هەرێمی کوردستان لە دوبەیەوە بۆ یابان بوون

Monday, 31/12/2012, 12:00

1417 بینراوە





سادەترین پێناسە بۆ داهێنان لەوانەیە ئەوەبێ کە ئەنجام دانی کارێکە کە تاکو ئێستا کەسێکی تر نەیکردبێ یان بیری لێنەکردبێتەوە. بەدەر لەوەی زیاتر رۆچینە ناو پێناسەکردنەکانی تر کە هەن و هەندێ فۆرمی جیاواز ئەبەخشن بە داهێنان وداهێنەر.
دەسەڵاتی بە زۆر سەپاوو لە هەرێمی کوردستان کە نەیانتوانی هەرێمەکەمان بۆ بکات بە دوبەی و لە جیاتی دوبەی هێدی هێدی کردیان بە سۆماڵ و ئەڤگانستان ،ئێستا بەتەمان بیکەن بە یابان و بگرە لە یابانیش پر داهێنەرتر .دەبوا ناوی وەزارەتی رۆشنبیری یەکەم ناو بوایە لەسەر لیستی داهێنەرەکاندا ،چونکە بەراستی داهێنانێکی گەورەی کردوە بە ریزکردنی ناوی ئەو هەموو داهێنەرانە .
ئەم بابەتە هێندە جەرگبرە تاکو ئەو جێییەی مەحاڵ بێت بەجدی بروانیتە هەوڵەکە ، ئەوەندەش پێکەنیناوییە کە تەنها یەك کۆنتۆ لە هەگبەی مەزاجا نابینین تا پێبکەنین ، ئەمە ئەو پەری عەبەسییەتە بەڵام بە خراپترین شێوەی . بەراستی من نازانم بەکام پێوەر ئەم لیستی داهێنانەیان ریزکردووە ،بەڵام ئەوەی دەزانم لە ژێر ناوی داهێنەر کۆکردنەوەی ئەم کۆمەڵە خەڵکە هەم کارەساتەو هەم بێ مانا یە . رەنگە لە هەموو دنیا ئەمە یەکەم جار بێ شتی وا رووبدات ،خۆ ئەگەر مەسەلەکە تەنها یارمەتی دان و دەست خۆشی و پشتگیری بێت ،ئەوە نە پێویستی بەداتاشینی ئەو نازناوە دەکرد و نە پرکردنەوەی فۆرم لەلایەن خۆیانەوە .
بەهەر حاڵ زۆر ناوی تر ماوە کە دەبوا لە پێشی پێشەوەی ئەو لیستە بچوکەیابوایە و دەکرا نەك هەر مرۆڤ بەڵکو دەزگای حکومی و حزبیشی تیابوایە . بۆ نمونە دەبوا ناوی حکومەتی هەرێم لە دوای وەزارەتی رۆشنبیرییەوە بوایە چونکە زۆرترین خەڵکی دامەزراندووە لە دنیای دامەزراندن و دەم بەست کردنی کۆمەڵگا بە پارەی زۆری دامەزراندن و چاوپۆشی کردن لە گەورەترین گەندەڵی لە مێژوودا هۆیەکی تر بوو بۆ دانانی ناوی لە لیستەکەدا ، برواناکەم لە هیچ شوێنێکی ئەم دنیایە دامەزراندنی بێ بەرهەمی لەم چەشنە هەبێ . هەر وەها دەبوا ناوی سەرجەم وەزارەت و بەتایبەتیش ناوی پەرلەمانیشی تیابوایە چونکە داهێنانیان لە بێگۆیی کردووە .
گۆێنەگرتن لە کۆمەڵگاو نەبینی دارزان و داتەپینی کۆمەڵگا ئەو پەری داهێنانە لە دەسەڵاتێکی خۆماڵی دوای دەیان سەدە ژێر دەستەیی و بێووڵاتی ، دەبوا ناوی ئەو دەزگا راگەیاندنانەیان تێبوایە کە حزبەکان هەڵیدەسورێنن بۆ داهێنانی دەیان رێگا ی بە گێلکردن و بە بێمۆراڵ کردن و گواستنەوەی هاووڵاتی بۆ سنوری هاولاتی یان دۆزینەوەی پرۆسێسی کردنی هاووڵاتی بە کەسی لات و بێتوانا و پەکەوتە .یان لەوانەیە وەزارەتی رۆشەنبیری ئێمایلی حیزبەکەیانیان بە هەڵە خوێندبێتەوە ئەو ووتوبوی رێزیان لێبگرن و ئەم کەسانە وەك داهێنەر وان کەچی ئەمان بە داهێنەر ناویان بردوون و ئێستاش سوار بوون عەیبێك و دابەزین دوو عەیب . ئەگەر کوردستان خاوەن شەشسەت و نەوەت داهێنەر بێ بەکەمەوە ،ئەی بۆ ئێستاش کەشك بە ئەژنۆ دەشكێنین .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە