لەیادی ٣٠ ساڵەی شەهید مامە ڕێشەدا

Sunday, 25/01/2015, 12:00

3297 بینراوە


ڕۆژی ٢٢-١-١٩٨٥ لە گەڵ ماموستا کاکە ڕەش (ئێستا ل. جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ە لە کەرکوک)
چەند ڕۆژێک بوو لە ناوچەی جەباری جەولەمان ئەکرد، هۆی جەولەکەمان ئەمانەی خوارەوە بوو:







-بەهۆی سەر هەڵدانی کێشەی ئاڵای شۆرشەوە، ڕیکخستنەکانی کۆمەڵە تووشی سەر
لێشێواوی بوبوون، ئەرکی ئیمە ئەوە بوو سەر لەنوێ ڕێکخستنەکان ئاکتیڤ بکەینەوە، ج
لە ناو جەماوەر یان لە ناو هـ.پ.ک.
-لە ژێر فشاری حکومەتی تورکیا، دانوساندنەکانی ی.ن.ک لە گەڵ ڕژێمی بەعسدا قەتیس مابوو، پروپاگەندەی ناحەزانیش، گوایە ی.ن.ک جۆتەوە باوەشی بەعس، ئێمە لە کۆبونەوەکان باسی ئەوەمان دەکرد کە بەم زووانە شەڕ لە گەڵ بەعسدا دەستپێ ئەکاتەوە
-لابەلا باسی ئەوەمان دەکرد کە ئێران جوابی ناردووە بۆ ئەوەی عیلاقات لە گەڵ ی.ن.ک دروست بکات، کاکە حەمەی حاجی محمود نێوانگیری دەکات، مەبەستمان بوو ئەو هەواڵە بگاتەوە حکومەت بۆ ئەوەی لە دانوساندنەکاندا زیاتر تەنازول بکات.

ئەو ڕۆژە (٢٢/١) لەگەڵ م. کاکە ڕەش و کاکە شوانەی جەباری (کادری کەرتی ٤ جەباری) و مامە ڕیشەکۆبونەوەمان بە پێشمەرگەکانی کەرت کرد، هەندێکیان بەگومانەوە تەماشای مفاوەزاتەکەیان دەکرد، باسی رێکخستنی کۆمەڵەمان کرد و چون هەوڵی ئەکتیڤ کردنی بدەین.
بۆ نێوەڕۆکەی مامە ڕیشە دەعوەتمانی کرد بۆ ماڵەوە، پیکابیکی داتسون، خۆی لێی دەخوڕی، منیش لە بەر ئەوەی زەعیف و ڕەقەڵە بووم لە ناوەڕاست سواربووم، م. کاکە ڕەش لای قاپییەکەوە سواربوبوو. فەخرەدینی برای ڕیشە لە پشتەوە سواربوو،
لە ڕێگا ڕیشە لێی پرسیم، بۆ من نامەم بۆ سەید تایەری جەباری ناردووە بە بێ ئەوەی پرس بە ئەو بکەم(سەید تایەر تازە فەوجێکی خەفیفەی کردووە، من لە نامەکەمدا گلەییم لێ کردبوو، داوام لێکردبو کە بە خۆی و چەکدارەکانیەوە بێنە ناو ڕیزی هـ.پ.ک)، منیش بە ڕیشەم ووت، کە ئیمە هەردوکمان (من و م.کاکەرەش) ئەندامی ڕێکخراوین، من دانراوم بۆ سەرپەرشتی کردنی ڕێکخستنەکانی کۆمەڵە لە سنوری تیپی ٥٧، ئەو بۆی نییە ئەو جۆرە پرسیارانە بکات، ڕیشە ماوەیەک بێ دەنگ بوو، پاشان بەدەم سەیارە لێخوڕینەوە ئاوڕێکی لە دواوە دا. پەنجەرە بجوکەکەی پشتی داخست، بۆ ئەوەی فەخەی برای (هەزار ڕەحمەتی لێبێت) گوێی لە هیچ نەبێت، ڕیشە ووتی برادەرینە ئەڵێن جی ئەگەر بتانبەم بۆ بینینی تەحسین شاوەیس، ئێمەش پێمان گوت، مامە ڕیشە تۆ کابرایەکی شۆڕشگیری، ئەو کابرایەکی خائینە، چ ئیجاب دەکات ئێمە بچین بۆ بینینی ئەو، بۆ خوت سوک ئەکەیت... ئەو ووتی بۆ ئێوە نازانن تەحسین پەیوەندی بە شٶڕشەوە کردووە! ووتمان بەڵێ ئەزانین، ئەوەش ئەزانین کە تۆ دوو
جار چاوت پێی کەوتووە، جارێکیان دەعوەتی ئەو بویت لەماڵەکەی خۆی (لە مجمەعی گامێشەوانەکان، کڵاوێنتان پێکەوە کردووە)
ئەو بەنیاز بوو بتکوژێت، بەڵام دوایی لە ترسی ئەوەی دۆژمنایەتی بۆ بنەماڵەکەی دروست نەبێت پەشیمان بووبوە، جاری دەوەمیشێان، لە یەکیك لە گوندەکانی جەباری، پێشمەرگەکانی کەرتەکەت لە گەڵ جاشەکانی تەحسین پێکەوە شاییان کردووە.
ئەو پرسی- ئێوە ئەم شتانە چۆن دەزانن، ئێمەش ووتمان لە ڕێگەی ریکخستنەکانمانەوە پێمان گەیشتووە.
نامەیەکی کاک ئازادی سەگرمەم (سەرتیپی ٥٧ سەگرمە بوو) دایە دەستی مامە رەشە، ئەو نامەیە پاش شەهیدبوونی ڕیشە، شوانەی کادیر بۆی هێنامەوە- خوێنەکەی مامە ڕیشەی پێوە بوو/ کاک ئازاد نوسیبوی:
برای بەڕێز مامە ڕیشە
سڵاوێکی شۆڕشگێڕانە
ئەوا کاک پۆڵای موهەندیس و مامۆستا کاکە ڕەش دێنە خوارەوە بۆ جەولە بۆ ناوچەکەتان ، بۆ هەندێ کاروباری ڕێکخستن، هیوادارم هاوکارییان بکەیت
لە خاڵیکی تردا کاک ئازاد نوسیبوی
مامە ڕیشە
کاک نەوشیروان هەواڵی بۆ ناردوم کە پێت بڵێم ئەبێت زۆر ووریای خۆت بیت، چونکە تەحسین شاوەیس بەنیازە بتکوژێت، تکایە ووریای خۆت بە.
ئیستخباراتی عێراقی، گەیشتبووە قەناعەتێک، کە هەندێ لە کادیرە عەسکەرییەکانی یەکێتی لە شەڕدا زەحمەتە بکوژرێن، بۆیە هانی هەندێ سەرەک جاشیان دابوو کە بە درۆ پەیوەندی بکەن بەو کادرانەوە، پێیان بڵێن کە ئەوان دێنە ناو ڕیزی شۆرشەوە،
پاشان لە فرسەتێکدا بیانکوژن، قادر فەرەج دانرابوو پەیوەندی بە مام ڕۆستەمەوە بکات کە ئەو کات سەرتیپی ٢١ کەرکوک بوو
تەحسینیش پەیوەندی بە مامە ڕیشەوە بکات، تەحسین چەند جارێک چاوی بە ڕیشەوە کەوتبوو، چەندین سەندوقە فیشەگی بە دیاری بۆ ڕیشە هێنابوو.
ئیمە (بەندە و م. کاکەڕەش) کۆمەڵێ ئاموژگاری ڕیشەمان کرد، پێمان ووت ئەگەر تەحسین دەیەوێت تۆ ببینێت، ئەوا دەتوانی بێتە ناوچە ئازادکراوەکان، نەک تۆ بچیتە لای ئەو، پێمان ووت ئەبێت زۆر ووریای خوت بیت، چونکە ئەو بە نیازە بتکوژێت
پاش نیوەرۆ خوان ئیمە هاتینەوە سەر جادەی تەکیەی جەباری، لەوی لاندکرۆزەرێکمان بەکرێ گرت تا گەڕاینەوە ناوچەی قەرەداخ- هەڵبەتە شەو بە ڕێوە بوین. بەندە ڕۆژی ٢٣/١ گەیشتمەوە ماڵەوە
ماڵمان لە جافەران بوو، دایکم پاش ئەوەی لە زیندان (لە کەرکوک) ئازاد کرابو نەمبینیبو، بەدزییەوە هاتبو بۆ سەردانم، لە ژێر جلە کوردییەکەیەوەدوربینێک و هەندێ فیشەک و پارەی بۆ هێنابووم، پیێ ووتم کوڕم، خەڵکی کەرکوک بە گومانەوە تەماشای مفاوەزاتەکە ئەکەن، بەعس دەیەوێت ئێوە لە خشتە بەرێت، دەلێن الاخوان في الاتحاد عادوا الی السف الوگنی، راح مایبقی ای مخرب بالجبال، علیکم اعاده‌ اولادکم الی بیوتکم، هناک عفو عام، منیش پێم ووت، مفاوەزات بەشیکە لە خەبات، مومکن نییە سەرکردایەتی وا بە ئاسانیواز لە داواکارییەکانی بهێنێت، حکومەتی عێراق بەبۆنەی شەڕی ئێرانەوە وەزعی زۆر شڕە
بەم زووانە شەڕ دەستپێئەکاتەوە ئەگەر دان بە مافەکانی گەلی کورددا نەنات.

ڕۆژی ٢٤-١ ئێوارەکەی باران بوو، دەوروبەری سەعات ٨ئێوارە، بە توندی لە دەرگاکەمان درا، وەختێ دوو پێشمەرگەی تیپ بوون لە گوندی مـێوڵی وە (بارەگای تیپی لێبوو) هاتبون، زۆر شپرزە بوون، نامەیەکی کاک ئازادیان پێبوو، لە نامەکە نوسرابو:
برای بەڕێز کاک پۆڵا
پاش سڵاو...
بە پیلانێکی زۆر نامەردانە، تەحسین شاوەیس مامە ڕیشە و هەردوو پێشمەرگە موحسین و سەرداریان شەهید کردووە، من وا بەڕێکەوتوم بۆ ناوچەی جەباری، پیم باشە تۆش لای خۆتەوە بکەویتە ڕێگا، ئەو شەوە زۆر هەوڵمان دا سەیارەیەک یان تراکتورێکمان دەست بکەوێت بۆ ئەوەی بەڕێکەوین، بەڵام چونکە بارانبوو، هیچمان دەستنەکەوت، بەیانییەکەی کۆمەلێ دەروێش
لە سلێمانییەوە هاتبون، بۆ ئەوەی بڕۆن بۆ سەردانی تەکیەی شێخ عبدولکەریمی کەسنەزان لە دیوی سەنگاو، زۆر پیاوانە وتیان مادام ئێوە بۆ تۆڵەکردنەوەی مامە ڕیشە دەچن، ئێوە سەیارەکە بەرن، ئیمە خۆمان تەکبیری خۆمان دەکەین.
ئیتر بەڕێکەوتین، بە سەیارە، بەپێ، بەتراکتۆر، دەوری نیوەڕٶ گەیشتینە بان جەباری، پێشمەرگەکانی جەباری لە دێی باوە
کەمینیان بۆ قافڵەیەک دانابو، شەڕ لە پاش نیوەڕوی ٢٤-١ تا دەمەو بەیانی ٢٥-١ درێژەی کێشابوو، بە ئێمەیان گوت کە لە دێی باوە دەوریان گیراوە، بەڵام ئەوان زۆر ئازایانە پاش یەکی شەو، تەوقەکەیان شکاندبوو، لە گوندەکە دەرباز بووبون. پاش نیوەڕۆ
هەندێکیان گەیشگنە لای ئێمە، پاش سەردانی ماڵی دایکی مامە ڕیشە لە گوندی تاڵەبان، گەڕاینەوە سەر جادەی سەنگاو- چەمچەماڵ، لەوێش شەڕ، قارەمانەکانی کەرتی ٣ هەمەوەند کەمینێکیان بۆ قافڵەکە دانابو، لە پشتی گوندی فەیزاوو وە بە ناو
کۆندڕو جۆگەلە خۆمان گەیاندە ناو شەرەکە، کۆپتەر دەسوڕایەوە، بە ڕاکێت بۆردومانی دەوروبەری جادەکەی دەکرد، لەوێش دوژمن زیانێکی زۆری پێ گەیشتبوو.
مامە ڕیشە، پاش ئەوەی لە ڕۆژی ٢٢-١ ئێمە خواحافیزیمان لێکرد بۆ ئێوارەکەی هاتبووەوە قەرەتامۆر، لە وێوە (ڕۆژی٢٣-١) لە ڕێگەی کاکل ناوێکەوە تەحسین جوابی بۆ ناردبو (هەندێک ئەڵێن ئەم جوابی بۆ تەحسین ناردبوو)، بۆ ئەوەی چاویان بە یەکتر بکەوێت،
ئیتر ڕۆژی ٢٤-١، تەحسین لە گەڵ ١٢ جاش لە گۆندی قازانبڵاغ چاوەڕێی ڕیشە دەکەن- گوندەکە زۆر نزیکە لە موجەمعی گامێشەوانەکان کە مۆڵگای جاشەکانی تەحسینی لێبوو- ڕیشەش لە گەڵ موحسین و سەردار دەگەنە جێ، پاش ماوەیەکی کورت
فرسەتیان لێ ئەبینن و هەرسێکیان شەهید دەکەن، تەرمەکانیان بەجێ دەهێڵن، بۆ ئەوەی کەس نەزانێت کە ئەوان کوشتویانن، شوانێک لەو نزیکانە دەبێت، کە گوێ لە تەقەکان دەبێت، لە شوێنی ڕووداوەکە نزیک دەبێتەوە، بۆی دەرئەکەوێت کە ئەو ٣ تەرمە هی ڕیشە و هەڤاڵەکانێتی، یەکسەر خەبەر ئەبات بۆ گوندەکەی، لەوێشەوە ماتۆر سوارێک ئەو هەواڵە دڵتەزێنە دەگەێنێتە پێسمەرگەکان.
مامە ڕیشە تـا بڵێی ئازاو قارەمان بوو، بەڵام زۆر دڵساف بوو، هەر ئەو دڵسافیە بوو وای لێکرد بـڕوا بە تەحسین شاوەیس بکات
بەداخەوە قارەمانێکی لەو شێوەیە، بەدەستی خۆفرۆشێکی کورد، بە پیلانێکی زۆر نامەردانە شەهید کرا.

یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردتسان و یەکگرتوویی خیتابی هێزە سیاسییەکانی کوردستان وڵامێکی پـڕ وەفادارییە بۆ شەهید مامە ڕیشە و هەمو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە