ئەسپێى دەسەڵات لەنێوان تاتى گردەكە و تاتى نەزاهەدا

Wednesday, 25/03/2009, 12:00

1007 بینراوە


ئەوەى لاى كۆمەڵانى خەڵكى كوردستان شاراوەنیە ئەوەیە كە دوو بنەماڵەى (جەلال و مەسعود) وەك دوو گروپى تاڵانچى و دز و قاچاخچى خاوەن چەندین كۆمپانیاى بازرگانى خوێنن لەكوردستاندا ، ساڵانێكە بۆ كەڵەكردنى سەروەت و سامان و ناردنى سەدان ملێۆن دۆلار بۆ بانقەكانى ئەوروپا و تاپۆكردنى زۆرترین زەوى كشتوكاڵى باش و بیناكردنى زۆرترین باڵەخانە و كۆشك و تەلار و سۆپەر ماركێتى گەورە لە هەوڵى چڕوپڕدان كە لەم كارەیاندا سەركەوتنێكى زۆر باشیان بەدەست هێناوە و پارەیەكى خەیاڵیان كۆكردۆتەوە ، پیاوە كاسە لێس و مەسینە هەڵگرەكانیان ئەوانەى درۆ و بێ شەرمیەكانى دەسەڵات پینەو پەڕۆدەكەن و خۆڵ دەكەنە چاوى خەڵكەوە ئەوانیش بونەتە خاوەنى چەندین ملێۆن دۆلار و چەندین كۆمپانیا و كۆشك وتەلار ..جگەلەوەش زۆرترینیان لەوانە بازرگانى سیاسین و پۆست و پلەى باڵایان لە حزب و حكومەتە كارتۆنەیەكەى هەرێمدا هەیە . ئەمە ئەو راستیانەن لاى خەڵكى كوردستان شارەوەنین كە دەسەڵاتى لە ناو گێژاوى گەندەڵیدا لوولداوە و قوڕێكى بۆ گرتوونەتەوە كە دەرچوون لێى ئەگەر مەحاڵ نەبێ زۆر ئەستەمە !
دەركەوتنى گردەكە رووداوێكى ڕێكەوت نەبوو ، بەڵكە وەك دەركەوتنى رەگەزێك لە پوختەى پەرەسەندنى مێژووى خەباتدا وەك حەتمیەتى مێژوویی و پێداویستى ئەم قۆناغە لە دەرئەنجامى ئەو كایە دژ و لێك جیازانەیە كە لە جیاوازى و بۆچوون و فكرى سیاسی لە ناوخۆى حزب و لەناو حكومەتیش لەسەر ئەداى كارو كارنامەكەى هاتۆتە گۆڕێ ، ئەم كایە سیاسیە بەو تایبەتمەندى و ڕوخسارە فكریە كە زیاتر خۆى لە عەدالەتى كۆمەڵایەتى و بنیاتنانى كۆمەڵگەى مەدەنیدا دەبینێتەوە لەناو بازنە كۆنەكە هاتۆتەدەرەو لە دەورى قۆزاخەى كردوە بە جۆرێك كە ململانێیەكى توندى بۆ ناو بازنەكە و دەوروبەرى دەست پێكردوە و سات بەساتیش سنورى بەرفراونتر و بوارى هەژانى كاریگەر تردەبێ هاوشێوەى ئەو شەپۆلە بچووكەكانى بازنەى گۆمێكى شڵقاو كە ووردە ووردە لە سەنتەرەوە بازنەى بچوك و دواتر بەبازنەى گەورە رووەو كەنار دەكشێ ..! ئەوەى دەسەڵاتى توشى شۆك كردوە و ئەژنۆى هێناوەتە لەرزین هەرتەنها كۆبون و گردبوونەوەى چەند كەسێك نیە ، هەر تەنها گللەییەكى شەرمنانە و روولێوەرگێڕانێكى كاتى و دۆستانەى نێو برادەرایەتى و كوڕى نیۆ یەك كۆڵان نیە ! ئەمە كاروانێكە كە تێشوەكەى پڕ لە خەمى دێرینى ئەوانەیە كە ئێوە درۆتان لەگەڵ كردن ، ئەمە هەگبەى پڕ لەخەونى سەوزو سوورى ئەوانەیە كە لەپێناو ئێوە مردن و ئێوە هیچتان بۆ نەكردن ، گردەكە یاوەك خەڵك بڵێن گردى پیرۆز یا گردى ئازادى كە ئێستا تەنها ناوى تەپۆلكەیەك یا ناوى بەرزایەك نابەخشێ كەزۆر جار لە زانستى جوگرافیادا بۆ هەندێ بەرزى وتەپۆلكە و گرد بەكار هاتوە ، بەڵكە ئەم ناوە چۆتە ناو فەرهەنگى سیاسی و زاراوە و چەمكە سیاسی و فیكریەكانەوە چونكە ئێستا بۆتە رەمزى بەگژداهاتنەوەى گەندەڵى و گۆرینى سیستەمى بەرێوەبردن و هێنانە ئاراى بارودۆخێكى وا كە یەكسانى و یاسا تیایدا سەروەر بێت و هاوڵاتى بوون جێگەى چەمكى نیشتمانپەروەرى و شۆرشگێرى بگرێتەوە هەر ئەمەشە كە گردەكەى كردۆتە چەمكێكى فرە رەهەند كە ئاسۆیەكى گەش و مەغزایەكى سیاسی فكرى گەورەى لاى خەڵك هەبێ ، ئەم ئەنجامگیریە گرنگى و گەورەیی ئەو كاریگەریە دەردەخات كەبۆ سەر دەسەڵات هەیەتى و دوور نیە لە ئایندەیەكى نزیكدا سەراپاى هاوكێشەكان هەڵگێڕێتەوەو دەسەڵات لەكوردستاندا لە ژێر دەستى ئەو دوو دەسەڵاتە تاڵانچیە دەربێنێ و تانوپۆیەكى تازە بدات بە پەرلەمان و دەسەڵاتەكانى ترى هەرێم ئەمە ئەو فشارە بەهێزەیە كە لەناوخۆ وەك تایەكى بەرداشەكە ئەسپێی دەسەڵاتى تەنگاو كردووە و دەیهاڕێ ، لیژنەى نەزاهە ش كە لە ناوەندەوە كارەكانى هەموو خاكى عێراق دەگرێتەوە و هەرێمیش بەشێكە لە دەوڵەتى فیدراڵ بەو پێیە دەبێ دەسەڵاتدارانى كوردستان سەروەت و سامان و موڵكى كەڵەكراوى خۆیان ئاشكرابكەن كە دڵنیام ئەوەناكەن ، وەك فشارێكى تر و لایەكى ترى ئەو تایە یا بەرداشە ئەسپێى دەسەڵاتى توشى پەڵقاژێ كردوە و وابەئاسانى لە كۆڵ سەرانى بازرگانە سیاسیەكانى كوردستان نابێتەوە و لە ئەنجامیشدا شان بەشانى فشارەكانى گردەكە ئەو دەسەڵاتە مشەخۆرە دەخاتە نێو دوو تاى بەرداشەكە كەوەك مێژوو وایە رەحم بەكەس ناكا ، بۆیە دەسەڵات وەك ئەسپێ دەڵێ " ئەم لام تات و ئەم لام تات ئەى بابە جیقم دەرهات " !

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە