باچیدیكە مامۆستایانى دایك لەمافەكانیان بێبەش نەكرێن

Wednesday, 23/11/2011, 12:00

1097 بینراوە



بەڕێز/ وەزارەتى پەروەردەى حكومەتى هەرێمى كوردستان
بەڕێز/ وەزارەتى دارایى حكومەتى هەرێمى كوردستان
جەماوەرى مامۆستایانى كوردستان

لاى هەموو لایەك روون و ئاشكرایە , حكومەتى عێراقى فیدرال لە ناوەڕاستى مانگى ئەیلولى 2011 رابردوو, بڕیاریدا بڕى (150) هەزار دینار وەك دەرماڵە بدرێ بە سەرجەم مامۆستایان و كارمەندانى ناو دام و دەزگاكانى پەروەردە, ئەم بڕیارە بوو بەجێگەى دڵخۆشـى مامۆستایان , بەڵام ئەوەى جێگەى داخە تێبینى دەكەین حكومەتى هەرێمى كوردستان و وەزارەتى دارایى رەزامەندیان دەرنەبڕیوە بەپێدانى ئەو دەرماڵەیە بەو مامۆستایانەى كەمۆڵەتى دایكایەتیان وەرگرتووە,لەكاتێكدا لەحكومەتى عێراقدا مامۆستایانى مۆڵەت وەرگرتووى دایكایەتى(150) هەزارەكەیان وەرگرتووە، دەپرسین كەیەك سیستەمى مووچە هەبێت ئەم جیاوازیكردنە بۆچى؟ تۆبڵێى مامۆستایانى ئافرەت لەكوردستان وەك شارەكانى عێراق شایستەى ئەم دەرماڵەیە نەبن؟! تاكەى رێنمایى دەركردن دژ بەبەرژەوەندییەكانى مامۆستایان؟ ئەم بڕیارە هەموو مامۆستایانى نیگەرانكرد, ئەو دایكانە مافى خۆیانە ئەو دەرماڵەیە وەربگرن, چونكە ئەركى پەروەردەكردن و پێگەیاندنى ئەو منداڵانەیان لە ئەستۆیە, لەكاتێكدا ژمارەى ئەم مامۆستایانە لە هەرێمى كوردستان چەندین هەزار مامۆستایە, ئێمە وەكو لیسـتى پیشـەیى مامۆستایانى كوردستان , پشتگیرى تەواوى خۆمان بۆ ئەو داوا رەوایەى مامۆستایان كەمۆڵەتى دایكایەتیان وەرگرتووە رادەگەیەنین, چونكە پێمان وایە ئەوە مافێكى رەواى ئەوانە , كەسەدوو پەنجا هەزار دینارەكە وەربگرن.
ئێمە لە هەرێمى كوردستان لە قۆناغى گواستنەوەو گەشـەپێدانداین, پێویستمان بەوە هەیە قەرەبووى ئەو ساڵانەى رابردوو بكەینەوە كەهەزارەها رۆڵەمان لەپێناو بەدیهێنانى ئازادى و سەربەخۆیى گیانى خۆیان بەختكرد, بۆیە مافى ئەو دایكانەیە كە ئەو دەرماڵەیە وەربگرن و لەهەمانكاتدا سوپاسى ئەو دایكانە بكرێت كە نەوەكانمان بۆ پێدەگەیەنن.


لیسـتى پیشـەیى مامۆستایانى كوردستان
23/ 11 / 2011


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە