ئەو وێنانەی کە مەسعود بارزانیمان وەک پێشمەرگە پێدەناسێنێت

Wednesday, 30/07/2014, 12:00

2926 بینراوە


هەموو ڕەفتارێکی نابەجێ، کاریگەرییەکی دەروونی لەگەڵ خۆیدا جێدەهێڵێت و بەرامبەرەکەی بەو شیوە راستەقینەی خۆی دەیخوینێتەوە، کە خاوەنی ئەو رەفتارە ناشرینە دەیەوێت درۆی لە پاڵدا بکات. بۆ نمونە سەیر بکەن، چۆن میدیاکانی پارتی و میدیا ئەهلێیە پارە خۆرەکان ریکلامی درۆ بۆ سەرۆکی درۆ و چەکهەڵگری درۆزن و پێشمەرگەی فەل دەکەن، لەو وێنەیەی سەرەوە بڕوانە، ئەو راگەیاندنانە دەیانەوێت ئەوەمان پێ بڵێن، کە مەسعود بارزانی لەبەرەکانی شەڕدایە! خوێنەر دەتوانێت جوان لەم سەرە بەرگ بۆرانە وردبێتەوە بزانێت و دوایی بپرسێت، کە بۆچی هەموو ئەمانە لەبەرەکانی شەڕدان، کەچی هەموویان لە چەک و تەقەمەنی رووتکراونەتەوە؟ با من پێشەکی لە سەدام حسێنەوە دەست پێبکەم، کە کۆپییەکەی سەدام لە کتێبەکەیدا باسی دەکات و دەڵێت، لە شەڕی ئێران و عێراقدا دەچوو سەردانی دەکردن، پێشەکی هەرچی سەرباز و ئەفسەرەکانە، دەبوو چەکەکانیان دابنێن و وێنەی لەگەڵدا بگرن، چونکە دەترسا نەک یەکێک لەوانە تەقەی لێبکات! زۆر جاریش کۆپییەکەی ئەو رۆڵەی بۆ بینیوە!، تەماشا بکەن مەسعودیش وەکو سەدام دەکات و ئەو رۆڵە دەبینێت، چونکە کەسێکی ترسنۆکە، نەیهێشتووە ئەوانە بە چەکەوە لەگەڵیدا بوەستن، تەنها حیمایەکەی خۆی نەبێت، کاتێک دەچێتە ئەو شوێنانە نە قومێک ئاو، نە چا، نە خواردنیش ناخوات، ئەگەر سەرۆکێک میللەتەکەی خۆشی بوێت چۆن ئاوا دەترسێت، خۆی لێیان دەپارێزێت!؟
جگە لەوە زۆربەی ئەوانەی وەستاون بۆ وێنەگرتنەکەش هەموو ئەو ئەفسەرە فەلانەن، کە حیزب نەجمەی کردۆتە شانیان.ئەم هەموو جەنەراڵە، کە دەوریان داوە دیارە زۆربەیان چیان لەباردایە؟

من لەوە ناگەم چۆن تاکو ئێستا بە مەسعود بارزانی ناڵێن "ماهاتما" واتە گیانی مەزن یان هەناسەی مەزن، ئاخر ئەو ساڵانەی ئێمە لە چیا بووین پێویستمان بەوە نەبوو ماهاتمایەکمان هەبێت، چونکە ئەو کەسە پێشمەرگە بوو، لە ڕووبەڕوو بوونەوەدا خۆی دەکردە قوربانی، تەنانەت ئێمە ئەوانەشمان بەپێشمەرگە نەدەزانی، کە لەبارەگای سەرکردایەتییدا بوون و بەزەیمان پێاندا دەهاتەوە، بیرمە لە کەرتەکەی خۆمان کوڕێکی لێبوو لە ڕێکخستنی شۆڕشگێڕاندا بوو هەموو بەزەیمان پێدا دەهاتەوە، هەندێکمان هەر سڵاویشمان لێ نەدەکردن، چونکە ئەوانە ژمارەیان هێندە کەم بوو بەڕێکەوت شەهیدیش دەبوون، ئەوەی شەهید و قوربانی دەدا تەنها پێشمەرگەکانی کۆمەڵە بوون، ئەمڕۆ مەسعود بارزانی و خێڵەکەی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی فەیس بوکیان پڕکردووە لەم وێنانە، راگەیاندەکانی حیزبیی و میدیای ئەهلیش لاپەرەکانیان پڕکردووە لەم وێنە ساختە و درۆیانە، گوایە ئەم سەرە پیسانەی دەسەڵات و ئەم سەرکردە خۆفرۆشانەی کورد سەردانی بەرەی جەنگیان کردووە!


فەرەجی شیرین کەسێکی قۆشمەچی و ناسراوی سڵیمانی بوو، قسەیەکیم بیر کەوتەوە لەکاتی شەڕی ناوخۆدا ووتبووی: یەکێتی شەڕی چێ دەکات، بارزانییەکان لەناو قتودا ١٠٠٠ مەلامستەفای حازریان هەیە، بەڕاستی وایە، ئەم وێنانە ئەوەمان پێدەڵێت کە بەرازنییەکانی ناو قوتووەکە بۆ وێنەگرتن لە ناو سندوقەکانیان بۆ وێنەگرتن دەردەچن. داخۆ ئیساش کاتی ئەوە نەهاتووە مەنسوری کوڕی مەسعود، لە قوتووەکە بێتە دەرێ، چونکە ئەم جەنەراڵیشە، بچێت لەگەڵ باوکیدا وێنە بگرێت؟
کاتێک پارتیی و یەکێتی، گۆڕان یان پارتە ئیسلامییەکان دێن بەرگێکی پاک لەبەر خۆیان دەکەن، وەک بەرگێکی ئاینی خۆیان دادەپۆشن و وێنە بڵاو دەکەنەوە گوایە ئەمانە بەچرکەش لەبەرەکانی شەڕەوە دور نەکەوتونەتەوە، بۆ نمونە دوێنێ ئاری هەرسینی باوککوژراو بەکیسە خەوێکەوە لای قەرەوێڵەیەکەوە وێنەی گرتووە دەڵێت من لەبەرەکانی شەڕدام، بۆیە پێی دەڵێم: کوڕم تۆجارێ مافی باوکە کوژراوەکەت وەرگرە ئەوجا بڕۆ مافی خەڵک ڕامکە.


هەندێک کۆمێنتم خوێندەوە کە بۆ ئاری هەرسینی نوسرابوو بەڕاستی تەریق بوومەوە، ئاخر میدیای ئەهلی، چونکە هەواڵ و ریکلامەکانیان پارەی تێدایە، دەچن دوای سوکترین کەس دەکەون، کە هیچی لەباردا نییە نمونەی ئەم پیاوە پوچانەی کە لە گوڵەگەنمی پوچ دەچن.
دیسانەوە مەسعود بارزانی لە ڕۆژی جەژندا خۆی گەیاندۆتە دەوروبەری کەرکوک خۆ ووتەنی بەپێویستی زانی جەژن لەگەڵ چەکدارەکاندا بکاتەوە، سەیرە لەو ماوەیەدا ووتی من ٥٠ساڵە پێشمەرگەم ئەرێ جەنابی سەرۆک، جیاوازیی چییە لە نێوان ڕۆژی ئاسایی و ڕۆژانی جەژندا ؟ ئێوە لەشەڕدان، شەڕ کات ناناسێت.

لە کۆتاییدا دەڵێم: با مەسعود بارزانی نەچێت بۆ وێنە گرتن، بێت ئەو توندوتیژییە ڕاگرێت، کە دژ بە ژنان و کچانی ووڵاتەکەمان دەکرێت مێژوو بۆمان دەگێڕێتەوە لە گۆڕەپانی توندوتیژییدا ئەو سەردەمانەی کە فەلەستین لەژێر دەستی ڕۆمەکاندا بوو، یەهود چاوەڕێی ڕزگارکەرێکی دەکرد، عیسا نەیتوانی ببێتە سەرکردە و فەرماندەیەکی جەنگ، ڕابەری شۆڕش بکات بۆ ڕزگار کردنی خەڵک. ئێستا هەرێمەکەی مەسعود کە خۆی فەرز کردووە بەسەرماندا، ئەو هەرێمە لە تاوان یەقدەکاتەوە. تاوان دوای تاوان تێیدا ڕوو دەدات، کەچی ئەو دەچێت بۆ وێنە گرتن، هەرێمەکە پڕ بووە لەعەرەب و ئیسلام هەموو شتێک لە قاتیدایە! ئاخر موسڵمانەکان ڕوو لە هەر کوێ دەکەن بە موڵکی خۆیانی دەزانن. قورئان باسی "میللەتێکی موسڵمان" دەکات کە لە بەڵێننامەکەیدا سنور و مەرزی ووڵاتانی جیهان ناناسێت. کەچی مەسعود هێندە نەزانە باس لەوە دەکات و مژدەی ئەوەمان دەداتێ کە دەوڵەتی کوردی دروست دەکات، ئەو دەوڵەتەش تەنها کونە قۆپچەیەکی ماوە.

ئازاد فایەق محەمەد
پەیامنێری کوردستانپۆست

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە