ڕاستییەکە ئەوە نییە!

Monday, 19/05/2014, 12:00

1982 بینراوە






دوو مۆرک یان خەسڵەت پێویست و گرنگن بۆ سیاسەتوانان و بەبێ ئەمانە نێوبراوان دەبنە جامباز لە بازاڕی کۆیلایەتیی سیاسەت. یەکەم ڕاستگۆیی و دووەم لێهاتوویی. ئەم دوو خەسڵەتە دەگمەنن لە نێو سیاسەتوانانی باشووری کوردستان!

ئەم پێشەکییە کورتەم نووسی بۆ ئەوەی بچمە نێو کڕۆکی بابەتەکەوە کە پەیوەستە بەو قسەیەی کە مەحموود عوسمان کردبووی لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی لەم ڕۆژانەدا. ئەم کابرایە باسی ئەوە دەکات کە گوایا ئەمریکییەکان بە کوردیان گوتووە کە یەک سانتیمەتری تریان نادەنێ لە خاکی کوردستان، واتا هەر ئەوەیە کە لە ١٩٩١ دراوە. جارێ پێس هەموو شتێ ماف یان خاک وەردەگرێت و نادرێت و پاشان من لێرەدا گومانم هەیە کە ئەمریکییەکان قسەی وەهایان کردبێت. یەکەم لەبەر ئەوەی ئەوان بەم شێوەیە نادوێن، واتا وشەی سەنتیمەتر بەکارناهێنن بەڵکوو ئەمە دابیونەریتی ئەم ناوچانەی خۆمانە کە ئەم جۆرە چەمکانە بەکاردەهێنن. دووەم باوەڕناکەم ئەمریکییەکان ئەو مافە بە خۆیان بدەن کە بەم شێوەیە بدوێن کاتێ ئەوان لە عیراقین و پێویستییان بە پشتوانی کورد هەیە و نە خاوەنی عیراقن و نە یەکێتیی خاکی عیراقیان لەها گرنگە. پاشان خاک نادرێت بەڵکوو وەردەگرێت وەکوو گوتمان. جگە لەمەش ئەگەر کاک مەحموود ڕاست دەکات ئەی ئەم ١١ ساڵە لە کوێندەرێ خەوتبوو! ئەی ئەم برادەرە نابێ هەستی بەرپرسی هەبێت؟ نابێت بێت و بە جەماوەری کوردستان ئەم ڕاستییە بڵێت. خۆ شاردنەوەی ئەم بابەتە دەکەوێتە خانەی خیانەتەوە. پاشان ئەگەر ئەمە هەڵوێستی ئەمریکییەکان بووبێت، باشە دەی ئەم هەموو دەهۆڵە چیبوو دەیان کوتی دەربارەی هاوپەیمانیی کورد و ئەمریکا. ئایا دەسەڵاتی کوردی چی بۆ برا ئەمریکییەکانیان نەکرد؟ ئایا بە چاوی خۆمان نەمان بینی کاتێ کە کچی لاوی کورد لەگەڵ سەربازی ئەمریکا هەڵپەڕکێێ کوردییان دەکرد؟ ئەمە لەبەردەم کامیرەکان، باشە لە پاش کامیرەکان چی ڕوویداوە؟ بە درێژاییی ئەو ساڵانەی ئەمریکا لە عیراق بوو شەووڕۆژ و لەیلونەهار پڕوپاگەندەی ئەوەیان دەکرد کە ئەمریکا عیراقی ڕزگار کردووە و دۆستی کوردە. ئەمریکی نەما ماچی نەکەن باوەشی پیانەکن و سوپاسی نەکەن و نەی لێسنەوە و مامە حەمەیی بۆ نەکەن، تەنانەت جەلال کڵاوی سەربازی ئەمریکی کردە سەر! ئەی ئێوە نەتاندەوت ئەمریکا خیانەتی کردووە لە کورد لە ١٩٧٥ دەی بۆچی وانەتان وەرنەگرت و بۆچی ئەم هەموو مامەحەمەییە و سووکایەتیکردنە بە خود و بە گەلە و بە نیشتمان!
دەسەڵاتی کوردی ڕاستەوخۆ چوو بۆ بەغدا لە ٢٠٠٣ بەبێ هێج مەرجێک و بێ هیچ دوودڵییەک و بەو پەڕی جۆش و پەرۆشەوە خۆیان گەیاند بە بەغدای پایتەختی عرووبە و ئیسلام (ئیسلام بە واتا سیاسییەکەی). برێمەر کە حاکمی مەدەنیی عیراق بوو بۆ ساڵیک زیاتر لە پەرتووکەکەی باس دەکات چۆن تاڵەبانی و بارزانی قایلکردووە بۆ ئەوەی ببن بە ئەندام لە ئەنجوومی کاتیی حوکم لە بەغدا. دەبێژی بە دوو قسەی سادە هەردووکیانی پەلکێش کردووە بەرەو بەغدا بەبێ ئەوەی هیچ مەرجێک دابنین (بۆ نموونە سووربوون لەسەر دابینکردنی سنووری کوردستان وەک مەرجێک بۆ گەڕانەوە بۆ باوەشی عیراق). بەڵام کاتێ کە چووەتە لای سیستانی بۆ ئەوەی فەتوایەک دەرکا بۆ شیعەکان کە لە ئەمریکییەکان نەدەن، ئەوسا سیستانی مەرجی بۆ دادەنی ، ئەویش بریتییە لەوەی کە عیراقییەکان خۆیان دەستوورەکە بنووسن و برێمەر دەبێژێ باشە. ئاخر جیاوزی هەیە لە نێوان سیاسەتوان و جامبازی سیاسی، جیاوازییەکی ئەوتۆتر هەیە لە نێوانی مەڕ و ڕێوی!
پاشان خۆ ئێستاکانە ئەمریکا لە عیراق نەماوە، دەی کوانێ خەباتکردن بۆ گەڕانەوەی ناوچە دابڕاوەکان، کوانێ هەوڵدان بۆ جێبەجێکردنی بابەتی ١٤٠ کە لە سەرەتاوە درۆیەکی گەورە بووە. نووسەری ئەم بابەتە کاتێ لە ٢٠٠٥ بابەتی ٥٨ لە دەستووری عیراق نووسرا، بابەتێکی نووسی لەم ماڵپەرە سەنگینە و گوتی کە ئەمە درۆیە و نووسراوە بۆ خەڵەتاندنی کورد نەک لەلایەن دوژمن و داگیرکەر بەڵکوو لەلایەن ئەو کوردانەی کە گەڕانەوە بۆ بەغدا لە ٢٠٠٣. ئەگەر دەسەڵاتی کورد نیشتمانپەروەر بێت، نەتەوەخواز بێت، دڵسۆزی خاک و نیشتمان بێت، ڕێزی هەبێت بۆ خوێنی شەهیدان وئەنفالکراوان وهەڵەبجەی خنکێنراو، ئەوسا بە کاتێکی پێوەری دەتوانێ ئەو ناوچانە بخاتە سەر کوردستان ئینجا ئاشتییانە بێت یان بە زەبری هێز. چونکە ئەمە مافێکی ڕەوای گەلی کوردستانە. کاتێکێش کە باس دێتە سەر ماف، ئەوسا نابێت حیساب بۆ هیچ کەسێک و هیچ هێزێک بکەیت لەسەر ئەم زەمینە.
بەڵام ڕاستییەکە لەمە تاڵترە. دەسەڵاتی کوردی ٥٠ ساڵە گەمەی سیاسی دەکات لەگەڵ کورد و کوردستان، تەنها ئامانجی دوو شت بووە، پلەوپایە و پارەوپووڵ. کەی ئەمانە پڕۆژەی دروستکردنی دەوڵەتی کوردی لە مێشکیان بووە؟ کەی خاک لەلایەن گرنگ بووە؟ ئەوان هێزی چەکداریی هەموو دوژمنانی کوردستانیان هێناوەتە نێو خاکی نیشتمانەوە، تەنها هێزی سووریا نەبێت ئەویش لەبەر ئەوەی ئەو دەوڵەتە خۆی نەیویستووە و پێویستی پێ نەبووە. تەنانەت لە ٢٠٠٣ ناوی کوردستان لە دروشمی ئەو دەسەڵاتە نەما، باس تەنها باسی عیراق بوو و پاراستنی یەکێتیی خاکی عیراق بوو. مەحموود عوسمان لە هەلپرستێکی خۆپەرستێکی سادە و ساکار بەولاوە هیچ نەبووە بە درێژاییی ژیانی خۆی. ئەگەر ئەو ڕاستەکا کە دۆخەکە بەو شێوەیە، ئەی باشە لە بەغدا چی دەکات؟ من بزانم مافی کورد زەحمەتە وەربگرێت نابێت کەرامەتی خۆم بپارێزم و چەپبم و دانیشم لە کوردستان وهەڵوێستم هەبێت بۆ گەل و نیشتمانەکەم؟ یاخود بەرژەوندیی کەسەکییەکەم لە کوێ بوو بۆ ئەوێ کۆچ بکەم با پایتەختی دوژمنیش بێت؟
ئەوەی ڕوویدا لە ٢٠٠٣ تەنانەت لە پاش ڕاپەرینیش، ئەوە بو کە دەسەڵاتەکەی باشوور کارێکی بێ ڕاسپیندرا بوو لەلایەن ئیران و تورکیا و سووریا و خۆیانیش! ئەویش ئەوە بوو کە جەخت کەنە سەر عیراقیبوونی کورد وکوردستان و دەزگاکانی ڕاگەیاندنیان پروپاگەنەدی ئەمەیان دەکرد تەنانت کاتێ کە باسی بەغدایان دەکرد نەیان دەگوت دوژمن، نەیان دەگوت دکتاتۆر، بەڵکوو دەیان گوت حکوومەتی مەرکەزی! دەها ئەمریکای چی و هێزی دەرەکی چی؟ جەلال لە نەوەتەکانە جارێکیان بە سەددامی گوت جووداخواز واتا ئینفساڵی! تۆ بینیوتە پیاو بە داگیرکەری خۆی بێژێ ئینفیساڵی؟! مەبەست ئەوە بوو کە سەددام ئەیەوەێ کوردستان جیابکاتەوە لە عیراق! هەروەها بەرهەم ساڵح گوتی ئێمە کەرکووک کەوتە دەسمان بەڵام خۆمان نەمان ویست! مەسعوودیش گوتی ئێمە نەمان هێشت عیراق پارچەپارچەبێت واتا کوردستان ڕزگاری بێت! دەها ئەمریکای چی وتەڕەماشی چی! مرۆڤی دۆڕاو، مرۆڤی فاشیل هەمیشە ژێرکەوتنەکانی خۆی دەخاتە سەر خەڵکی تر، بەڵام ئیمڕۆ ڕاستییەکان لە ژێر هەتاون ئەوەی بییەوێ دەیان بینێ.
نەدەبوو سنووری کوردستان دابینکرێت بۆ ئەوەی ئەگەریی دروستبوونی دەوڵەتی کوردی لە ئارادا نەبێت. هەتا هەر ئەو سێ شارە بێت ئەگەرییەکە تا بێژی بچووکە، ئەمەش تاڵەبانی و بارازانی ڕازیبوون پێێ و کاریان بۆ کرد و سەرکەوتووبوون تیایدا!
کاتێ کە کورد هاوار دەکا و دەبێژێ من عیراقیم و کوردستان بەشێکە لە عیراق، دەها ئەوسا سنووری چی و خاکی چی و گەلی چی و نەتەوەی چی و نیشتمانی چی! ئێمە بیردۆزە سیاسییەکەمان چەوت و هەڵەیە پێش ئەوەی خەبات و کۆششمان هەڵە بن! لە ڕاستیدا ئەو کوردەی خۆی بە عیراقی دابنێت کوردستانی نییە، ئەوەشی کوردستانی نەبێت کورد نییە. ئەمە بۆچوونی من نییە، ئەمە حوکمی بڕیارێکی مێژویییە.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە