شۆڕشی پێڵاو ده‌ستی پێکرد

Monday, 17/05/2010, 12:00

1385 بینراوە


هۆکاری بنه‌ڕه‌تی و کرۆکی تیرۆرکردنی کاکه‌ سه‌رده‌شت عوسمان

سه‌ره‌تا، به‌بۆچونی من 4/5/2010 ڕۆژی سه‌ره‌تای هه‌ره‌سی پارتیه‌.

پێشه‌کی: مه‌به‌ستی ئه‌م ووتاره‌ ته‌واوکه‌ری `` پێوسته‌ چی بکرێ`` یه‌ و به‌رده‌وامی ئه‌بێ تا ئه‌و ڕۆژه‌ی ئه‌م جۆره‌ سیستمه‌ له‌کوردستاندا ڕیشه‌کێش ئه‌کرێ، لیره‌وه‌ ناکرێ ئاماژه‌ به‌و ڕاستیه‌ نه‌ده‌ین که‌ ئه‌م سه‌ره‌تایه‌ له‌ژێر ناوی کاکه‌ سه‌رده‌شت خۆی ئه‌نووسێته‌وه‌و هه‌نگاوه‌کانی تریش له‌ ڕۆشنایی ئه‌و ڕێبازه‌وه‌ ئه‌بێ که‌ کاکه‌ سه‌رده‌شت پیته‌کانی سه‌ره‌تای بۆ نووسینه‌وه‌.

گومانم له‌وه‌ نیه‌ که‌ کاکه‌ سه‌رده‌شت بۆ نه‌وه‌کانی دادێ، وه‌ك ڤیگه‌ری مه‌سیح هه‌ژمار بکرێ، ئاخر ئه‌وه‌ی مه‌سیح کردی، چ جیاوازیه‌کی ئه‌وتۆی نیه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕێبازه‌ی کاکه‌ سه‌رده‌شت، ئه‌گه‌ر چی مه‌سیح به‌هۆی فشاری زۆری `باج` له‌لایه‌ن پیاوانی ئایینیه‌وه‌ که‌ ئه‌کرایه‌ سه‌ر چینه‌ ڕه‌نجده‌رو ماندووکه‌، بۆیه‌ توانی له‌و ڕێگایه‌وه‌ تواناکان کۆبکاته‌وه‌و بتوانێ ده‌نگی ئه‌و هه‌ژارو لێقه‌وماوانه‌ له‌ژێر لێوانه‌وه‌ بخاته‌ به‌رده‌م که‌له‌ ڕه‌قی و به‌خۆزلزانینی ئه‌و چینه‌ مشه‌خۆره‌ی نێو په‌رستگاکان و لووتیان بشکێنێ. بۆیه‌ ئه‌وه‌ی کاکه‌ سه‌رده‌شت کردی ، توانی پارتی و بنه‌ماڵه‌ تووشی ئه‌و چاره‌نووسه‌ بکات که‌ له‌و ڕۆژه‌وه‌ ئێدی هه‌موو به‌ناو پیرۆزی وهێڵه‌ سووره‌کانی تێکشکاند و شاری هه‌ولێری له‌ ده‌ستی ڕه‌شیان ڕزگار کرد.

وه‌ك گه‌نجی ساڵانی هه‌شتاکان و که‌و ئه‌و ده‌مه‌ ئێمه‌ش ئه‌و ته‌مه‌نه‌ی ئێستای کاکه‌ سه‌رده‌شتمان هه‌بوو، هه‌ر ئه‌و کاته‌ ، کاك ئارام له‌و ته‌مه‌نه‌ لاوێتییه‌دا توانی ببێ به‌سومبلێك و هه‌زاران گه‌نجی ئه‌و کاته‌ سوێند به‌گۆره‌که‌ی بخۆن و ئاماده‌بن که‌ته‌واوکه‌ری ڕێبازه‌که‌ی بن، دواتر گه‌نجان توانیان درێژه‌ به‌هه‌مان ڕێبازی پیرۆزی کاكه‌ ئارام بده‌ن، که‌ ئه‌وساش هه‌ر پارتی و به‌عس له‌ڕێگای پاراستن و جاشه‌کانیه‌وه‌ تیرۆریان کرد، توانرا له‌ماوه‌یه‌کی که‌مدا و دوای شه‌هید کردنی ئارامه‌وه‌ له‌لایه‌ن حه‌سۆو قاله‌ فه‌ره‌ج و ته‌حه‌سین شاوه‌یس و هاوجاشه‌کانیه‌وه‌ بڵێسه‌ی خه‌بات کڵپه‌ پێ بسێنن و سه‌رتاپای کوردوستانی گرته‌وه‌و پێشمه‌رگه‌ی کوردوستان په‌یامه‌ پیرۆزه‌که‌ی کاکه‌ ئارامی وه‌ك گه‌رده‌لوول گه‌یانده‌ هه‌موو شوێنێ.

ئه‌وڕۆش کاکه‌ سه‌رده‌شت هه‌مان ڕێبازی کوردایه‌تی کاك ئارامان بۆ زیندوو ئه‌کاته‌وه‌و نه‌وه‌کانی ئێستا و سبه‌ی درێژه‌ به‌م خه‌باته‌ ئه‌ده‌ن و پارتی و سیستمی عه‌شایری له‌گۆر ئه‌نێن. بۆیه‌ ئه‌وه‌نده‌ی جێی داخه‌ که‌ ئه‌و که‌ڵه‌ گه‌نجه‌ گه‌لێ به‌زوویی جێی هێشتین،ئه‌وا له‌هه‌مان کاتدا هیوایه‌کی گه‌وره‌یه‌ بۆ گه‌له‌که‌مان که‌ گه‌نجه‌کانی خاوه‌نی ئه‌و هێزه‌ پۆڵاینه‌ن دژ به‌هه‌موو جه‌ورو سته‌مێك که‌له‌ژێر سایه‌ی پارتیه‌وه‌ سه‌پێندراوه‌ به‌سه‌ر میله‌ته‌که‌ماندا و دژ به‌ هیواو خواسته‌کانێتی .

له‌مێژووی هاوچه‌رخدا، گوێبیستی چه‌ندین شۆڕشی گه‌نجان بووین که‌ توانیویانه‌ ڕه‌و ڕه‌وه‌ی مێژوو بگۆڕان، شۆڕشی ساڵانی 1968 پاریس و خوێندکارانی فه‌ره‌نسیه‌کان که‌ چۆن توانیان سیستمی دیگۆلیه‌کان بگۆڕن، ڕیفۆرمیستی نێو پارته‌ کۆمۆنیستیه‌کان و ڕووخاندنی دیواری به‌رلینی ساڵی 1989 که‌ توانیان کۆتایی به‌و سنووره‌ ساخته‌ بێنن که‌له‌نێوان یه‌ك گه‌لی دوو له‌تدا دروست کرابوون، شۆڕشی به‌رد هاوێژه‌کانی فه‌له‌ستینیه‌کان له‌ساڵانی 1987 ده‌ستی پێکردو تا 1993 درێژه‌ی کێشا و توانی هه‌ست و سۆزی جیهان بۆ خۆی ڕابکێشێ، شۆڕشی ئیسلامی ئێران له‌ ساڵی 1979 کۆتایی هێنان به‌ فه‌رمانڕه‌وایی هه‌زار ساڵه‌ی شاهه‌نشا ، شۆڕشی پرته‌قاڵی ووڵاتی ئۆکرانیای ساڵی 2004 و هێنانی سیستمی دیوکراتی بۆ ئه‌و ووڵاته‌. ئه‌مانه‌ چه‌ند نمونه‌یه‌کن له‌و شۆڕش و گۆڕانکاریانه‌ی که‌به‌ده‌ست و توانای گه‌نجان هاتونه‌ته‌ دی و لێره‌و له‌وێ وه‌ك کانیاوێكی هه‌میشه‌ زیندوو قوڵپ ئه‌ده‌ن و هه‌ره‌س به‌و که‌رسه‌ك و به‌ربه‌ستانه‌ ئه‌ده‌ن که‌ به‌هیچ جۆرێ نه‌توانراوه‌ ڕێگه‌ی لێبگیرێ.

هه‌نووکه‌ له‌کوردوستان و له‌شاری هه‌ولێری نه‌به‌زدا جارێکی دی له‌ته‌ك زه‌نگی کوشتن بۆ ڕۆڵه‌کانی، په‌یامی شۆڕشێکی نوێ درا به‌گوێی ئه‌و دیکتاتۆرو مافیاو کورد کوژانه‌ی که‌ به‌بێ سڵه‌مینه‌وه‌ ، ڕۆڵه‌کانیان تیرۆر ئه‌که‌ن، وا ئه‌زانن به‌و کاره‌یان ئه‌توانن درێژه‌ به‌ ژیانی پڕ له‌هه‌ڵه‌و که‌مو کوڕیان بده‌ن. لێره‌وه‌ کۆشتنی ئه‌و گه‌نجه‌ خێر له‌خۆ نه‌دیوه‌، بوو به‌مایه‌ی دروست بوونی سه‌رمایه‌یه‌ك له‌ خۆرپه‌و ڕاچه‌ندین له‌نێو هاوڕێکانیدا، ئه‌و خورپه‌یه‌ی که‌هه‌موانی به‌ئاگا هێناو جگه‌ له‌ده‌نگی ناڕه‌زایی ، ئه‌وا ڕژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان و نیشاندانی پێڵاوه‌کان له‌ڕووی ده‌سه‌ڵاتی کوردکوژدا سه‌ره‌تای کۆتایی هێنانی سیستمی به‌عسی کوردی هێنایه‌ کایه‌وه‌.

هیوای پارتی له‌تیررۆکردنی ئه‌م گه‌نجه‌ خوێن گه‌رمه‌ ، جگه‌ له‌وه‌ی په‌یامێ بوو بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی وه‌ك پارتی بیرناکه‌نه‌وه‌و دژی سیاسه‌ته‌ چه‌وته‌کانی مه‌سعود وبنه‌ماڵه‌ن، بۆیه‌ به‌و شێوازه‌ تیرۆریان کرد، که‌ ببێ به‌وانه‌یه‌ك بۆ هه‌موو ئه‌و گه‌نجانه‌ی وه‌ك ئه‌م وان و چیدی نه‌بنه‌ له‌مپه‌ر بۆ پارتی و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان. ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌ ئه‌و ده‌رهاویشته‌یه‌ بێ له‌پاڵ ئه‌و کرده‌ تیرۆریستیه‌، لێ ئه‌وه‌ی که‌زیاتر مه‌به‌ستی پارتی و مه‌سعوده‌ گه‌لێ له‌وه‌ زیاتره‌و له‌ڕووبه‌ری جه‌سته‌ی ته‌نها لاوێکی وه‌ك کاکه‌ سه‌رده‌شت کۆتایی نایه‌ت، بۆیه‌ به‌بڕوای من جگه‌ له‌مه‌به‌ستی کاکه‌ سه‌رده‌شت و له‌ناوبردنی دوو هۆکاری سه‌ره‌کی تر هه‌ن که‌ پارتی له‌ڕیگه‌ی ئه‌م کرده‌ قێزه‌وه‌نده‌‌یانه‌وه‌ وه‌ك په‌یامێك ناردیان بۆ هه‌ریه‌ك له‌ (نێچیرڤان بارزانی و نه‌وشیروان موسته‌فا)، وا لێره‌دا هه‌وڵ ئه‌ده‌م به‌کورتی شرۆڤه‌ی بکه‌م:

1- له‌وه‌ته‌ی نێچیر له‌سه‌رۆکی حکومه‌ت نه‌ماوه‌، بینرا که‌وه‌ك لیبڕاڵێك مامه‌ڵه‌ له‌ته‌ك میدیا و وه‌ك سیاسیه‌کی میانڕه‌و ده‌رئه‌که‌وت، که‌ئه‌مه‌ خۆی له‌خۆیدا ده‌رچوون بوو له‌که‌لتوری بنه‌مه‌ڵه‌یی و پارتیدا. ئه‌بوو نێچیر به‌هه‌مان شێوه‌ی جاران دووره‌ په‌رێز له‌میدیا و خۆنه‌خزانده‌ نێو چه‌ند بابه‌تێکی وا ، که‌له‌وه‌و پێش هیچ کات له‌زاری هیچ که‌سایه‌تیه‌کی پارتیه‌وه‌ نه‌درکێنرابوو.

نێچیرڤان جگه‌ له‌مه‌ش، هه‌ستا به‌ کامپینێ بۆ دروست کردنی لۆبیه‌ك له‌ناو پارتیدا بۆ بانگه‌شه‌کردن بۆ-گۆڕان- که‌ئه‌مه‌ هیچ کات له‌فه‌رهه‌نگی پارتیدا باسی لێوه‌ نه‌کرابوو، ئێدی ئه‌م ده‌سپێکه‌ بوه‌ هۆی جۆرێ له‌کرانه‌وه‌ی ده‌رگا داخراو کڵۆمه‌کانی پارتی و به‌و هۆیه‌وه‌، خه‌ریك بوو باڵباڵێن و ته‌که‌تول له‌ناو پارتیدا ڕووبدا، که‌ له‌دوای به‌ناوی شۆڕشی گۆڵانه‌وه‌ شتی وای به‌خۆوه‌ نه‌دیبوو، نێچیرڤان به‌مه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستاو به‌شێوه‌یه‌کی نهێنی چه‌ندین په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ تورکیاو چه‌ند شوێنکی تر به‌ست به‌بێ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ لای مه‌سعود بارزانی، ئه‌م سه‌رکێشیانه‌ی نێچیرڤان لێره‌وه‌ کۆتایی نایه‌ت و سنووری شاری هه‌ولێر ئه‌بڕێ و ڕوو له‌سلێمانی ئه‌کا، پێش ئه‌وه‌ی هه‌ریه‌ك له‌ مه‌سعود و جه‌لال پیرۆزبایی له‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بکه‌ن و بیانه‌وێ وه‌ك لایه‌نێکی سیاسی مامه‌ڵه‌ی له‌ته‌کدا بکه‌ن، نێچیرڤان دێت و ده‌ست خۆشی له‌و گۆرانه‌ ئه‌کا، که‌ هاوسه‌نگی سیاسی له‌و هه‌رێمه‌ له‌تکراوه‌ به‌سه‌ر دوو هێزی یه‌کساندا ،تێکدابوو. ئه‌م جۆره‌ سیاسه‌ت و هه‌ڵوێست و هه‌نگاوانه‌ی نێچیرڤان ئه‌بو جۆرێك له‌په‌رچه‌کرداری له‌لایه‌ن مه‌سعوده‌وه‌ چاوه‌ڕوان بکردایه‌، به‌تایبه‌تی که‌ خودی مه‌سعود له‌ئێستاوه‌ له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ که‌ مه‌سروری کوڕی وه‌ك که‌سایه‌تی داهاتووی نیو بنه‌ماڵه‌و دواتریش وه‌ك سه‌رۆکی پارتی و هه‌رێم ده‌ست نیشان بکات، بۆیه‌ ئه‌م په‌یامه‌ی مه‌سروور بۆ نێچێرڤان ناردی ، به‌داخه‌وه‌ له‌ڕێگه‌ی گه‌نجێکی وه‌ك کاکه‌ سه‌رده‌شته‌وه‌ گه‌لێ جێگای خه‌م و په‌ژاره‌و جێگه‌ی په‌ستیه‌ بۆ هه‌موان.

نێچیرڤان بارزانی نه‌ك هه‌ر ته‌نها قسه‌ی مامی شکاند له‌وه‌ی که‌ به‌هیچ جۆری خۆی وه‌ك که‌سی دووه‌م له‌پارتی نازانێ و وه‌ك جێگریش ڕازی نابێ به‌و پله‌یه‌، له‌هه‌مان کاتدا ده‌ست تێکه‌ڵاو کردنی له‌گه‌ڵ گۆڕاندا به‌ ئاشکرایی و ڕه‌خنه‌ زۆره‌کانی له‌ کابینه‌ی شه‌شه‌م و به‌تایبه‌تی دۆزی نانبڕاو دۆزی تاوانه‌ سیاسیه‌کانی کوردوستان، وه‌ك پاڵپشتێك هاته‌ پێش و دواتر بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م پاڵپشتیه‌ به‌رده‌وام نه‌بێ، مه‌سعود ئه‌و دڕکه‌ی له ژێر ‌پێی ده‌رهێناو چاره‌سه‌ری ئه‌و دۆزانه‌ی خسته‌ ئه‌ستۆی خۆی. لێره‌وه‌ توڕه‌یی و ناڕه‌زایی مه‌سعود به‌ته‌واوی له‌ نێچیرڤان ده‌رکه‌وت، بۆیه‌ له‌و کاته‌وه‌ مه‌سعود و مه‌سروور به‌جوته‌ که‌وتنه‌ چنینی ئه‌و داوه‌ی که‌ بتوانن سیاسه‌ته‌کانی نێچیری پێ بگرن، کوشتنی ئه‌و گه‌نجه‌ ڕۆژنامه‌نووسه‌ به‌جه‌رگه‌ ، پێش هه‌موو شتێ کوشتنی هیواو هه‌لی گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌هێزی نێچیرڤانه‌ . ئێدی ئه‌بێ نێچیرڤان ئه‌و ڕاستیه‌ باش تێبگات که‌ شتێ نیه‌ له‌نێو پارتی به‌ناوی گۆڕانکاری و نوێبوونه‌وه‌، وه‌ هه‌ر هه‌وڵێك له‌و شێوه‌یه‌ ئه‌چێته‌ خانه‌ی مه‌حاڵه‌وه‌. بۆیه‌ ئه‌و زه‌نگه‌ی لێدرا بۆ کاکه‌ سه‌رده‌شت جگه‌ له‌خۆی ، کوشتنی چاوه‌ڕوانکراوه‌ بۆ که‌سانی تریش. ڕه‌نگه‌ ئه‌وڕۆ کوشتنی جه‌سته‌یی کاکه‌ سه‌رده‌شتمان بینێ، لێ بۆ نێچیرڤان تیرۆری ئه‌ویشه‌ ، گه‌ر نێچیرڤان نه‌یه‌ته‌ سه‌ر خه‌ت، ئه‌وا ئاماژه‌ی ئه‌وه‌ن که‌ به‌ڵێ مه‌سروور که‌سایه‌تی دوای مه‌سعوده‌و شوێنێ نامێنێته‌وه‌ له‌ناو پارتی وه‌ك ده‌سه‌ڵات و ڕیفۆرم بۆ نێچیرڤان. بۆیه‌ به‌بڕوای به‌نده‌، هه‌روه‌ك چۆن کاتی خۆی هاته‌ سه‌رخه‌ت بۆ سه‌ر‌کۆنه‌کردنی تاوانه‌ سیاسیه‌کانی دوای هه‌ڵبژاردن ، ئاوهاش له‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی داهاتودا ، ئه‌بینین که‌وا گه‌لێ به‌تووندی ئه‌و به‌سته‌ڵه‌که‌ ئه‌شکێنێ که‌وا هه‌ریه‌ك له‌ مام و پس مام ئه‌یانه‌وێ له‌به‌رده‌می دا دروستی بکه‌ن. ماویه‌تی..................
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە