وه‌ڵامێک بۆ به‌ڕێز کاک که‌ریم موکریانی

Monday, 06/07/2009, 12:00

2221 بینراوە


به‌ڕێزتان له‌ سه‌ر ئه‌و نووسینه‌ که‌ بۆمان بڵاوکردوونه‌ته‌وه‌ و ناوی کوردستانی عێراقمان کردووه‌ به‌ کوردستانی باشوور، نامه‌یه‌کتان ناردووه‌ و ڕه‌خنه‌تان له‌ ئێمه‌ گرتووه‌، که‌ گوایه‌ ده‌ستکاری نووسینه‌که‌تمان کردووه‌، ئێمه‌ ئه‌و ڕه‌خنه‌یه‌ ڕه‌ت ده‌که‌ینه‌وه‌، که ‌به‌و شێوه‌یه‌ باسی لیوه‌ده‌که‌ن، گوایه‌ ده‌ستکاری نووسینه‌که‌تمان کردووه‌، چونکه‌ ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت که‌ ئێمه‌ ده‌ستکاری تێکڕای نووسینه‌که‌تمان کردبێت، ئه‌وه‌ی ئێمه‌ کردوومانه‌ ته‌نها لابردنی (کوردستانی عیراق)ه‌ و گۆڕینێتی به‌ باشووری عێراق، ڕوونکردنه‌وه‌ی خۆشمان له‌سه‌ر به‌کارهێنانی ئه‌و تێرمه‌ ئه‌وه‌ی خواره‌وه‌یه‌:
کوردستانی عێراق: به‌و به‌شه‌ ده‌گووترێت که‌ له‌ ڕووی سیاسیی و ئیداریی به‌ستراوه‌ به‌ عێراقه‌وه‌ و له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌تیی مه‌رکه‌زی عێراقه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.
کوردستانی عیراق، ولایه‌تی موسڵی کۆن ده‌گرێته‌وه‌، له‌لای ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق، شاری موسڵ، خانه‌قین، ته‌له‌عفه‌ر، به‌دره‌، که‌رکوک و شاره‌کانی تر ناگرێته‌وه‌ که‌ عه‌ره‌ب و که‌مه‌نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی تری تێڕژاوه‌‌.
حیزبه‌ سیاسییه‌کانی کورد، له‌ کۆندا، تا پێش ڕاپه‌ڕین، له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتیی سیاسیی و ئیداریی عیراق له‌ سه‌ر به‌شێکی ئه‌و شارانه‌ کۆکبوون، که‌ سه‌ر به‌ کوردستان نه‌بێت، لێ له‌سه‌ر به‌شێکی تری کێشه‌یان هه‌بوو، وه‌ک که‌رکوک، دیاره‌ ئه‌مڕۆ ده‌سه‌ڵاتی کوردی به‌ پراکتیک سه‌لماندوویه‌تی،‌ بۆ ئه‌وانه‌ش کێشه‌یان له‌گه‌ڵ حکومه‌تی عێراقدا نییه‌.

باشووری کوردستان:
له‌ بری کوردستانی عیراق، ئه‌مڕۆ کوردستانی باشوور له‌ ئه‌ده‌بیات، ڕاپۆرت، هه‌واڵ و نووسینه‌ سیاسییه‌کانی نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووساندا به‌کار ده‌هێنرێت، ئه‌ویش له‌ دوای ساڵانی 1980 زیاتر به‌کارهێنرا و په‌ره‌ی سه‌ند، دیاره‌ نووسه‌ر و هه‌وادار و لایه‌نگرانی (په‌.که‌. که‌) له‌ کوردستانی باکووردا، به‌شی پشکیان به‌رده‌که‌وێ له‌ به‌کارهێنانی ئه‌و وشانه‌(باکوور، باشوور، ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا)ی کوردستان.
گۆڕین و لابردنی ناوی وڵاته‌ داگیرکه‌ره‌کان وه‌ک (کوردستانی عێراق، کوردستانی تورکیا، کوردستانی ئێران، کوردستانی سوریا) پێناسه‌کردن و ناسینه‌وه‌ی ئه‌و پارچه‌داگیرکراوانه‌ و پێناسه‌کردنیان ڕووی جیوگرافییاوه‌‌، ته‌نها بۆ به‌هێزبوون و نزیکبوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی کورده‌کانی ئه‌و پارچانه‌یه‌، تا گیانی په‌یوه‌ندیی و که‌سایه‌تیی کوردی تێدا به‌هێز ببێت، به‌کارهێنانی باکوور و باشوور و ڕۆژهه‌لات...هتد، زیاتر  په‌یوه‌ندییه‌ ڕووحیی و هه‌سته‌ نه‌ته‌وه‌یییه‌که‌ به‌هێزده‌کات، کوردی ئه‌و پارچانه‌ هه‌ست به‌ نزیکبوونه‌وه‌ زیاتر ده‌که‌ن وه‌ک له‌وه‌ی، به‌ ناوی وڵاتی داگیرکه‌ره‌وه‌ خۆی بناسێنێت، هه‌روه‌ها تێڕوانینمان له‌ سه‌ر یه‌کێتیی (مێژوو، فه‌رهه‌نگ، که‌لتوور و جۆگرافیا و زمان ... هتد) به‌هێزتر ده‌کات، به‌تایبه‌تیی کاتێک من ده‌ڵێم خه‌ڵکی کوردستانی باشوورم، زیاتر هه‌ست به‌ نزیکبوونه‌وه‌ی خۆم ده‌که‌م له‌گه‌ڵ‌ کوردی پارچه‌یه‌کی تردا، وه‌ک له‌وه‌ی بڵێم کوردی عێراق، یان کوردستانی عێراقم.
هیوادارم کاک که‌ریم، که‌مێک بچێته‌ خه‌ڵوه‌تیی بیرکردنه‌وه‌،‌ که‌مێک تاوتوێی وشه‌کان له‌گه‌ڵ خۆیدا بکات، ئه‌وسا بزانێت وه‌ک کوردێک چۆن ده‌یه‌وێت که‌سایه‌تیی خۆی تێدا ببینێته‌وه‌، ئه‌و کاته‌ هه‌ست به‌ نهێنی به‌کارهێنان و ئاڵوگۆڕکردنی وشه‌کان و نهێنی به‌کارهێنانیان‌ ده‌کات، با ئه‌وساش پێمان بڵێ له‌ کامیاندا خۆی وه‌ک کوردێک، یان له‌ کامیانی تردا وه‌ک ئێرانییه‌ک ده‌دۆزێته‌وه، هه‌روه‌ها چون پێناسه‌ی خۆی ده‌کات، وه‌ک ئێرانی، یان وه‌ک کوردێکی داگیرکراوی ده‌ستی ڕژێمی ئێران؟ ئێمه‌ ئه‌گه‌ر له‌ شتی بچوکدا خۆمان نه‌دۆزینه‌وه‌ و پێناسه‌ی که‌سایه‌تیی خۆمان نه‌که‌ین، له‌ گه‌وره‌کاندا ناتوانین به‌ردێت له‌ سه‌ر ڕێگای نه‌وه‌کانی داهاتوومان لابه‌ین، بۆیه‌ بوونی ده‌وڵه‌تیی کوردی ده‌بێته‌ خه‌ونی شاعیر، چونکه‌ سه‌رکرده‌ی حیزب و ده‌وڵه‌ته‌ داگیرکه‌ره‌کان، به‌ وشیارییه‌وه‌ به‌رچاومان به‌و گه‌نده‌ وشانه‌ ده‌گرن تا به‌رپێی ڕزگاربوونی خۆمانی پێ نه‌بینین.
ڕاسته‌ به‌کارهێنانی کوردستانی عێراق، یان باشووری عێراق هیچ له‌مه‌سه‌له‌ ناگۆڕێت، له‌ هه‌ردوو حاڵه‌ته‌دا ئێمه‌ کراوینه‌ته‌‌ به‌شیک له‌ عێراق، یان ئێران و پارچه‌کانی تر. دیسان بۆ ئه‌مڕۆ پێناسه‌کردنی کوردستانی عێراق، گۆڕانێکی تری به‌سه‌ردا هاتووه‌، ئه‌ویش دروستبوونی هه‌رێمی کوردستانه‌ له‌ناو ڕه‌حمی کوردستانی باشووردا.

دوای راپه‌ڕین و کۆڕه‌وه‌که‌ی ساڵی 1991، پاش ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا و ده‌وڵه‌ته‌ هاوپه‌یمانه‌کان ناوچه‌یه‌کی هێمنی دوور له‌ هێرشی سه‌ددامیان بۆ کورد جیاکرده‌وه‌، تا له‌ ده‌ست درێژی هێرش و قه‌ڵاچۆکردن بیان پارێزێ، له‌و کاته‌وه‌ پارتیی و یه‌کێتیی بوونه‌ ده‌سه‌ڵاتدار و ئه‌و ناوچه‌کانی  ژێرده‌سه‌لاتی خۆیان ناونا (هه‌رێمی کوردستان).

هه‌رێمی کوردستان، به‌ واتای کوردستانی باشوور (عیراق،) نایه‌ت. هه‌رێمی کوردستان ته‌نها بریتییه‌ له‌ سلێمانی و به‌شێک له‌ که‌رکوک، به‌شێک له‌ هه‌ولێر و دهۆک.
به‌کارهێنان و ڕاهێنان و فێرکردنی خه‌ڵکی له‌ سه‌ر وشه‌ی هه‌رێمی کوردستان، مه‌به‌ستیی زۆر سیاسیی پیس و قێزه‌وه‌ندی له‌ پشته‌وه‌یه‌، ده‌چێته‌ خانه‌ی خیانه‌تیی نه‌ته‌وه‌یی، که‌ هه‌ردوو حیزبه‌که‌ده‌یانه‌وێت مێژوویه‌کی بۆ دروست بکه‌ن، که‌ داگیرکه‌رانیش پێیان خۆشه‌ هه‌رێمی کوردستان جێگای کوردستانی عیراق بگرێته‌وه‌ و به‌و شێوه‌یه‌ بمێنێته‌وه‌، تا له‌و ڕێگایه‌وه‌ به‌شه‌کانی تر که‌ سه‌ر به‌ حکومه‌تی عێراقه‌، له‌یاد بچێته‌وه‌ و ڕه‌وایه‌کی یاسایی و سیاسیی و مێژوویی پێبده‌ن به‌وه‌ی که‌ ئه‌و شوێنه‌ی کوردی تێداده‌ژی، ته‌نها هه‌رێمی کوردستانه‌، نه‌ک پارچه‌کانی تر.

ئه‌مڕۆ هه‌ڵبژاردن ته‌نها له‌ هه‌رێمی کوردستاندا به‌ڕێوه‌یه‌، نه‌ک له‌ کوردستانی عێراق (باشووری کوردستان)، وه‌ک له‌ نووسیه‌که‌تاندا به‌کارتان هێناوه‌. واته‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و سه‌رۆکی هه‌رێم له‌ که‌رکوک، خانه‌قین و موسڵ و شاره‌کانی دیکه‌ ... هتد  ناکرێ.
کاتێک کاک که‌ریم موکریانی باس له‌ هه‌ڵبژاردن ده‌کات، به‌ وشیارییه‌وه‌ نابێت بڵێت (هه‌ڵبژاردنی‌ کوردستانی عێراق)، به‌ڵکو هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمی کوردستان. مادام نووسینه‌که‌ی باس له‌ هه‌ڵبژاردن ده‌کات، ده‌بوو ته‌نها بیگووتایه‌ هه‌رێمی کوردستان. ئێمه‌ خاترمان گرت، ته‌نها ویستمان ئه‌وه‌ی پێڕابگه‌یه‌نین، که‌ باشوور ڕاستتر و ڕه‌واتره‌ نه‌ک عێراق.

له‌ کۆتاییدا ده‌ستخۆشی له‌ کاک که‌ریم موکریانی ده‌که‌ین، ده‌ڵێن به‌ڵی نووسه‌ر ده‌بێت به‌رگری له‌ مافی خۆی بکات، وه‌ک کاک که‌ریم له‌ تایتڵی نامه‌دا بۆی نووسیوین، ئێمه‌ سوپاسی ده‌که‌ین، که‌ له‌ به‌شێک له‌ مافه‌کان ده‌گات، لێ ده‌بێت ئه‌و مافه‌ی ئێمه‌ و خوێنه‌ریش فه‌رامۆش نه‌کات، که‌ نووسه‌ر وه‌ک مافی  هه‌یه‌، مافییش هه‌یه‌ بۆ به‌رامبه‌ر‌، کاتێک نووسه‌ر زانیاریی و بۆچوونی هه‌ڵه‌ ده‌نووسێ، ئه‌وه‌ مافی ئێمه‌شه‌ ئه‌و زانیاریی و هه‌ڵانه‌ ڕاست بکه‌ینه‌وه‌.
ئه‌م وه‌ڵامه‌ ته‌نها بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یه‌، که‌ به‌ به‌ڵگه‌وه‌ پێناسه‌ی (کوردستانی عێراق)،(کوردستانی باشوور)، یان (هه‌رێمی کوردستان) بکه‌ین، ئێمه‌ گفتوگۆ له‌ سه‌ر ناوه‌رۆکی نامه‌که‌ ناکه‌یت، که‌ له‌گه‌ڵ کاک که‌ریمدا یه‌کناگرینه‌وه‌ له‌وه‌دا که‌ ئێمه‌ وه‌ک عێراقییه‌ک پێناسه‌ی خۆمان بکه‌ین، هه‌ر وه‌ک چۆن ئه‌و وه‌ک ئێرانییه‌ک پێناسه‌ ده‌کات، ئه‌و پێناسه‌یه‌ جگه‌ له‌ کۆیله‌بوون و بچوکبوونی کورد له‌به‌رامبه‌ر فارس و عه‌ره‌ب و تورکدا هیچ پێناسه‌یه‌کی تر هه‌ڵناگرێت، بۆ نموونه‌ ئه‌لبانیی و که‌رواتییه‌ک که‌ جاران له‌ ژێر ده‌ستی یۆگۆسلاڤیادابوون، ئه‌گه‌ر پێت بگووتایه‌ تۆ یۆگۆسلاڤیت، تووڕه‌ ده‌بوو، تا ڕاده‌ی په‌لاماردان، ئه‌وانه‌ی که‌سایه‌تیی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان پاراست، بۆیه‌ به‌ ئاسانیش ڕزگاریان بوو، ده‌وڵه‌تیی سه‌ربه‌خۆی خۆیان ڕاگه‌یاند.

که‌مال جه‌مال موختار
به‌رپرسی کوردستانپۆست

سه‌رنج بۆ کاک نه‌ژاد حاجی برایم: تکایه‌ ئه‌گه‌ر کاک که‌ریم به‌م روونکردنه‌وه‌یه‌ ڕازیی نه‌بوو، خواستیی نووسینه‌که‌ی لاببرێت، به‌ڕێزه‌وه‌ با داخوازییه‌که‌ی بۆی به‌جێ بهێنین ، بۆ له‌مه‌وداوش هه‌ر نووسه‌رێک وشه‌ی کوردستانی عیراق، یان کوردستانی ئێران و سوریا، تورکیای به‌کارهێنا، ئاگاداربین، به‌و شێوه‌یه‌ی لێکمداوه‌ته‌وه‌ بگۆڕدرێت، ئه‌مه‌ به‌شێکی بچوکه‌ له‌ سیاسه‌تی کوردستانپۆست، که‌ ده‌بێت گفتوگۆی له‌ سه‌ر بکرێت دوای ئه‌وه‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌کانی ستافدا بڕیاری له‌ سه‌ر بده‌ین‌. بۆ نموونه‌ هه‌ر نووسینێک نووسرابوو (مام جه‌لال) بکرێت به‌ (جه‌لال تاڵه‌بانی)، یان لابردنی وشه‌ی به‌ڕێز، که‌ ده‌خرێته‌ پێش ناوی دز و گه‌نده‌ڵ و خائینه‌کانه‌وه‌.

تکایه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ی نامه‌که‌ی کاک که‌ریم موکریانی، کرته‌ له‌ سه‌ر ئه‌و لینکه‌ی خواره‌وه‌ بکه‌:

http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=7b9400a7

بۆ خوێندنه‌وه‌ی بابه‌ته‌که‌ی کاک که‌ریم موکریانی، که‌ کوردستانی عێراقمان کردۆته‌ کوردستانی باشوور، کرته‌ له‌ سه‌ر ئه‌و لینکه‌ی خواره‌وه‌ بکه‌:

http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=dd48ba69

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە