێ ئەوەی بزانرێت لە ژێرەوە لەسەر چی رێککەوتوون و چی بۆ یەکتر مۆر دەکەن.
* کاک نەوشیروان هەمیشە باسی لەوە دەکرد، کە نابێت هیچ شتێک لە خەڵکی بشاردرێتەوە.
* کاک نەوشیروان و بزووتنەوەکەی ئەم قسە و پروپاگەندانەیان تەنها بۆ ئەوە بوو، تا متمانە پەیدا بکەن، ببن بە حیزب و دەنگیان هەبێت، کاتێکیش بە ئاواتی خۆیان گەیشتن، کورسیان لەناو پەرلەماندا هێنا، ئیتر پشتیان کردە خەڵکی و ئەم رەخنەیەی کە منیش ئیستا لێیان دەگرم، بە ئاستەم کاریان تیناکات و ختوکەشیان پێی نایەت، چونکە ئەوەی ویستیان پێی گەیشتن و بە ئامرازی خۆیان گەیشتن، بەڵام ئەو لێدوان گفتوگۆیەی کە لەگەڵ فاروقی مۆڵتی ملیاردنێردا کراوە، ئەوە هەڵدەگرێت، ئەم پرسیارە لە کاک نەوشیروان بکەین و بپرسین:
- ئایا ئەو پشکەی کە لە کارگەی چیمەنتۆکەدا بە بێ ماندووبوون و ئارەقی نێوچەوان دەستان کەوتووە، ئه‌مه‌ فه‌ساد و پیسخۆریی نییه‌، پێی هەڵساون؟ چونکه‌ ئه‌مه‌ به‌کارهێنانی ده‌سه‌ڵاته‌ بۆ مه‌به‌ستی شه‌خسی خۆتان!
- ئایا ئه‌ندامانی گۆڕان و گۆرانخوازەکان به‌رامبه‌ر به‌مه‌ قسه‌ ده‌که‌ن؟ یان ئه‌وانیش وه‌کو ئەندامی پارته‌کانی تر خۆیانی لێ گێل ده‌که‌ن؟
لە چاوپێککەوتنەکەی فاروقی مەلا مستەفادا، بە ئاشکرا ددان بەوەدا دەنێت، کە 16%ی ئەو گارگەیە خاوەنەکەی نەوشیروان مستەفایە (دەزگای وشە/ کە خاوەنەکەی نەوشیروان مستەفایە، نەک بزووتنەوەی گۆڕان) ئەمەش کاتی خۆی کوردستانپۆست پێش هەموو راگەیاندنێک ئاشکرای کرد! واتە سەرۆکی بزووتنەوەی گۆران، بەبێ ئەوەی جوڵابێتەوە و کارێکی کردبێت، یان ئارەقی بۆ رشتبێت، پارەیەکی مفتی کارەگەیەک دەخاتە تەنکەی گیرفانیەوە.
تێبینی: پاش بڵاوکردنەوەی ئەم نووسینە، یەکێک لە فەیس بوکدا سەرنجێکی نووسیوە، گوایە ئەو پشکە هی نەوشیروان نییە، بەڵکو پشکی دەزگای وشەیە، لێرەدا بە باشمزانی وەڵامی ئەو بەڕێزە بدەمەوە، کە مۆڵەتی دەزگای وشە، بەناوی نەوشیروان مستەفاوەیە، منیش دەڵێم، ئەو شوێنە بەناوی کۆمپانیای وشەوە تۆمار کراوە، کۆمپانیاش خاوەنەکەی نەوشیروان مستەفایە، واتە موڵکی خۆیەتی، نەک رێکخراو و بزووتنەوە و حیزبێک. کەوابوو پشکی کارگەی جگەرەکەش، هەر کاک نەوشیروانە.
دیمانەکەی فاروقی مەلا مستەفا
بەشی یەکەم
http://rudaw.net/sorani/interview/18022014
بەشی دووەم:
http://rudaw.net/sorani/kurdistan/2002201417

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە