نامەیەک بۆ کوڕی ئاربابا - جەنابی بەهمەن قوبادی

Tuesday, 26/11/2013, 12:00

2071 بینراوە






برای گەورە وبەحورمەتم ،،جەنابی بەهمەن قوبادی . سڵاو ،
سڵاوێکی گەرمو کوردانە دەدەمە گوڵەبەڕەزا تا بۆت بێنێ . ئاواتم ساغیو تەمەنێکی دوورو درێژە بۆ ئێوەی بەڕێز ، تەمەنێک بۆ خزمەت بە نەتەوەکەت بە کۆمەڵگاکەت . لە مێژ بوو دەمهەویست سەری قسەم دامەزرێنم ورازی دڵمت بۆ واڵا کەم ،چت لێ وەشیرم بۆ من جێگای بەختەوەرییە کە مرۆوێکی کورد کە لە داوێنی چیای سەرکەشی / ئاربابا / پەروەردە بووە لەوەها کاتو ساتێکدا بتوانێ دەردووئازاری نەتەوەکەی بە پانتایی سنورەکانی دونیای خەوتوو بۆکورد ڕاخا وپێیان بڵێ ، لەدەست پێکی هەزارەی سێ دا ئەوەیە حاڵ و باڵی کورد! پێیان بڵێ ئێوە لە کوێن ؟ کوا مافی مرۆوتان ؟ کوا دێمۆکڕاسیتان ،،،، ئەرێ ئەسپەکانیش مەست دەبن ؟ کیسەڵیش دەفڕێ ؟ .
سنارێوی فیلمەکانت هی من نین بەڵام بۆ منن، لەڕاستیدا بۆ ئەو منداڵانن کە لەدایک نەبون ، یا لە گڕوگاڵدان ، یانژی ئی ئەو قارەمانانەی کەبۆ دوا رۆژی نەتەوەکەت گیانی شیرینیان فیدا کردووە خەویان لەچاوی دوژمن زڕاندووە ودەڵێن : بۆبژیوی ژیانمان چیدی ئەسپەکانمان مەست ناکەین!بۆخۆمان دەبینە مەستو سەرخۆشی ئازادی ، ئیدی کیسەڵەکان لە فڕین ماندوو بون دەخوازن وەک خۆیان رێگا ببڕن ەئەوان دەڵێن : با کۆترە سپیلکەکان شەقەی باڵیان بگاتە تاقی ئاسمان وخۆیان هاوشان لەگەڵ مەلەکەتاووس لەقەرەی رۆژبدەن ووڵاتی رۆژ بنرخێنن .
زۆر بەڕێز کاکە بەهمەن .ئاربابا قەندیلە و قەندیلیش ئاربابایە، بانگت دەکەن و بەکانی و جۆبارەکاندەڵێن : ها،،،ئەو دەستخەتەم بدەنە مرۆوێک کە لەژێر سیفرەوە دەستی بە ژیان کردووە وناوبانگی گەیشتۆتە هەموو جیهان. پێی بڵێن لەسەرچاوەی هەر کانییەک ، هەر زەمەندێک ،رووبارێک ، گاشە بەردێک ، چیایەک ،لەسەر قەندیل سناریویەک بە هەوێنی خوێنی شەهید تۆمار کراوە . ئەدی کوا کوڕە هەژاری شاری برایمخانی یونسی ؟ کوا کوڕی سڵەمانبەگی زەردو سور ؟بێتە لام و سەر لەنوێ بیانخوێنێتەوە ؟ چون لە تەنیشت هەر گوڵە بەڕەزایەک کچە گریلایەک ، کوڕە گریلایەک ، چاوەڕوانتە تا داستانی ژیانی چل میلیون جووتیارت بۆ وێژە بکا . تۆدەزانی رۆژهەڵاتی وڵات ، خۆرئاوای وڵات لە جیاتی باران ، قزڵباش دەبارێ قزڵباش!! ئەو قزڵباشانەی کە قەڵای دمد میان وێران کردو کوردیان کوڵاندو خواردیان !؟
وەرەلامان، وەرەسەرچاومان با هەشتیش بێتە سەر نۆیی ،خۆ لەوە خراپترمان بەسەر ناهێنن !وەرەبا وێگڕا هاوار بکەین ئەرێ ،دیوتانە کیسەڵەکان بفڕن؟ لەکوێی ئەو زەوەیەدا ئەسپەکان مەست دەبن ؟ تۆ دەزانی ئەوانەی پێمان دەڵێن ترۆریست لێمان دەترسن ؟ دەست دە پێنوسو جانتات ،حەیرانی جودایی بێنە سەر لێوەکانت وەک هێمن گوتەنی : گەر گڵاشم کوردەواری ئێوە خۆش . زوو وەرە با مێژووی خودای راستان لەسەر شاباڵی مەلەکە تاووس بنەخشێنین با بیباتە بارەگا رۆژ بۆ وڵاتی رۆژ . ئار بابا بەشێک لە جەستەی قەندیلەو قەندیلیش کوردوستانە .

خاکی بەر پێی تێکۆشەرێکی کوردم .
برات ، جەعفەر کەریمی / ٢٦/ ١١/ ٢٠١٣
ساقڕ خانەی هەندەران

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە