یەکێتى چى دەکات؟

Tuesday, 08/03/2011, 12:00

1419 بینراوە


دواى گەڕانەوەى تاڵەبانى بۆ سلێمانى، وا چاوەڕێمان دەکرد کە سەرۆک بگەڕێتەوە بۆ خەڵک یان لانى کەم بانگەوازى ئاشتەوایى بکات و لەگەڵ سەرجەم سەرکردەکان لە سەروو هەموانەوە سەرۆکى بزوتنەوەى گۆڕان دانیشێت، بەڵام نەک هەر ئەوەى نەکرد، بەڵکو ئەمری کرد کە زۆرترین خەڵکى بۆ کۆ بکەنەوە، چون هەڵبژاردنەکەى 25 ى تەمووزى 2009 یەکێتى نەیکردە نامەردى لە شاروشارۆچکەکانەوە کەوتە کۆکردنەوەى خەڵک لەبەردەم تاڵەبانیدا.
ئەمجارە تاڵەبانى بەدانیشتنەوە وتەکەى پێشکەش کردو کۆتر و هەڵۆکانى مەکتەبى سیاسیەکەى بەدەوریەوە کۆببونەوە. تاڵەبانیش وا پیشاندا کە بەرامبەر خۆپیشاندەرانى بەردەرکى سەرا بێمنەتە. بەڵام بێ ئەوەى بەڕێزى هەست بکات، ترسان لە کۆنەبوونەوەى خەڵک و کردنى حەوتى مانگ بە پشوو "کە هیچ ساڵێک نەکراوەتە پشو" سەلمێنەرى ئەو ڕاستیەیە کە تاڵەبانى و پارتەکەى زۆر تەنگەتاون بەو خۆپیشاندانەو تەنانەت ڕووى ئەوەشیان نیە بچن لەگەڵیان کۆببنەوە.
یەکێتى لە سلێمانى کەوتە هەڵەیەکى گەورەوە بەوەى دواى ڕوداوەکانى حەڤدەى شوبات و کوشتنى ئیسنان لە سلێمانى، کەوتە ئاهەنگ و هوتافکێشان و کەژاوەى ئۆتۆمبیل و گۆرانى و ڕەقس و سەما. گەر یەکێتى توزقاڵێک خۆى بەخاوەنى ئەم شارە زانیبوا، نەدەبوو دواى کوشتنى ئینسان لەم شارە ئاهەنگ بگێڕێت. دەبوو دواى ڕوداوەکەى بەردەم لقى چوار یەکێتى تەفسیرى خۆى بگۆڕیایە و بەجۆرێکى تر سیاسەتى بکردبایە، یان لانى کەم بەشە زیندووەکەى یەکێتى" ئەگەر بەشى زیندووى هەبێت" ڕێگەى نەدابایە بەرامبەر بە نیگەرانیەکانى بەردەم سەراى ئازادى ئەوان بێن و لەو شەقامى سالمەى کە خوێنى گەنجەکانى سلێمانى لێ ڕژا، بیکەنە ئاهەنگ و سەما. بەڵام پێدەچێت ئەم جۆرە لە ئاهەنگ و سەما دواین تیرى یەکێتى بێت بیهاوێژێت بەوەى کە ئەم هێزە ئێستا لە ئاستى سیاسەت و دەسەڵات و فکر کۆتایى هاتووە و دەیەوێت بە هوتاف و ئاهەنگ و ئاڵا سەوزەکان خۆى ڕاسات بکاتەوە، کە ڕاست نابێتەوە.
تاکو تاڵەیانى نەگەڕابووەوە وەزعى یەکێتى تاڕادەیەک باشتر بوو. لانى کەم ئومێد هەبوو بەوەى کە بە گەڕانەوەى ئەم زاتە هێزەکان کۆدەبنەوە، یان لانى کەم تاڵەیانى لەگەڵ نوێنەرى خۆپیشاندەراندا کۆدەبێتەوە. بەڵام گەڕانەوەى تاڵەبانى ئاژاوەى گەڕاندەوە بۆ سلێمانى. هەر ئەو ئێوارەیەى تاڵەبانى گەڕایەوە، بۆ شەوەکەى خێمەکانى سەرا سوتێنران و ئەوەش یەکەم هەنگاوى سلبی یەکێتى بوو بەرامیەر بە نیگەرانیەکانى ئەم شارە. بە هاتنەوەى تاڵەبانى پارتى قازانجى گەورەى کرد. گەر تا دوێنێ بەریەککەوتنى خۆپیشاندەران بەرامبەر بە پارتى بووبێت ئەوا دواى گەڕانەوەى تاڵەبانى یەکێتیش ئەگەرى ئەوەى هەیە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە توشى بەریەککەوتن بێت. ئەمەش لانى کەم دواى سوتانى خێمەکان.
هوتافى لایەنگرانى یەکێتى لەسەر شەقامەکان و هۆڕنى ئۆتۆمبیل و ئاڵا سەوزەکانیان، ئیفلاسى سیاسى ئەم هێزەیە لە سلێمانى. ئەگینا گەر هێزێک بەمانا سیاسى و مۆراڵیەکەى سیاسەت بکات، هەرگیز دواى کوژرانى گەنجانى سلێمانى ئاهەنگ ناگێڕێت. ئاهەنگ و مەراسیمەکانى یەکێتى و کۆبوونەوە بەدەوەرى مەڵبەند و سوڕانەوە بە سەر شەقامەکاندا یەکێتى ناکاتەوە بە هێزێکى جوان لە سلێمانى، بەڵکو ئەوە ئەو پەڕى بێئیرادەیى ئەم هێزەیە کە سەرۆکى حکومەتەکەى بەدەستە و ئەم هەموو پێشێلکاریانە لەم شارەدا ڕوودەدات، لە کوشتن و بریندارکردن و دەسگیرکردنى گەنجەکانەوە بۆ سوتانى سەتەلایت و ڕادیۆ و خێمەکان و هێنانى هێزى چەکدارى حزبێک بۆ سلێمانى، دەیسەلێمێنت لە ئێستادا یەکێتى وەکو دەسەڵات و سیاسەت و فیکر تەواو بووە، بەڵام دەیەوێت بە ئاهەنگ و هوتافەکان پێمان بڵێت کە تا ئێستاش هێزێک هەیە بەناوى یەکێتى. گەڕانەوەى تاڵەبانى بۆ سلێمانى پێى وتین ئەم شۆڕشگێڕە پیرەى شاخ چەند دوورە لەخەڵک و چۆن شەقامەکانى دۆڕاندووە. ئەگینا دەبوو تاڵەبانى خەڵکى سلێمانى لەبیربوایە و بەپێى خۆى بچوبایەتە سەراى ئازادى، بەڵام تاڵەبانى سەیرى ئاوێنە ناکات و نازانێت کە ئەو کوڕە گورج و گۆڵەکەى جاران و پیاوە خۆشەویستەکەى ناو جەماوەر نییە، هەڵۆ و کۆترەکانى مەکتەبى سیایش ئەم ڕاستیەى پێناڵێن.
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە