نازانم چۆن زیندو ماوین!

Monday, 27/02/2012, 12:00

1587 بینراوە






 
- خەباتگێر ئەو كەسەنیە بڵێت ئەو ڕوبارە پیسە، بەڵكو خەباتگێر ئەو كەسەیە كەهەوڵى پاككردنەوەى ڕوبارەكە بدات.
 رۆس بێرد



- ژیانى ئەمڕۆى مرۆڤایەتى لەسەر سێ كوچكەى بەرژەوەندى، هێز، ساختە، بنیات نراوە.

تەنها ئەم چوار هەواڵە ترسناك و تۆقێنەرە بخوێنەرەوە كە ڕاگەیاندنەكان بڵاویان كردۆتەوە!

1- لەكۆگای كارگەیەكى دەرمان لە شارى هەولێردا دەستگیرا بەسەر سێ تەن و نیو دەرمانى ساختەى بێ هۆشكەر.
2- لەماوەى ساڵى (2011)دا لە هەرێمى كوردستان دەستگیراوە بەسەر 16555 تەن خۆراكى بەسەرچودا.
3- وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى ڕایگەیاند لە نەخۆشخانەى لەیلا قاسم لە شارى هەولێر دەستیان گرتوە بەسەر 600 پارچە لە دەرزى ئەنسۆلینى بێ كەڵك.
4- لە شەوەى 8\9 ى ئەم مانگەدا لە شارى ڕانیە دەستگیراوە بەسەر 10 تەن لە دەرمانى ساختە كە لە دوبەیەوە هێنرابویە بەغدا و لە وێشەوە بۆ كەركوك و ئینجا هێنرابویە شارى ڕانیە.

گەلۆ ئێمە لە هەرێمێكداین كە دانیشتوانەكەى نزیكەى چوار ملیۆن كەس و تەنها سێ پارێزگاشمان لە ژێر دەستدایە، مەبەستم ڕێژەى دانیشتوان و سنورى جوگرافیا كەشى هێندە زۆر و فران نیە كە تواناى كۆنترۆڵ كردنى ئاستەم بێت و هیچ سنورێكى كراوەشى نیە ،واتە هەمو سنورەكانى لە ژێر كۆنترۆڵى حكومەتى هەرێمدایە، دەسەڵاتیش خاوەنى هەمو جۆرە هێز و یاسا و ڕاگەیاندن و دەزگا و ناوەند و سەنتەر و تەكنەلۆژیایەكى سەردەمیانەیە بۆ ئیدارە كردنى وڵات، ئیتر دەركەوتن و ئاشكرا بونى ئەو ڕێژە ئابڕو بەرانە لە خۆراكى بەسەرچو و دەرمانى بێ كەڵك لە هاتنە ناو بازاڕ و كۆگا و تەنانەت نەخۆشخانەكانی حكومەتیش بۆ؟؟؟

لەمەڕ ئەو چوار هەواڵە من لە دەسەڵات دەپرسم؟
- خاوەنى كارگە و دەرمانەكە كێ بو؟
- ئەو دەرمانەیە بۆچى هەڵگیرابون؟
- ئەو مادانە لە چ سنورێكەوە و چۆن هاوردە كرابون؟
- لەكوێ ساغ دەكرانەوە؟
- چەند دكتۆر بڕوانامە لێ وەرگیرایەوە؟
- لەچ تاقیگەیەكدا بەكار دەهێنران؟
- ئەو دەرمانانە چۆن لە دوبویەوە گەیشتە ڕانیە بەناو ئەو هەمو بازگانەدا ؟
- ئەى دەورو كاریگەرى دەزگاى كوالیتى كۆنترۆڵ چیە پاش ئاشكرا بونى ئەو ڕێژانە لە دەرمانى ساختە و خۆراكى بەسەرچو؟
- خاوەنى ڕاستە قینەى ئەو خۆراكە بەسەر چوانە كێ بون؟
- كێ لە بازارەكاندا ساغى دەكردنەوە؟
- ئەو بازرگانانە كێن هێندە دەست ڕۆشتون كە ناتوانرێت بدرێن بە دادگا ؟
- یان بۆناخرێنە سەر شاشەى تیڤیەكان، بۆ ئەوەى بكرێن بە پەند بۆ خەڵكانیتر؟!
- ناڵێین چەند كەس لە سێ دارە دراوە، ئایا كەسیان لێ دراوە بە دادگا؟
- ئایا هەمو بازرگانە گەورەكان شەریكى سیاسەت مەدارە گەورەكان نیین؟
- ئێوە دەتوانن ناوى یەك جۆر نەخۆشیمان پێ بڵێن كە لەهەرێمى كوردستاندا بونى نەبێت؟!
- ئەگەر 16 هە‌زارتەن خۆراكى بەسەرچو دەستى بەسەردا گیرا، ئەى چەند هە‌زارتەن دەرخواردى خەڵكى دراوە؟
- ئایا دەست بەسەراگرتنى ئەو ڕێژانە لە خۆراكى بەسەرچو و دەرمانى ساختە تۆ قێنەر نیین؟
- ئاخۆ لە پاش ئاشكرا بونى ئەو ڕێژانە لە دەرمانى ساختە و خۆراكى بەسەرچو دەور و كاریگەرى داواكارى گشتى چی بێت؟ ئیتر داواكارى گشتى بۆچى باشە ، ئاخۆ لەم مەملەكەتە داواكارى گشتى بونى هەیە؟
- ئایا هەر بەراستى ئێوە لەو بڕوایەدان كەلەم هەرێمەدا یاسا سەروەرە؟
- هەر بەجدى دەتوانن پێمان بڵێن كێ بەرپرسیارە لەوەى كە ئێمە دەبێت چاوەڕێى مەرگێكى هێواش و حەتمى بین!؟
- ئەگەر هەوا و ئاو و خۆراكى خراپ نەخۆشى خستین و پەنامان بۆ دەرمان برد، ئەى ئەگەر دەرمانەكەش كوشندە و خراپ بو ئیتر پەنا بۆ چى و بۆكێ بۆ كوێ ببەین؟؟؟
خۆزگە بەرپرسێكى ویژدان زیندو بەڕاستى وەڵامى ئەو پرسیارانەى دەدایەوە، بەڵام من دڵنیام كە كەس بەوەڵام نایەت ، ئەویش لەبەر دوو هۆكار یان خۆیان بە بەرپرس نازانن یان ویژدانیان زیندونیە ! من زۆر سەرسامم بەوەى لەناو ئەم مەملەكەتەدا چۆن تائێستا بەزیندو ماوین؟! بەڵام ئەوەم لەبیرە كە دكتۆرێك لە وڵاتى ئوردن بە نەخۆشێكى ئەم هەرێمەى وتبو چەند ساڵێكیتر لاى ئێوە نەخۆشى شێرپەنجە وەك هەڵامەت زۆر دەبێت.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە