دایكێكى نابیست و گریانى كۆرپە ساواكەى

Saturday, 23/02/2013, 12:00

1355 بینراوە





لە نیوەشەوێكى دەرەنگدا كاتێك دایكەكە لەگەڵ هاوسەرە كەیدا لە شیرینە خەودا بوون (باوان)ى تاقانەو كۆرپە ساواى تازە لە دایك بووەكەیان دەگریا و فرمێسك هۆن هۆن بە روومەتە ناسك و ئاڵەكانیدا دەهاتە خوارەوە، دایك و باوكەكەش لەبەر ئەوەى نابیست بوون گوێیان لە گریانى كۆرپە تازە ساواكەیان نەبوو، لە شیرینە خەوێكى قوڵدا بوون و (باوان)یش بەردەوام دەگریا، ئا لەو كاتەدا ئازارێك لە شێوەى چرنووك گرتن بەر دەستى دایكە نابیستاكە دەكەوێت، وەك ئەوەى پێى بڵێ هەستە كۆرپەكەت برسییەتى و بۆ شیر دەگرى، بۆیە لە خەو رادەچەڵەكێت، كە سەیرێكى كۆرپەكەى دەكات روومەتەكانى بە فرمێسك تەڕبوون دیارە بۆ ماوەیەكى زۆر بووە دەگریا، هەڵى دەگرێت و تووند بە خۆیەوە دەینوسێنێت و بە پێدانى شیرى خۆى هەر زوو ژیرى دەكاتەوە و لە گەڵ ژیر بوونەوەى كۆرپەكە دایكە نابیستەكە فرمێسك لە چاوانى دە تێزێى و لە ناخەوە سەرزەنشتى خۆى دەكات.
ئەمەى سەرەوە قسەى شارایە كە ژنێكى تەمەن 29 ساڵەى نابیستە و بە شێوەى دەست جوڵاندن و ئاماژە چیرۆكى گریانى كۆرپەكەیى و بێ ئاگایى خۆیى و هاوسەرەكەى لەو گریانەى بۆ گێڕامەوە.
شارا وتى: كە تازە خواى گەورە باوانى پێ بەخشین، زۆر دڵمان بەو كۆرپەیە خۆش بوو، بۆیە لەگەڵ هاوسەرەكەمدا سیستەمێكى نووستنمان بۆ كڕى و شەوان لە نزیك خۆمانەوە دەمان خەواند، شارا درێژەى بە گێڕانەوەكە دەدات و دەڵێت: تا چەند شەوێك خوشكى هاوسەرەكەم (دشەكەم) لە ژوورەكەمان دەنووست و هەركاتێك باوانى كوڕم شەوان بگریایە ئەو منى بە خەبەر دەهێنا تا شیرى بدەمێ و بیخەوێنمەوە، بەڵام مانەوەى خوشكى هاوسەرەكەى زۆر ناخەیانێت و لایان نامێنێتەوە وەك شارا دەڵێت تەنها چەند شەوێكى كەم لامان مایەوە، بۆیە دەبوو خۆم ئاگادارى كوڕەكەم بم، هەر بۆیە پاش ئەو شەوە، شارا كۆرپە ساواكەى لەناو سیستمەكە دەخەوێنێت و پاشان خۆیى و هاوسەرەكەشى دەخەون،بەڵام لەو نیوەشەوەدا كۆرپەى ساوا خەبەرى دەبێتەوەو برسى دەبێت و بۆ شیر دەگرى، وەك شارا دەڵێت ئیمە لە شیرینە خەودابووین و بەهۆى نابیستنمانەوە بێ ئاگا بووین لە گریانى كورەكەمان، بەڵام خواى گەورە ئەو دایكە نابیستە وكۆرپە ساوایەى لە یاد نەكردووە بۆیە وەك ئەوەى چرنووكێك لە دەستى شارا بگیرێت بە خەبەر دێت و دەچێت بەلاى كۆپەكەیەوەو بە پەلە هەڵى دەگرێت و فرمێسكەكانى بۆ دەسرێت و شیرى خۆى پێ دەدات.
شارا دواى ئەو دیمەنە بڕیار دەدات تا ماوەیەكى دیاریكراو كۆرپەكەى لە خۆى دوور نەخاتەوەو لە نێو سیستمەكەى نەى خەوێنیبَت، بەڵكو لە تەنیشت خۆیەوە بیخەوێنێت و لە جیاتى سیستمى نووستنەكەى قۆڵى خۆى بۆ درێژ بكات و لەسەر قۆڵى خۆى بیخەوێنێت، تا هەر كات خەبەرى بۆوەو گریا هەست بە جوڵەجوڵى بكات و بەدەمییەوە بچێت.
بێگومانین ئەركى دایكایەتى سەختەو پڕە لە شەو نخونى و بێدارى و بە خەبەر هاتن و شیرپێدانى منداڵە ساواكەى، ئەمە بۆ دایكێكى ئاسایى، بەڵام ئەى بۆ دایكێك كە لە بەهرەى بیستن بێ بەشەو ناتوانێت گوێ بیستى گریانى كۆرپە ساواكەى بێت ، دەبێت چەند سەخت و گران بێت؟ بەڵام خواى گەورە بە بەخشینى جۆرەها نیعمەت بە بەندەكانى لە سۆزى دایكایەتى بێ بەشیان ناكات ، بۆیە ئەو شێوازەى خستبووە مێشكى دایكەكەوە كە لەجیاتى بیستنەكەى، جوڵە جوڵى منداڵەكەى لەسەر قۆڵى بە ئاگاى دێنێت و ئەركى دایكایەتى خۆى بە جێ بێنێت.
ئێستا زۆربەى ئەو ژن و مێردانەى نابیستن دایكەكە بۆ بە ئاگابوون لە كۆرپەكەى شێوازى شارا خان بەكار دێنن و قۆڵى خۆیان درێژ دەكەن و كۆرپەكەیانى لەسەر دەخەوێنن.
باوان ئێستا تەمەنى سێ ساڵانە و زۆر جار لە كاتى زەنگى دەرگا یاخود زەنگى مۆبایلەكانیان كە كورتە نامەیان بۆ دێت، دایك و باوكى ئاگادار دەكاتەوە.


[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە