عێراق لە نێوان بە چەكدارى كردن و بە مەدەنى كردندا كامیان ؟؟!!

Sunday, 18/11/2012, 12:00

1692 بینراوە







كۆمەڵگەى عێراق لە گەڵ سیستەمى حكومڕانى یەكەى دا زۆر جیاوازە لە دامەزراندنى یەكەم

دەوڵەت و سیستەمى كارگێڕى دا بە نا تەواو و دوور لە بنەماى شارەستانى و یاساكانى پارێزەرى مافەكانى مرۆڤ دامەزرێندرا .بە مانایەكى تر هیچ حسیاب بۆ تاكى هاوڵاتى عێراقى نەكرا ,
لە دەرەوەى ئیرادە و هەوڵەكانى دڵسۆزانى عێراقى دەوڵەت و سیستەمى حكومڕانى بۆ دامەزرا ئەمەش بە هۆى ئاڵوگۆڕە سیاسییەكان و بەرژەوەندیی دەوڵەتانى زلهێزى ئەو نەخشەى بۆ كێشراو جێبەجێ كرا.

ڕیفراندۆم و ڕاپرسى ئەو سەردەمە دەى سەلمێنن خەڵكى عێراق و كوردستان دەیانەوێت چ جۆرە سیستەمێكیان هەبێت؟ بەڵام دوور لە خواست و دەنگدانى خەڵك سیستەم و دەوڵەت دامەزرا . بە زۆر كوردستان لكێندرا بە عێراقەوە بە یەك دەوڵەت داندرا.چەندین سیستەمى حكومڕانى ئاڵوگۆڕیان پێكرا .كورد و عەرەب و توركمان و ئاشوورى ........هیتد قوربانى زۆریان دا .
زۆرترین قوربانى بەخشى نەتەوەیى كورد لە سەرجەم قۆناغەكانى ئاڵوگۆڕەكانى حكومڕانى لە عێراقدا دیاریترینیان پرۆسەى ئەنفال و كیمیاباران و ئاوارەیى و زیندانى و ڕووخانى شار و گوندەكان بوو پرسیار ئەوەیە لە یەكەم ساتەكانى دەست پێ كردنى یەكەم قوربانى تا دوا ساتەكانى بەخشینى قوربانییەكانى كورد ئایا لە پێناو چى و بۆچى بەخشى؟؟!!ئایا بۆ ئەوەى بەخشى كە كێشەى ئینسانیبونى كورد بچوك بكریتەوە بۆ بچوكترین كێشەى سیاسى و حیزبى؟!ئایا بۆ ئەوە بوو كە شەڕى نەتەوەیى و چەسپاندنى مافەكانى مرۆڤ بكریتە تۆزوباى زەمانە لە دەست دوو حیزب یان زیاتریش بكرێتە موزایدە و خۆیانى پێدەرخەن.
ئەگەر وانییە بۆچى لە دوایى پرۆسەى ئازادى عێراق لە شارى كەركوكدا پارتى دیموكراتى كوردستان و یەكێتى نیشتمانى كوردستان خاوەنى ئاسایش و پۆلیس و پێشمەرگەى جیاوازبن حكومەتى عێراقیش سەرباز و هیزى خۆى هەبێت .ئەمە نیشانەى بە سەر بازى كردن و بە چەكداركردنى شارى(كەركوك)ە لە جیاتى بە شارەستانى و بە مەدەنى كردنى.
ئەگەر سەیرى گەرەك و شەقام و بازارەكە بكەى ئەوەندەى هێزى چەكدار و چەقوكێش دەبیندرێ ئەوەندە دكتۆر و مامۆستا و ئەندازیار نابیندرێت ,ئەوا ئەم جارە فەرماندەى دیجلەشى بۆ زیادبوو.فەرماندەى ئۆپەراسۆنەكانى دیجلە تازە نییە بەڵام تازە گەشەى كردووە و ڕەگ دادەكوتێت لەم شارەدا.
ئەم هێزە نەك نا یاساییە بەڵكو پێویستە فەرماندەكەى ڕاپێچى بەردەم دادگابكرێت لە بەر ئەوەنا كە ئەمرۆ فەرماندەى ئەم هێزەیە و نایاساییە بەڵكو لە بەرئەوەیە ئەم فەرماندەیە بە هۆى بەشداریكردنى لە پرۆسەى ئەنفال و سەركوتكردنى ڕاپەڕینى خەڵكى كوردستان لە شارى كەركوك و بەشدارى جەنگى كوەیتدا.
لە ژمارەى (1006) ڕێگاى كوردستان هاتووە فەریق روكن (عەبدول ئەمر زەیدى) فەرماندەى ئۆپەراسیۆنەكانى دیجلە حەوت جار لەلایەن ڕژێمى بەعسەوە خەڵاتكراوە و مەدالیاى ڕێزلێنانى جۆراوجۆرى پێبەخشراوە. (عەبدول ئەمیر زەیدى) بەهۆى ئەوەى لە پرۆسەى ئەنفال و جەنگى كوەیت و سەركوتكردنى ڕاپەڕینى خەڵكى كوردستان لە شارى كەركوك ڕۆڵێكى كاراى هەبوو,ئەمە جگە لەوەى لە ڕووى هەواڵگرێ وە ئەفسەرێكى دلسۆزى بەعس بووە .خەڵاتكراوە لەم ساڵانە خەڵاتى یەكەم ساڵى 1981 پێیدراوە بە گوێرەى مەرسومى ژمارە (707),خەڵاتى دووەمى ساڵى 1985 بە گوێرەى مەرسومى ژمارە (349).خەڵاتى سێ یەم ساڵى 1986 بە گوێرەى مەرسومى (780).خەڵاتى چوارەم ساڵى 1994 بە گوێرەى مەرسومى ژمارە (31455) نیشانەى ئازایەتى و بەعسییەكى كارا.
خەڵاتى پێنجەم ساڵى 1995 مەدالیاى (ئوم المعارك)ى پێدراوە كە ڕژێمى بەعسى دەیدا بەو ئەفسەرانەى بەشدارییان لە داگیركردن و وێرانكردنى كوەیتدا كردبوو.ساڵى 1998 دوو مەدالیاى ئازایەتى لەلایەن ڕژێمى بەعسدا پێیدراوە بە ژمارە (120) .
لە ئێستاشدا بە بڕیارى نورى مالیكى سەرۆكى ئەنجومەنى وەزیرانى عیراق لە هەر دوو پارێزگاى دیالە و كەركوك فەرماندەى ئۆپەراسیۆنەكانى دیجلەیە,یەكێكیشە لە داواكراوەكان لەلایەن دادگاى باڵاى تاوانەكان لە عێراق بە تاوانى بەشداریكردن لە پەلامارى ئەنفال و جینۆسایدكردنى گەلى كورد ساڵى 1988.
كۆمەڵگەى عێراق لە جیاتى بە مەدەنى كردنى سەرتاپاى دەكرێتە سەربازگە بەڵام ڕۆژانەش تەقینەوە و كوشتن و دزى و تاڵان كارى ڕوو لە هەڵكشانە بە پێچەوانەى خواستەكانى خەڵكى عێراق كە خواستیان عێراقێكى ئارام و دیموكرات و ئازاد و شارەستانییە .هاوڵاتیانى عێراق بە سەرجەم نەتەوە جیاوازەكانە لە سەجەم شارە جیاوازەكاندا خواستەكانیان ئەوەیە مناڵەكانیان زانكۆ و پەیمانگاكان تەواو بكەن و دابمەزرێن و یاخود بتوانن بە ئاسوودەیى ژیان بگوزەرین و ڕێز لە ئینسانیبونیان بگیرێت ئازادبن و مافیان پارێزراوبێت.
بە یەكسان دەستیان ڕابگات بە سامانى ماددى و مەعنەوى وڵاتى پر لە نەوت و كانزاى جۆراوجۆر بەڵام ئەوا سیاسییەكانن لەسەر دزینى سامان بۆ خۆیان لە سەر وەرگرتنى پۆست وڵات وێران دەكەن هەر رۆژە توشى شەرێكى دەكەن بە ناونیشانێكەوە.پێویستە ئەگەر هەر یەكێكمان لە خەمى نەتەوەكەى دایە لە خەمى شارەكەى دایە دوور لە هەر بنەمایەكى ڕەگەز پەرستى و دژە ئینسانى و دژە ئازادى هەنگاو بۆ ئایندە بنێت لە چوارچێوەى بەها ئینسانییەكان كار بۆ چەسپاندنى ئاشتى و مافەكانى ئینسانە چەوساوەكان بكات.
ئایندەى كۆمەڵگە كە ئەگەر بمانەوێت بەرەو باشتر و ئارامتر و بەختیارى بچێت پێویستە بە هەر جیاوازێك هەمانە بەیەكەوە لە چوارچێوەى بنەما ئینسانییەكان كار بۆ چارەسەرەكان بكەن دەنا هەر هەنگاوێك بنێن تاكە كانى كۆمەڵگە بە خوێنى خۆیان باجەكەى دەدەن.


عبدالرحمن رسول
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە