كى لەبەرەى گەلە، كى دژى گەلە؟

Tuesday, 23/02/2010, 12:00

1427 بینراوە



لەم نوسینەدا دەمەوێت دوو خاڵ بۆ خوێنەرانى بەڕێز رونبكەمەوە، بە تایبەتى گەنجە خۆشى نەدیوەكانى نەوەى شەڕى براكوژى و تاڵانكردنى سەروەت و سامانى گەل.
یەكەم/ دیارە هەموو حزبێك سیاسەتێكى هەیە بۆ بەرزكردنەوەى ورەى جەماوەرەكەى لە كاتى تەنگانەدا، وە ئەو حزبانەى متمانەى گەل و تەنانەت جەماوەرەكەى خۆشیان لەدەستدەدەن پەنادەبەنە بەر سیاسەتى تۆقاندن و چەواشەكارى بە تایبەتى سیاسەتى (درۆبكە، درۆبكە، تا بڕوات پێدەكەن). ئێستا یەكێتى كە حزبێكى بەناو سۆشیال دیموكراتە ئەم سیاسەتى درۆكردنەى كردۆتە پەیامى سەرەكى لە بانگەشەى هەڵبژاردنەكاندا. رۆژانە و شەوانە لە دەزگاكانى راگەیاندنى ئەو حزبەوە دەبیستین و دەخوێنینەوە كە چەند كادرێكى سەربە لیستى گۆران (گەراونەتەوە ناو بەرەى گەل!) ئەوەى ساڵانى شەڕى ئێران-عێراق ى بینیبێت دەزانێت كە حزبى بەعسیش هەمان ئەم سیاسەتەى پەیڕەو دەكرد. شەوانە لە بەرنامەیەكدا بەناوى (لە مەیدانى جەنگەوە) كە تەلەفزیۆنى كەركوك پەخشى دەكرد بەسەدان و هەزاران سەربازى عێراقى پیشاندەدران و دەكران بە پاسدار و بەناوى دیلى ئێرانییەوە دەهێنرانە سەر شاشەى تەلەفزیۆن. تەنانەت زۆرجار بووە كە خەڵكى عێراق كوڕ و باوك و براو كەسوكارى خۆى ناسیوەتەوە لەناو ئەو دیلانەدا و توشى سەرسوڕمان بووە كە تا دوێنى ئەو كەسە سەربازى عیَِراقى بووە بەلام ئەمڕۆ بۆتە پاسدارى ئێرانى. پێشینان دەڵێن (خویەك گرتت بەشیرى، تەركى ناكەى بە پیرى)، ئەم سیاسەتى درۆكردنەى حزبى بەعس لەكاتى پرۆسەى ئازادى عێراق دوبارە بۆ وە و علوج (محمد سەعید سەحاف) دەیشیڕاند كە بەمزانە مارێنزەكان تەفروتونا دەكەن لەولاشەوە هێزەكانى مارێنز هەر لەبەسرەوە تا بەغدادیان ئازاد كردبووە. تا كار گەیشتە ئەوەى كونە مشكیا لێبو بە قەیسەرى و كورد وتەنى وەك كەروێشك بە عارەبانە گیران. ئێستا یەكێتى هەمان سیاسەتى ئەو حزبە دوبارە دەكاتەوە و سەیریش نییە چونكە بەشێك لە سەركردەكانى ئەو حزبە پەروەردەى ئەو قوتابخانەیەن و لە درۆدا پێشەنگن و فایلەكان شایەتى ئەو راستییەن. كە شەوانە ئەو كەسانە دەبینم كەناڵى (ینك) بە ناوى گەراوەكانى گۆڕانەوە پیشانیان دەدات پێكە نینم دێت و سیناریۆكانى حزبى بەعسم بیردەكەویتەوە و دەڵێم ئاخۆ دەبێت چەند لەوانە سەر بە هێزى پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایش بن؟ وەك پۆلیس و ئاسایشەكانى كەلار كەلە هەڵەبجە بەناوى كادرى گۆڕانەوە نمایشكران!!
دووەم/ راگەیاندنەكانى یەكێتى دەڵێن ئەو كەسانە گەڕاونەتەوە ناو بەرەى گەل. با بزانین بەرەى گەل واتاى چى دەگەیەنێت؟ ئەم دەستەواژەیە بۆ ئەو كەسانە بەكار دەهێنرێت كە لەخۆشى و ناخۆشەییەكانى گەلدا بەشداربن و هەوڵ بدەن بۆ چارەسەركردنى كێشەكانیان. ئەوەى یەك تۆز عەقڵى هەبێت دەزانێت ئەم سیفەتانە زۆر دورە لە یەكێتى و بەرپرسەكانییەوە. كەسیًكى وەك نەوشیروان هەمو تەمەنى گەنجى خۆى بۆ گەل تەرخان كرد، ئێستا چۆن رێى تێدەچێت دژى گەل بێت و نیوەى گەلیشى زیاتر لەگەڵ بێت. ئەگەر لەترسى نانبڕین و سزادان نەبوایە ئەوا بە ئاشكرا دەردەكەوت كە گەل چۆن پشتگیرى لە گۆڕان دەكەن. بەرەى گەل واتە گرانى ناو بازاڕ، بێكارى، بێكارەبایى، بى ئاوى، ژمارەیەكى زۆر خێزانى كوردستان هەیە كە كرێچین و دەبێت لەدەمى منداڵەكانیان بگرنەوە بۆ ئەوەى كرێ خانوەكە دابین بكەن، ئایا بەرپرسەكانى یەكێتى بە خۆشیان و بنەماڵەكانیشیانەوە ئەم نەهامەتیانە دەچێژن؟ ئایا كوڕو كچى مەسئولەكان وەك كوڕ و كچى خێزانە هەژارەكانى كوردستان كە خاوەنى بڕوانامەن داواى پارەى كارتى مۆبایل لە باوكیان دەكەن كەبە كرێكارى پەیداى دەكات ، یان ئەوانیش وەك زوربەى گەنجەكانى كوردستان مۆ بایلەكانیان داخستوە چونكە ناتوانن كارتى بۆ بكڕن؟ مەسئولەكانى یەكیًَتى یەكى چەند ڤێلایەكیان لە باشترین و خۆشترین شوێنەكانى شار دا هەیە و ناوشارەكانیان كردوە بە سەنتەرى بازرگانى بۆ خۆ دەوڵەمەندكردن و خەڵكیشیان بەناوى زەوى دابەشكردنەوە ئاوارەى دەشتودەرەكانى دەرەوەى شار كردووە بێئەوەى هیچ خزمەتگوزارییەك لەو شوێنانەدا هەبێت. رۆژێك بەناو شارى سلێمانیدا بگەڕێ هیچ سیمایەكى شارستانى نابینیت، ئەوسا بۆت دەردەكەوێت كە یەكێتى چۆن پارەى گەل لوشدەدات! لە كۆتاییدا پرسیارێك ئاراستەى خەڵكى خۆڕاگرى سلێمانى و زوڕناژەنەكانى یەكێتى دەكەم: ئایا بەرەى كێیە؟ لەبەر رۆشنایى ئەو رونكردنەوانەى سەرەوە، خۆتان وەڵامى پرسیارەكە بدەنەوە.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە