ئەرسەلان بایز وەک دیاردە

Thursday, 15/08/2013, 12:00

1326 بینراوە





لە کوردەواری خۆماندا کەسێک کارەکانی باش نەڕوات پێی دەڵێن نەگبەتی گرتویەتی، کوتومت ئێستا یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەو حاڵەدایە، ناوەناوە کەسانێک لەوانەی لەو حیزبەدا لەئاستی مەسئولیەت و سەرکردایەتیدان دێنە قسە، چۆن قسەکردنێک، بۆ بەرگری کردن لەباری لاری یەکێتی قسە دەکەن، بەڵام ئەوەندەی تر ئەو حیزبە کۆڵەوار دەکەن.

دەرکەوتنی کۆسرەت رەسوڵی برا گەورەی ناو یەکێتی لە ساڵیادی ئەو حیزبەدا لە هەولێر، وتاردانێک بۆ حەماسی کردنی لایەنگرانی حیزبەکەی، پارتی برا گەورەی یەکێتی نیگەران کرد، بۆ دڵدانەوەی پارتی لەمەڕ نیگەرانیەکەی، یەکێتی ئەوەندەی سازش کرد بەتەواوی پەردەی پاشکۆیەتی بۆ پارتی هەڵماڵدرا...

بەرگریەکانی مەلا بەختیار لە سیاسەتەکانی مەکتەب سیاسی حیزبەکەی بە قسەکردن و چاوپێکەوتنی میدیایی و کۆنگرەی رۆژنامەوانی، کۆمەڵێک وتەی بونە نوکتە و تەنزی ناو خەڵک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆنمونە؛ 'با تەمومژ نەمێنێت، ئێمە و پارتی یەکین ئەوەی هەیە تای هەڵبژاردنە و دوای هەڵبژاردن وەک خۆمان لێدێتەوە'، 'گەڕایەوە، دەستور گەڕایەوە'...

دوا دیمانەی بەرهەم ئەحمەد ساڵحی جێگری دوەمی سکرتێری یەکێتی و سەرۆکی کابینەی پێشوی حکومەت لە گۆڤاری 'سپی میدیا'، یەکێکە لە سەیرترین ئاخاوتنی سیاسیەک کە لە ئاست مەسئولیەتدایە، بەرهەم ساڵح لەو دیمانەیەدا هەمو بەرپرساریەتی لەشانی خۆی داماڵیوە و داویە بە کۆڵی حیزبەکەی و برادەرەکانی، کۆمەڵێک رستەی تێدایە هەرچۆن پاکانەکردنە بۆخۆی، ئاواش نەگبەتییەکی تری یەکێتییە کە کەسێک لەو ئاستەدا ئاوا بەرگری لە حیزبەکەی دەکات، لەوانە؛ 'کاک نەوشیروان دەزانێت من لەو کەسانە نیم قبوڵی زەلیلی بکەم'، 'بەکارهێنانی ناوی مام جەلال لە مەسەلە سیاسیەکاندا ناڕەوایە'، 'ناتوانێ یەکێتی پاشکۆ بێت، پاشکۆ بێت ئەپوکێتەوە'، 'بەڕێوەبەری قوتابخانەیەک نابینیت لەم وڵاتە بە تەزکیەی حیزبی دانەمەزرابێت، ئەمە ناچێتەسەر'، بە ئاوڕدانەوەیەک لە روداوەکان هیچ کام لەم وتانە لە نەبونەوە نەوتراوە...

ئەرسەلان بایز وەک نمونەی سەرەکی:
ئەرسەلان بایز ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و سەرۆکی پارلەمانی کوردستان، یەکێکە لەو بەرپرسانەی زۆرترین نەگبەتی داوە بەشانی یەکێتیدا، ئەو وەک بەرپرسی یەکەم لە ئابڕوچونەکەی 30 حوزەیران، بۆ بەرگریکردن لەو خەڵاتەی بە سەرۆکایەتی ئەو بەخشرایە پارتی و بارزانی سەرۆک، چ لەسەردانە مەیدانیەکان و چ لە چاوپێکەوتنە میدیاییەکاندا هەرچی دەیکا و دەیڵێت حیزبەکەی عەیبدار تر دەکات.

ئەرسەلان بایز هەر لەوکاتەوەی جێگری کەمال کەرکوکی بو و ویستی فرسەت لە بودجە و قوتی خەڵک بێنێت، تا ئەوکاتەی بە ناشەرعی ماوەی پارلەمان و سەرۆکایەتی هەرێمی درێژکردوە و ئەوەندەی تر حوکمداری و سیستمی سیاسی لەکەدار کرد، هەرچی کردوە نەگبەتی بوە بۆ یەکێتی، دو دوا دیمانەی ئەو یەکەم؛ لە گۆڤاری لڤین و دوەم؛ لە رۆژنامەی ئاوێنە هاوشێوەی بەرگری تۆمەتبارێکە کە تاوانێکی خراوەتە پاڵ و دەیەوێت بە بابەتی لابەلا کەیسەکە بەلاڕێدا بەرێت.

- لە دیمانەیەکەی لڤیندا دەڵێت؛ 'یەکێتی دڵ نەرم بوە بەرامبەر بە گۆڕان، ئەو هەمو چەک و جبەخانەیەمان هەبوە بەکارمان نەهێناوە'، ئەمە جگەلەوەی دەبێتە لەکەیەک بۆ حیزبەکەی کە سۆشیال دیموکراتە و وشەگەلیکی وا نەشیاو ناگونجێت لەگەڵ ئەو رێبازەدا، رەنگە خۆشی نەزانێت کە ئێستا حیزبە سۆشیال دیموکراتەکان لە ئەوروپا کار دەکەن بۆ فراوانکردنی مەودای دیموکراسی و ئازادی مرۆڤ، کاردەکەن بۆ پەرەپێدانی پەروەردە و ژینگە و... تازە ئەمیش گەڕاوەتەوە بۆ شاخ و خەیاڵی رەش و سپی لێ دەدات، ئەزیزم ئەو زەمەنە گوزەشت...

- دیمانەکەی ئەرسەلان بایز لە رۆژنامەی ئاوێنە؛ هەندێک جار کە شتێک دەخوێنیتەوە لائیرادی روداوێکت دێتەوە یاد، جا تێکستەکە و روداوەکە لێک نزیک بن یان نا ئەوە ئەو یادهاتنەوەیە لەدەرەوی قودرەتی مرۆڤ خۆیەتی، من کە دیمانەکەم خوێندەوە ئەو وێنەیەی قەزافیم هاتەوە بەرچاو کە دەستگیرکرابو و بەدەست چەکدارە لیبیەکانەوە ئەیویست بەرگری لە خۆی بکات.


ئەرسەلان بایز لەو دیمانەیەی ئاوێنەدا زۆر شتی وتوە، باسی ئەوە ناکەین کە تۆمەتی بۆ میدیای ئازاد ریزکردوە و ئەیانکات بە نەیار و دۆستی ئەم و دوژمنی ئەو، چونکە رۆژنامەنوسان وەڵامی پڕ بەپێستی خۆیان دایەوە، منەت فرۆشیەکی زۆری کردوە لەوەی کە ئەوان ئەم ئازادیەی رۆژنامەگەریان بەرقەرار کردوە، بەڵام بەلاڕێدابردنەکەی قەناعەتپێکەر نییە، چونکە هەمو ئەزانین ئەوانەی لەناو یەکێتیدا کاریان بۆ ئازادی رۆژنامەگەری دەکرد و بەرگریان لێ دەکرد ئێستا هەرچی بن هاوخەباتی ئەرسەلان بایز نین.

لە باسی ئۆپۆزسیۆندا ئەرسەلان بایز بەراست و چەپا کەوتۆتەناو، نەیتوانیوە ئەوە بشارێتەوە کە ئۆپۆزسیۆن چەند هێزێکی کاریگەرە لە کوردستان چۆن بۆتە کۆسپ لەبەردەم بەردەوامیدان بە کارە نەشیاو و هەڵەکانی دەسەڵات.

ئەرسەلان بایز و هەندێک لەو کەسانەی بەرپرسن لەوەی لە 30 حوزەیراندا رویدا، ناوەناوە وەک دیاردەیەک دەردەکەون بۆ دڵدانەوەی جەماوەرەکەی پێشوی یەکێتی و راستکردنەوەی باری لاری یەکێتی، بەڵام هەمو جار جگە لە ئازاردانی ویژدان یەکێتییەکانی پێشو، برینەکانی جەستەی یەکێتیش دەکولێننەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە