نادرئاوێنەکانی فەیسبوک

Sunday, 24/08/2014, 12:00

2475 بینراوە


هەرکەس لەگەڵیان بێت لە نادرئاوێنە کەمترە
جاران پیاوێک ئەگەر هەمیشە لە بەر ئاوێنە بوەستایە و خەریکی خۆی بوایە پێیان ئەوت نادرئاوێنە، ئەم جۆرە پیاوانە بێ جەوهەر و بێ توانا بوون. رەنگە هەر لەبەر ئەمەی کە کەم توانا بوون ویستبێتیان ئەو بۆشاییە بە جل و بەرگ و تیف تیفە پڕ بکەنەوە.
ئێستا لە سایەی پارتە پارەخۆرەکاندا پێشمەرگە بە دەردێک چووە کە کەوتۆتە خزمەتی جەماعەتێکی بێ جەوهەر کە لە حیزبەکاندا بە هۆی ماستاوکردن و کلکەسوتەکێوە چوونەتە پێشەوە. جگە لەمانە پێشمەرگایەتی تا سەخت بوو قوربانیی بوو کەسانی جەسور لە پێشەوە بوون ئێستا کە پارەی تیایە دەزگای دژە تیڕۆڕ و ئاسایش بۆ پارە خزم و کەسوکاری حاکمەکانن.


ئەم بێ جەوهەرانە ئێستا نادرئاوێنەیان زیندو کردۆتەوە دەستە دەستە لە نزیک شەڕەکانەوە وێنە دەگرن و لە فەیسبوکدا بڵاوی دەکەنەوە یانی ئەو تەقەیەی لە جەبهە دەکرێت ئەوە منم. بە راستی خەلکی بە جەوهەر ئاوا وێنەی خۆی بڵاوناکاتەوە. هی وایان تیایە هەمو گیانی لە مەخزەنی فیشەکدا نوقم کردوە بەڵام لە ژیانیا یەک فیشەکی نە تەقاندوە مەگەر بە قەلەباچکەیەوە نابێت. هەموو کەس دەزانێت کە ئەو جۆرە لە ملوێنەها دۆلاردا غەرقی رووزەردی بوون.

بە راستی چاوقایمن نادرئاوێنەکانی فەیسبوک.
قوڕبەسەرتان پێشمەرگە، ئەم نادر ئاوێنانە بژێوی خۆتان و ماڵ و منداڵتان ئەدزن و رەسمیش بە قوربانیەکانی ئێوەوە دەگرن. ئەمڕۆ هەواڵێک بڵاو کرایەوە کە قوباد تاڵەبانی شەهیدبوونی دوو فەرماندە رادەگەیەنێت، ئێ باشە خۆ ئەو دوو شەهیدە ئەو بە پارەی خۆی نەیکڕیون. بۆچی دەزگایەکی رەسمی پێشمەرگە نییە ئەم هەواڵانە رابگەیەنێت؟ ئاخر قوباد کوڕی تاڵەبانی نەبێت لە کوێوە هات؟ ئەگەر گەلێک غیرەتی هەبێت چۆن ئەمەی پێ قوت ئەچێت؟ ئاخر ئەگەر ئەندامەکانی یەکێتی بە پەڕلەمان و مەڕلەمانەوە تۆزێک نرخیان تیا بێت چۆن بەم هەمو فشەیەوە کە دەیکەن تەریق و غەرقی نەعلەت نابن.


پێشمەرگە پێویستە راپەڕێت. هەموو کەسێکی بە شەرەف پێویستە پشتیان بگرێت. ئەرکی هەموو وڵاتپارێزێکە کە تێبکۆشێت بۆ دەرکردنی ئەم دەستەڵاتدارە مافیایانە لە وڵات ، هەر کەسێک ئەندامیان بێت یان بە دەنگیانەوە بچێت لە نادرئاوێنە کەمترە.



وشیار زێباری فەرشیان بۆ راخستووە و نیشان دەگرێتەوە، ئەمەش مۆدێلێکی ترە لە شەڕی داعش بە فەرشی راخراوەوە، وێنەگرتنی نادرئاوێنەیە بۆ فەیسبوک


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە