ئێمە دزمان بۆتان بەرهەم هێنا.... دز

Friday, 24/05/2013, 12:00

2081 بینراوە


(بەڕاستی باشتر وایە هەموو خۆ بەدێرین زانەکان خەجاڵەتی بکێشن و بە هەمووشمان داوای لێبووردن لەو خەڵکە بکەین کە ئەو هەموو دزەمان بۆ بەرهەم هێنان).

ساڵێک زیاتربوو، که‌ بووبووم بە پێشمەرگە، باوکم به‌ دوامدا گه‌ڕا و لە گوندی دۆڵبێشک دۆزیمیەوە، چەندە کۆشا و هەوڵی دا، تا رازییم بکات و واز لە هەڵگرتنی ئەو تاقم و تفەنگە بهێنم کە لەخۆمم بەستبوو، به‌ڵام من ملم نەداو باوکمم بە دڵی شکاویی ناردەوە بۆ ماڵەوە.
لەم شەوانەدا لە شاری ئاڕنەهێمی ووڵاتی هۆڵەندا سەردانی خاڵە ئەکرەم چاوجوانی هاوڕێی سەردەمی پێشمەرگایەتم کرد. خاڵە ئەکرەمیش هەمان بەسەرهاتی هاتنی باوکی خۆی بۆ گێڕامەوە، کە هاتبوو بۆ لای و پێی وتبوو کوڕم به‌هۆی تۆوه‌ وەک پێشمەرگە هەموو ژیانی خێزانه‌که‌مان دەخاتە مەترسیەوە، ئەوەی من لە ژیانمدا بە ئارەقی ناوچەوان و کاسبی ژێر سێبەری حەڵاڵی خوادا بۆم بەرهەم هێناون بە هۆی تۆوە تەفر و تونا دەبێت و خوشک و براکانت دەکەونە بەر ڕەحمەتی ئەمن و سیخوڕەکانی بەعسەوە. خاڵە ئەکرەمیش وەک من ده‌ستی به‌ رووی باوکییه‌وه‌ هێنابوو. کاتێک باوکی خۆی ئامده‌ده‌کات، که‌ به‌دڵشکاوی بگه‌ڕێه‌وه‌، لە کاتی بەڕێکردندا باوکی بە خاڵە ئەکرەمی ووتبوو: مادام تۆ هێندە سووریت لەسەر بیروباوەڕەکەت دەبێت تا مردن پێشمەرگە بیت و لەوە کەمتر نەک پێت ڕازی نابم بەڵکو گەردنیشت ئازاد ناکەم.
ئه‌مڕۆ گەرچی من وخاڵە ئەکرەم یەک خشتمان بۆ ووڵاتی هۆڵەندا نەخسۆتە سەریەک، بە کەرامەتەوە ژیان دەبەینە سەر و وەک هەر هاوڵاتیەکی هۆڵەندی مامەڵەمان لەگەڵدا دەکرێت.

ئه‌و کاته‌ی که‌ من پێشمه‌رگه‌ بووم، دایکم لەبەر ئەوەی نەخۆشی فشاری خوێنی هەبوو، نەی دەتوانی سەردانم بکات، دایکم داوای وێنەیەکی کردبوو کە بۆی بنێرم، هاوڕێیەکم هات بۆ لام و وێنەیەکی خۆم بە تاقم و تفەنگەوە بۆ دایکم نارد، دایکم وێنەکەی پیشانی کەسێکی نزیکی خانەوادەکەی خۆمان دوابوو، کە هەم ترسنۆک بوو هەم خاوەنی قۆنتەراتی دابین کردنی پێداویستیەکانی سەربازگە و ڕەبایەکانی سوپای بەعس بوو، بەدایکمی ووتبوو ئەوە چییە کوڕەکەت دەڵێی ئەسپ و عەربانەیە ئەم هەموو قایش و قروشە چییە لە خۆی بەستوە؟ دایکم بەو وەڵامە زیاتر لە دوو حەفتە لە خەستەخانە دەمێنێتەوە. ئەو خزمەم ئێستا پارتییە، هه‌روه‌ک ناوی له‌ نێو پەیجەکەی ماڵپەڕی پیوک میدیادا هاتووە یه‌کێکه‌ له‌ ملوێنەره‌کانی شاری سلێمانی.
ئەو کورتە پێشەکییەی سه‌ره‌وه‌ بۆ هاتنەوە ناوەوەی بابەتەکەیە.
ماڵپەڕی پیوک میدیا لە لاپەڕەی خۆیدا هەواڵی بوونی زیاتر لە ١٠ هەزار ملیۆنەر و ٣٠ ملیاردەری بڵاوکردۆتەوە، بوونی ئەم هەموو سەرمایەدارانەی بەوە ناسانودوە، گوایه‌ پێگەی ئابووری لە کوردستاندا بەرەو پێش دەچێت.
لینکی هەواڵەکەی پیوک میدیا
http://www.pukmedia.com/KS_Direje.aspx?Jimare=9082
چۆن بەرەو پیش چوونێک؟! من باسی یەکێتییەکان دەکەم و دزی و جەردەیی بنەماڵەی بارزانیش بۆ یەکێکی تر جی ده‌هێڵم، یان ده‌یخه‌مه‌ به‌رده‌می یه‌کێتییه‌کان ئه‌گەر زاتیان هەبێت با باسی بکەن.
- برادەرێکم بۆی باسکردم خێزانی مەکتەب سیاسییەک کە ئێستا زەلیلی دەستی نێچیر بارزانییە تا فەڕاشێکی لە هەولێر بۆ دابمەزرێنێت لە مارکێتێکی لەندەنی پایتەختی ووڵاتی بەریتانیا بە بڕی پێنج هەزار دۆلار تەنها جلی ژێرەوەی کڕیوە، تەنها یەک سەعاتی بۆ کوڕە گەورەکەی کڕیوە بە حەوت هەزار دۆلار بەو مەرجەی واز لە خوێندن نەهێنیت و شەڕ لەگەڵ مامۆستاکانی نەکات و ڕێژەی نمرەکانیشی بگەێنێتە سەرو پەنجا.
- کوڕی جێگری وەزیرێک کە برازای پێشمەرگەی شەهیدێکی ناودارە و بەدەست موجاهیدینی خلک ساڵی ١٩٩١ شەهیدبووە، بۆ یەک حەفتە لە ئەمستەردامی پایتەختی هۆڵەندا بووە، لەگەڕانەوەیدا ئۆتۆمۆبیلێکی کڕیوە، کە لە هەموو ئەوروپادا ١٢ کەسی سەرمایەدار پێیانە و ئەو بووە بە ١٣ هەمین کەس.
ئەو دوو نموونەیە دوو ژمارەی بەرپرسی دەسەڵاتداری حیزبێکن لەناو ئەو ملوێنەر و ملیاردەرانەی پیوک میدیا باسی لێوە کردوە، کە لە ڕاپەڕینیەکی ساڵی ١٩٩١ دا بوێری هاتنەخوارەوەشیان نەبوو وەک پێشمەرگەیەک بۆ بەشداری کردن لە ڕاپەڕیندا.
کۆتایی نووسینەکەم بەو کۆمێنتە دێنم کە لەپەیجەکەی خۆمدا نووسیومە لەسەر ئەو هەواڵەی پیوک میدیا بڵاوی کردۆتەوە:

لە كوردستان زیاترلە 10 هەزار ملیۆنەر و 30 ملیاردێر هەن
باشە گەر ئەم ئامارە بخەینە بەردەم لێکۆڵەوەرێکی بواری ئابووری ئەوروپی تۆ بڵێیت مێشکی جام نەبێت، لاتان سەیر نیە لە ماوەی تەنها ١٠ ساڵدا واتە دوای ڕوخانی بەعس ئەم ژمارە ملیاردەرو ملیۆنەرە هەڵتۆقاون، لەسەردەمی بەعسیشدا ئەم دیاردەیە بوونی نەبوو بەو هەموو زوڵموسەرکوتەیەوە.
بە یەقینەوە شەرمەزارم کە سەیری ئەو وێنەیەی خۆم دەکەم لەگەڵ هاوڕێ پێشمەرگەکانم لەشاخدا کە لە یەک قاپدا چۆڕێک شلە و لە سەری مەنجەڵێکدا بابۆڵەیەک برنجمان دەخوارد، بەڕاستی باشتر وایە هەموو خۆ بەدێرین زانەکان خەجاڵەتی بکێشن و بە هەمووشمان داوای لێبووردن لەو خەڵکە بکەین کە ئەوهەموو دزەمان بۆ بەرهەم هێنان. ئێمەی پێشمەرگەی دێرین دزمان بۆ بەرهەم هێنان دز

ڕزگار ساڵح
ئەنیشخەدە٢٤-٥-٢٠١٣

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە